ناونیشان: چەمکی سنوور، لەنێوان پیرۆزی و نەفرەتلێکراویدا
نووسەر: #حەسەن جودی#
تۆی لە من ون کرد و منی له تۆ دوور
ئه و بستۆکەی دووژمن ناوی نا سنوور
(هێمن موکریانی)
سنوور؛ ئه و دەستەواژەیەی هەر لەگەڵ پەیدابوونیەوە بەردەوام زۆرترین پشکی 'پیرۆزی' و 'نەفرەتی' بەرکەوتووە. زۆرجار وا ڕێککەوتووە کە سنوورێک لەیەککاتدا بۆ خەڵکانێک پیرۆز بووبێت و بۆ خەڵکانێکی دیکە نەفرەتلێکراو. بۆ خەڵکانێک بۆتە مایەی ئازادی و بۆ خەڵکانێکی دیکەش مایەی ژێردەستی. لەکاتێکدا خەڵکانێک هەموو هەوڵێکیان داوە تا سنوورێکی دیاریکراو بەرزتر و پیرۆزتر ڕابگرن و تۆکمەی بکەن، لەبەرامبەریشیدا خەڵکانێک بۆ هەمان سنوور هەموو هەوڵێکیان ئەوەبووە تا ئه و سنوورە ببەزێنن و بیڕووخێنن و بەر نەفرەتیان داوە. ئیدی سنوور وەک دەستەواژەیەکی ئاڵۆز و تەمومژاوی تەواوی ناکۆکی و ململانێ و شەڕ و پێکدادانەکانی لەناو خۆیدا حەشارداوە. ناکۆکییە تیرەیی، خێڵایەتی، نەتەوەیی، ئایینی، ئایینزایی، دەوڵەتان و هێزە ڕکەبەرەکان و... هتد. سنوور وەک چەمک، وەک شوێن، وەک ئایدیا و ئامانج، چۆتە ناو سەرجەم کایەکانی ژیانەوە. بۆتە زاراوەیەکی وەها کە بەبێ ئه و هیچ شتێک نەناسرێتەوە و دەستنیشان نەکرێت. لێرەدا سنوور و سنوورپارێزان و سنوورشکێنەران هەن. سنوور چییە؟ کێ سنوورپارێزە و کێ سنوور شکێن؟ وەڵامی ئەم پرسانە لەگەڵ کات و شوێن و بارودۆخ و بۆچوون و کەس و کۆمەڵگاکاندا دەگۆڕدرێت.
لەم بابەتەدا؛ ناکرێ باس لەهەموو مەودا و بوارەکانی سنوور، لەڕووی هزری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و چاندی و...هتد بکرێت. ئەوەی زیاتر لێرەدا مەبەستمە کەمێک باسی لێوە بکەم چەمکی ئه و سنوورە جوگرافیایەیە کە بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر تەواوی گۆی زەوی تەنیوەتەوە و لەلایەن خودی مرۆڤەوە لەشێوەی خەتخەتێنی منداڵانە زەوی دابەشکراوە، بەڵام نەک بەئامانجی یارییەکی منداڵانە، بەڵکو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خەڵکانێک و لەسەر حیسابی خەڵکانی تر، هەڵچنراون، داڕێژراون و دەستنیشانکراون. سنووری نێوان ماڵەکان، کۆڵانەکان، گەڕەکەکان، گوندەکان، شارۆچکە و شارەکان، هەرێمەکان، وڵاتەکان و دەوڵەتەکان. هەموو ئه و سنوورانە مخابن مرۆڤ خۆی لەچوارچێوەی کردەی خۆپاراستن، پاوانکردن و دواجار بەکۆمەڵگابووندا دروستی کردوون. ئه و سنوورە جوگرافیاییانەی داڕێژراون؛ زۆر جار بۆ خۆپاراستن بووە، بەڵام لەهەمانکاتدا بۆتە زیندانێکی مەزن و ترسناکیش. زۆر جار بەمەبەستی پاوانخوازێتی بووە، کەچی لەدواجاردا سەری پاوانخوازانی خواردووە و تەفروتونای کردوون. زۆر جار وەک بەشێکی گرنگی کردەی بەکۆمەڵگابوون، بەگەلبوون و بەنەتەوەبوون پەنای بۆ بردراوە، کەچی لەدواجاردا بۆتە مایەی کۆمەڵکوژی، دواکەوتوویی و ژێردەستەیی.
