نەوەکانی ئەحمەدی خانی و فاشیەتی تورک؛ مووسا عەنتەر و ئازارەکان
#نەجات نوری#
(... هیچ یادەوەرییەکی شیرینم نییە تا بنووسمەوە. تەواوی بیرەوەریەکانم، هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی، بە زڵم و ئەشکەنجە و زیندانیکردن تێپەڕیوە، هەر دێڕێکی ئەو پەرتووکە کە دڵتەنگی و خەمباریی تاکە کەسین، یانیش باسکردنی چۆنیەتی کۆمەڵکوژیی گەلەکەمە... لا 399)
جارێ بەر هەر شتێک دەبێت بڵێم: ئەو پیاوە سیاسیانەی خۆیان بە کورد دەزانن لە هەچ کوێیەکبن، ئەگەر ئەم کتێبەیان خوێندەوە، ئەگەر لە مانای ئەخلاق و گەل تێگەیشتن، دەبێت شەرمبکەن کە زوڵم لە خەڵکی خۆیان بکەن، چونکە ئەم کتێبە وانەیەکە بۆ بەدئەخلاقی ئەوانەی کە بوونەتە هۆکاری چەوساندنەوەی گەلەکەی خۆیان لە دەرەوەی دەسەڵاتی داگیرکەران.
(مووسا عەنتەر) تا ئەو ڕۆژەی لەتەمەنی 77 ساڵیدا لە ڕۆژی 20-09-1992 لە شاری (دیاربەکر) لەلایەن فاشتەکانەوە تیرۆر دەکرێت لە پێناو گەلەکەیدا، زیاتر لە دەساڵی تەمەنی لە ناو زیندانە بەدناوەکانی تورکدا دەباتەسەر. مووسا ناوێکە بۆ هەڵدانەوەی ژیانی ئەو پیاوە مەزنانەی کە لە قووڵایی دەسەڵاتی ستەمکاری تورکدا بۆ یەک ساتیش لە تێکۆشان پشووی نەداوە و چیان پێکراوە بۆ بەرەنگاری دەسەڵاتە قێزەونەکان کردوویان و قوربانیان بە ڕۆحی خۆیان داوە لەو پێناوەدا.
مووسا عەنتەر لە ڕێگەی کتێبی (بیرەوەرییەکانم)ەوە دێت ژیانە پڕ لە ئازارەکەی خۆی و ئەو ستەمەی کە لەگەلەکەی کراوە وەکو کورد لە ژێر دەسەڵاتی تورکدا ورد دەخاتە ڕوو... ئەم کتێبە وەکو یادەوەری هەڵگری ئەو تێڕامانەیە زۆرکات مرۆڤ شەرم دەکات لەوەی کە زۆرکەس بە خۆیان دەڵێن سیاسی و یان ڕۆژشنبیر لەلای ئێمە، شەرمە بۆ ئەو کوردانەی کە جاران لە بەغدادا ببوونە بەعسی و دژی ئیرادەی گەلەکەیان وەستابوونەوە بە خۆیان دەوت ڕۆشنبیر، شەرمە بۆ ئەو کوردانەی لە تاران و ئەستەمبووڵ و شامدا دەژین و دژی خواستی گەلەکەیان وەستاونەتەوە و بە خۆیان دەڵێن کورد، کەچی دەبینین مووسا عەنتەر لە ساڵی چلەکانەوە لە تەمەنی لاوی خۆیەوە، دێت لە کوردستانی باکوردا لە قووڵایی ئەستەمبوڵ و ئەنقەرەدا لە ژێر ستەمی ئەو دەسەڵاتە شوومە فاشیەدا مەردانە بۆ پاراستنی مافی گەلەکەی و زمانی کورد و کەلتوورەکەی دێتە مەیدان و سەرسەختانە دژی ئەو خووە نەگریسانەی تورک دەوەستێتەوە کە دەیانەوێت بنەبڕی ئیرادەی کورد بکەن لە باکوردا.
ئەم یادەوەریانە دەبنە هەڵگری ئیرادەی ئەو جوانخاسانەی کە وەکو مووسا دەزانن مەرگ هەیە، بەڵام لەپێناو کوردبووندا مەرگ وەکو دیاریەکی مەزن بۆ خۆیان وەردەگرن و سڵ لە مەرگ ناکەوە... کاتێک مووسا عەنتەر و هاوڕێکانی لە 17-12-1959 دا وەکو گروپی 49 کان دەگیرێن و لە بەدناوترین گرتووخانەکانی ئەو ڕۆژگارەدا لە ژووری تاکەکەسی دا زیندانی دەکرێن، دواتریش دوای بەربوونیان بە ئازاری ئەو گرتووخانە بەدناوەوە 24 کەسیان دەمرن، ئا لەو ڕۆژە ترسناکانەدا لاوێکی هاوڕێی مووسا عەنتەر بەدەم ئازاراوە بۆ وەڵامی ئەو ئازار و چەوساندناوەنەیان دێتە دەنگ و بە مووسا عەنتەر دەڵێت: مامۆ ئێمە نابەزین نەوەی ئەحمەدی خانیین. هەر بەڕاستی کاتێک لاپەڕەکانی تەمەنی مووسا عەنتەر لەم یادانەدا ئاوا بەو وشە ئازاراویانەوە هەڵدەدەینەوە تێدەگەین کە کوردانی باکور ئەوە زیاتر لە سەد ساڵە کەوتوونەتە ژێر مەرگەساتی قڕکردنەوە، بەڵام هیچ سزایەک، هیچ مەرگێک، هیچ ئەشکەنجەیەک، هیچ هێزێک لەم نەتەوەپەرست و هێزە دڕدانەی تورک لەو ماوە دوورو درێژانەدا ئیرادەی نەتەوەکەی مووسا عەنتەریان پێ نە شکێنراوە.
