Biblioteca Biblioteca
Ricerca

Kurdipedia è la più grande fonte di informazioni Curdo!


Search Options





Ricerca Avanzata      Keyboard


Ricerca
Ricerca Avanzata
Biblioteca
nomi curdi
Cronologia degli eventi
Fonti
Storia
collezioni degli utenti
Attività
Cerca Aiuto?
pubblicazione
Video
Classifiche
Voce a caso !
Invia
Invia l'articolo
Invia immagine
Survey
tuo feedback
Contatto
Che tipo di informazioni abbiamo bisogno !
Standards
Condizioni di utilizzo
Qualità Voce
Strumenti
A proposito
Kurdipedia Archivists
Articoli su di noi !
Kurdipedia Aggiungi al tuo sito web
Aggiungi / Elimina e-mail
Statistiche di accesso
Statistiche voce
Convertitore di font
Calendari Converter
Lingue e dialetti delle pagine
Keyboard
Link a portata di mano
Kurdipedia extension for Google Chrome
Cookies
Lingue
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
Il mio conto
Entra
appartenenza !
dimenticato la password !
Ricerca Invia Strumenti Lingue Il mio conto
Ricerca Avanzata
Biblioteca
nomi curdi
Cronologia degli eventi
Fonti
Storia
collezioni degli utenti
Attività
Cerca Aiuto?
pubblicazione
Video
Classifiche
Voce a caso !
Invia l'articolo
Invia immagine
Survey
tuo feedback
Contatto
Che tipo di informazioni abbiamo bisogno !
Standards
Condizioni di utilizzo
Qualità Voce
A proposito
Kurdipedia Archivists
Articoli su di noi !
Kurdipedia Aggiungi al tuo sito web
Aggiungi / Elimina e-mail
Statistiche di accesso
Statistiche voce
Convertitore di font
Calendari Converter
Lingue e dialetti delle pagine
Keyboard
Link a portata di mano
Kurdipedia extension for Google Chrome
Cookies
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
Entra
appartenenza !
dimenticato la password !
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 A proposito
 Voce a caso !
 Condizioni di utilizzo
 Kurdipedia Archivists
 tuo feedback
 collezioni degli utenti
 Cronologia degli eventi
 Attività - Kurdipedia
 Aiuto
Nuovo elemento
Biblioteca
IL DIRITTO DI ESISTERE: Storie di kurdi e turchi insieme per la libertà
07-02-2019
زریان سەرچناری
Biblioteca
Kurdistan: un genocidio postmoderno
27-08-2014
هاوڕێ باخەوان
Biblioteca
I Curdi nella storia
27-08-2014
هاوڕێ باخەوان
Biblioteca
Guerra e Pace in Kurdistan
11-08-2014
هاوڕێ باخەوان
Biblioteca
GRAMMATICA E VOCABULARIO DELLA LINGUA KURDA
16-10-2011
هاوڕێ باخەوان
Statistiche
Articoli 522,463
Immagini 105,723
Libri 19,692
File correlati 98,580
Video 1,419
Biblioteca
Kurdistan. Cucina e Tradizi...
Biblioteca
I curdi / Viaggio in un pae...
Biblioteca
Kurdistan: un genocidio pos...
Biblioteca
Memorandum sulla situazione...
Biblioteca
Un destino in versi, lirici...
بیرەوەرییەکانی سەردەمی پاڵەیی
Gruppo: Articoli | linguaggio articoli: کوردیی ناوەڕاست
Share
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
voce Classifica
Eccellente
Molto buono
media
Povero
Bad
Aggiungi alle mie collezioni
Scrivi il tuo commento su questo articolo!
elementi della cronologia
Metadata
RSS
ricerca in Google per le immagini relative alla voce selezionata !
ricerca in Google per la voce selezionata !
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

بیرەوەرییەکانی سەردەمی پاڵەیی

بیرەوەرییەکانی سەردەمی پاڵەیی
ناونیشان: بیرەوەرییەکانی سەردەمی پاڵەیی
نووسەر: #یەشار کەمال#
وەرگێڕان: #بەکر شوانی#
وەرگێڕدراو لە زمانی: تورکی

1962، بەهار
هاوینی ساڵانی 1941 و 1942 پاڵە بووم. دەفتەرێکی بچووکم هەبوو، هەموو ڕۆژێک چیم دەبینی و دەبیست، بەکورتی تیایدا دەمنووسییەوە. ماوەیەک لەمەوبەر، لە سەردانمدا بۆ قادیرلی، دەفتەرەکەم لە باوڵی دایکمدا دۆزییەوە. هەر لە بیریشم نەمابوو، بۆیە بە دۆزینەوەی، فرە شاد بووم. دەستم بە خوێندنەوەی کرد تا بزانم چیم نووسیوە. ڕاستیت دەوێت، دەفتەرەکەم بابەتی شایەنی بایەخ پێدانی تێدا نەبوو، چونکە پاڵەیی بەجۆرێک کاریگەری لەسەرم داناوە، ئەم دەفتەرەیش نەبوایە، هەر لە بیرم نەدەکرد. ئەمڕۆیشی لەگەڵدا بێت، هەموو شتێک و هەر مرۆڤێکی ئەوێ و هەر لەبزێکی ئەو ڕۆژگارەم لە بیرە و لە پێش چاوە. بیرەوەرییەکانم وەک ئەوەی لە دەفتەرەکەدا هەیە، دەنووسمەوە. ماوەیەکی زۆر بەسەریاندا تێپەڕیوە، بەڵام پاڵەیی بەلای منەوە هەموو کاتێک مایەی بایەخ پێدانە. تەماشام کرد و بینیم و بیستم هەموو شتێک وەک خۆی لە شوێنی خۆیدا ڕاوەستاوە. ئەمڕۆ ئەگەر بەدەستم بێت و دیسان دەست بە پاڵەیی بکەمەوە، دەگەڕێمەوە بۆ ناو هەمان بارودۆخ. واتە دەمەوێت بڵێم من ئێستا دەربارەی ساڵانی 1941 و 1942 دەنووسم، بەڵام پێویستە ئێوە وەک ڕووداوەکانی ڕۆژانی پاڵەییی ئەم سەردەمە (ساڵی 1962) لێم وەربگرن.

