بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا 30
#شەماڵ بارەوانی#
کاکە ئەوە من هاتیتمە مەلهای، یان ژن مارەکردنێ!؟
گەر بیرتان مابێت لە یەکەم بەشی (بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)دا باسم لەوەکرد کە کاتی فەقێیاتی و خوێندنی ئیسلامیم، فەقێیەکی چەندە دۆگمایی و وشکباوەڕ و فێندەمێندەتالیست بووم، بە تایبەتی سەرەتای قۆناغی خوێندنی ئیسلامی و تەمەنی هەرزەکاریم، هەر زۆر توندبووم.
بۆیە هەوڵدەدەم ئەو بیرەوەرییانەی فەقێیاتیم، لەڕێگای کۆمەڵێک لەو بەسەر هات و چیرۆکانەی ئەو قۆناغەی ژیانی فیکریم، کە بەسەرم هاتوون، لەبارەیانەوە بدوێم و ژیانی فیکری ئەوکاتەی خۆم باس لێوە بکەم و لە هەڵەو توندڕۆیی ئەو قۆناغەی هەرزەیی تەمەن و سادەلەوحی تێگەیشتن و غەیبووبەی هزری ئەوسام بدوێم.
بەهیوام بتوانم سوودێک ببەخشم و کەسانیتر بە تایبەتی هەرزەکار و گەنج، هەرهیچ نەبێت لە ڕێگای(بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا...)دا بتوانم لەو دنیای پڕ جەنجاڵی و کێشەو قەیران و خەم و ناخۆشیدا، خەندەیەک بخەمە سەر لێوی خوێنەرانی ئازیز و ئەزموونی ژیانیشم ببێت بە وانەو پەند، بە تایبەتی بۆ ئەو جەوان و هەرزەکارانەی ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیاری و زانیاری و مەعریفی و فیکریان کز و لاواز و سنوردارە و بە ئاسانی و لەبارێکی نالەباردا، لەلای سەلەفیەتی دینی و ئیسلامی سیاسی ئەو وڵاتە، دەکرێن بە پاروەکی چەور و نێچیرێکی سادەو دەکەونە داوی ئیخوانیزم و تۆڕی ئیسلامگەراکان و بە کۆمەڵێک قسەی خورافی و مەقولەی نەقڵکراوی سەر بە کولتووری سەدەکانی ناوەڕاست، کۆمەڵێک قسەی عاتفی و سەتحی و سەرەتایی، هەست و سۆزیان پێ جۆش دەدەن و عاتیفەیان پێی دەجوڵێننەوە و مێشکیان بە عەقڵیەتی کۆنەخوازانە بارگاوی دەکەن و ئێمەمانانی سەردەمی هەرزەیی فیکری و تەمەن، لە خشتەیان دەبەن و ئەقڵ و هۆش و ئیدراک و مێشکیان هاکدەکەن و لە قاڵبی ئیدۆلۆجیای ئیسلامگەرایانەی خۆیان دەدەن و بەو شێوەیه جڵەوی هەست و سۆز و عەقڵیان دەکەوێتە ژێر دەستی ئیسلامیەفۆندەمێنتالیستەکان و ئینجا کە ڕام و کۆنترۆڵیان کردن چۆنیان بوێت لە شێوەی بوکەڵەیەکی یاریکردن، لەپێناو ئامانج و مەبەستی خۆیان، بۆ یارییە بێتام و بێ ماناکەی خۆیان بەکاریان دێنن و شەڕی ئایدیۆلۆجیاو دۆگماکانی خۆیانیان پێدەکەن و دەیانکەن بە نەیارێکی سەرسەختی چەمکی عیلمانیەت و دووژمنی مرۆڤایەتی و مافەکانی ژن و ئازادیەکانی تاک و کومەڵێکی کراوەی مەدەنی مۆدێڕنێتەی سیکۆلار و سەردەمی و شارستانی.
ئەو گەنجانەی کە دواتر، کاتێک لە قاڵبی ئیدەلۆژیای ئیسلامی سیاسی دەدرێن و نەزانانە و خوێن گەرمانە و بە حەماسەت و سۆز و عاتیفەوە ئایین دەگرن و زۆر جار بەهۆی ئەو عاتیفە و سۆز و هەڵچوونە هەرزەکارانەیەوە، بەرەو ئاڕاستە و ئاقارێکی خراپ و کێڵگەی توندڕۆیی پەڵداوێن و سەرەنجام دەکەونە داوی تۆڕی ڕێکخراوە فێندەمنێتالیست و گرووپە تیرۆرستیەکانەوە و دەبن بە ئافات و بەڵاو کارەسات و ماڵوێرانی بۆ مرۆڤایەتی و ژیان. ئازیزان سەرتان نەیەشێنم و بابێینە سەر بەسەر هاتێکی تری ئەو قۆناغەی ژیانی فیکریم.
