بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا 04
#شەماڵ بارەوانی#
ئیبنولعەقیل، یان ئیبنولعەزرائیل..!؟
لە بەشی یەکەم و دووەم دا، ئاماژەم بەوەکرد، کەهەندێک مەلا و فەقێی تر منیان وەک دەعبایەکی مەرترسیناک و فەقێیەکی گومڕا و لادەر و زۆر خەتەرناک بە هەندێک لە فەقێکان ناساندبوو.
کۆمەڵەک فەقێ لەیەکێک لە حوجرەکان، حوجرەی مزگەوتی(ئیبراهیم گەردی)، گوتوبوویان ئەو کوڕە کافربووە و خوێنی حەڵاڵە، فەقێیەک کە لە ناویان دەژیا، دواتر گۆڕا و بوو بە قورئانی و پاشان لائیک، خۆی ئەوەی بۆ گێڕامەوە. فەقێکان بەشێکیان لێم دوور دەکەوتنەوە، لە بیرم دێت، لە ناو حوجرە و لە مزگەوتی بەرزنجی کتێبێکم کڕێبوو، زۆرێک لە قوتابخانە فیکری و هەروەها هەموو قوتابخانە فەلسەفیەکانی تێدا بوو.
منیش بە وانە ئەو کتێبەم بە چەند فەقێیەک دەگووتەوە. فەقێیەک هەبوو، لە حوجرەیەکی تر بوو و هاوڕێمان بوو و زوو و بەردەوام بە سەردانی داهاتە لامان، جا لە حوجرە، کاتێک دەستمان بە وانەکە دەکرد، ئەو دەڕۆیشتە دەرەوە.
دواتر ئەمیش کاتێک تووشی گۆڕانی فیکری بوو، پێی گووتم: دەزانی بۆ دەڕۆیشتمە دەرەوە کاتێک تۆ فەلسەفەت بە فەقێکانی تر دەگووتەوە؟
گووتم: بۆ؟
گووتی:چونکوو دەترسام مێشکم تێک بچێت. شتێک بڵێم، هەڵبەت کەدەڵێم ئێمە لە حوجرە بە وانە فەلسەفەمان دەخوێند، ئەو حوجرەیە مەلای تێدا نەبوو، فەقێیەکی هاوڕێم، مانگی ڕەمەزان و ڕۆژانی جومعە، وتاری تێدا دەخوێندو، پێشنوێژی بۆ خەڵکەکە دەکرد. پێشووتر مەلا(جومعە)، مەلای ئەو مزگەوتەبوو، لە قوتابخانەی مەلاعەبدوڵلا پەلپیتانیش مامۆستابوو و وانەی زمانی عەرەبی و نەحو کتێبی(ابن العقیل)ی پێ دەگووتین، ئەو کتێبەی، بە هۆی زەحمەتیەوە، من بۆگاڵتە و شۆخی پێم دەگووت(ئیبنولعەزرائیل)و فەقێکان و خوندەکاراکان زۆر پێدەکەنین کەوام دەگووت.
ئێمە ئەو کتێبە، کەچوار بەرگ بوو، دوو بەرگی یەکەم و دووەممان لە قوتابخانەی ئایینی دەخوێند، لەکۆلێژی شەریعەش، دووبارە، هەرساڵە و بەرگێکیان دەخوێند، حەققەت دەبوا تەنها لەکۆلێژی شەریعە بخوێندرێت، هی ئاستی قوتابی ئامادەیی نەبوو.
دواتر و دوای ئەوەی ئێمە لەوێ نەماین، گووتیان قورسە و ئەو کتێبەیان لە قوتابخانەی(پەلپیتانی)لابرد و کتێبکی تری زمانی عەرەبیان هێنا شوێنی. لە کۆلێژی شەریعە و بەشی شەریعەیش، تەنها لە هەردووک قۆناغی یەکەم و دووەم هێشتیان، لە سێیەم و چوارەم لایان برد، بەڵام لە بەشەکەی ئێمە، بەشی بنەماکانی ئایین(أصول الدين)و بەشی خوێندنی ئیسلامی(دیراسات الاسلامیە)، هەر وەکوو خۆی مایەوە و هەر چوارساڵ خوێندمان.
بیرمە لە پۆڵی دوانزە، فەقێکان، ئەو ڕۆژەی، ئەزموونی ئەو بابەتەمان هەبوو، ڕێککەوتین، ئەگەر پرسەکان قورس هاتبوویەوە، وڵام نەدەینەوە و هەموان هۆڵی ئەزموونەکان جێ بێڵین، بێگوومان وەکوو ئێمە چاوەڕوانمان دەکرد وابوو، هەموان دەنگمان هەڵبڕی و گووتمان کاکە کەس وڵام نەداتەوە، وەزیری ئەوقاف، ئەوکات(کامیلی حاجی عەلی)بوو، لەسەر پشکی بزووتنەەی ئیسلامی وەزیربوو، گووتی بەس بێدەنگ بن، ئەوە یەکەو دە نمرە بۆ ئێوە، لەو لقەی کە دەڵێن داخل نەبووەو هاتووەتەوە، ساڵی پێشووتریش فەقێکان هەمان بەزم و فەرتەنەیان نابوویەوە.