2 ئایاری 1941
لە مێژە هەتاو هەڵهاتووە. ماندووم... زۆر ماندووم. ئەم ماندووبوونەم چییە؟ نوقمی تاریکیم. نامەوێت بەهیچ جۆرێک لە پێخەو بێمە دەرێ. ئاخر هەڵسم چی بکەم!... بەرەو ناوشار شۆڕ دەبمەوە. ئەمسەر و ئەوسەرێکی بازاڕ دەکەم. وەستا پاڵەوان دەدۆزمەوە و قسە دەکەم. هەردووکمان مرۆڤی دەردەدارین. وەستا لە دووکانی کابرای پینەچییە. پیاوێکی باش و هەتا بڵێیت ژیرە... زۆر شت لەبارەی دنیاوە دەزانێت. ئێ دوایی چی ڕوودەدات؟ هییییچ... دەڕۆمە کەناری ڕووباری ساڤرون و ئەمسەر و ئەوسەری کەناری ڕووبار دەگەڕێم. ئاوەکە ماسیی تێدایە. ماسییەکان بەدوای یەکتردا ڕیزیان بەستووە و بەرەو سەرەوە دەڕۆن. بنی ئاوەکە ڕووناکە. دانە بە دانەی چەگلەکانی ناوی دەبیندرێت. بنی ئاوەکە لە تیشکدا نوقمە. هەتاو داخ بووە. ژێر ئاوەکە لە دەرەوە ڕووناکترە. ئاوی ساڤرون هەمیشە تیشکی هەتاو کۆ دەکاتەوە و بەکێشی دەکات بۆ ناو قوڵاییی خۆی. ساڤرون بەسەر زەوییەوە لە ڕێگەیەکی لە تیشک ڕاکێشراو دەچێت و وەک ئەوە وایە لە هەتاو کەوتبێتە خوارەوە.
هەموو کاتێک لە ڕۆیشتنەوە بۆ ماڵ و لە هەڵمژینی ئەو هەوا سەربەگۆبەندە دەترسم. ئەم ڕۆژانە نانی نیوەڕۆ ناخۆم. ئەوەندە لاواز بووم، لە ئاوێنەی ئاوی ڕوونی ساڤروندا پەراسووەکانم دەژمێرم. ژماردنی پەراسووەکانم لە ئاودا پێ خۆشە. ئەمەم بۆ خۆم کردووە بە گەمە. لە خوا بەزیاد بێت کەس بەم حاڵەوە نامبینێت. جلوبەرگەکانم دادەکەنم و لە نێوان درەختەکاندا خۆم دەشارمەوە. تەماشایەکی ئەملا و ئەولا دەکەم، پاشان دەچمەوە ئاوەکەوە و خۆم دەشۆرم. خۆشووشتن کەمێک زیاتر برسیم دەکات. شیعر دەربارەی هەنگ دەنووسم. دەڵێم با باش برسێتی بچێژم بۆ ئەوەی بتوانم لە نووسینی داهاتوومدا زۆر باش باسی برسێتی بنووسمەوە. هەمیشە ئەوەم لە خەیاڵدایە. لە خەون و خەیاڵاتدام. هۆنینەوەی چیرۆک و داڕشتنی شیعرم پێ خۆشە.
ماندووم... ناتوانم هەڵسم و لە پێخەو بێمە دەرەوە. خوازیاریش نیم هەڵسم. دایکم هاتە ژوورەوە. سەرم خستە ژێر سەرینەکەمەوە. کەمێک قسەی کرد و چووە دەرەوە. پاش ساتێک دیسان هاتە ژوورەوە. وەک هەموو ڕۆژێک تووڕە و پڕ بوو. خۆی نابینم، بەڵام هەستی پێ دەکەم. یەکەم قسەیم لەبەرە. ئێستا شتێکی لەم بابەتە دەڵێت:
- هێشتا خەوتووە، هێشتا خەوتووە. ئامان پەروەردگارم...
هیچ بیری نەکردەوە و یەکسەر تەقییەقییەوە:
- ئامان پەروەردگارم، ئامان پەروەردگارم، کەس هەبووە تا ئەم کاتە، تا نیوەڕۆ بخەوێت؟ بۆیە هیچ ڕزقمان نییە. بۆیە لەم ماڵەدا خێر و فەڕ نەماوە. وای خاک بەسەرم. ئامۆزاکەی نەیخوێند، نۆ ساڵ لە پۆلی یەکەم مایەوە و سەرباری ئەوەیش بوو بە پیاو. بوو بە خاوەنی کار و بژێو. تۆیش بڕۆ لە ئەدەنە و ئەو ناوە بخوێنە و خۆت بڕەتێنە، دیسان بەکەڵکی کار نایەیت. ئاخر کارت نادەنێ... چما کارت دەدەنێ؟ کاری نووسیاریت دەدەنێ؟ تۆ بڵێ نان و زەوی دەدەم بە هەژاران و نەداران و بەرەنگاری حکوومەتمان ببەرەوە و ببە بە بێئاین و ئەمجار چاوەڕێ بکە کاری نووسیاریت بدەنێ! وانییە؟! نایدەم، منیش لە جێی حکوومەتمان بم، نایدەم.. دەزانیت چی! بڕۆ بۆ لای حکوومەت و بڵێ ئەمە منم و هیچ شتێکم لە دژی ئێوە نییە. من زیاتر لایەنگری ئاغاکان بووم. ئەگەر هەڵەیەکمان کردبێت، نەمزانیوە و نەزان بووین. بەندە بێ هەڵە نابێت. بڵێ بە لێکەوتووییماندا مەڕوانن، ئێمەیش ئاغا و بەگی ئۆردووی چوارەم بووین. شتی زۆرمان بەسەرهاتووە، کۆچەر بووین و لەم چوکورئۆڤایە کەوتینە ئەم ڕەوشەوە. کەوتینە سەر نەبوونی. ئەگەر نا، ئێمە ئاغای یەکەمی ئۆردووی چوارەم بووین... هەڵەیەکمان کرد و کەوتینە سەر ڕێگەی هەژاران. بڵێ باوکم پێش ئەوەی بکوژرێت، فرە دەوڵەمەند بوو. تەنیا خوایە ناکەوێت... وا بڵێ. ئەگەر تۆ نەیڵێیت، من خۆم دەچمە کن حکوومەتمان و وا و وا دەڵێم. کوڕی من ئاغایە، بەگە. مەگەر ئێمە دەبین بە لایەنگری هەژارانی سەر ڕێی چەوت؟ توێژی هەژاران خراپن. بۆچی مەگەر ئێمە نازانین؟ ئەوان هەرگیز نابن بە مرۆڤ. ئەوانە خوا هەر بە هەژاری خوڵقاندوونی. خۆ ئێمە بە هەژاری نەخوڵقێندراوین تا بکەوینە سەر ڕێی ئەوان. ئەفەندییەکانی ئەدەنە کوڕی منیان لەخشتەبرد و لە ڕێی ڕاست وەریانگێڕا. هەژاران چی لە زەوی بکەن، چی لە نان بکەن؟ ئەوەتا لە ژیان بەردەوامن. خوا بەشی هەرکەسێک لە گوێرەی خۆی دەدات. من ئێستا دەچم بۆ کن حکوومەتمان و یەک بە یەکی ئەم قسانە بە قایمقام دەڵێم. ئێمە بەگی یەکەمی ئۆردووی چوارەم بووین. هیچ کاتێک ناکەوینە سەر ڕێی هەژاران. دەڵێم کار بدەن بە کوڕی من، نووسیاری بدەنێ. بە قایمقام دەڵێم وەرە و کتێبەکانی کوڕەکەم لە ماڵەوە ببینە، شەو و ڕۆژ دەخوێنێت. کوڕی من ئەقڵێکی هەیە بە هەموو شتێکدا دەشکێت. ئاگای لە ڕووس و ئەڵمانە. یەک بە یەکی ڕووداو و پێشهاتەکانی ئەو وڵاتانە دەزانێت. باوکیشی دەیزانی. وا بۆمان مەڕوانە ئەییی قایمقام، ئەو کاتەی باوکی هێشتا لە ژیاندا بوو، خوانمان لە زەوی هەڵنەدەگیرا. چەندین مێگەل مەڕمان هەبوو. هەموو ساڵێک ئەسپی عەرەبیمان بە پێدەشتەکاندا بڵاو دەبوونەوە. بە سندووق پارەمان هەبوو. ئەییی قایمقام، ئەگەر درۆ دەکەم، با هەر ئێستا هەردوو چاوم کوێر بن. دوازدە ساڵی ڕەبەق خوانمان لە زەوی هەڵنەگیرا. سەرجەم هەژاران و دەستکورتەکانی چوکورئۆڤا لەسەر خوانی قۆجا سادق تێر دەبوون. گای دەدا بە کەسانی بێ گا و تۆوی دەدا بە ئەوانەی تۆویان نەبوو. ئەگەر باوەڕ ناکەیت، بڕۆ لە گوندی قۆجا گوێغجەلی بپرسە. ئاری ئەحمەد هاوسێم بوو، لەو بپرسە. شەڤچە کایا برامان بوو، ڕیش چەرمووە و درۆ ناکات، لەو بپرسە. هەر ئێستا دەڕۆم و ڕێک و ڕەوان بە قایمقام دەڵێم...
