بڕیارەکەی #وەزارەتی دارایی# هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکراوەتەوە،
لە بڕیارەکەدا هاتووە، بڕیارماندا بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی وانەبێژان تەنیا ئەوانەی بە شێوەی هەمیشەیی دانەمەزراون، (جگە لە ڕۆژانی پشووی ئاسایی ساڵانە کە دەکاتە ڕۆژانی 11 بۆ 23ی 3 کە پشووی ساڵانەی خوێندنە لە بەهار لەگەڵ پشووی هاوینە) بەردەوام دەبێت بۆ ئەو ڕۆژانەی کە بە پشووی فەرمی هەژمارکراون بۆ مەبەستی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەمساڵ ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان داخران و دواتریش بڕیاردرا بەشێوەی ئۆنلاین خوێندن بەردەوام بێت. بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، وانەبێژان پارەی ئەو ماوەیەیان بۆ خەرجدەکرێت کە بەهۆی خۆپاریزی لە کۆرۆناوە پشوو ڕاگەیێندراوە.
ساڵی نوێی خوێندنی 2020 - 2021 نزیکبووەتەوە و #وەزارەتی پەروەردە#ی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند ئەگەرێکی ئامادە کردووە، بە گوتەی د. سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردە، یەکێک لەو ئەگەرانە، دابەشکردنی پۆلەکانە بۆ دوو بەش و دەوام ببێت بە شەش ڕۆژ.