گوڵی نیلوپەڕ کە بە (سەوسەنی ڕۆژهەڵات) ی، (هەڵاڵەی ناو ئاو) و (لووتووس) یش ناسراوە، لە زۆرترین وڵاتانی کیشوەری ئاسیا بووە بە هێما و سیمبولی هێز، زاوزێ، گەیشتن بە ئامانج، پاراستنی گیانلەبەران، ئاشتەوایی جیهانی، جوانی، خۆشەویستی، چلەکێشی و پاڕانەوە. ئەم گوڵە هێمای ڕووناکییە و بەرهەمی هاوبەشی خۆر و ئاوە و لەسەر بەردەنووس و شوێنەوارەکانی کوردستان هەڵکەنراوە. پەیڕەوکارانی هەردوو ئایینی میهرپەرستی (#میترایسم#) و #زەردەشت#ییەکان ئەم گوڵەیان بە گوڵێکی پیرۆز زانیوە. نیلوپەڕ لەناو زەلکاوەکاندا دەڕوێ، بەڵام هەمیشە ڕووی لە هەتاوە و لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر دەمی دەکرێتەوە و بە ئاوابوونی خۆریش گوڵەکانی دەبەستێ. نەخشی ئەم گوڵە لەسەر شوێنەوارەکانی شووش، #تاقۆسان# و تەختی جەمشید هەڵکەنراوە. نیلوپەڕ، یان لووتووس لە ئایینی #زەردەشتی#دا هێمای #ئاهورامەزدا#یە و لەسەر شوێنەوارەکان نەخشی ئاهورامەزدا بە جۆرێک هەڵکەنراوە کە نیلوپەڕێکی بەدەستەوەیە.
ئەم گوڵە لە سەردەمی مادەکان تا سەردەمی #ساسانییەکان# هێمای سێ یەزدانی ئەو سەردەمە واتا میترا، ئاناهیتا و ئاهورامەزدا بووە و تا ئێستاش لای زەردەشتییەکان پیرۆزە. نەخشی ئەم گوڵە وەکوو هێمای ئایینی میترا لەسەر تاقۆسان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەنراوە. لە کرماشان کانیاوێک بەناوی سەراوی نیلوپەڕ هەیە گوڵە نیلوپەڕەکان تێیدا گەشەیان کردووە و ئەم گوڵە بووە بە هێمای فەرمی شاری کرماشان. لە زۆرترین نەخشی سەر شوێنەوارەکانی سەردەمی مادەکان تا سەردەمی ساسانییەکان، نەخشی پاشاکان بە جۆرێک هەڵکەنراون کە ئەم گوڵەیان وەکوو هێمای ئاشتەوایی و برایەتی بەدەستەوەیە، بۆیە گوڵە نیلوپەڕ نیشانەی میهرەبانی و ئاشتەوایی کوردە لە سەردەمی کەونارادا.
ئەم گوڵە جیا لە شوێنەوارەکانی کوردستان، لەسەر شوێنەوارەکانی میسریش بە زۆری دەبینرێ و کاتی خۆی ڕێزی لێگیراوە، لەسەر شوێنەوارەکانی میسریش بە دەست پاشاکانیانەوە دەبینرێ. ئەم گوڵە لە هونەری یۆنانی و ڕۆمیدا هێمای مردن و لەدایکبوونی تازەیە و هێزی ڕۆشنایی سرووشتە. لە ئایینی بوداییدا زۆرجار نەخشی بودا لەسەر گوڵی نیلوپەڕ نەخشێنراوە، بە جۆرێک نیلوپەڕەکە دەمی کردووەتەوە و بودا لەناو پەڕەی گوڵەکانیدا دانیشتووە، بۆیە بووە بە هێمای نەمری و جیهانی جاویدانی.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]
Questo articolo è stato scritto in (کوردیی ناوەڕاست) lingua, fare clic sull'icona
per aprire l'articolo in lingua originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Questo oggetto è stato visto volte 588
Scrivi il tuo commento su questo articolo!