لە کاتێکدا خۆی ئامادە دەکرد بڕوات، من بە تووڕەیی سەرم لەژێر سەرین دەرهێنا. هەمیشە وابوو، هەموو ڕۆژێک هەمان شت ڕوویدەدا. لە تاو تووڕەیی، لەژێر سەرینی گەرمدا شێت بووم. دەنگی ترپەی دڵم ڕۆژە ڕێیەک دەڕۆیشت.
- ئەگەر بڕۆیت و بەجۆرە قسە بۆ قایمقام بکەیت، هەرگیز من نابینیتەوە. سەری خۆم هەڵدەگرم و دەڕۆم. ڕوو لە دوورەوڵاتان دەکەم. دە بڕۆ... بڕۆ با بتبینین...
دایکم خاو بووەوە و کەمێک هاتەوە سەرخۆی. ئەم بەزمە هەموو ڕۆژێک بەهەمان شێوە بوو.
هاتە لامەوە و دەستی بە قژمدا هێنا. چاوانی پڕ بوون لە فرمێسک. من هیچ کاتێک بەرگەی ئەو دیمەنەم نەدەگرت. حاڵی ئەو ژنە منی دەکوشت. بەڕاستی مەمرە و مەژی ڕۆژ بەڕێ دەکەین. مامم کەمێک گەنم و ئاردمان دەداتێ. ڕووی ڕۆن نابینین. کار پێویستە، بەڵام نییە.
دایکم دەستی بە سەرمدا هێنا و دیسان دەستی پێ کردەوە:
- بۆچی مەگەر لە ناو ئەو تورکانەی ئەم ناوچەیەدا کەسی وەک تۆیان تێدایە؟ کەسێکی خوێندەواری وەک تۆ کە تا ئەدەنە و ئەو ناوە چووە و لە قوتابخانە گەورەکان خوێندووتە؟ بڕوانە کوڕی خۆم، ئەگەر کۆمەک بە هەژاران بکەیت، وەک منت بەسەردێت. وەک باوکت دەوڵەمەند ببە. دیوەخانێکی گەورە دابمەزرێنە، خوان ڕابخە با ئەوەی دێت و دەڕوات، نانی تێدا بخوات. دەتەوێت هاوکاریی هەژاران بکەیت؟ ببە بە نووسیارێکی گەورە، مەخۆ و مەخۆرەوە و دەوڵەمەند ببە. ئەوسا گا بۆ هەژارانی بێ گا بکڕە. تۆویان بدەرێ. ئەوان لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهاردا برسی دەبن. با تۆ چەندین عەمبار گەنمت هەبێت بۆ ئەوەی لە بەهاردا بەسەر هەژاراندا دابەشی بکەیت. تۆ ئێستا کەللەڕەقی دەنوێنیت و بەم کارەت خۆت برسی دەمێنیتەوە و ناتوانیت هاوکاریی هەژارانیش بکەیت. لە دەستت نایەت پاروویەک نانیان بدەیتێ. بۆچی کوڕی شیرینم مەگەر من هەژارانم خۆش ناوێت؟... ئەدی بە چاوی خۆت نەتدی کوڕەکەی ڕەسووڵی کوردم هێنایە ماڵی خۆم و بەم بێ حاڵی و هەژارییەی خۆم مانگێک بەخێوم کرد؟ تۆ ببە بە نووسیار، ئەگەر دایکت قرووشێکی تۆی خوارد و هەمووی بەسەر هەژاراندا نەبەخشییەوە، ئەوا سەری خۆت هەڵبگرە، ڕوو لە نامۆیی بکە و هەرگیز ڕووی من مەبینەوە... یەک قرووشت ناخۆم، نا. ئەگەر خواردم، لێم حەرام بێت و لە دۆزەخدا بسووتێم.
من لەو ساتانەدا سەرم دەخستە ژێر سەرینەکەمەوە و دەگریام. ئەمجاریش هەروام کرد. کاتێک من وام دەکرد، دایکم بە هەر چوار دەوری پێخەوی پەرپووت و شیتاڵمدا دەخوولایەوە.
ئەمجار گوتی:
- نا، نا، ناڕۆم بۆ لای قایمقام. تۆیش مەڕۆ. خوا بەخشندەیە. دەرگایەک دادەخات، هەزار دەکاتەوە.
دایکم بەردەوام و و گوتی:
- من ئەقڵم بڕ ناکات. هیچ بڕ ناکات کوڕم. تۆ خوێندووتە و نووسیوتە و خوێن لە قەڵەمت دەتکێت. هەمووان دەڵێن کەس لە کوڕی تۆ ئاقڵتر نییە، بەڵام خوا سەری لێ شێواندووە. ئاینی لە دەست داوە و بەرەنگاری حکوومەت بووەتەوە. پێم گوتن کوڕی من دەست لە ئاین هەڵناگرێت. باپیری، حەوت جار چووە بۆ حەج. باوکی، هیچ کاتێک نوێژی بە قەزا نەدەگێڕایەوە. قۆجا سادق سەری بچوایە، نوێژی نەدەچوو. کوڕی من نابێت بە ڕووس. ئێمە خۆمان لە دەستی ڕووس ڕامانکردووە و لەم ناوە گیرساوینەتەوە. لە ڕووی ئەو گاورانەوە کەوتینە ئەم حاڵەوە. ئەگەر نا، ئێمە بەگی یەکەمی ئۆردووی چوارەم بووین. گوتم گولیخان بەگ مامێکی ڕاستەقینەی کوڕی منە. گوتم گولیخان بەگ هەڵۆی ئۆردووی چوارەم بوو... خوا ڕێگەیەکی ڕووناک پێشانی ئێمەیش دەدات... واز لە دابەشکردنی زەوی و سامانی ئەو دەوڵەمەندانە بهێنە. ئایا هەر پێنج پەنجەی دەست وەک یەکن؟ خوا هەژاری بە هەژاری و دەوڵەمەندی بە دەوڵەمەندی ئافراندووە. ئەگەر تۆ سامانی دەوڵەمەندەکان ببەیت و بیدەیت بە هەژاران، ئەوان دەیبەن و دیسان دەیدەنەوە بە دەوڵەمەندەکان. بڕوانە، ئەو هەموو سامانەی باوکت بۆ مامت مایەوە. مەگەر بە دوو ساڵ دەستی لە بن هەمانەکەوە دەرنەچوو؟ سەرلەبەری دەرخواردی دەوڵەمەندەکان نەدا؟ سەرباری ئەوەیش، پێت دەڵێم دەست لەو شێتییە هەڵبگرە. ئەگەر دەتەوێت هاوکاریی هەژاران بکەیت، دەوڵەمەند ببە. ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەشە... ئەو دەوڵەمەندانە دەتکوژن. ئاخر لە دەستیان دێت... دەبێت تۆ گشت ماڵ و سامانی ئەوان ببەیت و دابەشی بکەیت؟ پێت وایە ناتکوژن؟