مەترسیدارترین ئامرازی سنوورپاراستن و سنوورداڕشتن 'دەوڵەت'ه. دەوڵەت بۆخۆیشی پۆڵاییترین سنووری دەسەڵاتخوازێتییە. دەسەڵات بۆخۆیشی پێشێلکارترین هێزی سنوورەکانە. سنوورەکان سەرەتا وەک ڕێگایەک بۆ چارەسەری کێشەی خۆپاراستن و ئاسایشی ژیان و بژێوی داڕێژراون، بەڵام زۆری نەبردووە کە بەهۆی هەبوونی سنوورەکانەوە توانستی خۆپارستن و ئاسایش و بژێوی لاوازکردووە. سنوورەکان لەکاتێکدا بۆ چارەسەری کێشەکان پەنای بردراوەتەبەر، بەڵام خودی ئه و سنوورانە بۆخۆیان بوونەتە کێشە و سەرچاوەی زۆر کێشەی تر. ئیدی ئێستا سنوورەکان وەک چۆن لەنێوان پیرۆزی و نەفرەتبووندا دێن و دەچن، ئاوهاش لەنێوان ڕێگا یەک بۆ چارەسەری کێشەکان و لەهەمانکاتدا ئاستەنگێک لەبەردەم چارەسەری کێشە و سەرچاوەیەکی سەرەکی کێشەکان دێن و دەچن. سنوور و داڕشتنی سنوورەکان وەک چۆن بە مافێک و ڕێگایەک بۆ پاراستن و مسۆگەر هێشتنەوەی مافه سروشتییە کان بینراوە، ئەوا لەلایەکی دیکەوە لابردنی سنوورەکان و بێسنووری وەک جۆرێک لە ماف و مسۆگەربوونی مافە سروشتییەکانیش بەردەوام دەبینرێت.
ئیدی 'سنوور' بێسنوور کێشەی لێکەوتۆتەوە و بۆخۆی بۆتە قورسترین کێشەی مێژوو و ئەمڕۆی کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی. بێگومان سەرەتا دەستەواژەی سنوور وەک گوزارشتێک بۆ هەبوونی شوێنێکی دەستنیشانکراوی نیشتەجێبوون و مانەوە و خۆپاراستن بووە. بەڵام تاهاتووە سنووری ئه و پێناسە و گەوهەرەی خۆی تێپەڕاندووە و مەودا و واتای دیکەی لەخۆوەگرتووه.
ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بەرگرینامەیەکی خۆی بەناوی' لەدەوڵەتی ڕاهیبی سۆمەرەوە بەره و شارستانی دیموکراتی'دا وەها باس لەسەرەتاکانی دەرکەوتنی چەمکی سنوور و سنووربەندییەکان دەکات و دەفەرمووێ: لەگەڵ دەرکەوتنی کۆمەڵگای چینایەتیدا پێشکەوتنەکان لەم بوارەدا زیاتر پەرەیان سەند. دەرکەوتنی پەرستگای پیرۆز، شار، موڵکایەتی، بازرگانی و ئامرازی دەوڵەت کە بەڕێوەبەرێتی هاوبەشی هەموویانە، ڕێگا لەپێش زاراوەی سنوورەکانی ناوەوە و دەرەوە دەکاتەوە کە پێویستی بە بەرپرسیارێتی هەیە. لە کاتێکدا سنوورەکانی ناوەوەی کۆمەڵگا بە تەواوی بە هی خۆی دادەنێت، سنوورەکانی دەرەوەش بە هی بیانییەکان دەبینێت. بەمجۆرە لەکاتێکدا ئەو پارچە خاکەی سنوورەکەی دیاریکراوە و لەژێر فەرمانڕەوایەتی دەوڵەت دایە بە زاراوەی وڵات ناو دەبرێت، ئەوا ئەوانەی دەرەوەی سنووریش بە خاکە بیانییەکان ناو دەبرێن. لەسەردەمی سۆمەریەکاندا زاراوەی وڵات مەودایەکی باش دەبڕێت. تەنانەت لەژێر ناوی دیلمۆن بۆ زاراوەیەک بەرز دەکرێتەوە کە بە بەهەشت دەچوێنرێت. لە میتۆلۆژیای سۆمەریەکاندا دیلمۆن واتای وڵاتی بەهەشتە. لەم ڕۆژە بەدواوە ئەم زاراوەیە بایەخ و گرنگی خۆی پاراستووە و بەردەوام بووە. هیچ کۆمەڵگایەک بە ئەندازەی سۆمەریەکان لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون کە شار و خاکەکەی خۆیان مەزن بکەن. وەکو دیارە بۆ یەکەمین جار ئاواکردنی ژیانی شار و بەرهەمی هەمەجۆر و بەپیت و زێدە ڕۆڵێکی دیاریکراوی لەمەدا هەیە. بەرامبەر بەمەش، بێ وڵاتبوون یاخود تێکچوونی وڵات و داگیرکردنی بە گەورەترین کارەسات دادەنرێت. سۆمەریەکان بە ئێش و ئازارترین لاوک و داستانی خۆیان لە کاتی ڕووخانی شارستانیەتی شارەکان پێشخستووە. لە داستانی وڵات گەوهەری هەموو داستانەکان پێکدێنێت و تاکو ڕۆژگاری ئەمڕۆشمان وەکو ڕەسەنترین شاکاری ئەدەبی دەناسرێن.
هەروەها لەپەیوەندی سنوور بە دەوڵەت و سەرمایە و شەڕ تا ڕۆژی ئەمڕۆ، ڕێبەر ئۆجەلان وەها دەستنیشانی دەکات: بەدەزگابوونی دەوڵەت و پێکهاتەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگای سەرمایەداری زاراوەی وڵات بەرجەستەتر دەکات. کاتێک ڕەوشی بازاڕی نەتەوەیی و زمانی هاوبەش و وشیاری مێژوویی لە نزیکەوە بە زاراوەی نیشتمان پەیوەندیدار دەبن، کێشەکانی سنوور زیاتر تەشەنە دەکەن. تەنانەت لەپێناو بستێک خاکی نیشتیماندا بیر لە هەڵگیرساندنی شەڕ دەکرێتەوە. لە دەوری تەوەرەی قازانجکردندا هەلومەرجەکانی سەرمایەداری پێبەپێی دەبێتە خاوەن کارەکتەرێک شەڕی نێوان وڵاتان دەوروژێنێت. کاتێک خاکی زیاتر بە واتای قازانجی زیاتر بێت، وڵاتپارێزی کە سەرەتا واتایەکی پیرۆزی هەیە، دەکرێت بەهەستێکی شۆڤێنی و پەلاماردەرانە و پاشڤەڕۆ دەبێت و ڕێگا لەپێش چەندین شەڕی ناڕەوایانە دەکەنەوە. هەربۆیە زێدەڕۆیی سەرمایەداری سەبارەت بە زاراوەی وڵات، لەگەڵ دەمارگیری نەتەوەپەرستی، ڕێگا لەپێش خوێناویترین شەڕەکانی مێژووی شارستانیەت کردۆتەوە. بە گوێرەی هەلومەرجەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بەرژەوەندی خۆپەرستانەی سەرمایەداری لەمیانەی پێشکەوتنێکی بە پێچەوانەوە، هەوڵ دەدات لە ڕێگای بە جیهانیبووندا قەرەبووی بکاتەوە.
هەروەکو ڕێبەر ئۆجەلان دەستنیشانی دەکات کە بەجیهانیبوون و بەرژەوەندی پاوانخوازی سەرمایەی جیهانی ئه و سنوورانەی کە پێشتر بۆ هەمان مەبەستی پاوانخوازی دروستی کردبوون، ئەمڕۆ خۆی هەموو سنوورەکان دادەڕمێنێت و کۆزمۆپۆلیتیکیانە جیهان دەکات بە یەک وڵات. لەمبارەیەوە دەفەرمووێت: جیهانەکەمان گەورەترین هەنگاوەکانی بە جیهانبوونی خۆی لەدوا چارەگی سەدەی بیستەمدا هاوێشتووە، کە لەگەڵ هەر سیستەمێکی مەزنی پەلهاوێشتن هاوێشتوویەتی. ئیتر هەروەکو بڵێی سنوورەکان هەڵگیراوە و جیهان بە تەواوی بۆتە گۆڕەپانی پەلهاوێشتن و بڵاوبوونەوە. هیچ پێویستی بەوە نەماوە بۆ ڕاکێشانەوەی سەرمایە، توندوتیژی بەکار بهێنرێت. هەروەکو بڵێی سەرمایە دەپاڕێتەوە و ناخوازێت بیکێشنە دواوە. دەشێ بگووترێ جیهان بۆ سەرمایە بۆتە یەک وڵات. ڤەبوونی سەرمایە تەواو بووە. ئەوەی دواتر مەزنبوونی لایەنی چەندایەتی و گەمەی ئەم دەست و ئەو دەستکردنە.
