بەڵگەنامەکە
بەڵگەنامەکە بریتییە لە بەرگێکی ڕەق کە چەند پەڕەیەکی تیادایە بۆ تۆمارکردن، پێی دەوترێت جزدان. لە دوبەرگی جنسییەی کۆن دەچێت کە چەند پەڕەیەکی تیادا بێت. لە سەر لاپەڕەی یەکەم (بە زمانی ئێستا دەیاننوسمەوە) ئەمانە چاپ کراون:
جزدانی بژێوی خانەنشین، هەتیوان و بێوەژنان.
سەربازیی و مەدەنیی
بڕی بژێوو
بە ژمارە بە نوسین
ناو و ناسناو
هەروەها بە زمانی ئەو کاتە چاپ کراوە:
مەبدەئی تەخسیس سورەتی تەخسیس شەرتی تەخسیس سورەتی قەتع
تەئریخ و ژمارەی ئەمرو موعامەلە.
لە سەر لاپەڕەکانی دی خشتەیەک چاپ کراوە لە ژێر ئەم سەردێڕانەدا: ناوی مانگ، پارە بە عانەو ڕوپیە، ڕۆژی پارەدان و شوێنی ئیمزا (1).
بە گوێرەی خشتەی سەر لاپەڕەی ئەو جزدانە ساڵ لە مانگی مارتەوە کە مانگی نەورۆزە، دەست پێ دەکات و لە مانگی شوباتدا کۆتایی دێت.
نوسخەی بەردەست
ئەم جزدانەی ماوەتەوە هی خانەنشینیی ڕەعناخانی کچی زانا شێخ ئەحمەدی فایزە. شێخ محەمەدی هاوسەری ڕەعناخان قازی بووە لە سلێمانی. دوای داگیرکردنی سلێمانی لە لایەن ئینگلیزەوە لە مانگی شەشی ساڵی (1919)دا، شێخ محەمەد ڕو دەکاتە ڕۆژهەڵات و پێش ساڵی 1922 لە گوندی بێتوش کۆچی دوایی دەکات، بێوەژنێک و سێ منداڵی لە دوا جێ دەمێنێت.
بە گوێرەی ئەم جزدانە ڕۆژی 21/11/1922 بە ئیمزای سەرۆکی دارایی، ڕەعنا شێخ ئەحمەد فایز بڕیاری 200 ڕوپیەی مانگانە خانەنشینیی بۆ دراوە کە پەیوەندیی بە موچەی مێردەکەیەوە بووە. فەرمانەکە لە سەر بڕیاری دیوانی وەزیران دراوەو مەلیکیش ئاگادار کراوە. بڕیارەکە لە ڕۆژی (19/11/1922)دا لە لایەن کاتبی مەسرەف، ژمێریاری دارایی و سەرۆکی دارایی کوردستانەوە ئیمزا کراوە. ئەو کات عەبدولکەریم عەلەکە وەزیریی دارایی بووە.
لە مانگی یانزەدا کە بڕیارەکەی تیادا دراوە، ئیمزای 60 ڕوپیە لە سەر کارتەکە کراوە.
مانگی 12 هەتا مانگی دو 200 ڕوپیە هەموو مانگێک دو ئیمزایان لەسەر کراوە. ئیمزایەکیان لەوە دەچێت ئیمزای ژمێریاری دارایی بێت.
لە مانگی سێدا ساڵی تازە دەستی پێ کردووە 1339 کە دەکاتە ساڵی 1923.
لە مانگی سێی (1923)دا 200 ڕوپیە وەر گیراوە. لە تەنیشت پارەکەوە نوسراوە کە بە فەرمان و ڕەزامەندیی سەرۆکی دارایی لە ئەشکەوت وەر گیراوە.
مانگی چوار لە تەنیشت بڕە پارەکەوە نوسراوە لە شارباژێڕ وەر گیراوە.
مانگی پێنج و شەش بە سپێتیی ماونەتەوە.
مانگی حەوت و هەشت لەوە دەچێت بە یەکەوە لە (25)ی مانگی هەشتا دو دوسەتیی درابێت. لە سەر کارتەکە نوسراوە بە سەنەد لە خەزێنە دراوە.