من هیچم نەگوت. ئەمڕۆیش بەوجۆرە... ئەو گوتی و گوتییەوە... پاشان بە پێکەنینەوە هات و لەسەریەک ماچمی کرد. گوتی:
- لە دایکی خۆت ببوورە جگەرگۆشەی شیرینم. زۆر دڵت دەشکێنم. بەڵام کوڕی قۆجا سادق بەوجۆرە بێت، دڵم ئاسوودە نابێت... با کوڕانی دەست بە چڵم و هیچ نەخوێندووی دەوڵەمەندەکان دەستیان لە نان و ڕۆندا بێت و کوڕی قۆجا سادقیش بەو شێوەیە بە هەژاری و پەرێشانی بمێنێتەوە. من بەرگەی ئەوەم پێ ناگیرێت هەمووان قسەی ناشیرینت پێ بڵێن و بە بێئاین و بێباوەڕت دابنێن... دەڵێن بووە بە ڕووس و هەموو ڕۆژێک دەچێتە سەر شاخ و لەگەڵ ڕووسەکان قسە دەکات. من بەرگەی ئەمەم پێ ناگیرێت. درۆ، درۆ، درۆزنان.
دەستمی گرت و گوشی:
- هەڵسە، برسیتە. مریشکەکە هێلکەی کردووە. لەسەر ئاگرە. هەڵسە بخۆ...
هەڵمیساند و ڕاستمی کردەوە.
هیچ حەزم لە هێلکە نییە، بەڵام ئەگەر نەیخۆم، دایکم قیامەت دەقەومێنێت.
هەڵسام، خۆم گۆڕی، چوومە دەرەوە و دەموچاوم شۆری. لەبەردەم خوان دانیشتم. دایکم لێکدالێکدا قسان دەکات. گریان بەری قوڕگمی گرتووە و پارووەکانم پێ قووت نادرێت. بۆ خواردن زۆر لە خۆم دەکەم. ئەم بەرچایییە تەواو بێت و خۆم بگەیەنمە کن وەستا پاڵەوان بۆ ئەوەی دەربارەی ستەم، خراپە، جوانی و باشییەکانی مرۆڤ قسە بکەین. وەستا پاڵەوان ڕزگارکەری گیانی منە. خۆش دەبوو لای وەستا کارم بکردایە... زۆر لە مێژە خەیاڵی پێوە لێ دەدەم. لە ڕابردوودا، پێش ئەوەی بچمە قوتابخانەی ناوەندی، لەکن وی کارم کردبوو. لە درکاندنی ئەم قسەیە دەترسم، بەڵام ڕاستی ئەوەیە کاری وەستا کز بووە و کەمیش پارەی دەست دەکەوێت. دەزانم ئەوە پێی ناگوترێت کارکردن. دواجار لەبەرامبەر کارکردنمدا پارەیشم دەداتێ. بەڵام ئەوە واتای وایە دەبم بە هاوبەشی ئەو پارە کەمەی کە پەیدای دەکات. بەڵام پێویستم بە کارە. ئەگەر نا، لەبەر خەفەت و ئەم دۆخەی هەموو ڕۆژێکی دایکم دەتەقم و دەمرم.
بەپەلە هێلکەکەم خوارد و دەرپەڕیمە دەرەوە.
دایکم لە دواوە بانگی کرد:
- خوا یار بێت بە کارێکی پڕ لە خێرەوە دێیتەوە...
هیچ ئومێدێک نییە، بەڵام هەرچۆنێک بووە دەبێت هەوڵێک بدەم... دەتوانم چی بکەم؟ چووم بۆ کەناری ساڤرون. لەوێوە چووم بۆ سویلەمیش. لە چوونمدا بۆ سویلەمیش دەترسم. ئاخر ئەگەر کەسێک لێرە بمبینێت، دەمگرێت و یەکسەر دەمبات بۆ بارەگای ژەندرمە. ژەندرمەکانیش داوای شوێنی ئەو بێتەلەم لێ دەکەن کە گوایە من لەگەڵ ڕووسیادا قسەی پێ دەکەم. چەند جارێک ئەمە ڕوویداوە. من دەڵێم بێتەل و شتی لەو بابەتەم نییە و لە ژیانمدا بێتەلم نەبینیوە، کەچی ئەوان باوەڕ ناکەن. ئەفسەرێک هەیە پیاوێکی کەمێک ژیرە. دەمخاتە ژێر لێکۆڵینەوەوە، پرسیاری بێتەلەکەم لێ دەکات و پێ دەچێت ئەویش باوەڕی کردبێت. من تووڕە دەبم و پێدەکەنم. ئەویش سەرەتا تووڕە دەبێت و پاشانیش پێدەکەنێت. بێتەلەکەی من ڕازێکە. ئەویش بەدڵ حەز بە چوون بۆ سویلەمیش دەکات. کەمێک کەللەڕەقی دەنوێنم. دەمەوێت بڵێم من دەچمە سویلەمیش و چیتان لە دەست دێت، بیکەن. چوکورئۆڤا لە بان سویلەمیشەوە دیمەنێکی دڵڕفێنی هەیە... پێدەشتێکی شینی هاوشێوەی دەریا... پاشان زنجیرە شاخی سەر بە بەفر و وەک هێڵ کشاو.
لەسەر چیمەنی حەوشەی بارەگای ژەندرمە ڕاکشام. چییان لێم دەوێت؟ دەیانەوێت چی قسەیەکم لێ دەربهێنن؟ باشە من چیم لەو مرۆڤانە کردووە؟ هێندەیش ستەم دەکرێت؟ گەیشتووەتە بینم و خەریکە لە داخاندا دەمردم.
ئومێدێکی سەرسوڕهێنەر لە هەناومدا هەیە. ئەم مرۆڤانە وا بە کوێری نامێننەوە. هەمیشە وا دەبەنگ، بێبەزەیی و وەک بەردی ڕەق و کەڕ نامێننەوە.
تۆ بڵێیت ئەمڕۆ پۆلیس بۆ ناوچە هاتبێت؟ پێویستە بڕۆم و هاوڕێکەم بدۆزمەوە. ئەو، خاوەن پەیپێبردنێکی بەهێزە. یەکسەر دەزانێت ئەگەر لە ناوچە پۆلیس هەبێت، یان نەبێت. شەویش دێت و دەڵێت: ئەمڕۆ پۆلیسێک هات و چاودێری تۆی کرد. منیش بەدوای ئەودا ڕۆیشتم. ئەو لە دوای تۆوە و دوور لە تۆ لە کەناری ساڤرون دەسوڕایەوە. منیش بەدوایەوە بووم. تۆ بە هیچ جۆرێک هەستت پێ نەکرد. باشە نابێت مرۆڤ سەیرێکی پاش و پێشی خۆی بکات؟ پۆلیسەکە تا بەر لووتت هات، کەچی تۆ نەتبینی...
من، ئەو بابەتی پۆلیسە ناچێتە ئەقڵمەوە. ئەو پۆلیسە بۆچی دوای من دەکەوێت؟ هەر بەڕاستی، بۆچی بەدوای منەوەیە؟ ئەگەر پۆلیسە، پێویستە منەی بکەم. دەترسم. ئەو پۆلیسە بۆچی دوای من دەکەوێت؟ دیارە دەیەوێت بمکوژێت... ئەگەر وانییە، بۆچی دوام دەکەوێت؟
لەسەرخۆ بەناو دەوەنەکاندا چوومە کەناری ساڤرون. دەڕۆم و دەڕۆم. پاشنیوەڕۆ داهات. تا گۆماوەکەی ژێر دیکیرلی ڕۆیشتم. پاشان گەڕامەوە و کەسیش بەدوامەوە نەبوو. بە خۆمم گوت ئەوە پۆلیس نەبووە. هیچ تاوانێکم نییە. ئیتر حکوومەت بۆچی بە کوشتنم بدات؟ وانییە؟ بۆچی ئەگەر پۆلیس بەدوامەوە بێت، پێی نازانم؟ برادەرەکەم ترسنۆکە. سەرباری ئەوەیش، زیاد بە قسەوە دەنێت. خۆشحاڵیش دەبێت بە هاتنی پۆلیس بۆ ناوچەکەمان، چونکە خەڵکی ناوچە بە هاتنی پۆلیس، لە ناخی خۆیاندا بایەخێکی تر بۆ خۆیان دادەنێن.

