سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک 04
#شەماڵ بارەوانی#
لەناو دەوڵەتی سیکولاریزمدا هیچ شتێک جیگیر و نەگۆڕ و پیرۆزو سەر و ڕەخنەو یەقینێکی ڕەهاو هێڵی سوور نییە، تەنها مرۆڤ و ئازادیەکانی نەبێت، تەنها ڕێزگرتن لەمافەکانی ئاژەل و سروشت دۆستی و ژینگە دۆستی و مرۆڤ دۆستی و ژن دۆستی و سەروەری یاساو چەمکی هاووڵاتی بوون و یەکسانی نێوان مرۆڤەکان نەبێت،
لەناو دەوڵەتێکی بە واتای وشە سیکۆلاریزمدا، هیچ کەسێک بۆی نییە، ئایینێکی دیاریکراو، مەزهەب، یان، تیڕوانینی خۆییت بەسەردا بسەپێنێت. نەدەوڵەتی سیکۆلاریزم و نەهیچ هێزێک و کەسێک بۆی نییە، ئەوە بکات، هەرگیز، لەناو دەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، وەک چۆن نابێت کەس ئایینی خۆی بسەپێنێت، بەهەمان شێوە، نابێت ڕێگری لەئاییندارانیش بکرێت لەوەی ئازادانە مومارەسەی ئایینداری خۆیان بکەن. لە ناو دەوڵەتێکی سیکۆلاردا، نابێت هیچ ئایینێک قەدەغە، یان، بە پلە دوو و کە م سەیر بکرێت.
لەناو دەوڵەتی سیکۆلاریزم دا.هەموو ئایینەکان بەیەک چاو سەیردەکرێن و جیاوازی لەنێوان مەسیحیەک و زەردەشتیەک، لەنێوان موسوڵمانێک و ئێزدیيەک، لەنێوان جوويەک و بودیەک، لەنێوان بێ دینێک و گومانگەرایەک، لەنێوان هیندۆسێک و یارسانیەکدا نییە، سیکۆلاریزم هەرگیز، ئایین قەدەغە ناکات و ڕێگری لە ئازادی ئایینی هیچ ئایینێک ناکات، بەڵکو دژی بەسەنتەرکردنی ئایینێک و تێکەڵ کردنی ئایینە بەکایەی سیاسەت و ژیانی گشتیدا، سیکۆلاریزم دەڵێت ئایین مەسەلەيەکی تایبەتی نێوان مرۆڤ و خوداوەندە، نابێت تێکەڵ بە فەزای گشتی کۆمەڵ ژیانی گشتی خەڵکی بکرێت. بۆیه سیکۆلاریزم هەرگیز، ئایین قەدەغە ناکات و دژایەتی ئایین ناکات. سیکۆلاریزم دەڵێت: ئایین بۆتاک و نیشتمان بۆ هەموان.
سیکۆلاریزم پێمان دەڵێت:
من دژی ئایین نیم، بەڵکو دژی سەپاندنی ئایین و بەسیاسەتکردنی ئایینم، دژی ئەوەم ئایین بکرێت بەشمشێر و گەرووی ئازادی خەڵکی پێ پەڵبدرێت، ئایین بکرێت بە ئایدیۆلۆژیایەکی داخراو بیری مرۆڤەکانی پێ لەقاڵب بدرێت، ئایین بکرێت بە ئامێرێکی وێرانکەر و ژیانی خەڵکی پێ وێران بکرێت، ئایین بکرێت بە کابووسێکی ترسناک و مرۆڤەکانی پێ بتۆقێندرێت.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!