باسی مەلا جومعەم کرد،
مەلا جومعە، مەلایەکی تابڵێیت هێمن و زیرەک و بەڕێزبوو.
من ئەو کات لە حوجرەی مزگەوتی عەلی سۆرانی دەمامەوە،
پۆڵی یانزە بووم،
جا مزگەوتی بەرزنجی و عەلی سۆرانی، زۆر لێکتری نزیک بوون، زۆر جار بەیانی، بە جادەی ئەلباندا، دەڕۆیشتم بۆ قوتابخانەی مەلاعەبدوڵلا پەلیپیتانی، کە دەکەوێتە نیوان هەردووک مزگەوتەکە، جادەی ئەلبان دەڵێم.
مەلا جومعەش بەو ڕێگایە دا دەڕۆیشت بۆ هەمان قوتابخانە، مەڵاو فەقێ، یان مامۆستاو قوتابی، دوو بەدوو و بە دەم قسەکردنەوە، پێکەوە دەڕۆیشتین بۆ سەواف، سەواف زۆر دوور نەبوو، چوارەگێک دەبوو بە پێ، ئێمە هەردەمانگووت سەواف، ڕاستە قوتابخانەکە، ناوی پەیمانگای(مەلاعەبدوڵلا پەلپیتانی)ٚبوو،
لە سەرەوەیدا، بینای مزگەوتەکەی سەواف بوو و ژێرەوەیشی قوتابخانەکەی ئێمەبوو، بۆیە لای خەڵک بەو ناو مەشهوربوو و تا نەتگووتبا سەواف کەس نەیدەزانی کوێیە.
دواتر مەلا جومعە نازانم بۆ لەو مزگەوتەی بەرزنجی نەما، ئەوە بەر لەوەی من بڕۆم بۆ ئەو مزگەوتە و حوجرەکەی ئەوێ.
جا لەو حوجرەیه،
ئێمە سێ فەقێ بووین، بەو فەقێیەش ڕا، کە لەوانەی فەلسەفە، ڕایدەکرد بۆ دەرەوە، لە حوجرەیەک تربوو، وەلێ زۆربەی کات و بەردەوام هەر لای ئێمە بوو، دەبووین بە چوار. ئەوەش بڵێم:جا بەر لە ڕۆیشنتم بۆ بەرزنجی، من سێ ساڵیش لە حوجرەکەی مزگەوتی(حاجی بەدریە بووم)، دوای ئەوەی لە مزگەوتی عەلی سۆرانی نەمام. ئینجا دواتر هاتم بۆ مزگەوتی بەرزنجی. ئەوکاتەی ڕۆیشتم بۆ ئەوێ.
من لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان بووم، ئەوانەتیریش، یەکێکیان لە قوتابخانەی ئیسلامی مەلا فایزبوو، دووەکەیتریشیان لە لە قوتابخانەی ئایینی مەلا عەبدولڵا پەلپیتانی دەیان خوێند و بۆمانەوەش لە بەرزنجی دەماینەوە.
هەڵبەت ئەگەر ئەو حوجرەیه، مەلای ڕەسمی خۆی هەبوایە، لە سەر مێلاکی وەزارەتی ئەوقاف و مەلاکەش سەربە ئیسلامی سیاسی بوایە، ئەوە هەرگیز، ڕێگەی پێنەدەداین کفرێکی ئاوا مەزن و کارێکی لەو شێوەیە بڤە و مەترسیناک، لە ناو حوجرەکە دا بکەین و فەلسەفە بەوانە بخوێنین.
سەبارەت بەوە لە بەشەکانی داهاتوو ئاماژە بەوە دەکەم، لەسەر کتێبی دوو کەسی سیکۆلار، چۆن لە حوجرە، لەلایان مەلایەکی ئیسلامییەوە دەرکراوم!
بێگوومان لە ناو مەلاکان و فەقێکان و ئیسلامیەکان و سەلەفیەکان بە گشتی ڕوانینێکی سەقەت و هەڵە و باو هەیە، بەوەی کەفەلسەفە مرۆڤ شێت دەکات و سیستەمی ئەقڵ تێک دەدات و بیرکردنەوە دەشێوێنێت و شتێکی زۆر بێمانایە و فەلسەفە و لۆژیک، هەڕەشەن بۆسەر ئایین و،
بیرو باوەڕی بڕوادار لەق دەکەن. بۆیه خەتەرە و مرۆڤی بڕوادار دەبێت خۆی لێیان بە دوور بگرێت. تەنانەت لە کۆنەوە هەندێک لە پیاوە ئایینیە فێندەمێنتالیزمەکان سەبارەت بە فەلسەفە و لۆژیک گوتوویانە:(من تمنطق، تزندق)، يان گووتوویانە(علم لا يفهمه الغبي، ولا يحتاجه الذکي!)[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!