12 ئایار 1941
ئەم بەیانییەیش بەهەمان شێوە بوو...
لە دەفتەرەکەمدا هیچ تۆمارکردنێک نییە. ئەم بەیانییەیش بەهەمان شێوەیە. دەبێت چۆن بووبێت؟ بێگومان دیسان درەنگ لە خەو هەڵساوم و دایکم هەمان ئەو قسانەی کردووە. ئێستا ئەو ڕۆژەم بیر ناکەوێتەوە.
تیشکی ئومێدێک پەیدا بوو. ناتوانم بە دایکم بڵێم. مستەفا چەتەم بینی. پێمی گوت: بەم نزیکانە دەست بە کارێک دەکەم. لای سویلەمیش زەوی بۆ مەرەزە خۆش دەکەم. بەمزووانە لای چیاوە کرێکار دێن. تۆیش لای من کار دەکەیت. بەڵام تۆ زۆر لاوازیت و کاری مەرەزەیش گرانە. پێت دەکرێت؟
ئەگەر تەنانەت لەسەر کار بمرم و هەرچییەکیش ڕووبدات، هەر دەیکەم. هیچ چارەیەکی ترم نییە. کەواتە لەمەودوا دەبم بە کرێکار. وەک کرێکارێکی ڕاستەقینە دەژیم. بەوپەڕی توانامەوە بەشداری لە بەرهەمهێناندا دەکەم.
دڵم خۆشە. بەڵام ترسێکیش لە هەناومدا هەیە. باشە ئەگەر ئەم کارەم پێ نەکرێت؟ لە بەیانییەوە تا ئێوارە پاچ وەشاندن... دەیهێنمە بەرچاوی خۆم. ئۆف، بەڕاستی کارێکی سەختە. بەرگە ناگرم و دەمرم.
ئەمڕۆیش چووم بۆ دەوروبەری گۆماوەکە. لە ناو دەوەنەکاندا جلەکانم داکەند. شوێنێکی ڕوونم لە ئاوەکەدا دۆزییەوە. چوومە ناوی و تیایدا بە ڕووتی تەماشای خۆمم کرد.
ئەمڕۆ ناتوانم پەراسووەکانم بژمێرم. کەواتە کەمێک قەڵەو بووم. بخۆ، بخۆرەوە و بنوو. ئەمە کارت بێت، مەگەر قەڵەو نابیت؟ پازدە ڕۆژ لەمەوبەر بوایە، مەحاڵ بوو بتوانم لە مەرەزەدا کار بکەم. ئێستا بەهێزم. ترسم ڕەویییەوە. دەست بە خۆمدا دەهێنم. زۆر، زۆر بەهێز بووم.
بە دڵی خۆشەوە خۆم فڕێدایە ئاوەکەوە. گۆماوەکە قوڵە. لەمسەرەوە بۆ ئەوسەر مەلە دەکەم. لەوانەیە بیست جار لە نێوان هەردوو کەناردا هاتبێتم و چووبێتم. باشە ئەگەر لە مەلەدا یەکەم بم و یەکەمی تورکیا بم، کارێکی باشم دەدەنێ؟ نایدەن، نایدەن، شاعیرم و فۆلکلۆر کۆ دەکەمەوە. ئایا کەس بایەخ بەم کارانە دەدات؟ بۆچی مەگەر لەپای بە یەکەم دەرچوون لە مەلەدا کار دەدەن؟
لە ئاو دەرچووم و لەبەر تیشکی هەتاو خۆم وشک کردەوە. ماندوو بووم. زۆریش برسیم بوو... بڕۆم بۆ لای وەستا پاڵەوان... بڕۆمەوە بۆ ماڵ... بۆچی مەگەر کەسێکی تری وەک باجی ئێمیش هەیە؟ هەموو جارێک لێم دەپرسێت داخۆ برسیمە؟ هەموو کاتێک دەپرسێت. منیش ئەگەر برسیم بێت، دەڵێم برسیمە. هیچ شتێکی خۆمی لێ ناشارمەوە. باجی ئێمیشم لە هەموو کەسێکی تر زیاتر خۆش دەوێت. مرۆڤێکی فرە باشە. جا توخوا ئەوە قسەیە! باجی ئێمیش خوشکمە. بەردەوام وەک خوشکێک بیری لێ دەکەمەوە. ئەگەر خوشکم نەبێت و دایکم نەیهێنابێتە دنیاوە، چی دەبێت؟ ئەویش بەئەندازەی برایەک منی خۆش دەوێت.
پاشنیوەڕۆ چووم بۆ باخچە. وەستایش لە ماڵە. باجی ئێمیش پرسیاری کرد: کەمالی خۆم، برسیتە؟ گوتم: باجی، هێندە برسیمە، هەر مەپرسە...
دەمودەست لەپەی ساوەری گەرم کردەوە. تەڕەپیاز و ماستاویشی لەسەر خوان دانا. وەستایش لە دەوری خوان دانیشت.
گوتم:
- وەستا، کارێکم دۆزیوەتەوە.
وەستا بەپەرۆشەوە پرسی:
- کاری چی؟
- کاری مەرەزە.
وەک بڵێیت وەستا سەری سوڕما. پاشان پێکەنی بۆ ئەوەی سەرسوڕمانەکەی لە من بشارێتەوە.
گوتی:
- نامەوێت لە شادیت کەم بکەمەوە، بەڵام ئەوە کارێکی زۆر سەختە. دوای دوو خاکەناز لێدان و دوو پاچ وەشاندن، دەست و بازووت لە کار دەکەون. بەتایبەتیش لە بەیانییەوە تا ئێوارە... بەجارێک تێدادەچیت. نازانم، بەڵام ئایا دەتوانیت بەرگە بگریت؟
بە وەستام گوت:
- بەرگە دەگرم.
وەستا ئاماژەی بۆ باجی ئێمیش کرد و بە میهرەبانی گوتی:
- با گوێی لێ نەبیستێت کارێکی چەند دژوارە، ئەگەرنا، خەفەت دەخوات.
منیش گوتم:
- با نەبیستین.
دەمەوئێوارە خاترم لە وەستا و هاوسەری خواست و ڕۆیشتم. چۆن بە دایکم بڵێم بەنیازم لە مەرەزەدا کار بکەم؟ قیامەت دەقەومێنێت. دەست بە شاتەشات و هاوار دەکات و دەڵێت: ئەیەڕۆ کوڕی کۆجا سادق دەبێت بە کرێکاری مەرەزە!
بڕیارم دا پێی نەڵێم. دەڵێم کارێکم دۆزیوەتەوە، بەڵام کاری نووسیاری و چاودێریی کرێکاران.
شەو دایکم نەنووستبوو. چاوەڕێی من بوو.
گوتم:
- کارم دۆزییەوە. کاری نووسیاری. مستەفا چەتە مەرەزە دەکات. ژمارەیەکی زۆر کرێکار لە چیایەکانەوە دێن. من حسێبی کرێکارەکان ڕادەگرم.
دایکم لە خۆشیدا دەستی بە گریان کرد. گوتی:
- لەو کاری نووسیارییە هەرچیت دەست کەوت، مەیهێنەوە بۆ ماڵ. هەر هەمووی بدە بە هەژاران. بۆچی مەگەر من هیچت پێ دەڵێم؟ ئا بەو جۆرە هاوکاری هەژاران دەکرێت.
ئەو ڕۆژە دایکم شادمان بوو. منیش بە شادی و بە دڵی خۆشەوە چوومە پێخەوەوە. لە خۆشیدا تا بەیانی خەو نەچووە چاوم.
ئاخ، دەبا سبەینێ ئەو کارە دەست پێ بکات. چەند دژوارە، با ببێت. با سەخت بێت. چەند سەخت دەبێت، با ببێت.

