$باکووری کوردستان$
- خەزال تاش ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی پارتی دیموکراتی هەرێمەکان (#دەبەپە#) و چالاکوانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) و فەرید یڵدز ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی پارتی دیموکراتی گەلان (#هەدەپە#) لە ناوچەی کورکوتەلی ئەنتالیا کە بەرەوە ئەنتالیاوە دەچوون دەستگیرکران.[1]
$رۆژهەڵاتی کوردستان$
- کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی وەزیر وەیسی خەڵکی گوندی جۆجاڕی بەخشی سەلاسی باوەجانی، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری نەوسوود پێکرا.[5]
- 10 سەر ئەسپ و هێستری کاسبکاران لە سنووری هەورامان بە تەقەی هێزە نیزامییەکان کوژران. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکان سەرەڕای کوشتنی ئەسپی کاسبکاران، ئاگریان لە شتومەکی ئەو کاسبکارانە بەر داوە.[5]
$باشووری کوردستان$
- ئەمەریکا لە #دهۆک# نەخۆشخانەیەکی 20 تەختیی #کۆرۆنا#ی بە ملیۆنێک و 100 هەزار دۆلار دروستکرد، هەموو پێداویستیەکی تێدایە بۆ ئەوانەی پێویستیان بە چاودێریی چڕە. هاوکات بڕی چوار ملیۆن دۆلاریشی بەخشییە زانکۆی دهۆک.[2]
- وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری نوێی کۆرۆنای لە 24 کاژێری ڕابردوودا ڕاگەیاند و گوتی، 720 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و 26ی دیکەش گیانیان لەدەستداوە.[2]
- #وەزارەتی خوێندنی باڵا# ڕایگەیاند، بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی هاوڵاتیانی هەرێم، بڕیاریانداوە کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان بەڕێژەی (45%) هاوشێوەی ساڵی ڕابردو بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن کەم بکرێتەوە.[4]
$رۆژئاوای کوردستان$
- چەتەکانی سوڵتان سلێمان شا لە ناوچەی #عەفرین# هاووڵاتییەکیان بە ئەشکەنجە کوشت. هەروەها دەستیان بەسەر 10 هەزار دار زەیتونی هاووڵاتییەکی ناوچەی شییەدا گرت.[1]
- لە ڕۆژئاوای کوردستان ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدایە، لەگەڵ ئەوەشدا هاووڵاتییان خۆیان ناپارێزن و بەرێوەبەرایەتی خۆسەریش ڕێکاری نوێ ناگرێتەبەر. پزیشکەکانیش دەڵێن، ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، کارەسات ڕوودەدات.[3]
- فەرەنسا نیگەرانی خۆی لە ناردنی کەشتی عروج ڕەئیس بۆ کنە و پشکنین لە ڕۆژهەڵاتی دەریایی سپیی ناوەڕاست دەربڕی، کە بەشێکە لە بەرئاوەکانی یۆنان و داوای لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد، واز لە هەراسانکردن بهێنێیت.[3]