گەڕانەوە بۆ کن حاجی قادری کۆیی
نەرمین عوسمان
حاجی قادری کۆیی، لە شاعیرە دەگمەنەکانی نەتەوەی کوردە، عەقڵ و دووربینی وی، پێش زۆر کەس کەوتبوو، بەتایبەت لە مەسەلەی تاوسەندنەوەی بیری نەتەوەیی کوردی، لەخۆڕا نییە وەک یەکێک لە سەرمەشقەکانی بیری ناسیۆنالیستیی کوردیی ناوی دەهێنرێت.
کۆیە لە مێژووی بیری نەتەوەیی و ڕۆشنبیریی کوردستاندا وەکو سەرمەشق چاوی لێدەکرێ، لەو ڕووە ناوی زۆر هەنە بیکەمە گەواهیدەری قسەکانم، لە بواری شیعردا دڵداری خاوەن شیعری ئەی ڕەقیب، لە بواری زانای کراوەی ئایینیدا مەلای گەورەی کۆیە، ژنی ناوداری وەکو زەینەب خان کچە کورد هەیە، بۆ بیری نەتەوەییش زۆر هەنە؛ لێرە تەنها حاجی قادر وەکو نموونە دەهێنمەوە.
حاجیی مەزن، لەبەر زۆر هۆکار، کوردستانی جێهێشت و لە ئیستەمبوڵ بۆ ماوەیەکی زۆر نیشتەجێ بوو، بەڵام تەنها بە جەستە لە نیشتمان دوور بوو، دەنا دڵ و ڕۆح و بیرکردنەوەی هەر لە کوردستان بوو، لەو ڕووەوە بەڵگەی زۆر هەن، کەوا هەوڵدەدەم وردە وردە بیانخەمەڕوو.
شیعری وی خەم و ئازار و دووبەرەکی کوردانی لەخۆگرتبوو، کاتێک دەیدی، کوردان پەرتەوازەن نەک پەسەنی نەدەکردن، بەڵکو بە شیعرەکانی ڕەخنەی توندیشی لێدەگرتن، بنواڕە لەم دێڕەدا چی دەرێ:
تا ڕێ نەکەون قەومی ئەکراد
هەروا دەبنە خەرابە ئاباد
ئیلهامی ئەو شیعرە، لەوەوە سەرچاوە دەگرێ، کە حاجی قادری کۆیی، دەبینێ، لایەنە جیاوازەکانی نەتەوەکەی ناتەبان، ئەوەش مایەی خەرابوونی ڕیزەکانی نەتەوەکەیەتی، دەی چی هەستێک لەوە نزیکترە لە ڕۆحی خەڵکەکەی لە ئیستانبووڵی دوورەوە خەمی یەکگرتوویی نەتەوەکەی بێت؟
حاجی بیری لای ئەوەیە، نەتەوەکەی زانستخواز و یەکگرتووبێت بۆ ئەوەی لە دەستی دوژمن ڕزگاریان بێت، بۆیە بە شیعر، هەستی خۆی دەردەبڕێ، هەروەک جۆرێکیشە لە تانەدان لە ناتابەیی نێوانیان، ئەو باسی دەوڵەت و قەڵەم دەکات، بۆیە حاجی دەرێ:
بە شیر و خامە دەوڵەت پایەدارە
ئەمن خامەم هەیە شیر نادیارە
چیرۆکیی نیشتماندۆستی و زانایی حاجی قادری کۆیی، دوورودرێژە، لێرەوە هەوڵدەم بە زنجیرە وتارێک و هەفتانە بگەڕێمەوە کنی، ئەمە کۆیایەتی و خۆیایەتی نییە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ مێژوو.[1]