عەبدوڵڵا کەریم مەحمود
جەمال دیموکرات پێشمەرگە و کادر، لە گەڵ کەلسوم خانی هاوسەری و دوو کوڕەکەی (رێبەر)تەمەنی دووساڵ و(ڕەوەز) سێ ساڵ بوو، لە گوندی سێوسێنان ی قەرەداغ دەژیان.
ئەو ئێوارەیە، ئاسمان ساف و بێ گەرد بوو، جەمال لەدوای دوو هەفتە تەواکردنی کارەکانی، لەبەر سەرمای سەر شاخی زەردەی #قەرەداغ، # بە دەست و پلی قڵیشاو و بەدەموچاوی ڕەش دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوه، لە نیوەی ڕێگا گوێی لە تەقینەوەی تۆپێک بوو، دوکەڵێکی سپی وەک شیری لەبەردەمی مەسۆی ڕێگەی سێوسێناندا بینی، بەرەو ئاسمان دەکشا. دوای چەند خولەکێکی تر تۆپێکی تر لە نێوان مەسۆی و سێوسێناندا بەهەمان شێوە تەقییەوە، دوکەڵێکی سپی لێ بەرز بوەوە، جەمال وای لێک دایەوە: ئەو دوو تۆپە بۆ دیاریکردنی مەودای ئەو شوێنەیە بۆ سێرە گرتن بۆ بۆردومان.
دوای ماوەیەکی کورت گەیشتە ناو ئاوایی سێوسێنان، قەرەباڵغییەکی زۆری لە بەردەم ماڵی مام مەهدیدا بینی، دوای سڵاو و هەواڵ پرسین، مام مەهدی تۆپەڵێ نایلۆنی بەدەستەوە بوو، بە جەمالی وت: مانگاکەمان ئەم نایلۆنانەی قوت داوە، خەریک بوو مردار بێتەوە، منیش سەرم بڕی.
لەوکاتەدا جەمال سەری هەڵبڕی، هەردوو کوڕەکەی لە دوورەوە بینی بەراکردن بەرەولای دەهاتن، کردنییە باوەش و ماڵ ئاوایی لە مام مەهدی کرد، بەرەو ماڵەوە کەوتنە ڕێ، خۆر بەرەو ئاوابوون دەچوو، کەلسوومی هاوسەری مەنجەڵێکی بچووکی لەسەر سۆپا دارەکە دانابوو، سەری هەڵدایەوە برنجی سووربوو، تفەنگەکەی داناو تاقمەکەی لەپشتی کردەوە، لۆکسەکەی داگیرساند.
لە ناکاو گوێ لە گرمەیەکی دوور بوو، وەک دەنگی هەڵڕشتنی گڵابە بەرد سێوسێنانی لەراندەوە، دەنگی تەقینەوەی بۆمبی ڕاجیمەی چلی بوو، بەکپی زیاتر نزیک ماڵەکانی ئەوانی گرتەوە، دەنگی هاوارو قیژەی ژن و پیاو و منداڵانی ئاواییەکەی هەژاند، لە چرکەی یەکەمدا (14) کەسی خانەوادەی مام مەهدی بە ژەهری کیمیاییەکە خنکان، (5) کەس لە خانەوادەی وەستا عوبیدی بەرگدروو و نەریمانی پێشمەرگە لە ماڵی وەستا عوبید لە چرکەی یەکەمدا گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون، دواتر زۆر لە بریندارەکان بەدەم ئازارەوە دواهەناسەیان سپارد.
جەمال و هاوسەرکەی و هەدوو منداڵەکەی، دوای 10خولەک لە دوای یەکەم چرکەی تەقینەوەی ڕاجیمەکان، بەخێرایی لە ماڵ هاتینە دەرەوە، جەمال لە هەیوانەکە بە هاوسەرەکەی وت: تۆ ڕەوەز بکەرە باوەش و منیش ڕێبەر دەگرمە باوەش.
لە و کاتی ڕاکردنیان، بەرەودەرەوەی ئاوایی، جەمال تا هێزی تیا بوو، هاواری کرد: کیمیاییه، ، کیمیاییە، بە خێرایی ڕووبکەنە دەرەوەی ئاوایی.
لە دەرگای ماڵی ئەحمەد ڕەشیدیدا، ئەوانیش بە ڕاکردن بەرەو دەرەوەی گوندەکە ڕایان دەکرد، کاتێ ئاوڕیان دایەوە، دوکەڵی کیمیاییەکە لە پشت ماڵەکەیانەوە دیار بوو، ویستی منداڵەکەی دابنێ و بچێ بەهانای خەڵکەوە، هەستی بە گێژ بوون کرد، سەری بەرز کردەوە، ئاسمان و ئەستێرەکان لە بەرچاوی دەسوڕانەوە، گیانی دەلەرزی، قاچەکانی تینی تیا نەمابوو، سست بوون، لە کارکەوتن.
