بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا 20
#شەماڵ بارەوانی#
فەقێیەک، لە دژایەتی ژنەوە، بۆ سەنگەری فێمێنیستەکانەوە..!
ڕۆژگارێکی سەیرە گیانە!
من سوێندم خوارد و بەڵێنم دا، کە پێنج هەزار کتێب بخوێنمەوە، تا دژایەتی مەهاباد قەرەداغی و ڕێکخراوەکانی فێمێنیستەکان و بزووتنەوەکانی مافی ژنانی پێ بکەم، کەچی دواتر لەمیانی خوێندنەوەی بەردەوامی چەندساڵەی چەندهەزار کتێب و بیرکردنەوە و تێڕامان و بەراوردکاری، سەرەنجام تووشی گۆڕانی فیکری بووم و لە جیاتی دژایەتی کردنەکە، دەیان شیعر و تار و نوووسین و بابەتم سەبارەت بە خەباتی فێمێنستی و سەربەستی ژن و مافەکانی، ژن و خەون و ئازادیەکانی ژن، ژن و ئازار و موعاناتەکانی، ژن و دژایەتی کردنی ئەقڵی نێرسالاری و جیاکاری ڕەگەزی، لە پێناو ژنبوون و یەکسانی جێندەری، لەسەر ڕەگەزی دووەمی سیمۆن دیبۆڤوار و حەوت ڕۆمانی نەوال سەعداوی و پێنج ڕۆمانی فەزیلە ئەلفاروق نووسی و لە دەیان گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕدا، بڵاوبوونەوە.
کتێبی یەکەمیشم، کە بەرهەمێکی شیعری بوو و لەساڵی 2020، یەکەم چاپی لە ژێر نانویشانیمەملەکەتی ژن کوژان لێ بڵاوبووەوە.
سێیەم کتێبی شیعریشمئەمشەو تەنیایی دادەگیرسێنم کە ئێستاوا لەژێر چاپە و لەو ڕۆژانە بڵاودەبێتەوە.
لە کۆی سی و شەش شیعری نێو کتێبەکە، هەشت دانەیان بۆ ئازادی و ئازار و خەم و ماف و تراژیدیاکانی ژنە.
بەشێوەیەک بەرگری لە مافەکانی ژن دەکەم و دژی ئەقڵیەتی نێرسالاری دەنووسم،
تەنانەت بەشێک لە پیاوەکان بەوە تۆمەت بارم دەکەن، کە زۆر ژنانە دەنوووسم و ڕۆشتومەتە سەنگەری فێمێنزمەکانەوە و دژایەنی پیاو و نێر دەکەم.
ئەوەش بڵێم: من بێگومان لە سۆنگەی مرۆڤ بوونم و باوەڕی تەواومەوە بە یەکسانی جێندەرییەوە ئەو قسەیە دەکەم، چۆن پیاوسالاری نەخۆشیەکی کوشندە و دیاردەیەکی قێزەون و نامرۆڤانە و دێرینەیە و کۆمەڵ و مرۆڤایەتی تووشی پەرتەوازەیی و دووبەرەکی و ئیفلیج و دەرد و بەڵاو ئافات و ماڵوێرانی دەکات، ژن سالاریش هەمان شێوە.
بۆیە ئێمە دەبێت دایمە مرۆڤ سالارانە بیربکەینەوە و ژیان بکەین، ئەو دیواری جیاکاری ڕەگەزییە بڕمێنین، کە لەسەر بنەمای جیاکاری جێندەری لەنێوان هەردووک ڕەگەزدا ڕۆنراوە.
ئەو ئەقڵیەتە نێرسالاریە نەخۆشە لەناو بەرین و مرۆڤەکان لەبێ مانایی و مەترسیەکانیدا ئاگاداربکەینەوە و هەموان لە ڕێگای پەروەردە و یاسا، خێزان و ڕاگەیاندنەوە، ئاشنای چەمکی یەکسانی جێندەری بکەین.
