نووسینی: ئەسڵی سەنجەر
وەرگێڕانی: #جیهاد خاوەری#
ئەم کتێبە بەرهەمی چەند ساڵ لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەی نووسەری ئەمریکی خاتوو (ئەسڵی سەنجەر)ە، لەسەر ڕۆڵ و کاریگەری ئافرەتی عوسمانی، جگە لەوەش نیشاندانی ڕووی ڕاستەقینەی جیهانی ئافرەتانە لەو سەردەمەدا لەژێر ڕۆشنایی بەڵگەنامەکاندا، بۆیە دەتوانین بڵێین: ئەم کتێبە پوختەی تەواوی سەرنجی گەڕیدە ئافرەتە خۆرئاواییەکانە لەسەر ئافرەتی عوسمانی لەلایەک، هەروەها پوختەی تۆمار و بەڵگەنامە مێژووییەکان و بەتایبەتی تۆماری دادگاکانی عوسمانییە لەلایەکی دیکەوە. جگە لەمانەش ئاشنابوونمانە بە کۆمەڵێ دیووی شاراوەی ئافرەتی عوسمانی لەڕوی:
بەشی یەکەم: ئاشنات دەکات بەم سەرباسانە: (خووڕەوشت و هەڵسوکەووتی، پاکوخاوێنی، دینداری، میوانداری، نەرمونیانی، ئازادی، چوونە دەرەوەی، پێگەی کۆمەڵایەتی، ....) ئافرەتی عوسمانی.
بەشی دووەم: ڕۆڵی لە ماڵدا وەکو: خەسوو-دایکی مێرد-، خاتوونی ماڵ، دایک، جگە لەمانە: ئاشناکردنە بە ڕێوڕەسمەکانی خوازبێنی و مارەبڕین و بووک گواستنەوەو مناڵبوون و... پاشان مەراسیم و ئاهەنگە تایبەتییەکان و گەشتەکانی.
بەشی سێیەم: حەرەمی کۆشک، لەڕوی: کەنیزەک و پێگەی لەنێو حەرەمدا.
بەشی چوارەم: ئافرەتانی عوسمانی لە حەرەمی کۆشکدا، لەوانە: دایکی سوڵتان و ڕۆڵی وەکو دایک و کارە خەیرییەکانی، خێزانەکانی سوڵتان و کەنیزەکەکانی، خورەم سوڵتان وەک نمونە، شازادەکان، دایەنەکان، بەڕێوەبەری حەرەم، کارمەندانی حەرەم، خزمەتکارانی حەرەم، ...
بەشی پێنجەم: ئافرەتی عوسمانی لە تۆمارەکانی دادگادا، لەڕوی: هاوسەرگیری، گرێبەستی هاوسەرگیری، مارەیی، نەفەقە، تەڵاق و دوبارە هاوسەرگیریکردنەوە، فرەژنی، لێدانی ئافرەت، سەرپەرشتیاری مناڵ، میرات، مافی موڵکیەت.
بەشی شەشەم و کۆتایی: ئافرەتی عوسمانی و جیهانە تایبەتییەکەی.
ئەم کتێبە چاپی یەکەمی بە زمانی ئینگلیزی لە ئایاری 2008ز دەرچوو، خەڵاتی باشترین کتێبی مێژوویی پێ بەخشرا، لە خەڵاتەکانی بنجامین فرانکلین (Benjamin Franklin) لە ویلایەتی لۆس ئەنجلۆس (Los Angeles)، گرنگترین ئامانجەکانی ئەم کتێبەش لە زمانی شارەزایانەوە: نیشاندانی واقیعی ئافرەتی عوسمانییە، تاوەکو ڕوون بێت، ئەم ئافرەتە: نە زوڵم لێکراو بووە و نە کەبت کراو، بەڵکو مرۆڤێکی تەواو کامڵ بووە، لە بوونیادنانی کۆمەڵگادا و خاوەنی ئازادییەکی تەواو بووە، ئەمەش هەمووی لەبەر ڕۆشنایی بەڵگەنامە مێژووییەکاندا نیشان دراوە. بەراوردێکی جوانی کردووە، لەنێوان: وێنەی ئافرەتی ڕۆژهەڵاتی لە دیدی ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە و ڕاستی ئافرەتی عوسمانیدا، زۆر باش ئەم حەقیقەتەی ڕوون کردۆتەوە و پێگە و ڕۆڵی لە کۆمەڵگادا نیشان داوە.
ئەسڵی سەنجەر، نووسەرێکی ئەمریکییە، لە ئەمریکا لە دایک بووە و لە قوتابخانە و زانکۆکانی ئەوێ خوێندویەتی، بۆ ماوەی 20ساڵیش لە ئەستەمبوڵ ژیاوە، بەشداری زۆرێک لە کۆنفرانسەکانی کردووە و ژمارەیەکی زۆر بابەتی نوسیوە، خاوەنی چەندین لێکۆڵینەوەیە لەسەر خێزانی عوسمانی و ئافرەتی عوسمانی.