کەسایەتی ڕادیۆیی
#پەیکار عوسمان#
- (ڕۆژی یەکەم نمایشێک لە تیڤییدا، ڕۆژی دووەم پاڵەوانێک لە سۆسیالمیدیادا، ڕۆژی سێیەم فشبوونەوەیەک لە ڕادیۆدا) ئەمە چیرۆکی ڕووداوەکانی ئێمەیەو ئێستا ئێمە لەفەراغی ڕووداوداین، چونکە هەرچییەک ڕووبدا، لەقۆناغی سێیەمیدا، هەر ئەبێتەوە بەهیچ.
- هەموو وامزانی ڕادیۆکان لەساتی یەکەمدا خۆڕسک و ڕاستەقینەن، بەڵام لەساتی ڕادیۆکەدا، درۆو قسەی ژێر فشارن. یەعنی ڕووداوی ئێمە، ڕاستەقینەیەکە کە دواتر ئەبێ بەدرۆ، ئینجا بەنائومێدی، یەعنی ئێمە لەجوڵەیەکی پیچەوانەداین، لەبری ئەوەی ڕاستەقینەو ئومێد بەرهەمبهێنین، نائومێدی و درۆ هەڵئەچنین.
- هەستی خۆڕسک و ئەکتی ڕاستەقینە، هەر بۆ ئەوە باشە کە هەڵوەستەی لەسەربکرێ و ئیرادەی جوڵەی پێ بەرهەمبهێنین، کەچی ئێمە لەڕێگەی فووتێکردنێک و دواتر فشکردنەوەیەکەوە، ئەیکەینەوە بەئیرادەی چەقین.
- ساتی یەکەم، مرۆڤی ئێمەیە خۆی و خەمەکانی، ساتی دووەم پۆپۆلیزم دەسی تێوەرئەداو ساتی سێیەم، ستەمکاریی دەرزییەکی پیا ئەکاو ئیتر نایەینەوە هەمان شوێن، بەڵکو تۆزێ دواتریش، چونکە هەموو ڕادیۆیەک، مەساحەی نائومێدی زیاتر ئەکات!
- گاڵتەجاڕی ئەخیر لەقتەی فیلمەکەیە، دۆخێک دروستئەکرێ کە هەر خۆمان لەڕێگەی گاڵتەکردن و ڕابواردنەوە، تەڵقەی ئەخیر ئەنێین بەکەسایەتی خۆمانەوەو ئیمزا لەسەر شکاویی خۆمان ئەکەین بۆ دەسەڵات!
- بەهاری عەرەبی لەخۆسوتاندنی گەنجێکەوە دەستی پێکردو ناوچەکەی گرتەوە، تەبعەن ئەوە لای ئێمەبووایە، لەبری شۆکی گشتی، پێشئەوەی گیانی دەرچێ، ڤیدیۆیەکی ڕادیۆیان پێ تۆمار ئەکرد، لەولاشەوە کۆمەڵێک کاهین ئەکەوتنە شەنوکەوی ئەوەی کە ئینسان خۆی بسوتێنێ بەهەشتییە یان دۆزەخی، ، ئیتر کۆمەڵگا لەسەر ئەمەی دووەمیان ئەبوونە دووبەش، نەک ئەوەی لە یەکەمدا ببنە یەک دەست!
- ئەگەرچی پۆپۆلیزم لە ڕووکەشدا خۆی کردوە بە محامی خەڵک، بەڵام هاوکارێکی باشی ستەمکارییەو ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە، لەو فووتێکردنەدا، کە زوو فشئەکرێتەوە. هیچ شتێکیش بەقەت (فووتێکردن و ئومێدی درۆ) کەرەستەیەکی لەبارنیە بۆ قووڵکردنەوەی نائومێدی و مانەوەی دۆخەکە وەکو خۆی.
- پۆپۆلیزم، چ حیزب بێت یان شەخس یان ڕاگەیاندن یان پەیج و سایت و حەزی زیادکردنی لایک و بینەر.. هەموو ئەمانە، بازرگانەکانی ئومێدی درۆ و پەمپی فووتێکردن. کە دواتر ستەمکاریی لەڕێگەی دەرزییەکی بچوکەوە تۆپەکە ئەتەقێنێ و ئەوەی کە بۆمان ئەمێنێتەوە، چەقبەستنێکی زیاتر و نائومێدییەکی زیاتر و شکاوییەکی زیاترە.
- ئەوەی کە بەردی بناغەی هەستانەوەی کۆمەڵگای ئێمەیە، کەسایەتی و کەرامەتی ئینسانەکانیەتی، ، کە دەسەڵات لەپێناوی چوار مناڵی دوو بنەماڵەدا، وردو خاشیکرد. موعارەزەش لە پێناو دوو کورسی زیاتردا، وردوخاشتری کرد. توجاری دینیش لە پرۆسەی ڕاوکردنی خەڵکدا زیاتر هاڕییان.
- دەسەڵات بە فەسادو ناعەدالەتی، چەک و ترساندن، کڕین و چاوشۆڕکردن، برسیکردن و زەلیلکردن.. موعارەزەش بە فووتێکردن و ئومێدی درۆ، هەروەها بە وەبەرهێنان لەسەر گریان و کڕوزانەوەو شکاویی ئینسانەکان.