ئەم کتێبە بە تەنیا نابێتە هی مووسا عەنتەر، بەڵکو هی دەنگی هەموو نووسەر و کەسایەتیە مەردانەیە کە دەیان ساڵ لەژێر دەسەڵاتە چەوسێنەرەکانی تورکدا، ژیانی خۆیان خستۆتە بەردەم مەرگەوە، ورد ورد دەمانباتە ناو ژیانی زۆرکەسەوە، بە ژیانی ئەو کوردە خۆفرۆشەکانی ئەو ڕۆژگارانەوە و بە ئازای ئەو تورکانەیشەوە کە بوونەتە پارێزەری کورد لە باکور ئەوەی دێتە ناو ژیانی مووسا عەنتەرەوە بەرەنگاریە بەبێ هیچ سڵکردنەوەیەک، لەکوێ چەوساندنەوەهەبووبێت ئەو خۆی گەیاندۆتە ئەوێ، چ بە نووسین و چ بە پارە و کردار ئەم پیاوە مەزنە ژیانی بۆ گەلەکەی لە باکوری کوردستان تا ڕۆژی تیرۆرکردنەکەی تەرخانکردووە، هەر وەکو چۆن لە ساڵی پەنجاکاندا بەیەکەوە لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیدا ڕۆژێک بۆ ڕزگاری و خیانەتنەکردن لە کورد پێکەوە سوێند بە ئاڵای کوردستان دەخۆن، ئەو ئاڵایەی کە خۆی دروستی دەکات لە ناو هەر بەشێکی ئەم کتێبەدا ئێمە بە زۆر دەرگای شاراوە دەگەین، ئەو دەرگایانەی کە تورک دەیەوێت لێوەی کورد قڕ بکات بە سزادانی ئەوانەی بە کوردی دەدوێن، بە گەنمی ژەهروای بۆ قڕکردنی کورد، بە هێزی دڕندەی سەربازی، بە کڕینی ئیرادەی مردووی زۆر کوردی خۆفرۆش بەڵام بە ئیرادەی هاوڕێکانی مووسا تا ئێستا خەونی تورک خراپ پووچەڵکراوەتەوە.
لە ناو ئەم کتێبەدا ئێمە مووسا عەنتەر وەکو نووسەر نابینین بە تەنیا، بەڵکو پیاوێکە بە ڕۆحێکی دۆستایەتی و لێبوردیەوە دەبێتە دۆستی بەشێکی زۆری سیاسیە تورک و ڕۆشنبیر و کەساتی تورکیش، دێتە سەر ژیانی زۆرکەس، دەبێتە دۆستی نازم حیکمەت و یەڵماز گوینا و و دەیان کەسی تریش لە پێناو دۆستایەتی کوردو تورکدا.
مووسا عەنتەر لەم کتێبەدا دەمانگەیەنێتە سەر ئەو باوەڕەی کە ئەوەی کوردەکانی لە باکور هێڵاوەتەوە لە ئاست هەموو چەوساندنەوەیەکدا بە دریژای دەیان ساڵ، ئیرادەی چەپەکانە، ئیرادەی ئەو ڕۆشنبیر و سیاسیەچەپانە بووە کە لەژێر ناوی سۆشیالیزم دا تێکۆشاون، مێژوی گرتووخانەکانی تورکیش پڕە لە ئیرادەی ئەو چەپە تێکۆشەرانەی بە مەرگیان بوونەتە مایەی مانەوەی کوردبوون لە تورکیادا ڕۆژ و مانگ و ساڵەکان لەم کتێبەدا پڕن لە ئازارەکانی مووسا عەنتەر و هاوڕێکانی وەکو کەسانی چەپ و گەیشتن بە سۆشیالیزم، ئەم پیاوە ساڵ بە ساڵ تا چۆتە تەمەنەوە، نەیتوانیوە بۆ یەکجاریش بیر لە شکست بکاتەوە، لە زۆربەی گرتووخانە بەدناوەکانی تورک دا مووسا شەوی تێداکردۆتەوە، لە ناو ئەم گیانەدا ڕۆحێک هەبووە بۆ ئازادی تێکۆشاوە تا ئەو ڕۆژەی بێ شەرمانە تیرۆیان کرد، کاتێکیش بیرلەوە دەکەینەوە کە لەم کتێبەوە دەچینە سەر ئەو هەموو جەبەروت و مەرگەساتانەی دژ بە کوردی باکورکراوە، دەبێت لەمەدا زۆربەمان خۆمان بە قەرزارباری ئیرادەی مووسا عەنتەر و هاوڕێکانی بزانین.
بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە مرۆڤ دەبێت فێری ئەو ئەخلاقیەتەببێت کە کوردبوون بە کەسانی وەکو مووسا عەنتەر دەکرێت نەک کەسانێک کە هەمیشە درۆدەکەن و خەڵک فریوودەدەن.[1]