22ی نیسانی هەموو ساڵێک ڕۆژنامەنوسانی کورد یادی دەرچونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی دەکەنەوە، 122 ساڵ لەمەوبەر میقداد مەدحەت بەدرخان لەقاهیرەی پایتەختی میسر یەکەمین ڕۆژنامەی بەناوی (کوردستان) بڵاوکردەوە، ئەگەرچی بیرکردنەوە لە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەیەک بەزمانی کوردی لەوڵاتی غەریبی کارێکی قورس بوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوێکی گەورەبوو، کەبووە مەشخەڵی ڕوناکی بۆ ڕۆژنامەنوسان کەلەئێستادا ساڵانە یادی دەکەنەوە.
دیارە لەسەردەمی شاخ وشۆڕش وخەباتی نهێنی دا گرینگی بەکایەی ڕۆژنامەگەری دراوە ولەڕێگای ڕۆژنامە وبڵاوکراوەکانەوە پەیام وجیهان بینی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی ئاڕاستەی جەماوەر کراوە.
لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991 یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەدەست پێشخەری سەرۆک #مام جەلال# ویەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان یەکەمین ڕۆژنامەی ڕۆژانەی لەهەرێمی کوردستان بەناوی (کوردستانی نوێ) وە بڵاوکردەوە، کەئەمەش له و بڕوایەوە هات کەهەمیشە یەکێتیی ڕۆژنامە ونوسەرانی بەبەشێکی زیندوو ودانەبڕاو لەخۆی زانیوە. ئێمە لەیەکێتیی کاربۆئەوە دەکەین میدیا ببێتە دەسەڵاتی چوارەم چونکە میدیا ڕۆڵی گەورە وبەرچاوی بینیوە، هەروەها لەپاڵ میدیای حزبی نابێت ڕۆڵی یەکەمین ڕۆژنامەی ئەهلی لەکوردستان نادیدە بگرین کە لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیی دابڵاوبۆتەوە ودوایش چەندین ڕۆژنامە ومیدیا وتەلەفزیۆنی ئەهلی دامەزران، کەئەمەش ئه و ڕاستییە دەردەخات کەیەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕێز لەڕەخنە و ڕای جیاواز دەگرێت.
ئەمڕۆش کە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردییە، دەبێت حکومەت زیاتر دەرگا بۆ میدیاکاران وڕۆژنامەنوسان واڵا بکات وزانیارییان پێ بدات بۆئەوەی زانیارییەکان بەشێوەیەکی پیشەییانە بڵاو ببێتەوە، لەبەرامبەریشدا میدیا ببێتە پێگەیەک بۆئەوەی داخوازی وگرفت وکێشەکانی هاووڵاتیان بگەیەنێتە دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبەتی لەئێستادا کەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵی دیار دەبینن، لێرەوە وتەکی ڕەوانشاد سەرۆک مام جەلال دووبارە دەکەمەوە کەدەیوت لەمنەوە ڕەخنە بگرن، منیش دەڵێم ئازاد بن وڕەخنەبگرن وچاو لەهیچ کەم وکورتییەک دامەخەن چونکە لەڕێگای میدیاوە دەتوانین دژایەتی گەندەڵی بکەین، بۆیە دەبێت میدیاکاران گرینگی بەڕاپۆرتی بنکۆڵکاری وبەدواداچونی ورد بدەن تا هەقیقەت بگاتە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
ئەرکی حکومەت وتەواوی هێزو لایەنە سیاسییەکانیشەکە ئاوڕی پێویست لەژیان و گوزەرانی ڕۆژنامەنوسان ومیدیاکاران بدەنەوە، ناکرێت لەسەر ڕەخنە ڕۆژنامەنوسان زیندانی بکرێن بەپێچەوانەوە دەبێت مەودای نوسین ئازاد وفراوان بێت بۆئەوەی هەست بەوە بکەن کەلەپرۆسەی بنیاتناندا خزمەت دەکەن.
جارێکی تر پێرۆزبایی لەسەرجەم ڕۆژنامەنوسانی کوردستان دەکەم بە ڕۆژنامەنوسانی حیزبی وئەهلی ییەوە. لەم بۆنەییەدا وەک یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان پشتیوانی هەموو هەنگاوێکتان دەبین بۆ خزمەتکردنی کوردستان وگەیاندنی پەیامی ڕاست ودروست.
#لاهور شێخ جەنگی#
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
#21-04-2020#