لە مانگی نۆدا لە جزدانەکە نوسراوە بە فەرمانی سەرۆکی دارایی 50 ڕوپیەیان لە خانەنشینییەکە دا شکاندووە.
مانگی نۆ 150 ڕوپیە لە لایەن کاتبی مالییەوە ئیمزا کراوە.
مانگی دەش 150 ڕوپیە بۆ دوا جار دراوە.
ساخکردنەوەی بەڵگەنامەکە
مەلیک مەحمود ڕۆژی 22/09/1922 لە هندستانەوە پاش بەربوونی دەگاتەوە سلێمانی. دوای هەژدە ڕۆژ، کە ماوەیەکی کەمە، بۆ جاری دووەم حکومەتی کوردستانی دامەزراندەوە. ڕۆژی 15/10/1922 فەرمان دەر دەکات کە وەزیران ئاسایی دەبێت هەفتەی دو جار دوشەمەو پێنج شەمە کۆ ببنەوە. هەموو کاتێکیش بۆ کاری پێویست و پەلە دەتوانن حوکمدار ببینن. هەروەها ئامۆژگاریی وەزیران دەکات بۆ دروستکردنی بوجە و میلاکی سوپایی و موڵکیی (مەدەنیی). چاودێری گشتیش ئاگادار دەکرێتەوە بۆ پشکنین و ڕێکخستن (2). شایانی باسە ئەنجومەتی وەزیران بڕیار دەدات دە هەزار ڕوپیە مانگانە خەرج بکرێت بۆ بەرێوەچونی دیوانی حوکمدار. بەڵام حوکمدار ئەو بڕە پارەیە دەگێڕێتەوە بۆ گەنجینەی حکومەت بۆ ئەوەی بۆ پێویستیی نیشتیمان خەرج بکرێت (3).
بە پێی ئەو سیاسەتەی کە باسم کرد، دوای یەک مانگ و شەش ڕۆژ بڕیاری خانەنشینیی ڕەعنا شێخ ئەحمەد فایز دراوە. پێش ڕەعنا لە ئەو ماوەیەدا داوانامەی 232 کەسی تر بە ڕێ کراوە. بەڵام نازانرێت لە دوای جزدانی ژمارەی (233)ەوە چەند جزدانی دی دەر چووە؟ چونکە جزدانەکەی ڕەعنا شێخ ئەحمەد فایز ژمارە 233 مەرج نییە کە دوا جزدان بووبێت. لەبەر ئەوەی بڕیارەکە ڕۆژی (21)ی مانگی یانزە بۆ ڕەعنا دەر چووە، ئەو مانگە ڕەعنا پارەی نۆ ڕۆژی دراوەتێ کە کردوویەتە 60 ڕوپیە. لە دوای مانگی یانزەوە هەتا مانگی شوبات کە مانگی دووە، لە سلێمانی ئاسایی 200 ڕوپیە دراوە. بەڵام حکومەتەکەی مەلیک مەحمود ئەم جارەش زۆری نە خایاند. وەکو مەلیک مەحمود خۆی دەڵێت: ئینگلیز بۆ مەرامی خۆی منی دەوێت. منیش بۆ مەرامی گەلەکەم دەژیم. ئینگلیزەکان بۆیان دەر کەوت مەلیک بۆ پارەو بەرژەوەندیی شەخسیی پشت ناکاتە خاک و خەڵک، نابێت بە داردەستیان، هەر سورە لەسەر پرسی کوردو لە مانگی یانزەی هەر ئەو ساڵە 1922 بەیانی مەلیکیی کرد بەرانبەر بە مەلیکیی عێراق. بەڵام ئینگلیزەکان دایان نابوو باشوری کوردستان بخرێتە سەر عێراقی عەرەبیی. لەبەر ئەوە ڕۆژی 09/02/1923 فڕۆکەی بەریتانیا سلێمانی بۆمباران کرد. ماڵی کەریم بەگی خانزادەجوان نزیک سەرای حکومەت، بەر بۆمبا دەکەوێت. دو ژن و سێ منداڵ بە کوژراویی لە ژێر داروپەردودا دەر