بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا 05
#شەماڵ بارەوانی#
هەرچی عیلمو لکەلامی خوێند، بە پەلکی دارەخورما و (نعل) لێی بدەن..!
لەبەشی پێشووتر باسم لەوەکرد، کە لەناو مەلا و فەقێ ئیسلامیەکان و سەلەفیەکان بە گشتی ڕوانینێکی نیگەتیڤ و سەقەت و هەڵەو باو هەیە سەبارەت بە لۆژیک و فەلسەفە و زانستی کەلام و وەهابیزمەکان خوێندنی زانستی کەلام و لۆژیک و فەلسەفە، بە حەرام و تاوان و تابوو دەزانن و
لە کۆنەوە هەندێک لە پیاوە ئایینیە فێندەمێنتالیزمەکان سەبارەت بە فەلسەفە و لۆژیک گوتوویانە:(من تمنطق، تزندق)، يان گووتوویانە(علم لا يفهمه الغبي، ولا يحتاجه الذکي!)،
واتا:زانستێکە کەسی زیرەک پێویستی پێنابێت و کەسی گەوج و گێلیش قازانجی لێناکات !!.
سەبارەت بە زانستی گوتە(علم الکلام)یش،
گوتوویانە(حوکم ئەوەیە بۆ ئەهلی کەلام کە لێیان بدرێت بە پەلکی دارەخورما و (نعل)وە بە نێو هۆز و تیرەکان دا بگەڕێنرێن و بوترێت ئەوە پاداشتی کەسێکە کە پشت لە کتێبەکەی خودا بکات و ڕوو لە کەلام بکات.)
هەڵبەت ئەوەش بڵێم، ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە سەبارەت بە لۆژیک و فەلسەفە بە گشتی وا نییە لای پیاوان ئایینی و لە زۆرێک لەقوتابخانە ئایینیەکان و لەحوجرەکان، لە کۆنەوە و ئێستاش، کتێبی مەنتق و زانستی لۆژیک دەخوێندرێت، مەبەستم کتێبی لۆژیکی(إيساغوجي)یە. پیاوی ئایینی هەبووە چەند دانراو کتێبیشی لەو بوارە نووسیو.
بۆ نموونە بۆتی(محەمەد سەعید ڕەمەزان بۆتی) کە مەلایەکی کورد بوو و لەو پایزەی کە بەهەڵە پێ گوترا بەهاری عەرەبی، لە 21 مارسی 2013، لە دیمەشقی پایتەختی سوریا تیرۆرکرا. جا ئێمە لە قوتابخانەی ئاینی(پەلپیتانی)، کتێبی (فقه السيرة)ی ئەو پیاوە ئاینیەمان وەکوو مەنهەج دەخوێند.
من لەحوجرە کۆمەڵێک کتێبێکیتری ئەو پیاوەم خوێندەوە، لەوانە:
-اللامذهبية أخطر بدعة تهدد الشريعة الإسلامية.
-السلفية مرحلة زمنية مبارکة لا مذهب إسلامي.
-الجهاد في الإسلام کيف نفهمه وکيف نمارسه.
-الحکم العطائية شرح وتحليل.
-إشکالية تجديد أصول الفقه.
-کبری اليقينيات الکونية.
-الإنسان مسير أم مخير.
-المذاهب التوحيدية والفلسفات المعاصرة.
لەمەی دواییان باسی گرووپە و مەزهەبە کەلامی و فەلسەفیەکان و و وجودیەت و مۆدێڕنێتە و سیکۆلاریزم و تیوری پەرەسەندن و لۆژیک و زانست کردبوو و وڵامی فەلسەفەی ماتریالیزمی دیالیکتیکی و ماتریالیزمی مێژوویی کرد بوو وڵامی (ماتریالیزمی دیالیکتیکی و ماتریالیزمی مێژوویی)
مارکسی دابوویەوە و گەنگەشەی فەلسەفەی ئیلحادی کردبوو.
حەققەت بووتی تەنها پیاوێکی ئاینی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو لاهوتی و تیولۆژیستێکی ئیسلامی و کەسێکی بەواتای وشە مرۆڤێکی ڕۆشنبیر و مەلایەکی موتەنەوەر بوو.
مەلای گەوە هەمان شێوە، لە پاڵ ئەوەی مەلاو پیاوەکی ئایینی بوو، لەهەمان کاتدا ڕووناکبیرێکی مەزنیش بوو، تەفسیرەکەی سەبارەت بە قورئان، تەفسیرێکی زۆر لۆژیکی و ئەقڵانییه.
وەلێ ئەوەشمان بیرنەچێت، وەک عەبدولکەریشم سروشی بیرمەند و عاریف و فەیلەسوفی بەڕەگەز ئێرانی و ڕاکردووی تاراوگە نشین دەڵێت(شارستانیەتی ئیسلامی، شارستانیەتی فیقه بووە، نەک فەلسەفە).شارستانیەتی پیاوانی ئایینی و فەقێکان بووە، نەک فەیلەسوفەکان.
بە درێژایی مێژووی ئیسلامی ئەوانەی گرنگییان بە زاستی کەلام و فەلسەفە و لۆژیک و زانستە ئەقڵیەکان داوە، هەمیشە لەلایان فێندەمێنتالیستەکان و توندڕۆکانەوە، ڕووبەڕووی ڕەخنە و چەوسانەوە و سەرکوتکردن و تەکفیرکردن و کوشتن و دەربەدەری بوونەتەوە.
بۆ ئەوە سەیرێکی مێژووی ئیسلامی بکەن و لاپەڕەکانی ئەو مێژووە هەڵدەنەوە، بزان چییان بەسەر باتنی و موعتەزیلە و ئیخوانولسەفەفا و هەلاج و ئیبولموقەفەع و گەیلانی دیمەشقی و جەعدی کوڕی دەرهەم و هەموو ئەو کەسایەتیە عاریف و ڕووناکبیر و گرووپە فیکری و مەزهەبیانە هێناوە، کە گرنگیان بە کاری ئەقڵ و فەلسەفە و لۆژیک داوە.
جا ئازیزان ئیسلامیەسیاسیەکان و سەلەفیزمەکان، ئەو ڕوانگە هەڵە و ناتەندروستەیان لە هەمبەر لۆژیک و فەلسەفە هەیە. گەرنا مەلاکۆنەکان و زۆر پیاوی تری ئایینی ئێستاش هەن، دژی زانستی لۆژیک نین و ئێستایش ئەو کتێبە لۆژیکیە کلاسیکیەی ئیساگۆگی لە حوجرە و قوتابخانە ئایینیەکان دەخوێندرێت. وەکوو ئاماژەم پێدا. هەرچەند ئەو کتێبەی ئیساگۆگی هەموو شتێک نییە و دنیای لۆژیک و پانتایی فەلسەفە، زۆر لەوە فراوانترە، ئەوان کەدەشیخوێنن، هەڵبەت بۆ خزمەتی ئایینەکە و بە خوارکردنەوە لە پێناو ئایدیۆلۆژیای خۆیان و سەلماندنی بیر و باوەڕی خۆیان دەیخوێنن، نەک لۆژیک لە پێناو لۆژیک.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!