14 ئایار 1941
هێشتا ڕۆژ نەبووەتەوە. سەرەتا شوێنی بەرکەوتنی گزنگ لە زەوی دەبینم. باش دەموچاوم شۆری. دایکمیش هەڵساوە. دڵی خۆشە. لە مێژە هێلکەی لەسەر ئاگر داناوە. تەڕەپیازیشی پەیدا کردووە. بەپەلە هێلکەکەم خوارد. یەکسەر کەوتمە ڕێ. دایکم بەدوامدا ئاوی ڕژاند:
- خێری پێوە بێت. ناهێڵم یەک قرووش لەم نۆبەرەی پارە پەیداکردنەت بهێنیتە ئەم ماڵەوە. هەمووی بەسەر هەژاران و نەداراندا دابەش دەکەم. لێم حەرام بێت ئەگەر یەک قرووشی لێ بخۆم.
چووم بۆ ماڵی مستەفا چەتە. هێشتا لە خەو هەڵنەسابوو. لەبەردەم دەرگا چاوەڕێم کرد. دواتر لە خەو هەڵسا.
- مامە مستەفا، هاتن؟ کرێکارەکان لە چیایەکانەوە هاتن؟
مستەفا چەتە بە واقوڕماوی بۆمی ڕوانی و گوتی:
- پەلەی چیتە؟ هێشتا هەفتەیەک ماوە بۆ هاتنیان.
تا بەیانی وام خستبووە سەری خۆمەوە ئەمڕۆ دەست بە کار دەکەین.
زۆر خەمگین بووم.
15 ئایار 1941
ئەم بەیانییە دیسان لەبەردەم دەرگای ماڵی مستەفا چەتە و ئەوانم. دەزانم، دەزانم، جاڕێ کرێکارەکان نەهاتوون، بەڵام ئومێدێک... کاتێک مستەفا چەتە منی لەبەردەم دەرگا بینی، گوتی:
- بەو ئەندازەیە بۆی بەجۆشیت، بەڵام کارێکی فرە سەختە. بەرگە دەگریت؟ هێندە بەجۆش و تاو مەبە. با خۆشیت لێ نەبێت بە تاڵی.
زۆر خەمگین بووم.

