قوماش 112
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
ئێکەکیان گۆتی: ئەوجە ئەو هەورینە لۆتوو بوو؟ گۆتم: نەخێر، نەک هەرئەوە، ئەمن وا لەسەوی ئاوارە و دەربەدەری وراتان دەبم، گۆتی: ئەتوو بەڕاستتە؟ گۆتم: بەرێ! گۆتی: یەعنی ئێستا ئەتوو لەسەر ئەو ژنەی لە سبەینێوە بەگەمە کەتی؟ گۆتم: بەرێ! کابرا بەینەکی تەماشای کردم و ئەوجە گۆتی: نازانم نە ئەمن گێلم و لە دنیایێ نەگەییمە، نە ئەتوو گێلی و هیچ لە دنیایێ نازانی! ئێکەک بە جواب هات و گۆتیە کابرای: وازی لێبینە، ئەتوو چ هەقت پێدایە، کابرا ئەو کیژەی خۆشویستیەو تەواو، هەتیم ئەتوو گێت لە لەیلێ و مەجنون و شیرن و فەرهادی نەبووە؟ دەی ئەوەش وەکی وان ئاگری عەشق هەناوی سووتاندیە، دەبی شەوو ڕۆژ دوعای بکەین و برێین: خوایە بە ئاگری عەشق نەمانسووتێنی! قسەی ئەو کابرایەی زۆر تەئسیری لێکردم و زانیم پیاوەکی خیندەوارە، لۆیێ گۆتم: ئەتوو هەتا چەندیت خیندیە؟ گۆتی: شەشی ئەدەبیم تەواو کرد و ناوم لە کولیەی ئاداب دەرچوو، هاوینەکی کراینە جەیشی شەعبی و نەچووم، ڕاست فەسڵیان کردم، ئیدی وازم لە خیندنێ هیناو بەدوو دانەچوومەوە، هەرچەندە دوایێ لێبوردنیش دەرچوو و دەمتانی بچمەوە کولیەی، بەران کاسبیەکەم پێ باشتربوو! گۆتم: خێری تێدایە و خوای گەورە بتپارێزی!
پاشی ئیسرەحاتەکی باش، خۆمان خڕکردەوەو سواری هەسپەکان بووینەوەو ملمان لە ڕێیێ ناو شۆڕ بووینەوە لۆ خوارێ، ئەوەی باشبوو ڕێی هاتنە خوارێ لە چیایەکەی زۆر باشترو بەرینتر بوو، ترسی لێدانیشی لەلایەن جاش و عەسکەر و کۆپتەری کەمتربوو، چونکە ئەوبەر و ئەوبەری ڕێیەکەی داروبار بوو، هەسپ و زەلام بە سانایی دیار نەدەبوو، هەتا گەیشتینە بنی چیای بووە بەرەبەری ڕۆژ ئاوا بوونێ، هەتا تەواوەک لە چیای دوور کەتینەوە بەتەواوی دنیا تاریک بوو، گۆتمە جەماعەتی: باشە بەو تاریکستانەی ئەمە بەرەو کێندەرێ دەچین؟ گۆتیان وەڵلا دەبی هەتا بەرەبەیانی بڕۆین، بەشکوو دەگەینە ناو پێشمەرگان، دوعاش بکە مەفرەزەیان لەو دیووەی مابی، چونکە زۆربەی زۆری پاش ئەنفالەکان ئاودیووی ئێرانێ بووینە! گۆتم: ئەوجە دەکرێ ئەمە هەتا بەیانی لەسەر پشتی ئەو هەسپانە بین؟ گۆتیان: نا، دەوری دوو سێ سعاتی دی دەڕۆین، پاشان پشیەکی دەدەین و لێ دەنووین، لەگەر گەرد و گوری بەیانی قیت دەبینەوە و بەڕێ دەکەوین، چبکەین هیچ چارەمان نیە، چونکە یەک گوند نەمایەو هەر هەمووی ڕوخێندرایە، ئەگەر نا لە گوندەکی لامان دەداو ئیسرەحاتەکی باشمان دەکرد، ئەوجە بەڕێ دەکەتین!
