دەقی بەیاننامەکە:
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ به نیگەرانیەوە دەروانێتە ڕووداوەکانی ئه و دواییەی هەندێ شاروشارۆچکە لەهەرێمی کوردستان کە بووە هۆی کوشتنی هاوڵاتیان و تەقه و هێرش کردنە سەر ماڵان و هەندێ تاوانی تر، بەداخەوە ئەمڕۆ دیسان لە شاری هەولێر ژن و مێردێک لەلایەن برای ژنەکەوە کوژران ئەم کردەوە تیرۆریستییە بەتوندی ئیدانە دەکەین داواکارین بگات بەسزای یاسای خۆی، ئەوەی بۆ ئێمە جێی سەرنجە باوکی کوڕە کوژراوەکە لە پێش ڕاگەیاندنەکان گوتی: ئەم کەیسە کۆمەڵایەتیە و پێشتر ئەوان سولحی عەشایەریان کردووە، لە بڕی ئەم کەیسە سێ ئافرەتیان بە لایەنی بەرانبەر داوە. کە ئەمە بە تەواوی پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤە هەموو جۆرەڕەفتارێکی لەم جۆرە ئیدانە دەکەین، بە گرنگی دەزانین ئەم کەیسانە لە لایەن دادگاوە چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی مافی هیچ کەسێک نەفەوتیێت.
ئێمە سولحە عەشایەرییەکان بە کارەسات و دژی یاسا دەزانین
پیشتریش گوتومانە کە بەشی زۆری ئه و ڕووداوانە و تاوانەکانی کوشتن لەڕێگەی بەکارهێنانی چەکەوە بووە و ئەوەش لەکاتێکدا کە بە ئاشکرا لەبازاڕەکان چەک کڕین وفرۆشتنی پێوە دەکرد.
بۆیە ئێمە لەدەستەی مافی مرۆڤ چەندجارێک لەڕێگەی بەیاننامەکانمان داوامان کردبوو کە دیاردەی چەکداری و بازاڕی چەک فرۆشان دابخرێت و چەکی بێ مۆڵەت دەستی بەسەردا بگیرێ و داوای توند کردنی ڕێنماییەکانی مۆڵەتی پێدانی چەکمان کردبوو.
ئێستاش کە یاسای چەک ژمارە 2 ی ساڵی 2022 لەپەرلەمانەوە دەرچووە بە پێویستی دەزانین هەرچی زووە ڕێنماییەکانی جێ بەجێ کردنی یاساکەش دەربچێت و بابەتی مۆڵەتی چەک بە شێوەیەک توند بکرێت کە وەرگرتنی ئاسان نەبێت و بۆ ئەوەی چیتر چەک نەبێتە مایەی نائارامی شارو وڵاتمان چیتر ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە نەبنە قوربانی خەڵکی نابەرپرس و لە یاسا لادەر.
ئەمرۆ هاوکات دوای ڕووداوەکان بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆو دەزگا ئەمنیەکانی ڕاسپارد بازاڕەکانی چەک فرۆشی دابخرێن
ئێمە لای خۆمانەوە پێشوازی له و بریارە دەکەین و پێمان وایە هەنگاوێکی باشە بە ئاڕاستەی کۆنترۆڵ کردنی چەکی بێ مۆڵەت بەتایبەت و کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوانەکان، هەروەها پێویستە مەفرەزە هاوبەشەکانی پشکنین بەردەوام بن و چاوپۆشی لەهیچ کەسێک نەکەن کە بیەوێ ئارامی وڵات و ژیانی خەڵک تێک بدات، هەر لێرەوەش پێویستە هاوڵاتیان بەشدار و هاوکاربن لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکان و بەتایبەت ئه و هاوڵاتیانەی چەکی بێ مۆڵەتیان لایە هەرچی زووە ڕادەستی دەزگا ئەمنیەکانی بکەن لە پێناو بونیاتنانەوەی کۆمەڵگەیەکی ئارام و پاراستنی ئاسایشی تاک و کۆمەڵ و سەلامەتی ژیانی هەموان.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ
لەهەرێمی کوردستان - عیراق
30ی حوزەیرانی - 2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!