ئەوە ڕۆژەکی چوومە لای مامزاوای هەولێرێ بە مەبەستی پرۆسەی ژن مارەبڕینێ. جا عادەتەن لە کاتی پرۆسەکەدا دەبوا مەلا بچووبا ڕاوێژی کیژەی بکردبا، داخۆ ئەو هاوسەرگیرییەی بە دڵە و بە کوڕە ڕازییە، یان نا؟ خۆ کەس فشاری لێ نەکردیە، یان ترس و زۆرلێکردن و هەڕەشەی باوک، یان براکەی، یان هیچ کەسێکی تری لەسەر نییە؟
دووای ئەوەی بۆ کۆمەڵێک پرسی لەو چەشنە چومە ژوورێ، دایک و کچە لە ژوور بوون، گوتم خودایە تۆبە و یەکسەر ڕامکردە دەرێی ژوورەکە ! هەموان بە واق وڕمایی سەیریانکردم و لەیەکتریان دەپرسی چیبووە؟ چیبووە؟
کاکە چ چی بووە، کاتێک چوومە ژۆر، بینیم کیژەیان لە ئارایشتگای کورد وتەنی(وەکی پیفۆکەی لێ کردبوو) و لەبن سوراو سپیاو ئەوەی ئێستا کورد موسەقەفانە پێی دەرێن(مێکاپ)وەردابوو. وای باوکە ڕۆ چاوم تاریک بوو، لە تووڕەییان خەریک بوو شێت بم و گوتم: کاکە ئەوە من هاتیتمە مەلهای، یان ژن مارەکردنێ؟!
ئەو کیژە ڕووتە، ڕووت، ئەستەغفیرەلڵا، نەحەیا مایە و نە ئەخلاق! وەڵاهی ئاخیر زەمانە. کاکە ئەمە موسوڵمانین، عەیبەو شەرم و تەریق بوونەوە و خەجاڵەتی بتان گرێت.
بمزانیبووا وایە، ئەوە هەرگیز، نەدەهاتم، دووای ئەوەی دنیایەک ڕەزیلم کردن و قسەی ڕەق و ناخۆشم پێ گووتن، ڕێک هاتمە دەر و پێش دەرگای حەوشە و گوتم هەرئێستا دەمبەنەوە ئەو شوێنەی کەرێک و خەشیمەکی وەکوو منتان لێی هینایە. نیوەی ئەو خەرکەی لەوێ بوون بە دووم هاتنە بەردەرگای، کوڕە مامۆستاگیان، داکت چاک، بابت چاک، ئەمە خراپ و ئەمە کردمان ئەتوو مەیکە، وەڵاهی گەرنا حەیامان دەچێت، تکایە هەر وەرەوە ژوور، بەخودای لەوێ چارەسەری ئەوە دەکەین. گۆتم:هەوکا ئەمن ئەوە نازانم و ئیلا دەبیت ئەلعانەکینێ و ئیستەرەم یان عەبایەکی شەرعی بەسەر ئەو کیژەی دا بدەن و هەموو جەستەی بە پێی شەرع داپۆشن، یانیش هەرئێستا دەڕۆم و مارەی ناکەم. ئەو فەقیرانە لەبەر من چوون هەرچی مێکاپ و جوانی و تەسریحەی تیتک و هەموو جەستەی ئەو کیژە بەستەزمانەیان لەبن عەبایەکی ڕەشی خەلیجی داپۆشی. چ عەبایەک! دەتگووت ڕەشماڵی عەرەبانە. ئینجا لە زاوام مارە بڕی و هاتمەوە. ئێستاش هەرکاتێک بیر لەو بەسەرهاتە دەکەمەوە، لەوە گەڕێن کە چەندە تەریق دەبمەوە و جڕتم بۆ بیرکردنەوە و ئەقڵیەتی ئەوسام دێت، خەفەت لەوەی دەخۆم، باشە ئەو نامەردانە کو بە پێڵەقە و شت تەختی عاردیان نەکردم و لۆ حەوت پشتیتریشم نەیانکردم بە پەند و تەمێیان نەکردم![1]