رێکخروای لێوردنی نێودەوڵەتی، ڕۆژی دوشەممە 25-11-2019، لەدوایین ڕاپۆرتیدا سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئێران ئاشکرایکردوە کە لە 10 پارێزگاری ئێران لەماوەی پێنج ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی هەفتەی ڕابردودا دژبە گرانبونی نرخی بەنزین لانیکەم 143 خۆپیشاندەر کوژراون.
رێکخراوەکە هێمای بۆ ئەوە کردوە کە ئامارەکەیان لەچەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو و لەو ڕاپۆرتانەوە وەرگرتوە کە دڵنیابونەتەوە لە ڕاستیان ئەوەش لەڕێگەی چاوپێکەوتن لەگەڵ خزم و کەسوکاری قوربانییەکان و ئەو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانەی کە بەشداربون لەکۆکردنەوەی ئەو ئامارانەداو دواتریش بەو زانیاریانەدا چونەتەوە.
بەپێی ئامارەکە، 50 لەو خۆپیشاندەرانە لەمیانی ناڕەزایەتییەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کوژران، بەشێوەیەک کە لە پارێزگای کرماشان 34 خۆپیشاندەر، لە پارێزگای کوردستان(سنە) 12 خۆپیشاندەرو هەروەها لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا(ورمێ) چوار خۆپیشاندەر کوژراون.
هەروەک بەپێی ڕاپۆرتەکە 20 لە کوژراوەکان لە تارانی پایتەختی ئێران کوژراون.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەڵەتی جەختی کردۆتەوە کە ژمارەی خۆپیشاندەرە کوژراوەکان زۆر لەمە زیاترن و هێشتا لێکۆڵینەوەکانیان لەوبارەیەوە بەردەوامن.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دوپاتیکردۆتەوە کە چەند بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگریان لەبەردەست کە نیشانی دەدات هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران فیشەک و چەکی گەرمیان بەمەبەست دژبە خۆپیشاندەران بەکارهێناوە.
فیلیپ لۆسەر، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە ڕێکخراوەکە، وتویەتیئامارەکە، بەڵگەیە لەسەر مەترسی ئاستی بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوەو دەستدرێژییە سامناکەکانیشان بۆ سەر ژیانی مرۆڤ ئاشکرادەکات.
رێکخراوەکە ڕەخنەی لە هەڵوێستی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپاو ئەو وڵاتانە گرتوە کە ئیدانەی بەکارهێنانی توندوتیژیان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە گرتوەو وتویەتیئەو کاردانەوانە، شکستیان هێناوە لەوەی بەراشکاوی دان بەوەدا بنێن کە هێزی کوشندە بۆ کوشتنی خۆپیشاندەران بەکارهاتوە، وێڕای ئەوەی بەڵگەکان لەسەر ئەو کارەی ئێران زیاتر بون.
فلیپ لۆسەر وتویەتی، دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کوشتنی خۆپیشاندەران لەئێران بەوپەڕی توندی ئیدانە بکات.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران ئامارێکی وردیان سەبارەت بە قوربانیانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی هەفتەی ڕابردوی وڵاتەکە بڵاونەکردۆتەوەو وێڕی ئەوەش بەهۆی بڕینی ئینتەرنێتەوە ڕێگریان لە گەیشتنی زانیارییەکان لەوبارەیەوە دەکرد.
خۆپیشاندانەکانی ئێران ڕۆژی هەینی ڕابردو وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین بۆ سێ هێندە دەستان پێکرد.
دەسەڵاتدارانی ئێران، خۆپیشاندەرانیان بە گێرەشێوێن ناوبردو ژمارەیەک لەوڵاتانیش بە تایبەت ئەمریکاو ئیسرائیل تۆمەتباردەکەن بەوەی کە لەپشت جوڵاندانی شەقامی ئێرانییەوە بون.[1]