بەداخەوە سەرلەبەیانیی ئەوڕۆ یەکشەممە، 19ی پووشپەڕ کاک #عەلی قازی محەمەد#، کوڕی #پێشەوا قازی محەمەد#، سەرکۆماری کوردستان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری “بۆن” لە وڵاتی ئاڵمان کۆچی دوایی کرد.
کاک عەلی قازی ساڵی 1312 لە شاری #مهاباد# چاوی بە دنیا هەڵێناوە و دواتر بۆ خوێندن چووەتە شارەکانی تەورێز و تاران. ئەو لە پاش هەرەسهێنانی کۆماری کوردستان و لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی کە شوێنەواری لەسەر ژیان و ڕوح و ڕەوانی کاک عەلییەوە دانا و کاریگەریی ئەو کارەساتانەی تا کۆتایی تەمەنی پێوە دیار بوو، بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕووی لە دەرەوەی وڵات کرد و لە وڵاتی ئاڵمان گیرسایەوە.
کاک عەلی کە هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی پێشەوا قازی محەمەد و #حیزبی دێموکراتی کوردستان- ئێران#ەوە دەکرد، لەم ساڵانەی دواییدا و لەسەر داوای خۆی شەرەفی ئەندامەتی و پێشمەرگایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی پێ بەخشرا و بە دوای ئەوەدا وەک ئەندامێکی بەوەفای حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەرکەکانی بەجێ دەهێنا.
کاک عەلی قازی هەرکات کە سەردانی هەرێمی باشووری کوردستانی دەکرد، بە تامەزرۆییەوە دەهاتەوە نێو کۆڕی ڕێڕەوانی ڕێبازی پێشەوا قازی محەمەد و سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دەکرد و بە گەرمی پێشوازیی لێ دەکرا. بەڵام بەداخەوە مەرگ دەرفەتی ئەوەی نەدا کە کاک عەلی ڕزگاری کوردستان و وەدیهاتنی ئەو ئاواتانەی کە پێشەوای مەزن و هەزاران کادر و پێشمەرگە و ڕۆڵەی کورد سەری خۆیان لە پێناودا دانا، بە چاوی خۆی ببینێ و ئەمڕۆ بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە کۆڕی ڕێبوارانی ڕێبازی دێموکرات کرد.
بەو بۆنە خەمناکەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قازییەکان و هەموو ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و ڕێبوارانی ڕێگەی پێشەوا قازی محەممەد دەکەین و خۆمان بە بەشداری خەمیان دەزانین.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
19ی پووشپەڕی 1401ی هەتاوی
#10-07-2022#
[1]
Questo articolo è stato scritto in (کوردیی ناوەڕاست) lingua, fare clic sull'icona
per aprire l'articolo in lingua originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Questo oggetto è stato visto volte 1,856
Scrivi il tuo commento su questo articolo!