مسۆگەر شۆڕشی زانستی – تەکنۆلۆژی ڕۆڵێکی گرنگی لە نزمکردنەوە و تەنانەت بێواتاکردنی سنوورەکان بینیوە و جیهانی کردۆتە گوندێکی بچووکی پڕ لە کێشمەکێش. ئەمەش لەگەڵ خۆیدا پێهەڵگرتنێکی مەزنی لە ژیانی کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی بەدیهێناوە. دەتوانرێت پێشبینی ئەوە بکرێت کە دووەمین شۆڕشی مەزنی زانستی تەکنۆلۆژی، ئەنجامە کۆمەڵایەتی، سیاسی و سەربازییەکانی زۆر گەورەتر و هەمیشەیی دەبێت. ئەوەی توانای بەدیهێنانی هەیە، مەزنایەتی شۆڕشی زانستی، تەکنۆلۆژییە. تازە بەتازە ئەنجامەکانی دەردەکەوێت. یەکەمیان هەڵوەشانەوەی جەمسەرەکانە. هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤییەت یەکەمین ئەنجامی گرنگی ئەم شۆڕشەیە. هەرچەندە هۆکاری دیکەشی هەیە، بەڵام ئەو تێڕوانینە گشتییەی پەسند دەکرێت ئەوەیە کە؛ گرنگترین هۆکار ئەم شۆڕشەیە. دووەمین ئەنجامی گرنگ، لە دەستدانی گرنگی و بایەخی جارانی دەوڵەتی نەتەوەییە. بێگومان تا ڕادەیەکی مەزن سنوورەکان واتای خۆیان لە دەستداوە. ئاشکرایە کە تەکنۆلۆژیای گەیاندن ڕۆڵێکی شۆڕشگێڕی نائاسایی لەمەدا بینیوە. هەنگاونان و ئاراستەکردن بەرەو کۆمەڵگای زانیاری هێندە خێرا بووە کە لەگەڵ هیچ قۆناخێکدا بەراورد ناکرێت. ئەنتەرنێت، بە تەنیا بۆخۆی دیاردەیەکی مەزنی شۆڕشگێڕانەیە. هەر شیکردنەوەیەکی تیۆری ئەگەر ئەنجامە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازی و شۆڕشی تەکنۆلۆژی ناوەکی و ئەلەکترۆنی و میکانیکی ڕەچاو نەکات، ناتوانێت ئەم قۆناخانە بەشێوەیەکی ڕاست هەڵسەنگێنێت کە بەڕێوەچوون. تاوەکو ئەم هەڵسەنگاندنە ڕاستەش پێشنەخرێت، ناتوانرێت پرۆگرامێکی سیاسی ڕاست و ستراتیژی و تەکتیک پێشبخرێت. ئاشکرایە سەبارەت بەم بابەتە پێویستی بە وتووێژێکی قووڵ و ڕەخنە و ڕەخنەگرتن هەیە. گرنگترین هۆکاری ئەو قەیرانە ئایدیۆلۆژیەی لە ئارادایە، لاوازبوونی ئاستی ئەمجۆرە هەڵسەنگاندنانەیە... کاریگەرییەکانی چاخی ڕاگەیاندن و گەیاندن کە ڕێگایان لەپێش بێواتاکردنی سنوورە سیاسیەکان و ڕەخساندنی ڕەوشێکی وەها کردۆتەوە کە ڕۆژانە بیست و چوار کاتژمێر زانیاری بەدەستبهێنرێت، بەشێوەیەک گەلانی لەیەکتر نزیک کردۆتەوە و بۆ ئەنتەرناسیۆنالیزمی ڕاکێشان، لەهیچ قۆناخێکی مێژوودا نەبینراوە؛ دەرفەت و تواناکاری هاوکاری ئەنتەرناسیۆنالیستی هێندە زیاد بووە کە تاکو ئێستاکە نەبووە. ئەم پێشکەوتنەی کە تەکنۆلۆژیا ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەبینێت، بۆ بەلاوەنانی ناکۆکییەکانی ناوخۆ و دەرەوە، ڕەوش و تواناکاری نوێی هێناوەتە ئاراوە. لەکاتێکدا ئەوە دیموکراتیزەبوونی کۆمەڵگا بەدیدێنێت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکاتە خاوەن هێز، ئەوا لەلایەکی دیکەشەوە لە میانەی پێشکەوتووترین ئامرازەوە هاوکاری نێونەتەوەیی دەستەبەردەکات.
بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ ئەوەی پێشکەوتنە زانستی و تەکنۆلۆژییەکان پاڵی بە زۆر 'سنوور'ەوە ناوە و دایڕماندوون و بێواتای کردوون، بەڵام سنوور و سنووربەندی هێشتا هاوکێشە دووانییەکانی پیرۆزی – نەفرەتی، ماف – پێشێلکاری، سەردەستی – ژێردەستەیی، وەک سەرچاوەیەکی بنچینەیی کێشە و ململانێ و ناکۆکییەکان لەرۆژەڤی مرۆڤایەتی دەرنەچووە. بۆیە لەکاتێکدا ئاراستەی نزمکردنەوە و لابردنی سنوورەکان و یەکگرتنەوە و ئاوێتەبوونەوە تادێت پەرەدەسێنێت، کەچی هێشتا 'سنوور' سنوورگیری بۆ ئه و ئاراستەیە دادەنێت و دەخوازێت لەچوارچێوەی ئه و هاوکێشە دووانەییانەی باسمان لێیانەوە کرد، گرنگێتی خۆی بپارێزێت.
سەرەڕای هەموو ئەمانەش، ئەگەر لەئاستی جیهاندا سنوورەکان هێشتا پرسگرییەک بن، ئەوا مسۆگەر لە خۆرهەڵاتی ناویندا، کە یەکەمین سنوورەکانی پاوانخوازێتی و دەسەڵاتدارێتی دەوڵەتی تێدا کێشراوە، بۆتە تەوەری سەرجەم کێشە و ململانێیەکان، کانگای تەواوی شەڕ و پێکدادانەکان، زەمینەی هەموو کارەساتەکان. له و ڕۆژەوەی بیرۆکەی سنووردانان و بەدوایشیدا بیرۆکەی سنووربەزاندن بەئەقڵی مرۆڤدا هاتووە، ملیارەها مرۆڤ گیانی خۆیان لەپێناوی داوە و بوونەته قوربانی، لەژماره نەهاتووی گوند و شارۆچکە و شار و وڵات وێران و خاپوور کراون... مسۆگەر پشکی هەرە زۆری ئه و قوربانی و وێرانکارییانەش لە خۆرهەڵاتی ناوین بووە. کەچی ئەمڕۆ دوای هەزاران ساڵ لە دانان و هەڵچنینی هەزاران سنوور و سنووربەندییە کان هێشتا یەک تاکە سنووریش ڕەوایەتی خۆی بەدەستنەهێناوە و نەیتوانیوە نەبێتە کێشە و نەبێتە مایەی شەڕ و وێرانکاری و تراژیدیا مەزنەکان. لەکوێ سنوور هەبووە، لەوێ سنووربەزاندنیشی بەدوادا هاتووە، چەندە سنوور خواستوویەتی ڕەوایەتی خۆی داسەپێنێ، ئەوەندەش بەسنووربەزاندن و تێکۆشانی هەمەلایەنەوە ئه و ڕەوایەتییەی ناڕەوا کردووە. سنوورپارێزان بۆئەوەی سنوورێکی داهێنراوی خۆیان بپارێزن، دەیان سنووری دیکەی خەڵکانی دیکە دەبەزێنن. ئیدی سنوورەکان بێسنوور بوونەتە هۆی بێواتا بوونی مرۆڤ و ژیان و بەها مرۆڤایەتییەکان. ئیدی سنوورێک لە جیهان و خۆرهەڵاتی ناویندا نەماوە خەڵتانی خوێن نەبووبێت و نەبووبێتە گۆڕ و مەزاری هەزاران و ملیۆنان مرۆڤ. ئیدی هەموو سنورەکان خوێنیان لێدەچۆڕێت!!.
