دەقی پەیامەکەی #بافڵ تاڵەبانی#:
باوکی ئازیزم
پێنج ساڵی تەواوە لێرەنیت و دەمەوێت بە ئەوپەڕی ڕاستگۆیی، دڵێکی پڕ لە هیوا و ویژدانێکی ئاسوودەوە لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی یەکێتی، کوردستان و عیراقەوە بۆت بنووسم.
دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ شەست ساڵ لەمەوبەر، ئەوکاتەی بە ورەیەکی پۆڵایین و هێزێکی لەبن نەهاتووەوە وەک ڕێبوارێکی ڕێگای ئازادی و شکۆمەندی، خەمی کورد و کوردستانت کردە کۆڵ و ژیانت کردە قوربانیی ئەو ئامانج و بەها پیرۆزانەی هەرگیز سازشت لێنەکرد. ئامانجێک کە خۆی لە بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد، دادپەروەری، دیموکراسی، تەبایی و پێکەوەژیاندا دەبینییەوە. دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەگەڵ هاوخەبات و هاوڕێکانتدا هەر لەوپێناوەدا بوو.
لای هەمووان ڕوون و ئاشکرایە پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و دەستگرتن بە سیاسەتی چەپکەگوڵەکەوە خەمی گەورەی تۆ بوو. دەتویست یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەنگەرێک بێت بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان و دۆزە ڕەواکانی گەلی کورد. وێستگەیەک بێت بۆ کۆکردنەوەی جیاوازییەکان و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و تەندروست. بەڵام بەداخەوە لەم دواییەدا کەسانێک ڕێگەکەیان ونکرد و چەپکەگوڵەکەیان بەرەو وشکبوون دەبرد. ئاراممان گرت و پشوومان درێژ، بەڵام لەکۆتاییدا بڕیارە دروست و مێژووییەکەمان دا و یەکێتیمان بەرەو ڕێگە ڕاستەقینەکە ئاڕاستەکرد. بەڵێنمان بە ڕۆحی تۆ و خەڵکە دڵسۆزەکەماندا یەکێتییەکەت وەک چاومان بپارێزین. ژیانی حزبایەتیمان خستەوە سەر ڕێچکە تەندروستەکە و هەموو ئۆرگانەکانمان کردووەتە ناوەندێک بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان. ئەمەش هەر ئەوەبوو کە تۆ دەتویست.
دەمانەوێت لەگەڵ خوا و خەڵکەکەمان ڕاستگۆبین. لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەدا بین کە وەرمانگرتووە. یەکێتی هەڵگری سیاسەتێکی حەکیمانە و تەندروست بێت وەک ئەوەی خۆت پەیڕەوت دەکرد. بەدیدگایەکی نیشتمانییەوە کار بۆ بەرژەوەندییە گشتی و باڵاکان بکەین و خزمەتی خاک و خەڵکە خۆشەویستەکەمان بکەین. هەوڵ بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بدەین و پەرە بە گیانی تەبایی و پێکەوەژیان بدەین. ڕێز لە جیاوازییەکان بگرین و دەرگامان بەڕووی ڕەخنە و گلەییەکاندا کراوە بێت. دەمانەوێت ژینگەیەک فەراهەم بکەین کە تاکەکان هەست بە ئارامی و پارێزراوی بکەن. دەزانین ڕێگەکەمان سەختە و بەربەستەکان زۆرن، بەڵام بەڵێنێکە و داومانە (نەسرەوتن تا سەرکەوتن).
ساڵی ڕابردوو و لە چوارەمین ساڵیادی کۆچتدا بۆم نووسیت هەر بڕیارێک داومانە و دەیدەین لەپێناو چاکەی گشتیدا بووە و دەبێت. ئێستاش دوای ساڵێک بەویژدانێکی ئارامەوە بۆت دەنووسم هەر ئەوەمان ئەنجامدا کە لێمان چاوەڕێدەکرا. ڕێگریمان لە بەهەدەردانی سامانی گشتی کردووە و ڕووبەڕووی نایەکسانی و نادادی وەستاوینەتەوە. بەکارهێنانی پلە و پۆستمان بۆ بەرژوەندی تایبەت و دەستبردن بۆ مافی گشتی قەدەغە کردووە. یاساشکێنانمان داوەتە دادگا و ئارامی و ئاسایشمان لەپێشینەی ئەرکەکانمان داناوە. لەبوارەکانی تەندروستی، پەروەردە و ژینگە خزمەتی زۆرمان پێشکەشکردووە و بەردەوامیش دەبین.
لە ماوەی ڕابردوودا عیراق، ئەو وڵاتەی تۆ سەرۆککۆماری بوویت، بەدۆخێکی هەستیار و تەنگژەیەکی قووڵی سیاسیدا تێپەڕی. ڕوانینێکی سادە بۆ دۆخەکە ئەو ڕاستییەی دەردەخست کە کۆچی تۆ چ بۆشاییەکی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دروستکردووە. بەڵام نائومێد نەبووین، بەسوودوەرگرتن لە ئەزموون و گەنجینەی پڕ گەوهەری تۆ لە هەوڵەکانمان بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە و کۆکردنەوەی لایەنەکان لەپێناو هاوبەشیی ڕاستەقینە و سازان بەردەوام بووین. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سیاسەتی حەکیمانەی تۆی پەیڕەوکرد و هەمووان شاهیدی ئەو ڕاستییەمان بۆ دەدەن کە بەشێک بووین لە چارەسەر نەوەک ئاڵۆزی. بۆ ئەمەش خۆمان بە قەرزار و سوپاسگوزارت دەزانین.
یادت بەخێر شکۆی نەتەوە و نیشتمان
مێژوو بەشانازییەوە ناوت دەهێنێت
کوڕی خۆت
بافڵ[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!