ناونیشان: گرینلاند:
ئامادەکردن: #حوسێن عەبدولکەریم ڕۆستەم#
گرینلاند یان (خاکی خەڵک) گەورەترین دوورگەیە لە جیهاندا لە دوای دوورگەی ئوسترالیا و ئەندامێکە لە شانشینی دانیمارک و شاری نۆکە پایتەختی گرینلاندە، گرینلاند دەکەوێتە نێوان ناوچەی جەمسەری باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی کەنەدا، سنووری دوورگەکە، بریتییە لە گەرووی نارێس و کەنداوی بافن و گەرووی دێفێس و زەریای ئەتڵەسی و دەریای لێبرادۆر و گەرووی دانیمارک هەرچەندە لە ڕووی ڕەگەز و جوگرافیاوە بەشێکە لە کیشوەری ئەمریکای باکووردا بەڵام لە ڕووی ڕامیاری و مێژووییەوە بەکیشوەری ئەوروپاوە بەستراوە، و بەتایبەتی بە وڵاتانی ئایسلەندا و نەرویچ و دانیمارک.
ناوی گرینلاند بە زمانی دانیمارکی واتا زەوی سەوز، و بەزمانی گرینلاندی بەواتای زەوی خەڵک دێت، بەڵام سەوز نیە چونکە زۆربەی ڕووبەرەکەی بە سەهۆڵ داپۆشراوە.
لە ڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین دوورگەیە لە جیهاندا لە دوای دوورگەی ئوسترالیا، ڕووبەرەکەی 2,166,086کم²، و یەکێکە لە هەرێمەکانی دانیمارکدا، دەکەوێتە دووری 2,090کم باکووری زەریای ئەتڵەسی، و هەندێک لە بەشەکانی تەنها 16 کم لە کەنەداوە دوورن، ڕووبەری گرینلاند 50 جار لە ڕووبەری دانیمارک گەورەترە بەڵام دانیمارک لە ڕووی دانیشتوانەوە 95 جار لە گرینلاند گەورەترە.
زەوی گرینلاند لە بانێکی ناوخۆی نزم پێک دێت کە زنجیرە چیای کەناراوی دەوری داوە، و چێنێکی سەهوڵی هەمیشەی نزیکەی 1,740,500کم² ڕووبەری دوورگەکەی داپۆشیوە، و تەنها 410,449کم2 لە ڕووبەرەکەی سەهۆڵ داینەپۆشێوە و پانی چینی بەرگی سەهوڵی لە نێوان 1,6کم بۆ 3,2کم، بەرزی چیای جنبجۆن 3,700م، .و هەزاران دوورگەی دوور لە کەناراوەکانیداهەیە، درێژی کەناراوەکانی 44,087کم و نزیکەی 1,792م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.
$ئاو و هەوای دوورگەی گرینلاند.$
ئاو و هەوای دوورگەی گرینلاند زۆر ساردە، بەڵام لە سەرەتایی سەدەی بیست وردە وردە پلەی گەرمی بەرز بووەوە، و ساردترین ناوچەی دەکەوێتە سەنتەری بەرگی سەهۆڵی کە پلەی گەرمی دەگاتە -47° لە مانگی شوبات و -11° لە مانگی تەموز، و نزمترین پلەی گەرمی لە ساڵی 1954 تۆمارکرا کە - 66 °بوو بەڵام لە کەناری باشووری پلەی گەرمی دەگاتە -8° لە مانگی شوبات و 10° لە مانگی تەموز، و بەشێوەیەکی گشتی دابارین لە گرینلاند کەمە تەنها لەو پەڕی باشووری نەبێت کە ڕێژەکە زیاد دەکات، لە وەرزی هاویندا زۆربەی دوورگەکە بەر تیشکی خۆر دەکەوێت بۆ ماوەی 24 کاتژمێر، و لە وەرزی زستاندا خۆر ون دەبێت و ئەو ماوەیە زید دەکات هەرچەندە بەرەو جەمسەری باکوور بچین و بەم دیاردەیە دەوترێت خۆری نیوە شەو.
ژمارەی دانیشتوانی گرینلاند لە ساڵی 2016 نزیکەی 57,728 کەس بوو، و بەپلەی 206 دێت لەسەر ئاستی جیهاندا لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، و یەکێکە لە ناوچە کەم چڕەکانە لە ڕووی دانیشتوانەوە لە جیهاندا، نزیکەی سێ یەکی دانیشتوانی لە شاری نۆکی پایتەخت دەژێن و زۆربەی کۆبوونەوەی دانیشتوان دەکەوێتە کەناری باشوور و ڕۆژئاوای دوورگەکە لەگەڵ بوونی کۆبوونەوەی دانیشتوانی سنووردار بەدرێژای کەناراوەکانی تردا، بەڵام ناوچەکانی ناوەوە چۆڵە لە دانیشتوان، گەلی ئەسکیمۆ زۆربەی دانیشتوانی گرینلاند پێک دێنێت بە ڕێژەی لە (88%)، بەڵام دانیمارکی و گەلەکانی تردا لە (12%) دەبن، زمان گرینلاندی زمانی فەرمی وڵاتە سەرەرای زمانی دانیمارکی.
$لەڕووی کارگێڕیەوە دوورگەی گرینلاند دابەش دەبێت بۆ چوار ناوچە$
کۆلچالک ڕووبەری : 32.000کم2.
کاسۆیتسۆب ڕووبەری : 660.000کم2.
کیکاتا ڕووبەری: 115.500کم2.
سیرمرسۆک ڕووبەری : 635.600کم2.
لەئەگەری توانەوەی هەموو سەهۆڵی گرینلاند، ئاوی دەریاکان بەڕێژەی 24 پێ بەرز دەبێتەوە، هەرچەندە چوار یەکی ئەم ڕێژەیە بەسە بۆ ئەوەی زۆربەی شارەکانی کەناری دەریا نووقم بێت لە ژێر ئاودا و زیاتر لە 650 مليۆن کەس ئاوارە بێت.
لە ساڵی 1946 سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاری ترۆمان هەوڵی گڕینی گرینلاندی دا لە دانیمارک بەرامبەر 100ملیۆن دۆلار، بەڵام دانیمارک ڕازی نەبوو.
لە دوورگەی گرینلاند ڕێگای وشکانی نییە، و تاکە ڕێگا بۆ گواستنەوە لە نێوان شارەکان بریتییە لە گواستنەوەی ئاسمانی، هەرچەندە ڕیگای ئاوی هەیە بەڵام تیچوونی زۆرە بە هۆی سەختی باری ئاووهەوا ودووری ماوەی نێوان شارەکان.[1]