لەراستیدا؛ هەموو ئه و ئەقڵییەت، سیستەم و هێز و لایەنانەی خۆیان لەسەر بنەمای سنوور و زیاترکردنی ژمارەی سنوورەکان و تۆکمەکردنی سنوورەکان بونیادنراون، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەناو خولگەی دەسەڵاتپارێزی و دەسەڵاتخوازی دەخولێتەوە. پێچەوانەکەیشی بەهەمان شێوە دەچێتەوە ناو هەمان خولگەوە، کە دەیەوێ کۆزمۆپۆلیتیکیانە تایبەتمەندی و جیاوازییە سروشتبەخشەکان بسڕێتەوە و نەیانهێڵێت و لەجێی ئەمەدا بیانکات بە یەک تایبەتمەندی و یەک شت، بێ هەبوونی هاوشێوەکەی و بەبێ ئەوەی جیاوازییەکان بهێڵێتەوە. وەک ئەوەی خاوەندارانی ئەقڵییەتی دەوڵەت – نەتەوە بانگەشەی بۆ دەکەن و دەڵێن: 'یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک دەوڵەت، یەک.. یەک...'. واتا هەم ئەوانەی سنوورپارێزن و ژمارەی سنوورەکان زیاتر دەکەن، هەمیش ئەوانەی هەرچی جیاوازی و تایبەتمەندی هەمەڕەنگی سروشتی و سروشتی کۆمەڵگاکان هەیە دەیسڕنەوە و دەیانەوێت یەکڕەنگ و یەک تایبەتمەندی و یەک هەبوون هەبێت، بە ئەقڵییەت و ڕەفتار و هەڵوێستیان پێچەوانەی ڕاستینەی هەمەڕەنگیی سروشت و سروشتی کۆمەڵگان.
ئه و کێشمەکێشەی ئێستا لەئارا دایە و سنوور تەوەریەتی، کێشمەکێشێکی قووڵە و ڕەگی خۆی تا سەردەمی هەنگاوە سەرەتاییەکانی بەکۆمەڵگابوون و دابەشبوونی باوەڕی و ڕەگەزی و چینایەتیانە ڕۆدەچێت. هیچ کاتێک سنووربەندی لە ڕۆژەڤی کۆمەڵگاکان ون نەبووە و هەر جارەی بەشێوەیەک خۆی کردۆتە تەوەر و تەواوی سەرنجەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. له و ڕۆژەوەی کەوا تیرەیەک تەوتەمێکی جیاوازی لەتەوتەمێکی دیکە پەرست و پیرۆزیی بە تەوتەمێک و نەفرەتی لە تەوتەمەکانی دیکە کرد، له و ڕۆژەوەی یەکەم پەرژین بۆ ڕەز و باخچەیەک هەڵچنرا، له و ڕۆژەوەی شوێنێک دەستنیشان کرا و یەکەم ناو لەیەکەم شوێن نرا و خاوەنەکەی دەستنیشان کرا، له و ڕۆژەوەی تیرەیەک هێرش و پەلاماری بردە سەر تیرەیەکی دیکە، ئیدی له و ڕۆژانەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆ سنوور زۆر هێمای لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، وەک چۆن پیرۆزی و نەفرەتی لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، ئەوا لەهەمانکاتیشدا بۆتە هێمای موڵکییەت، باڵادەستێتی، مەترسی، توندوتیژی... هتد.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە هەموو ئەمانەش لە گەوهەری دەسەڵاتدارێتی و دەوڵەتگەراییدا هەن، بەڵام لەبەرامبەر سیستەمی دەوڵەتگەرایی و دەسەڵاتخوازییدا، گەلان و کۆمەڵگاکانیش بەزۆر شێوە هەوڵی ئەوەیان داوە لەنێو هیچ جۆرە سنوورێکی جوگرافیایی داسەپێنراوی دەسەڵات و دەوڵەتدا خۆیان قەتیس نەکەن. تەنانەت هەندێک لە پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ئەتنیکییەکان بۆ ئەوەی ملکەچی سنوورە داسەپێنراوەکان نەبن، خۆیان داخراو هێشتۆتەوە و بەدوور لە ئاوەدانییەکانی دەسەڵات و دەوڵەت ژیانی سروشتی و کۆمەڵایەتی خۆیان گوزەراندووە. هەروەها تەڤگەرە نهێنییەکان (باتینییەکان)یش بەهەمان شێوە بە شاراوەیی مانەوەیان بە مەرجی مسۆگەربوونی بە ئازادی ژیانیی خۆیان زانیوە و کرانەوەیان بەڕووی دەسەڵاتدارێتیدا بە جۆرێک لە خۆ سنووربەندکردن و تەسلیمییەت بە ژیانی نێو سنوورەکانیان لە قەڵەم داوە.
