33 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی شاری #سەردەشت# لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێپەڕیوە، کەچی ڕزگاربووانی ئەو هێرشەی ڕژێمی سەدام حوسێن، هێشتا دەناڵێنن، ئەوان تاوەکو ئێستا هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دان بە ڕوودانی ئەو کۆمەڵکوژییەدا بنێ.
لەیلا مەعرووف زادە، پەرستار و قوربانی کیمیابارانکردنی سەردەشتە دەڵێت چووم بۆ نەخۆشخانەکە، هەمووان یەکتر دەناسن، ئەوانەی لەوێ بوون هەمووان ناسراون، هەموویان دانیشتووانی سەردەشت بوون، کەسوکاری یەکتربوون، کەسێک لەوێ هاواری کرد و گوتی لەیلا، بۆ خاتری خودا وەرە یارمەتیم بدە، ئەوان دەڕشانەوە، بەشێکیان جەستەیان سوور ببوو.
کیمیابارانکردنی سەردەشت لە ساڵی 1987 یەکێکە لە لێکەوتەکانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، ئەو هێرشە گیانلەدەستدانی 132 دانیشتووی سەردەشتی لێکەوتەوە.
محەمەد ئەسەدپوور، قوربانییەکی دیکەی کیمیابارانکردنی سەردەشتە، دەڵێت تاوەکو ئەمڕۆ هەندێک جار هەست بە گوشاری زۆر لەسەر سییەکانم و سنگم دەکەم، بەڕادەیەک شەوان ناتوانم بنووم، بنباڵم و بەشەکانی خوارەی جەستەم دەخوورێن، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا، بەهۆی گەرما.
ساڵح عەزیزپوور، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی سەردەشت ڕایدەگەیێنێت سەردەشت بەتەواوی سڤیل بوو، شەڕ و پێکدادان لەنێو شارەکەدا نەبوو، تەمەنی قوربانیان لە نێوان 3 مانگ تاوەکو 70 ساڵ بوو، هەموویان سڤیل بوون.
رۆژان قادری، سەرۆکی تۆڕی تەندروستی سەردەشت لەبارەی قوربانییانی ڕووداوەکە دەڵێت زۆرینە لە دەستی وشکبوون و ئاوکردنی چاوەکان، هەوکردنی چاو و پێست، خوورانی پێست، ڕزانی پێست، هەناسەسواری و بە ئەستەم جووڵەکردن دەناڵێنن.
سەرباری زۆریی ژمارەی قوربانیان، کەچی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا 1500 کەسی لە قوربانیانی کیمیابارانکردنی سەردەشت بە برینداری چەکی کیمیایی قبووڵکردووە، لە کاتێکدا ژمارەی بریندارەکان لەنێوان 4500 بۆ 8500 بریندارە.[1]