ڕادیۆی کوردیی یەریڤان
#سوداد ڕەسووڵ#
چاوپێکەوتن لەگەڵ تیتالێ کەرەم بەڕێوەبەری بەشی کوردیی ڕادیۆی یەریڤان و سەرنووسەری ڕۆژنامەی (ڕیا تازە)
ڕەنگە زۆربەمان لە هەشتاکان گوێمان لە ڕادیۆی یەریڤان گرتبێت کە هەواڵی بە کوردی بڵاو دەکردەوە و گۆرانی کوردی لێ دەدا، دڵمان خۆش بوو کە لە ئەرمەنستان کورد هەیە و بایەخ بە ستران و فەرهەنگی کورد دەدەن.
هەر ئەم ڕادیۆیە بۆ کوردەکانی باکووریش جێگەی دڵخۆشی بوو کە ئەوسا لە زیندانی ڕژێمی سەرکووتکەری تورکیا بوون و هەموو شتێکی کوردی لەم وڵاتە قەدەغە بوو تەنانەت مۆسیقا و گۆرانی کوردیش، ئەوانیش دڵیان بەو ڕادیۆیەی یەریڤان خۆش بوو کە جاروباری گوێیان لە سترانی کوردی دەگرت.
ئەم ڕادیۆیە کە لە ساڵی 1930 دامەزراوە هەتا ئەمڕۆش لەسەر پەخشی بەرنامەکانی بە کوردی بەردەوامە، بەڕێوەبەری ئێستای ئەم ڕادیۆ کوردییە بەڕێز (تیتالێ کەرەم)ە، کە کوڕی سەیادی کەرەمە. سەیادی کەرەم بۆ ماوەی 55 ساڵ لەم ڕادیۆیە کاری کردووە هەموو هەوڵیکی داوە بۆ ئەوەی ئەم ڕادیۆ کوردییە لە کارکردن نەوەستێت، بە تایبەت لە دوای نەوەدەکان کە ئەرمەنستان تازە سەربەخۆ بوو لە سۆڤیەت، لە نێو قەیرانێکی یەکجار سەختی ئابووریدا بوو نە کارەبا هەبوو نە بەنزین و نە سەیارەش هەبوو، هەموو ڕۆژێک سەیادی کەرەم بە پێ 10 کیلۆمەتری بڕیوە تا گەیشتووە بە ئێزگە و لە گەڕانەوەش بە هەمان شێوە.
ئەم پەخشە ڕادیۆییە خزمەتێکی گەورەی بە زمان و کولتوور و گۆرانی و مۆسیقای کوردی کردووە، جاروبار شانۆگەریشی بڵاو کردووەتەوە.
ئەم ڕادیۆیە لە سەرەتا ماوەی بەرنامەکەی 10 – 15 دەققە بووە و هەتا ساڵی 1937 بەم شێوە بەردەوام بووە. بەڵام لە سەردەمی ستالین هەموو چالاکییە کولتورییە کوردییەکان ڕادەگیرێت و ڕادیۆکە و ڕۆژنامەکەی ڕیاتازەش دادەخرێت، هەتا ساڵی 1955 کە خرۆچێف دێتە سەرحوکم لە سۆڤیەت ئیدی بارودۆخەکە وەک خۆی لێ دێتەوە و ڕادیۆکە دەست بە پەخش دەکاتەوە و ڕۆژنامەکەش دەست بە بڵاوکردنەوە دەکات.
تیتالێ کەرەم دەبێژێت:
بارزانی پێش گەڕانەوەی بۆ عێراق لە ساڵی 1958 سەردانی ئەرمەنستانی کردووە چووە بۆ دیتنی کوردەکانی ئەرمەنستان و سەردانی گوندی ئەلەگەز و دەوروبەری کردووە، خەڵکەکە لە خۆشی هاتنی بارزانی بە دەهۆل و زورنا پێشوازییان لێ کردووە. بارزانی دوای گەڕانەوەی بۆ مۆسکۆ داوای لەسەرانی سۆڤیەت کردووە کە مافی کولتووری زیاتر بە کوردانی ئەرمەستان بدەن، ئیدی لەمە بەدواوە ماوەی بەرنامەکەش زیاد کرا و بوو بە سەعات و نیوێک.
خۆشبەختانە بە هەوڵ و کۆششی دڵسۆزانەی کوردانی ئەم وڵاتە لێ نەگەڕاون ئەم بەشە کوردییە لە ڕادیۆی یەریڤان لە کار بکەوێت و بێدەنگ بێت، ئەمڕۆش ئەم ڕادیۆیە سەرەڕای خراپی باری ئابووری و نەبوونی کۆمەکی دارایی بەرنامەکانی بە کوردی بڵاو دەکاتەوە و وەک جاران بایەخ بە هەواڵ و گۆرانی کوردی دەدات.[1]