19ی بانەمەڕ بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژی بەریەککەوتنی ڕەشبیری و ئازادبوونە. ڕژێمی ملهوڕی ئێران لەو ڕۆژەدا چوار تێکۆشەر و شۆڕشگێڕی کوردی بەبێ بڕیارێکی دادپەروەرانە و لە دوای ساڵەها ئەشکەنجەدانی قورس و دژوار لەسێدارەدا. فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەم هولی، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکێڵی و مەهدی ئیسلامییان بوونە هێمای دژە ملهوڕی و تێکۆشان بۆ مرۆڤی ئازاد و بەرخودان و تێکۆشانیان لە یادگەی مێژوویی کوردا دەمێنێتەوە و هەموو کاتێک یاد و ناویان بە نەمری دەمێنێتەوە. جارێکیتر یادی شەهیدانی زیندان و هەموو شەهیدانی مانگی ئایار (گوڵان) بەرز ڕادەگرین و پەیمانی بەردەوامیدان بە تێکۆشانمان لە پێناو ئامانجی شەهیدەکانمان نوێ دەکەینەوە.
یەکێک لە شێوازەکانی ڕژێمە هیرارشی و دەسەڵات تەوەرەکان دروستکردنی شێوازەکانی کۆنترۆڵ و سزادانی کۆمەڵگەیە تاوەکو لەو ڕێگەیەوە مرۆڤەکان و بە گشتیش کۆمەڵگە بە تەواوەتی بکەنە ملکەچی بێ ئەملاولای خۆیان، کە ناچاریان بکەن پەیڕەوی لە یاسا و ڕێساکانیان بکەن. یەکێک لەو شێوازانە ئەشکەنجەدانە. ڕژێمی ملهوڕی ئێرانیش لە ڕیزی ئەو حکومەتانەدایە، کە بەشێوەی نامرۆیانە و بە دەر لە هەموو نۆرم و بەها ئەخلاقی و حقوقییەکان سوود لە ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان بۆ سەرکوت و سڕینەوەی بەرهەڵستکاران و ڕەخنەگرانی وەردەگرێت و دۆسیەی لەسێدارەدان، ئەشکەنجە و سەرکوت هەموو کات لە ڕژێمی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقێ دا کرابووە و کراوەشە. ڕژێمێک، کە بەرهەڵستکارانی بەپێی یاساکانی بە تاوانبار دەزانێت و لە ئەنجامدا بۆ ئەدەبکردن و تۆقاندن، سێدارە و ئەشکەنجە وەک شێوازێک لە پێناو زاڵبوون و باڵادەستیی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا بەکاردەهێنێت. حکومەتی ئێران سەبارەت بە مافی ئازادی گەلان لە ئێران هیچ هەنگاوێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە هەڵنەگرتووە و بە پێچەوانەوە کێشەکەی بەشێوەیەکی توندوتیژانە و نکۆڵیکەرانە سڕیوەتەوە. مێژووی ڕژێمی خوسرەوانی شایەتی کوشتاری بەربڵاوەی شۆڕشگێڕان و تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادییە لە ئێراندا.
ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە، کە زۆرترین ئاماری زیندانیی سیاسیی هەیە و زیاتر لە نیوەی زیندانییەکانیش کوردن. هەر چەند لە ئێران پێناسەیەکی ڕوون لەبارەی زیندانیی سیاسییەوە بوونی نییە و ئێران هەمیشە نکۆڵی لە بوونی زیندانیانی سیاسی دەکات و بەرهەڵستکاران و ڕەخنەگرانی بە تێکدەرانی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت، لە ژێر ناوی جۆراجۆری وەک موحارب (دوژمنی خودا)، جودایخواز، شەڕانگێز و لە ژێر دەیان ناو و ناتۆرەی تردا تێکۆشەرانی سیاسی لەسێدارە دەدات. سیستمی سزاکانی ئێران ئامڕازێکە بۆ دروستکردنی کەشی تۆقاندن و ترسنانەوە و تیایدا ژیانی ئازاد بوونی نییە و ڕەتکراوەتەوە.