دەهێنرێنەوە (2/109). لەبەر پاراستنی خەڵکی شار، مەلیک و حکومەت ڕۆژی 02/03/1923 سلێمانی چۆڵ دەکەن و بارەگا دەبەنە ئەشکەوتی جاسەنە. لە ئەشکەوت لە ژێر بۆمبارانی لە پەستای بەریتانییە دڕندەکاندا، سەیرەکە لە ئەوەدایە کە کاروبار بە ڕێکخراویی ڕۆشتووە. لە ئەو ماوە کورتەدا کە مانگێک و بیست ڕۆژ بووە، جگە لە دەرکردنی ڕۆژنامەی بانگی هەق و کاروباری سەربازیی و سیاسیی، دەبینرێت بە ڕەزامەندیی و فەرمانی مدیری مالیە پارەی مانگی سێی بێوەژن و هەتیوو لە ئەشکەوت دراوە. لە دوای ناپاکیی حەوت ئەفسەری کورد، بە بردنەوەی چەک و تفاقی زۆر بۆ ناو ئینگلیزو هەروەها بۆمبارانی زۆری ئەشکەوتی جاسەنە، لەشکری کورد ڕو دەکەنە شارباژێڕ. لە شارباژێڕیش پارەی مانگی چوار لە بابکراوا دراوە. لە ڕۆژی (23)ی مانگی چوارەوە ئیتر لەشکری کورد ڕو دەکەنە دزڵی و ناوچەکانی سنورو خۆیان بۆ شەڕی پارتیزانیی ڕێک دەخەنەوە. شەڕو بۆمبارانی فڕۆکەی ئینگلیز، خەڵک و حکومەتی کورد لە یەک دا دەبڕن. مانگی پێنج و شەش جزدانەکە بە سپێتیی ماوەتەوە. بەڵام ڕۆژی 16/06/1923 مەلیک لە نامەیەکدا بۆ وڵاتپارێز ئەحمەد خواجە دەنوسێت:
نووری چاوم، کوڕم ئەحمەد! زۆر زەحمەتم دایت. پاش ڕۆشتنت مەقبوزەکان (وەسڵ) هات، لێم ببورە! ئیمڕۆ ڕۆژی (16)ی حوزەیران 1923 ئینگلیز سلێمانی تەخلییە (چۆڵ) کرد. تۆش وەرەوە بۆ سلێمانی. چاوەڕێت دەکەم، کوڕی خۆم (2/142).
بەم پێیە مەلیک و حکومەتەکەی لە ناوەڕاستی مانگی شەشدا دەگەڕێنەوە بۆ شار. لەسەر جزدانەکە پارەی مانگی حەوت و هەشت، هەر مانگەو 200 ڕوپیە، نوسراوە کە دراون. لەوە دەچێت پارەی هەر دو مانگەکە لە (25)ی مانگی هەشتدا درابێت. لە تەنیشت ئیمزاکەوە نوسراوە بە سەنەد لە خەزێنە دراوە. لەسەر جزدانەکە نوسراوە کە لە مانگی نۆدا بە فەرمانی سەرۆکی دارایی پەنجا ڕوپیە لە دوسەدەکە کەم کراوەتەوە. بۆیە مانگی نۆو مانگی دە ئیمزای 150 ڕوپیە لەسەر جزدانەکە کراوە. بەڵام ڕۆژی 26/06/1924 پێش هەتاوکەوتن، بۆمبارانی فڕۆکەکانی ئینگلیز دەست پێ دەکاتەوە. هەتا ڕۆژی (28)ی مانگ بە خەستیی شار کوێرانە بۆمباران دەکرێت. کۆڵانەکان پڕ دەبن لە لاشەی کوژراو (2/152).
رۆژی 13/07/1924 مەلیک کە لەو کاتەدا لە سەنگاو بووە، لە نامەیەکی دیدا بۆ ئەحمەد خواجە دەنوسێت: ئەوا ئەم جارەش کەوتینەوە ژێر بۆمبا. زوڵمی ئینگلیز گەیشتە ئەو پەڕی بێ ویژدانیی. دەچمەوە بۆ شارە وێران و لێقەوماوەکەمان. سبەینێ ئێوارە وەرەوە بمبینە (2/154).