16 ئایار 1941
ئەمڕۆ تا چێشتەنگاو بە هەر چوار دەوری ماڵی مستەفا چەتەدا سوڕامەوە. بەڵام چەتە نەکەوتە بەرچاوم.
دیسان بەرەو کەناری ساڤرون تێم تەقاند. چوومە ئاوەکەوە. نوقمی خەیاڵ بووم. ئەوە نییە کارێکم دۆزیوەتەوە... هەرچۆنێک بووە ڕۆژێک هەر دەست پێ دەکەم.
شەو هاتمەوە بۆ ماڵ. دایکم نانی نەخواردووە و چاوەڕێی من دەکات.
لەپەیەکی چەوری ساوەری لێ ناوە.
سابوونی هێنا. دایکم ئەمڕۆ زۆر بەخشندەیە. گوتی:
- دەست و پێت بشۆ. لە کار گەڕاویتەوە. جگەرگۆشەکەم، زۆر ماندوو بوویت...
یەکەمجاری بوو ئەو وشەیە، جگەرگۆشەکەم، بە تورکی بڵێت.
هەر مەپرسە چەند شەرمم لە خۆم کرد..!

سەرچاوە:
Bugünlerde Bahar Indi, Yaşar Kemal, Yapı Kredi Yayınları, Istanbul 2010
[1]
Questo articolo è stato scritto in (کوردیی ناوەڕاست) lingua, fare clic sull'icona per aprire l'articolo in lingua originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Questo oggetto è stato visto volte 1,089
HashTag
Fonti
[1] Social Media | کوردیی ناوەڕاست | فەیسبوکی بەکر شوانی
Articoli collegati: 3
Gruppo: Articoli
linguaggio articoli: کوردیی ناوەڕاست
Dialetto: Curdo - Sorani
Libro: Memoir
Original Language: Turco
Provincia: Sud Kurdistan
Tipo di documento: Traduzione
Technical Metadata
Il copyright di questo elemento è stato rilasciato a Kurdipedia dal proprietario della voce !
Qualità Voce: 99%
99%
Aggiunto da ( ڕۆژگار کەرکووکی ) su 20-05-2022
Questo articolo è stato esaminato e rilasciato da ( هاوڕێ باخەوان ) su 20-05-2022
Questa voce recentemente aggiornato da ( هاوڕێ باخەوان ) in: 20-05-2022
URL
Questo oggetto è stato visto volte 1,089
Kurdipedia è la più grande fonte di informazioni Curdo!
Articoli
Storia dei curdi
Biblioteca
Kurdistan iraqeno: un caso di passaggio alla democrazia?
Biblioteca
La questione curda
Biblioteca
IL DIRITTO DI ESISTERE: Storie di kurdi e turchi insieme per la libertà
Biblioteca
Memorandum sulla situazione dei Kurdi
Biblioteca
Kurdistan: un genocidio postmoderno

