سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک 13
#شەماڵ بارەوانی#
لە بەشی پێشوودا کەمەک باسمان لە سیستەم و حوکمی سیوکراتی کرد له مێژووی ئیسلامدا.
ئەوە مێژووی دوور، ئینجا وەرنەوە بۆ مێژووی نزیک و سەیری گرووپە فێندەمێنتالیست و ئیسلامیە سیاسیەکان بکەن.
لەو وڵاتانەی کە جڵەوی حوکمڕانیان گرتووەتە دەست و خۆیان سەپاندووە. لە ئەفغانستان نەوەتەکانی سەدەی ڕابردووتان بیرە؟
کاتێک ئیسلامگەراکان هاتنەسەرحوکم و جڵەوی دەسەڵاتیان گرتە دەست هیچ نەما بەیەکتری نەکەن. هەر ئیسلامگەراکان لەنێوخۆیاندا بینیمان دوای دەستلەکارکێشانەوەی (محەمەد نەجیبواللە)ی سەرۆکی حیزبی (دیموکراتی میلی ئەفغانی-شیوعی) لە حکومەت لەساڵی1992، چی ڕوویدا.
ڕێکنەکەوتنی گرووپە جیهادیستەڕادیکاڵ و توندڕۆکانی بەشداربووی شەڕ لە دژی یەکێتی سۆڤییەت لەسەر دەسەڵات و حکومەت.
بەرپابوونی جەنگی ناوخۆیی لەنێوان هێزە ئیسلامگەراکانی سەر بە(عەبدولرەسول سەییاف) و (قەلبولدین حیکمەتیار) و (ئەحمەد شامەسعود) و (بورهانولدین ڕەبانی).
پاشان و لەساڵی(1996-2001)هاتنی مەلاعومەر و بزووتنەوەی تاڵیبانی فێندەمێنتالیست بۆ سەرحوکم و بە دۆزەخکردنی زیاتری ژیان و خەستکردنی زیاتری قوڕەکە.
له سوریاش هەمان شێوە، چۆن داعش و بەرەی نوسرە و گرووپە ئیسلامیستە تیرۆرستەکانی تر کەوتنە وێزەی یەکتر و یەکتریان تەکفیردەکرد و سەری یەکتریان دەبڕی و یەکترییان دەکوشت.
بەوچەشنە ئیتر لەسایەی هێز و هەژموون و دەسەڵات و ئەقڵیەتی ئەو هێزە کۆنە پەرست و فێدەمێنتاڵیست و تۆتالیتاریزم و دەوڵەتە سیوکراتەکەیان،
هەموو شتێک یاساخ و قەدەغەدەکرێت و چیتر شتێک نامێنێتەوە بەناوی موعارەزبوون و ڕەخنە و ئازادی و بۆچونی جیاوازو حیزبی نا ئیسلامی و پلۆرالیزمی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی.
تۆ لەوەگەڕێ ئەوان کەهاتنە سەر حوکم هەموو جیاوازیەکان دەسڕنەوە و حیزبە نەتەوەیی ودیموکرات و لیبڕاڵی و عەلمانی و سۆسیالسیت و چەپەکان هەرگیز لەناو بۆتەی دەوڵەتە ئیسلامی و حکومەتە سوکراتیەی ئەمان جێگایان نابێتەوە، ڕەنگە تاقە شوێنێک، کە بۆیان بمێنێتەوە، بەندیخانە بێت، ئەگەر هەمان شێوەو وەکو محەمەد نەجیبواللەی کۆمۆنیست و کافر هەڵنەواسرێن.
ئێستای تاڵیبان و سعودیە و ئێرانتان لێ دیاره، کە دیموکراسی و فرەیی و ئازادی و مافی مرۆڤ و مافەکانی ژن و هەموو جیاوازیەک، لە چ دۆخێکی دۆزەخی و ماڵوێرانی و خنکاندایە.
ئیخوانولموسلیمینیشمان بینی، کاتێک لە دوای ئەو پایزەی عەرەبی، کە بەهەڵە پێی دەڵێن(بەهاری عەرەبی)، ئەو پایزەی، کە هێزەکۆنەخواز و فێندەمێنتالیستە ئیسلامیەکانی بەهێز کرد، چۆن و بە چ شێوازێک ئیخوانیزم و سەلەفیزم و ئیسلامی سیاسی و گرووپە جیهادیستە تیرۆرستەکان سواری شەپۆڵی ناڕەزایەتی و توڕەیی شەقام بوون و شۆڕشی جەماوەر و خەڵکیان دزی و دەرفەتیان قۆزتەوە و هێزی جەماوەری بێ ناز و بێ زاریان بە ئاڕاستەی ئیدەلۆژیای خۆیاندابرد و بۆ بەرژەوەن و مەرامی خۆیان بەکارهێناو لە ڕێگەیەوە، هەندێک لە وڵاتانی وەکو سوریا و یەمەن و لیبیایان خەڵتانی تیرۆر و کوشتن و سەربڕین و تەقینەوە و تیرۆرکرد و بۆماوەیەک هەندێک لە خاکی عێراق و کوردستانیان داگیرکرد و لە هەندێک شوێن خۆیان گەیاند بە جڵەوی حوکمڕانی لە وڵاتانی نموونەی:تونس و لیبیا و میسر..تاد.
و کەڵبەیان لە حوکمڕانی گیرکرد، بەتایبەتی نەهزەی ئیخوانی لە تونس مەسەلەی شەریعەتی ئیسلامی و میرات و شتی هێنایە گۆڕ و ئیخوانی میسر دوو ڕۆژ و کەرتێک بوو هاتنەسەر دەسەڵات و یەکم شت، کە کردیان، کودەتایان بەسەر دەستووری میسردا کرد و پڕیانکرد لە مادەی دینی و ڕێساو یاسای مەزهەبی و دەستوورەکەیان گۆڕی بۆ دەستوورێکی ئیسلامی و هەرئەوەی مابوو مادەی سیواک و ڕیشیشی بۆ زیادکەن.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!