سبەینێ جەژنە، جەژنی قوربانە. بەداخەوە ئێمە ئەمسالیش لە دۆخێکی ئاڵۆزدا جەژن دەکەین. لە تەواوی کوردستان هێرشی لەناوبردن بەرامبەر گەلی ئێمە بەردەوامە. خەڵکی کوردستان دەکوژرێن و سروشتی ولاتەکەشمان وێران دەکرێت. هەڕەشەو داگیرکاریی هەتا دێ لەسەر باشوور و ڕۆژاوای کوردستان زێدەتر دەبێت. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش گوشاری دەولەت لەسەر خەڵک ڕۆژ بەرۆژ لە زیدبووندایە. کێشەکانیش بەردەوام قووڵتر دەبنەوە. لە باشوور کێشە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵاتییەکان درێژەیان هەیە. پرسی ناوچە دابڕاوەکان ئالۆزتر و بێچارەسەر ماون. هێرش و داگیرکاریی دەولەتی تورکیاشیان هاتۆتە سەر. لە باکوریش شەڕی مان و نەمان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە. لەم دۆخە ئاڵۆزەشدا، پەتای کۆرۆنا سەرتاسەری کوردستانی گرتۆتەوە.
دەولەتی تورکیا نەک هەر لە باکور، لە باشوور و ڕۆژاواش پەلاماری گەلی کوردستان دەدات. ئەو دەولەتە بەشێک لە خاکی ڕۆژاواو باشووری کوردستانیشی داگیر کردووە. لەهەوڵی ئەوەشدایە داگیرکارییەکانی فراوانتر بکات. نزیکەی مانگ و نیوێکە بە هەموو هیزی خۆیەوە هێرشی بۆ سەر باشوور دەستپێکردووە. بەتایبەتیش لە ناوچەی هەفتەنین دەیەوێت شوێنی زێدەتر داگیر بکات. لەبەرامبەر ئەو هێرشانەشدا، گەلی کوردستان و جەنگاوەرانی ئازادیی بە هەموو شێوەیەک بەرگریی دەکەن. بە قارەمانیی و فیداکارییەکی بێوێنەوە ڕووبەڕووی هێرشەکان بوونەوەو پووچەڵیان کردوونەوە. بەرخۆدانی هێزی گەریلا لە هەفتەنین وەک داستانێک دەگێڕدرێتەوە. بەو بۆنەوە ئێمە سڵاو بۆ هەموو بەرخۆدەرانی کوردستان دەنێرین و بە سەرکەوتنەکانیان سەربڵندین. هەمانکات لە کەسێتی شەهیدانی هەفتەنیندا هەموو شەهیدانی ئازادی بەڕێزەوە بەبیردێنینەوە. لە حزوری ڕۆحی ئەواندا، وابەستەیی خۆمان بە ڕێگای تێکوشانی ئەوانەوە دووبارە دەکەینەوە.
بێگومان لە هەرچوار پارچەی کوردستان و لە هەموو شوێنێکی دی، گەلی ئێمە ئەو گەلەی جاران نییە. ئێستا خاوەنی هۆشیارییەکی زێدەتر و لەناو تێکۆشانێکی نەتەوەیی و دیموکراتخوازیی سەردەمییدایە. ئیدی نە لە زۆراداران دەپاڕێتەوە و نە ژێردەستیش قبوڵ دەکات. ئیدی هیوای خۆی تەنیا بەخۆی و ڕێبەریی و تێکۆشەرانی خۆیەوە گرێ داوە.
بەداخەوە لەبەر پەتای کۆرۆنا ناتوانین وەک هەر جارێک جەژنە پێرۆزە بەڕێوە ببەین. هیوادارین گەلی ئێمە بە وریایی و خۆپاراستنەوە جەژنی قوربان پیرۆزبکەن و ڕێنماییە پێویستەکانی خۆپاراستن پەیڕەو بکەن.
ئێمە بەهیواین لە کاتێکی نزیکدا ئیدی گەلی کوردستان بتوانێ بە ئارامی و ئاشتی و ئازادی جەژن و شادییەکانی پیرۆز بکات. بەو بۆنەوە ئێمە پیرۆزبایی جەژنی قوربان سەرەتا لە زیندانیان و جەنگاوەرانی ئازادی و گەلی کوردستان و تەواوی جیهانی ئیسلامیی دەکەین.
#31-07-2020#
Questo articolo è stato scritto in (کوردیی ناوەڕاست) lingua, fare clic sull'icona
per aprire l'articolo in lingua originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Questo oggetto è stato visto volte 1,492
Scrivi il tuo commento su questo articolo!