ئیدی هەزاران ساڵە ئه و کۆمەڵگا و گەل و ئەتنیک و تەڤگەرانە هەموو هەوڵێکیان ئەوە بووە کەوا لە دەرەوەی سنوورە کێشراوەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتدا بژین. ڕێبەر ئۆجەلان ئه و سیستەم و شێوازی ژیانەی دەرەوەی دەوڵەتگەرایی و دەسەڵاتخوازیی بە سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی ناوزەد کردووە. لە سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیدا، کە تەواو پێچەوانەی سیستەمی دەوڵەتگەراییە، سەرتاپای ئه و سنوورانەی دەوڵەتەکان کێشاویانە، بەبنەمای خۆپاراستن و ئاسایش و کامەرانی گەلانی نابینرێت. بەڵکو پەسندکردنی ناسنامە و ئیرادە و تایبەتمەندی و جیاوازییە سروشتبەخشەکان بەبنەمای بونیادنانی خۆی دەبینێت. لەم سیستەمەدا هەموو جیاوازییەکان خۆیان گوزارشت لە بوون و چییەتی (ماهییەت)ی خۆیان دەکەن، پێویست بە هیچ سنوورێک و سنووربەندییەک و دەسەڵاتێک ناکات تا بپارێزرێت و گوزارشتی لێبکات. لە سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتییدا لەبری چەمکی باڵادەستیی یەک گەل و نەتەوە، یەک ئایین و ئایینزا، یەک ئاڵا و دروشم، یەک دەوڵەت و سنوور سەرجەم ئه و پێکهاتە چاندی و باوەڕی و کۆمەڵایەتی و ئەتنیکیانەی هەن، ناسنامە و ئیرادەیان، بەهەموو ڕاستینە مرۆیی و دیموکراتییەکانیان، پەسند دەکرێن و توانستی بەیەکەوەژیانی ئازادانە بۆ خۆیان و ئەوانیتریان دەرەخسێنن و شکۆمەندانە دەژین. کاتێک ژیانێکی وەها شکۆمەند و ئازاد بۆ هەموو لایەک مسۆگەر ببێت چ پێویست بە سنوور و سنووربەندی هەیە؟! کە سنوورەکان نەمێنن ئەوا مسۆگەر سنووربەزاندنەکانیش نامێنن. ئەمەش کاتێک دێتەدی کە سنوورە ناسروشتییەکان بەر لەوەی لەسەر جوگرافیای گۆی زەوی بێواتایان بکەین، دەبێت لە ئەقڵییەتی خۆماندا، لە فەرهەنگی ژیانماندا بێواتایان بکەین. ئیدی پێویستە سنوورەکان لە ئەقڵ و خەیاڵ و ژیانی خۆماندا سنووربەدەریان بکەین. ئەگەرنا مێژوو و ئەمڕۆ ئەوەیان یەکلایی و مسۆگەر کردۆتەوە کە ژیانێکی ئازاد، ئارام، ئاشتی، دادپەروەر، یەکسان و دیموکرات تەنیا بە بێواتاکردنی سنوورەکانی دەسەڵاتخوازانی پاوانخواز و گەڕاندنەوەی واتا بۆ هەموو جۆرە جیاوازییە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکان دێتەدی.
[1]
تێبینی: ئەم وتارە لە گۆڤاری ڕۆژی وڵات – ژمارە (11)ی #20-10-2011# لە لاپەڕەکانی (29 -31)دا بڵاوکراوەتەوە.