تێڕوانینی ڕژێمی ئێران بەرامبەر بە بەرهەڵستکاران هەمیشە لەسێدارەدان و ئەشکەنجە بووە و لە بەرامبەر کوردیشدا تێڕوانینکێکی زۆر توندوتیژانەتری هەبووە و دوژمنیی خۆی لەگەڵ کوردەکان بە هەموو شێوەیەک و لەژێر هەموو پاساو و بیانویەکدا خستووەتەڕوو. گەلی کرد لە ئێران ڕووبەڕووی سەرکوتی چەندلایەنە بووەتەوە. ئەو تێڕوانینە، سنووردار نییە بە ڕژێمی داگیرکەری ئێرانەوە و لە مێژووی هاوچەرخدا لەگەڵ ئەو سیاسەتەدا ڕووبەڕوو بووە، بەڵام ئەم گەلە لە هەموو ئەو سەردەمانەدا بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی درێژەی بە تێکۆشان داوە. لە لەسێدارەدان و ئەشکەنجەی ڕۆڵە شۆڕشگێڕەکانی کورد تاوەکو کوشتاری #کۆڵبەر#انی کورد هەموو دیوی دراوی دوژمنایەتی حکومەتی ویلایەتی فەقێیە بەرامبەر بە کورد و تاوانەکانی ئەو ڕژێمە بەرامبەر بە کورد لە پێناو بێدەنگکردنی دەنگی ئازادیخوازییان هیچ سنوورێکی نییە. سەرباری هەوڵەکانی ڕژێم بۆ وەرگرتنی دانپیادانانی زۆرەملێیانە و تێکشکاندنی ورە و کەسایەتیی زیندانیانی سیاسی، بەڵام گۆڕەپانی زیندان هەمیشە گۆڕەپانی تۆکمە و هەمیشەیی و گرتنەبەری هێڵی بەرخودان بووە. ئەو هەڵوێست و بەرەنگارییە هەمیشە لە ژوورە ترسناکەکانی زیندانەکانی ڕژێمی ئێراندا لە کەسایەتیی تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادیدا بینیومانە. بێگومان لە پشت ئەو ئیرادە و ورە و خۆبەدەستەوەنەدانە هۆشیاری و ئاگایی و تێگەیشتنی قوڵ بۆ ئازادی و ڕاستی بوونی هەبووە. دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ دەیە لە شێوەیەکی نوێی دەسەڵاتی دڕندانەی دەوڵەت – نەتەوە، بەرخودانی تێکۆشەران و هەڵسوڕاوانی سیاسی بێ هاوتا بووە و سیستمی دادوەریی ئێران لە تێکشکاندنی بەرخودانی زیندانیانی سیاسیدا دەستوەستان ماوەتەوە و لە ئەنجامدا بە پەتی سێدارە هەڵیواسیون. زیندان لە کوردستان لە نێو بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردا بوەتە چەقی تێکۆشان و بووەتە دیمەن و وێنایەکی ڕاستی ژیانی ڕاستەقینە و شکۆمەندانە و بە کەرامەت.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە کاتێکدا بە پیری دەهەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی هەڤاڵە تێکۆشەرەکانییەوە دەڕوات، کە جاریکیتر دژایەتیی ڕژێم بەرامبەر بە کورد توندتر بووەتەوە و شەپۆلێکی تر لە لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی کورد دەستپێکردووەتەوە و لە چارەنووسی بەشێکشیشان هیچ هەواڵێک لە بەردەستدا نییە. ڕژێمی ئێران هەموو کات پشتی بە کوشتنی ڕۆڵە ئازادەکانی کورد بەستووە و لەو چوارچێوەیەدا دەستی لە هیچ تاوان و توندوتیژییەک نەگەڕاندووەتەوە. لە ڕوانگەی پەژاکەوە ئێران بە نکۆڵیکردن لە زیندانیانی سیاسی و لە سێدارەدانیان هەرگیز ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات. ڕەفتاری توندوتیژانە بەرامبەر بە دەوڵەمەندی و فرەیی شوناس و ناسنامە و گوێ نەدان بە بیر و باوەڕەکانیان ناتوانێت دیموکراسی و ئازادی لە ئێران بەدی بهێنێت. پەژاک جارێکیتر لەسێدارەدان و سڕینەوەی شۆڕشگێڕان لە ئێران بە تایبەتی کوردان ئیدانە دەکات و لە کەسایەتیی شەهیدانی 19ی بانەمەڕدا پەیمانی خۆی بۆ بەردەوامیدان بە تێکۆشان و گەیشتن بە ئامانجی شۆڕشگێڕیی شەهیدان تاوەکو دوا هەناسە نوێ دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، کە سێدارە و سەرکەوت هیچ درز و دابڕانێک لەسەر پێداگری و بەردەوامیدان بە تێکۆشان لە دژی نادادی دروست ناکات.
#08-05-2020#
Questo articolo è stato scritto in (کوردیی ناوەڕاست) lingua, fare clic sull'icona
per aprire l'articolo in lingua originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Questo oggetto è stato visto volte 2,193
Scrivi il tuo commento su questo articolo!