- ئیسلامییش لە ڕێگەی (وەعزو بەخشین)ەوە کەسایەتی ئینسانی ئێمەی شکاند. وەعز پرۆسەی بە بچوک هێشتنەوەی ئینسانە لەناو پەیوەندی پاشکۆیی و ستوونیداو ڕێگرە لەوەی کە ئینسان بپەڕێتەوە بۆ کەسایەتی سەربەخۆ و بۆ ناو پەیوەندی ئاسۆیی و یەکسان.
- ئەوەشی لە بەخشیندا گرنگە دیوە مەعنەوییەکەو کەرامەتی ئینسانە، نەک پارەو کارتۆن و سەبەتەو دیوە مادییەکەی، ، بەڵام ئیسلامیی لەپێناو دەسکەوتی سیاسی و ڕیکلامکردن بۆ حیزب، بەخشینی سواڵیانەی خستە جێگای بەخشینی کەرامەتمەندانەو شتەکە لە فەزیلەتێکی شاراوەی ویژدانی و کۆمەڵایەتییەوە، بوو بە سیاسەت و ڕێکخراو و بەرنامەو پەخشی ڕاستەوخۆی کەرامەتشاکاندنی ئینسان.
- سی ساڵە ئەو سێ ئاڕاستە خۆماڵییە (دەسەڵات موعارەزە ئیسلامی) خەریکی شکاندنی کەرامەتی ئینسانی ئێمەن، بۆیە ئینسانی ئێمە توانای جوڵەی نەماوەو ئەگەریش جوڵەیەک بکات، خێرا لەڕێگەی ڕادیۆوە، ئەبرێتەوە دۆخی متبوون.
- سەیرکە پەرلەمانتارو ڕۆژنامەنوسی حیزب و کەسانی پۆپۆلیست، بەردەوام دەنگەدەنگ و هاتوهاواریانە، کەچی حەملەی ڕادیۆ شمولی ئەوان ناکاو دەسەڵات حەقی نیە بەسەریانەوە! چونکە وەکو وتم، ئەمانە نیوەکەی تری یارییەکەن و بەشێکن لە شکاندنی زیاتری ئینسانی ئێمە.
- بەڵام هاوڵاتی ئاسایی، تەنانەت ئەگەر شێت و بەخشراویش بێت، شمولی ڕادیۆ ئەکاو خێرا ڤیدیۆی ڕجوعی پێ تۆمار ئەکرێ! چونکە هەست و ئەکتی ڕاستەقینە، جیایە لە شۆ و نمایشی پۆپۆلیستانە، ستەمکارییش لە شتی ڕاستەقینە ئەترسێ، نەک لە شانۆگەری هاشوهوش!
- ئێستا ئێمە بەتەواوی لە سەردەمی ڕادیۆداین و شتەکە هەر لە شێت و هاوڵاتییەکی ئاساییەوە تاکو سەری سەرەوە وایەو ئاشەکە ڕادیۆ ئەیگێڕێ. پەشیماننامەکەی دوای ڕیفراندۆم، ڕەنگە گەورەترین ڕادیۆی مێژووی نوێمان بێت! چارەسەرنەبوونی کیشەی گیراوانی بادینانیش، هەر پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە ئەو گەنجانە نەچوونەتە ژێر باری ڕادیۆ!
- یەکێکی تر لە هۆکارەکانی شکاندنی کەسایەتی ئێمە، شۆڕشە. هەمیشە بە هەڵەشەیی و بڕیاری ناواقعی و ناعەقڵانی چەن کەسێک، یاخود بە فیتی دوژمنی س فووئەکەیتە خەڵکەکە دژی دوژمنی ص، ئیتر خەڵک دووجار تووشی شکاویی ئەبێت، جارێک کە بەرامبەر س ئیرادەی نامێنێ و جارێک کە بەرامبەر ص تێکئەشکێ و تووشی دنیایەک کاولکاری و کارەسات ئەبێتەوە، کە شانی هەڵیناگرێ و لە ئەساسەوە ئەبوو خۆی لێلادا نەک خۆی بخاتە بەری.
- خۆبەکەمزانی و خودنەفرەتیی بە کاریگەری چەن ساڵەی ژێردەستەیی. باری گرانی شۆڕش. (دەسەڵات و موعارەزەو ئیسلامیی) سێکوچکە خۆماڵییەکەی شکاندنی کەرامەت. جەبری جوگرافییاو فشاری ئیقلیمی. کولتوری یەکترشکاندن و خۆخۆری ناوخۆمان.. ئەمانەو هۆکاری تریش، مرۆڤی ئێمەیان بردۆتە سەردەمی کەسایەتی ڕادیۆیی.
- پۆست ڕادیۆو تێپەڕاندنی
دۆخەکەش، هەر بەوە ئەبێ، کە پاشەکشێ بە ڕق و دەمارگیری و گاڵتەجاڕی بکەین، لە بەرژەوەندی عەقڵی ڕەخنەو زمانی گفتوگۆ. ئا بەوە ئەتوانین لە کەسایەتی کورت و کەم مەودای ڕادیۆییەوە، بپەڕینەوە بۆ کەسایەتی بەردەوام و تۆکمە، کە لەسەر هۆشیاریی دامەزرابێ نەک لەسەر هەڵچوونی ئیمڕۆ و داچوونی سبەی.[1]