ئێمە دەبێت هەردووک ڕەگەز، خەبات بۆ ئەوە بکەین، کە جیاکاری ڕەگەزی نەمێنێت و یەکسانی جێندەری ببێت بە یاسا و کولتوور و، لەدەستوور و لەناو ئەقڵ و مینتاڵێنت و هۆشیاری تاکدا بچەسپێت و پەرژینی ئەقڵیەتی نێرسالاری بەیەکجاری بڕمێت.
توندڕۆیی و زیادەڕەوی چ لای پیاو لە دژی ژنەوە بێت، چ لای ژن، لە دژی پیاوەوە بێت، هەردووکی تراژیدیا و ماڵوێرانکەر و نامرۆڤانەیە.
ئێمە دەبێت هەردووک ڕەگەز، دەست لەناو دەست و شان بەشان، کار بۆ سڕینەوەی بیری نێرسالاری و جیاکاری ڕەگەزی بکەین، کار بۆ نەهێڵانی ئاسەوارە خراپەکانی ئەو ئەقڵیەتە پاتریاریکیە بکەین. دووبارە مرۆڤ بهێنینەوە سەر سکە ساخڵەم و ڕێگە ڕاستەکە، ئەویش ڕێگەی مرۆڤ بوون و یەکسانییە.
ڕێکخراوی ئافرەتان هەیە توندن زۆر، لە گۆڤار و ماڵپەڕەکانیان ڤیتۆی پیاویان کردووە و تەنها نووسینی نووسەرە ژنەکان بڵاو دەکەنەوە و من وتار و شیعرم بۆ ناردوون پێیان گوتووم تەنها هی نووسەرە ژنەکان بڵاو دەکەینەوە، جا مەهەزلەکە ئەوەیە، ئەو شیعر و تارانەی بۆم ناردن، هەموویم بۆ خەمەکانی ئافرەت و ئازادی و ئازارەکانی ژن نووسیون.
وتارێکیشم لەسەر ئەوە نووسیوە و لە کۆمەڵێک گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕدا بڵاو بووەوە، لە ژێرناونیشانی(مروڤ بوونمان لەنێوان بەرداشی ژن سالاری و پیاو سالاریدا).
بەڕاستی ئەوە کارەساتە، ئێمە خەبات بۆ ئەوەدەکەین تاکو جیاکاری ڕەگەزی نەمێنێت،
تۆ دووبارە دێیت و هەمان هەڵەی نێرسالاران دووبارە دەکەیتەوە و دووبارە دیوارێکیتری کۆنکریتی مێ سالاری و ژن سالاری، لە بەرامبەر دیواری نێرسالاری چێدەکەیت و تراژیدیای جیاکاری ڕەگەزی قوڵتردەکەیتەوە و قوڕی ئەو جیاکارییە جێندەری و ڕەگەزیە نامرۆڤانەیه بۆ ژیانی مرۆڤایەتی خەستر دەکەیتەوە و تەشەنوجات و حەساسیەت و دوو بەرەکی و دوو کەرت بوون و دوورکەوتنەوە دەخەیتە نێوان هەردوو ڕەگەزەوە!
ئینجا ئەو خانمە بەڕێزانە و گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕ و یەکێتیەکەیان، دەبێ دەستخۆشی لە هەر نێرێک و پیاوێک بکەن، کە پشتگیری مافەکان و داوا ڕەواکان و ئازادیەکانی ژن دەکات و لە ئازار و نەهامەتی و تراژیدیا و دۆزەخی ژیانی ژنان تێدەگات و دەچێتە بەرەی ژنان و سەنگەری فێمێنیزم بوون و دژی ئەقڵیەتی نێرسالاری و چەوسانەوەی ژن و سەلبکردنی ئازادیەکانی ژن و لەژن خستن و لە مرۆڤ خستنی ژن، دەوەستێتەوە، نەک ڤیتۆ بخەنە سەر پیاو دیوارێکیتری ژن سالاری، لەپاڵ دیوارە نێرسالاریەکە دروستکەن و هەردووک ڕەگەز هێندەی تر بکەن بە دژ و دووژمنی یەکتری و لە یەکتریان دوور خەنەوە![1]