بەردەوام بووین لە ڕۆیشتنێ، دنیا تەواو تاریکایی بوو، ئەگەر برێم بە زەحمەت بەرپێی خۆمان دەدیت درۆ نسیە، بەران چونکە هەسپەکان شارەزای ڕێیەکەی بوون، بە سانایی دەڕۆیشتن بێ ئەوەی ساتمەکی بکەن، هەند هیلاکبووین ئارەقەمان کرد، گۆتم: کاکە بکەن لە ڕاهی خوای، با پشیەکی بدەین، هەم ئەمە ماندینە، هەم هەسپەکان! گۆتیان زۆری نەمایە، دەوری نیوو سعاتی دی دەڕۆین و پشیەکی باش دەدەین، ئیدی ناچاربووم بێدەنگ بم، بزانم کەنگی ئەوان دەرێن یاڵلا لێی پاردەنەوە، بەینەکی باش بە بێدەنگی ڕۆیشتین، نەدەبا کەس جغارەش بکێشی، نەوەک ئاگری جغارەی لە دوور ڕا دیاربی و جاش یان عەسکەر تەقەمان لێبکەن، ئەو ڕەزالەتەی لەو سەفەرەی دیتم، نە دیتیتم و نە لە هیچ کتێبەکی خیندیتمەوە، دەرێن فەرهاد چیای بێستوونی کوون کردیە لۆ خاتری شیرینی، بەران فەرهاد ماوە ماوە پشیەکی وەرگرتیەو نانەکی خواردیە، ئەوە ئەگەر چیا کوون کردنکەش ڕاستبی، ئاخر لەو زەمانی نە شۆفەر هەبی و نە ئامێری کوونکەر، بە خۆو بە قوڵنگەکی دەبی چەند سار خەریکی ئەو ڕەزالەتەی بووبی! باشە پیاوەک لەو مەملەکەتەی نەبوو، برێ کوڕم ئەتوو شێت بووی، سەرت لێ شێوایە ملت لەبەر ملی ئەو چیایەی نایە، تەمەن بەخۆی چەندە، هەتا بە دیار ئەو چیایە سەختەی بەڕێی بکەی، ئێ باشە لۆ شیرن ڕۆژەکی نەچوو، برێ کورە دە واز لەو حارەی بینەو وەرە با سەر هەرگرین و بڕۆین، ئەوەندەی ئەتوو خۆت بەو چیایەی خەریک دەکەی، ئەمە ئەگەر پێکەوە بڕۆین، حەفت مەملەکەتان دەبڕین! لێرەوە قسەی بازۆم بەبیر هاتەوە، کە هەر زوو بەمنی گۆ: هەورینی هەرگرەو بڕۆن، ئەو مەملەکەتەی بەجێبێلن، عاردی خوای پان و بەرینەو لە کوونە سەیەکی جێتان هەردەبتەوە، خۆزی بە خۆزی داران بەگێی بازۆم بکردبایە، نە ئەمن و نە هەورین تووشی ئەو هەموو دەردە سەریەی دەبووین، نە قادرە فەندیش بەو دەردەی دەمرد و نە فەوزیە خانیش لە خەمی وی سەری دەناوە، نە ئەمن ئەو هەموو تێهەردانەم لە گیرانێ دەدیت و نە دختۆر شێرۆش ئێستا دەگیرا، نەداکم و بابم ئەوەندە خەفەتخان دەبوون و نە خەجەی مام حەمەدەمینیش ئەوەندە چاوەڕێی منی دەکرد، پێشینان گۆتیتیان کارکەرت بمری، بەران تەکبیرکەرت نەمری!
مایتی[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
Questo articolo è stato scritto in (کوردیی ناوەڕاست) lingua, fare clic sull'icona
per aprire l'articolo in lingua originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Questo oggetto è stato visto volte 562
Scrivi il tuo commento su questo articolo!