بینینی وێنەی #مەلا بەختیار# لە نەخۆشخانە دوای یەکلابوونەوەی ژەهر خواردکردنی، سەرەڕای ئەوەی پەرۆشی و خەمێکی قوڵ بۆ هاوڕێیەکی تەمەنم سەراپای داگرتم، هەستێکی بەراوردکاریانەی سەیریشی لا دروست کردم، کە وێنەکەیم بینی، چۆن بەشەکەتی، بەدەست غەدری ژەهرخواردن گیرۆدە بووە، یەکسەر جووڵە و سەرکێشی وّحەماسی ئەو پیاوەم بە گەنجی بیر کەوتەوە، ئەو گەنجەی لە کۆڵانە باریک و تەسکەکانی #خانەقین#ەوە، هەمیشە فەنتازیایەکی فراوان و بێ سنوری کوردایەتی ئەنەخشاند، ئەو مەلا بەختیارەی زەبروزەنگی ڕژێمی داگیرکاری عیراق نەیدەترساند و نەیدەتاساند، کەچی ئەوەتا ئێستا ژەهر و خەنجەری خیانەت شەکەتی کردوە و وەک دەردەدارێک لە نەخۆشخانەیە، بۆمن چاوەڕوان کراوبوو گوللەی دوژمن، پیلانی ناحەزانی کورد و یەکێتی بیپێکن، بەڵام ژەهرخوازدکردنی داخ و مەراقێکی ترە کە بۆمن وەکو شۆکێک وایه و بۆ ئەنجامدەرانیشی پەڵەیەکی ڕەشی ناپاکیە کە قابیلی سپی بوونەوە نییە.
ساڵی 1963 بۆ یەکەم جار مەلا بەختیارم لە خانەقین لە قوتابخانەی (نەهچە)ی سەرەتایی ناسی، بەیەکەوە هەر لەسەرەتاوە بارگرانی ژیانێکی سەختی خانەقینمان بەشکرد، لە زۆر شت لەیەک ئەچووین، ئەو زوو دایکی مردو هەتیو کەوت، منیش زوو باوکم مردو هەتیو کەوتم، هەر بەمناڵی هەردوکمان کەوتینە دەست زەبری بێ ڕەحمانەی ژیان و چەرمەسەری و سەختی ڕۆژگار.
هەرچەندە منداڵیمان پێچەوانەی شیرینی خورمای خانەقین تاڵ و سەخت بوو، بەڵام ئەو تاڵییە نەیتوانی سەرکێشی و لاساری منداڵانەی ئێمە زەوت بکات و هەمیشە بە ئومێد و هیوایەکی زۆرەوە بەسەر پەیژەی دەردەسەری ژیان سەرکەوتین.
چیرۆکی ئاشنایەتیمان 10 ساڵ دوای یەکەم یەکتر ناسین، واتە لە ساڵی 1973 چووە قۆناغێکی ترەوە، لەرێگەی مەلا بەختیارەوە چوومە ڕیزەکانی کۆمەڵەوە، ئیتر لەوێوە بەهەموو هەورازو نشێوەیەکانی سیاسەت و کوردایەتیدا ڕۆیشتین و لەزۆر وێستگەی جیاش هەر بەیەکەوە ماینەوە، بەویژدانەوە ئەڵێم ئەو بۆمن هەمیشە برایەکی بەلوتف و سنگ فراوان و لێبوردە بوو، هەمیشە بەرگەی سەرکێشی و هەڵوێست و دەڕبڕینە جیاوازەکانی منی بەزیادەوە گرتوە،
ئاخر بەڕاست ژەهرخوارکردنی تێکۆشەرێکی وەک مەلا بەختیار بۆچی؟ ئەپرسم ئەو پیاوە گوناهی چی بوو وای لێ بەسەرهات، جگە لە گوناهی سیاسەتکردن و کوردایەتی و پێشمەرگایەتی چ گوناهێکی تری کردوە؟ئاخر ئەو هەموو عومری لە خەبات و تێکۆشان لە ڕێبازی شەهاب و ئارام و #مام جەلال# بەسەر برد، وەکو داربەڕویەکی چەسپاوی چیاکانی ئەو کوردستانە بەرگری لە میللەتەکەی و یەکێتیەکەی کرد، کەچی ئێستا لەبری پاداشت، بە ژەهر و بەخەنجەری بێ وەفایی هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت؟
ئەوەی ئێستا بۆ من مایەی داخ و ناسۆرە ئەوەیە من لەم وێستگەیە ناتوانم ڕاستەوخۆ شتێک بۆ مەلا بەختیاری برا و هاوڕێم بکەم، ناتوانم وەکو ڕۆژانی گەنجی و تەمەنی شۆڕش و پێشمەرگایەتی ئازارو ناسۆرەکانی لەگەڵ بەش بکەم، بەڵام دڵنیام دەزانێت کەچۆن لەدڵەوە هیوای زوو چاکبوونەوەو تەندروستی لەجاران باشتری بۆ دەخوازم. بۆیە پێی دەڵێم : هاوڕێم، تۆ بەم ژەهرەش هەر بە سەربەرزی دەمێنیتەوە، دەستی نامەرد ناگاتە کێوی شکۆمەندی تۆ، ئەوان بودەڵە و تۆش بوێر، تۆ جوامێر و ئەوانیش ناپاک لەبەردەم خەڵک و خودا و مێژوو.
هاوڕێم سوێند بەئەڵوەن ئازارت هەمان ئازارە لەدڵما
هاوڕێم بمبورە کەبەهۆی دۆخی تەندروستیمەوە، نەمتوانی سەردانت بکەم و لەسەر چرپای نەخۆشخانەکە وێنەیەکی یادگاری بگرین و بڵێم تۆ هەرگیز بەتەنیا نیت، شاعیریش نەبووم دەنا ئێستا وادەی بوو بە قەسیدەیەک گوزارشت لە ناخی هەڵقرچاوم بکەم بۆ تۆی براو هاوڕێی تەمەن..........
#عیماد ئەحمەد#[1]