رۆژی 16/07/1924 مەلیک سلێمانی چۆڵ دەکات. دوای دو ڕۆژ (18)ی مانگ پاشنیوەڕۆ، ئینگلیز شار داگیر دەکاتەوەو مێژووی جزدان و سیستێمی دڵنیایی کۆمەڵایەتیی کۆتاییان پێ دێت.
لێکدانەوەی بەڵگەنامەکە
بەڵگەنامەکە دەری دەخات کە حکومی مەلیک مەحمود نەک بە قسە بەڵکو بە ڕێکخستن و بە کردەوە ئاوەڕوی لە لاوازترین کەسانی کۆمەڵگا داوەتەوە کە خانەنشینان، بێوەژن و هەتیوون. هەرچەندە ماوەی هەردوو حوکمدارییەکەی یەکی لە شەش مانگ تێ نە پەڕیووە، لەگەڵ ئەوەشدا سیستێم و ئامانجی حوکمەکانی لە هی وڵاتانی پێشکەوتووی ئێستا کەمتر نەبوون. بۆ نمونە لە وڵاتێکی وەکو سوید بۆ یەکەم جار ساڵی 1913 (واتە نۆ ساڵ پێش تەمەنی جزدانەکە) یاسای خانەنشینیی گشتیی دەر چووە کە پارەیەکی کەم و ژمارەیەکی دیاری کراوی گرتۆتەوە. ئەویش لە سویدێکی ئارام و لەگەڵ پێشکەوتنی پیشەسازییدا. لە ساڵی (1918)دا: ئافرەت لە فەرەنسا بووە بە خاوەنخود (مالیکە نەفسی خۆی). لە دانیمارک دەرگای وردە ئیشی یاسایی بۆ ئافرەتانیش واڵا کراوەو ئافرەت بۆی هەبووە لە بەردەمی دادگادا شایەتیی بدات. لە ساڵی (1921) دا: لە دانیمارک ئافرەت مافی ئیشی حکومیی وەر گرتووە. لە سوید ئافرەتی شوکردوو بووە بە خاوەنخود و لە ساڵی (1922)دا ئیشی یاسایی دەکرێتەوە بۆیان. لە سوید یارمەتیی سۆسیال لە ساڵانی سییەکاندا پیادە کراوە.
جگە لە سیستێمی دڵنیایی کۆمەڵایەتیی، لە حوکمی یەکەمی مەلیک مەحموددا یەکسەر سێ قوتابخانە لە لە سلێمانی و یەکێکیش لە چەمچەماڵ کراوەتەوە. بە گشتیی لە هەردوو حوکمەکەدا ڕۆژنامەی ڕۆژی کوردستان، ئومێدی ئیستیقلال و بانگی هەق دەر کراون. بڕیار بە گفتوگۆ دراوەو لە کاتە چارەنوسییەکاندا خەڵکی فراوان بەشدارییان تیادا کردوون. مەلیک لای وابووە کە هەموو کارێک بە بیری سێ کەس تەواو بکرێت، پەشیمانیی لە دوا نابێت (2/189).
