بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
گەلانی ئازادیخوازی ئێران!
خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
ڕووداوەکانی کۆتایی مانگی خەزەڵوەر نیشانی دایەوە کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی هەر وەک هەمیشە لە بەرانبەر ویست و داخوازیی ڕەوای کۆمەڵانی خەڵکی ئێران تەنیا توندوتیژی و زمانی سەرکوت دەناسێت، بۆیەش خۆپیشاندانی هێمنانە و مافخوازانەی خەڵکی ئێرانی بەتوندی سەرکوت کرد و شەقامی شار و شوێنە گشتییەکانی لە ناوچە جۆراوجۆرە ڕاپەڕیوەکانی ئێران و کوردستان بە خوێنی لاوانی ئازادیخواز سوور کرد. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرکوتی دڕندانەی ئەمجارەشیدا بە سەدان کەسی بە ئەنگاوتنی ڕاستەوخۆ کوشت، بە هەزاران کەسی بریندار کرد و هەروەها بە هەزاران کەسی دیکەشی ڕاپێچی بەندیخانەکان کرد کە ئێستاش بەشی زۆریان لە گرتووخانەکاندا ڕاگیراون.
ئەم ڕادەیە لە توندوتیژی و سەرکوتی خوێناوی، نیشاندەری ترسی زۆری ڕێژیم بوو له کڵپەی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلان و چین و توێژە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و ناڕەزایەتییە گشتییەکان بەهۆی کۆی ئەم قەیران و نەهامەتییانەی لە سۆنگەی بەڕێوەبەری و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تووشی خەڵک کراوە. خەڵکی ئێران و بەتایبەت گەلی چەوساوە و ئازارچەشتووی کورد لە ڕاپەڕینەکەی مانگی خەزەڵوەردا ئیرادەی مافویستی و بەرەنگاریخوازانەی خۆیان سەلماند و نیشانیان دا کە لێبڕاون ئیرادە و وزەی خەباتکارانەی خۆیان بەدژی ئەم دەسەڵاتە دڕندەیە ڕێک بخەن. بۆیە بزووتنەوەی ناڕەزایی و مافخوازیی خەڵکی کوردستان نەک سەرکوت نەکراوە، بەڵکوو لە گەشە و پەرەسەندندایە و هەتا وەدیهاتنی ماف و داخوازییە ڕەواکانی ئەم گەلە چەوساوەیە درێژەی دەبێت.
جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان!
کوردستان کە هەمیشە ناوچەیەکی لە پەراوێزدا ڕاگیراو بووە و بەهۆی ڕوانینی ئەمنیەتیی دەسەڵات و هەروەها پاشخانی خەباتی مافخوازی لە ماوەی 4 دەیەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەشی شێری لە سەرکوت و زەوتکردنی مافەکانی پێبڕاوە، ئەمجارەش لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەردا تێچوویەکی قورسی دا.
سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندانەکان بەتایبەت لە شارەکانی #سنە# و #کرماشان# و #جوانڕۆ# و #مەریوان# و شوێنەکانی تر سەلماندیەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە لە کوردستان دەستی خۆی ئاوەڵاتر بینیوە بۆ سەرکوتی خەڵک و زەوتکردنی ماف و داخوازەکانی جەماوەر. گیانلەدەستدانی دوو #کۆڵبەر#ی تازەلاوی خەڵکی شارەدیی نێی مەریوان بەهۆی ڕەقبوونەوە لەنێو بەفر و سەرما و سۆڵەی کوێستانەکانی تەتەی هەورامان کە ئاوێنەی باڵانوێنی سیاسەتی نامرۆڤانە و دژی ئینسانیی کۆماری ئیسلامییە لە کوردستان، برینێکی دیکە بوو کە کەوتە سەر جەستەی نیشتمان و هێندەی دیکە خەڵکی تازیەبار کرد.
خەڵکی تێکۆشەر و خەباتکاری کوردستان!
بانگەواز و ویستێکی گشتیی هەیە کە ڕۆژی 5ی بەفرانبار بکرێت بە دەرفەتێک بۆ هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران، هەروەها دەرفەتێکی دی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەردەوامیی ڕەوتی خۆپیشاندانەکان.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوا دەکات لەم ڕۆژەدا خەڵکی کوردستان وێڕای هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی دەستی غەدر و تاوانی کۆماری ئیسلامی و بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ئەو قوربانییانە کە بە ئیرادەی هاوبەشیان دیمەنێکی دی لە سووربوونیان لەسەر مافە ڕەواکانیان بخولقێنن و بیسەلمێننەوە کە سەرکوتی خوێناوی و زەبروزەنگ چۆک بە بیر و باوەڕیان دانادات و سەنگەری خەبات و تێکۆشان بۆ مافەکانیان پێ چۆڵ ناکات.
ناوەندی هاوکاری بە ڕوونی داوا دەکات ڕۆژی پنجشەممە، 5ی بەفرانبار:
1:) کاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆ لە شەقام و شوێنە گشتییەکان، لە بازاڕ و لەسەر کار ماوەی 5 دەقە بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیروەریی قوربانییانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانه بەبێدەنگی لەسەر پێ ڕابووە ستین. هەروەها به هەر شێوازێکی تر کە بۆمان دەلوێ یاد و بیرەوەریی ئەم نەمرانە بەرز ڕابگرین.
2:) سەردانی بنەماڵەی قوربانییەکان، بریندارەکان و بەندکراوانی ئەم دواییانە بکەین و وێڕای دەربڕینی هاوخەمیمان، هاوپێوەند یی نەتەوەیی و خەباتگێڕیی نێوانمان نیشان بدەینەوە.
3:) بە چالاکیی تەبلیغی و نووسین و بڵاوکردنەوەی دروشم و تراکت، شەقام و شوێنە گشتییەکان دەکەینەوە بە مەیدان و سەنگەری خەبات دژی کۆماری ئیسلامی.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
2ی بەفرانباری1398ی هەتاوی
23-12-2019