ساڵی (1989)، وەفدێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەسەرکردایەتی #مام جەلال# سکرتێری گشتی یەکێتی، سەردانی سەرکردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی دەکەن لەشاری #سنە#و لەوێ لەدەفتەری سەرەکی شێخ عوسمان عەبدولعەزیزی ڕابەری گشتی بزووتنەوە وەفدی هەردولا کۆبوونەوەو گفتوگۆ دەکەن.
سەردانی وەفدی یەکێتی دوای درووستبوونی هەندێک بارگرژی و ناکۆکی هاتووە کە لە دووساڵی ڕابردووتردا لەنێوان ئەو دوو هێزە چەپ و ئیسلامییەدا درووست بوو بوو، هەر بۆیە پێدەچێت سەردانەکە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بووبێت و بەوتەی عەبدولڕەحمانی کوڕی شێخ عوسمان عەبدولعەزیز، ئەوە دووەمین سەردانی مام جەلال بووە بۆ لای باوکی و بزوتنەوەی ئیسلامی و لەو سەردانەشدا کە مام جەلال لەدوای شێخ عوسمانەوە نوێژ دەکات.
ئەو وێنەیە ماڵی شێخ عوسمان عەبدولعەزیزە لەشاری سنەو، بە وتەی عەبدولڕەحمانی کوڕی شێخ عوسمان، لەو سەردانەدا مام جەلال، مام ڕۆستەمی لەگەڵدا بووە.
دوای گفتوگۆی نێوان مام جەلال و شێخ عوسمان عەبدولعەزیز، یان لەکاتی گفتوگۆکەدا کاتی نوێژی نیوەڕۆ دێت و نوێژی بەکۆمەڵ دەکەن، هەرچەندە مەلا عەلی برای مەلا عوسمان و شێخ محەمەد بەرزنجی و چەند مەلایەکی دیکەش لەوێ دەبن، بەڵام مام جەلال قامەت بۆ نوێژەکە دەکات و نایەڵێت ئەوان قامەت بکەن، “ئەم وێنەیەش وێنەی نوێژە بەکۆمەڵەکەیە”.
پێشمەرگەیەکی دێرینی بزوتنەوەی ئیسلامی کەئاگاداری ئەو کۆبوونەوەیەی نێوان شێخ عوسمان و مام جەلال بووە، باسی لەوە کرد کە دوای تەواوبوونی نوێژەکە شێخ محەمەد بەرزنجی بەمام جەلالی وتووە ئەگەر “ئەلفێکت بۆ زیاد بکەین دەبیتە ئیمام”، مەبەستی لەوە بووە ئەگەر پیتی “ئەلف” بخرێتە بەردەمی ناوی”مام” ئەوا دەبێتە “إمام”، هەرچەندە دەشگوترێت ئەم قسەیە لەقسەی مەلا عەلی دەچێت، چونکە ئەو پیاوێکی سوعبەت چیبووەو چەند جاری تریش سوعبەتی لەگەڵ مام جەلال کردووە.
عەبدولڕەحمانی کوڕی شێخ عوسمان عەبدولعەزیز دەڵێت:” مام جەلال سێجار لەدوای باوکمەوە نوێژی کردووە، یەکەمیان لەساڵی (1989) لەشاری سنە، “ئەوەی لەوێنەکەدا دەبنرێت” دووەمینجاریش لەساڵی (1994) لەمەسیف سەلاحەدین لەکاتی گفتوگۆ بۆ ڕێکەوتنی نێوان بزوتنەوەو یەکێتیو، سێیەمین جاریش لەوەرزی حەجدا لەکێوی عەرەفە”.
لەڕیزی نوێژەکەداو لەنێوانی مام جەلال و مەلاعەلیدا شێخ دلێری برای شێخ جەعفەر دەبینرێت و هەتا ئێستاش زۆرکەس پێیانوایە شێخ دلێر لەناو وەفدی یەکێتیدا بووەو هاوڕێیەتی مام جەلالی کردووە بۆ لای شێخ عوسمان و بزوتنەوەی ئیسلامی، بەڵام عەبدولڕەحمانی کوڕی شێخ عوسمان عەبدولعەزیز وتی، شێخ دلێر ئەوکاتە لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامیدا بووەو یەکێک بووە لەکەسە نزیک و باوەڕ پێکراوەکانی باوکی و زۆرترین پەیوەندی و گفتوگۆکانی نێوان بزوتنەوەو حیزبەکانی دیکە لەسەردەمی شاخدا لەڕێگەی شێخ دلێرەوە سازێنراوە.
نووسینی: سالار مەحمود ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیکۆمێنتەری سیاسی و مێژوویی [1]