بەڵام بەریتانییەکان دڕندانە، وەکو دیبلۆمات و نوسەری سویدیی ئینگمار کارڵسۆن دەیخاتە ڕو، بە بێ گوێدانە جوگرافیا، کولتور، نەژادو مێژوو ناوچەکەیان بە گوێرەی نەوت و سیاسەتی بەرژەوەندیی خۆیان لەت و پەت کرد (3). ئینگلیزەکان بە بێ دەست پاراستن لە ژن، منداڵ و ئاژەڵ بە بۆمبای ناپاڵم و کیمیاویی کوشتاری کوردیان کرد. مەلیک مەحمود داوای لێ کردن کە دەوڵەتێکیش بۆ کورد دروست بکەن و وەکو عێراق لە ژێر چاودێریی (ئینتیداب) خۆیاندا بێت. بەڵام بەرژەوەندیی ئینگلیزەکان دەوڵەتی بۆ کورد تیادا نەبوو. وەکو مێژوونوسی ئەمەریکیی دەیڤید فرۆمکین کاتی خۆی دەربارەی کۆنگرەی فێرسای بۆ ئاشتی، وتوویەتی: ئەو ئاشتییەی کە کۆتایی بە هەموو ئاشتییەک هێنا (4/121). ئینگلیزو فەرەنسا بناغەی ناکۆکیی و ئاژاوەیان دا مەزراند لە ئەو وڵاتانەدا کە نا سروشتییانە دروستیان کردن. کورد بو بە گەلێک کە هەتا ئێستا لە ئەو دۆزەخەدا لە خاکی خۆیدا دەچەوسێتەوە، کوشتارو کۆیلە دەکرێت. ئینگلیزەکان بە سوپا، پیلان و جاش بە سەر وڵاتپارێزانی کورددا سەر کەوتن و باشوریان خستە سەر عێراق. زۆر لەو ئەفسەرە کوردانەی کە لە سوپای عوسمانیدا خزمەتی تورکیان کرد، دوایی بون بە مڵۆزم بۆ هەوڵەکانی مەلیک مەحمودو داهاتووی کورد. بە پێچەوانەی ئەفسەرە ئینگلیزەکانەوە کە لە پێناوی بەرژەوەندیی داگیرکاریی بەریتانیادا گەشتوبوونە کوردستان، ئەمان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دوای تورک ئنجا بون بە داردەستی ئینگلیز، لە نمونەی ئەمین زەکی بەگ و تۆفیق وەهبی لە دامەزرێنەرانی سوپای عێراقیش بوون بۆ گیانی کورد.
کوشتاری کورد لە لایەن ئینگلیزەکانەوە شوێنەواری نەما. بەڵام ئەو گەلە شکاوەی کە لە دوای کوشتارەکانەوە بەجێیان هێشت لە ڕێگای خوێندەوارانی کوردی ناپاکەوە چەواشە کرا. دوای سەد ساڵ لەو مێژووەوە کەسانێک لە نوسەرو خەڵکانی دی هەن کە هێشتا کەرێتیی بەری نە داون. لەسەر کێشی ئەوەی کە حەوا بۆیە لە بە هەشت دەر کرا چونکە لە سێوەکەی خوارد، دەهزرن شێخ مەحمودیش بۆیە ئینگلیز دەوڵەتی کوردیی بۆ دروست نە کرد چونکە ئامادە نە بوو دەست بخاتە دەستی ئینگلیزەوەو نامەی بۆ تورکەکان نوسی. وەکو ئەوەی کە ئەوانەی جاش و داردەستی ئینگلیز بوون هەر یەکە لە ماڵەکەیدا دەوڵەتێکی لە پاداشدا بۆ دروست کردبن و ئینگلیز خۆشی لەگەڵ تورک ڕێک نە کەوتبێت.
لە ڕاستییدا مێشک هێندە خراپ نییە مرۆڤ بتوانێت ئەوەندە پێی گەوج ببێت. نهێنییەکە لە شتێکی دیدایە کە مرۆڤەکە نایەوێت بیزانێت. گەلێکی شکاو ئەو شوێنەی بە خۆی ڕەوا بینی کە داگیرکەرەکەی بۆ دا نا. بەو چاوە نزمەش تەماشای خۆی دەکات کە داگیرکەرەکەی ئەمی پێ دەبینێت. وەکو وتراوە مێژوو لایەنی سەرکەوتوو دەینوسێتەوە. ئەو ئەقڵەی ئەمڕۆی باشوری کوردستانیش ئەقڵێکە کە ئینگلیزەکان و داردەستەکانیان بۆ گەلێکی ژێردەستیان دا ڕشت پێی زەلیل و نەگبەت بێت. ئەگینا چ میللەتێکی ئاسایی هەیە کەسانێکی بە ڕوناکبیرو تاجی سەر زانیبێت کە سوپایان بۆ داگیرکەری وڵاتەکەیان دروست کردبێت یان پەیکەری بۆ کەسانێک دروست کردبێت کە داگیرکەری نیشتیمان خەڵاتی کردبێت لەبەر ئەوەی خزمەتی لەشکری داگیرکەرەکەی کردووە لە کوشتاری گەلەکەی خۆیدا ؟ ئەقڵێکی ئاوا گەلێک هەر دەتوانێت پێی ژێردەست و بێ موچە بێت.
#ناسر حەفید#
#31-03-2021#
[1]