Actual
Biblioteca
Kurdistan. Cucina e Tradizioni Del Popolo Curdo
21-11-2013
بەناز جۆڵا
Kurdistan. Cucina e Tradizioni Del Popolo Curdo
Biblioteca
I curdi / Viaggio in un paese che non c\'è
17-09-2013
هاوڕێ باخەوان
I curdi / Viaggio in un paese che non c\'è
Biblioteca
Kurdistan: un genocidio postmoderno
27-08-2014
هاوڕێ باخەوان
Kurdistan: un genocidio postmoderno
Biblioteca
Memorandum sulla situazione dei Kurdi
27-08-2014
هاوڕێ باخەوان
Memorandum sulla situazione dei Kurdi
Biblioteca
Un destino in versi, lirici curdi
28-08-2014
هاوڕێ باخەوان
Un destino in versi, lirici curdi
Nuovo elemento
Biblioteca
IL DIRITTO DI ESISTERE: Storie di kurdi e turchi insieme per la libertà
07-02-2019
زریان سەرچناری
Biblioteca
Kurdistan: un genocidio postmoderno
27-08-2014
هاوڕێ باخەوان
Biblioteca
I Curdi nella storia
27-08-2014
هاوڕێ باخەوان
Biblioteca
Guerra e Pace in Kurdistan
11-08-2014
هاوڕێ باخەوان
Biblioteca
GRAMMATICA E VOCABULARIO DELLA LINGUA KURDA
16-10-2011
هاوڕێ باخەوان
Statistiche
Articoli 522,463
Immagini 105,723
Libri 19,692
File correlati 98,580
Video 1,419
Kurdipedia è la più grande fonte di informazioni Curdo!
Articoli
Storia dei curdi
Biblioteca
Kurdistan iraqeno: un caso di passaggio alla democrazia?
Biblioteca
La questione curda
Biblioteca
IL DIRITTO DI ESISTERE: Storie di kurdi e turchi insieme per la libertà
Biblioteca
Memorandum sulla situazione dei Kurdi
Biblioteca
Kurdistan: un genocidio postmoderno
Folders
Biblioteca - Libro - Varie Biblioteca - Dialetto - Italiano Biblioteca - Provincia - Fuori Biblioteca - PDF - Biblioteca - PDF - Articoli - Libro - Curdo emissione Articoli - Dialetto - Italiano Articoli - Tipo di documento - Lingua originale Biblioteca - Libro - Rapporto Biblioteca - Libro - Curdo emissione

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.67
| Contatto | CSS3 | HTML5

| Pagina tempo di generazione: 1.5 secondo (s)!