جەمال ڕووی کردە کەلسوم خانی هاوسەری و وتی: تۆ چۆنیت.
وتی: گێژ بووم.
وتی: هیچ نییە، من ناتوانم هەنگاو بنێم، تۆ منداڵەکان لێرە دوور بخەرەوە.
جەمال هێڵنجی داو ڕشایەوە و هۆشی لەدەستدا، کاتێ هۆشی هاتەوە، پیان وت: کوڕێکی خەڵکی سێوسێنان تۆی گەیاندوەتە لای ئەم ئاوە.
جەمال هەستی کرد توشی لە بیر چوونەوە بووە، چاوەکانی لێڵ بوو بوو، دەسوتایەوە. لە و کاتەدا هاوڕێ کاوەی ئامۆزایی و پێشمەرگە و لێپرسراوی زیندانی مەڵبەند هاتبوو بە هانای خەڵکی سێوسێنانەوە، ئەوانی لەوێ بینی، کەلسومخان لە جەمال باشتربوو، بە و شەوە ڕوویان کردە کۆشکی خواروو، کەلسوم خان پێڵاوی لە پێدا نەبوو، پێی پەتی هەنگاوی دەنا، هەردوو قاچی بریندار بووبووو.
هەر ئەو شەوە خەڵکی خاوەن هەڵوێستی کۆشکی خوارو بە خێرایی خۆیان گەیاندبووە سێوسێنان و بە هانای بریندارو شەهیدەکانی سێوسێنانەوە چووبوون، جەمال نەیدەزانی ئەوشەوە خۆی و هاوسەرەکەی لە ماڵی کێ بوون؟، هەر ئەو شەوە دکتۆر فایەق گوڵپی و چەند پێشمەرگەیەکی مەڵبەند هاوسەرو منداڵەکانیان لە گەڵدا بوو هاتنە لای جەمال.
دکتۆر فایە ق بە دووپێشمەرگەی وت: جەمال دیموکرات بەرن بۆ نەخۆشخانەی مەڵبەند.
بەیانییەکەی شیرکۆ جدی بە سواری وڵاخێک جەمالی برد بۆ مەڵبەند، لە ڕێگا سێ جار ڕشاییەوە، شێرکۆ جدی بە پێشمەرگەکانی وت: خێرا وڵاخەکە لێخوڕن، با زوو بیگەینینە نەخۆشخانە.
کە گەیشتنە ئەوێ حاڵی جەمال زۆر خراپ بوو، بردیانە ژووری جیهاز، هوشیاری جیهازی لێ بوو، جەمال تەوازنی جەستەی بۆ ڕانەدەگیرا، یەکسەر بە لادا هات، بەکزی گوێی لە دەنگی هوشیار بوو، بە جیهاز بە سەرکردایەتی ڕاگەیاند: ئێستا جەمال دیموکرات بە پێی خۆی گەیشتە ناو مەڵبەند، شەهید نەبووە و بریندارە. دواتر جەمال زانی ئەوئێوارەیە، هاوڕێ پێشمەرگەکانی چووبوون بەهانای خەڵکی سێوسێنانەوە، لەوێوە ڕوویان کردبووە ماڵی جەمال دیموکرات، شە و بوو دنیا تاریک بوو، تەرمی ژنێک و دوو منداڵ لە حەوشەکە دەبینن، دەڵێن: جەمال دیموکرات دەرباز بووە، بەڵام هاوسەرو منداڵەکانی گیانیان سپاردووە، ئەوان نەیانزانی بوو ئەو ژنە و دوو منداڵە دراوسێیان بوون، لە کاتی کیمیا بارانەکە خۆیان گەیاندبووە کونە تەیارەکەی ماڵی جەمال، لەوێ خۆیان حەشار دابوو، کیمیاییەکە دوا هەناسەی لێ بڕی بوون.
جەمال تاوێک لای هوشیار ڕاکشا، دواتر شیرکۆ جدی گەیاندییە نەخۆشخانەی مەڵبەند، هەموو بریندارەکانی سێوسێنان لەوێ بوون، کاریگەری کیمیاییەکە بە بریندارەکانەوە دیاربوو، هەندێ لە بریندارەکان پێدەکەنین، هەندێکی تریان دەگریان، هەندێکی تریش مات و خامۆش بووبووون، هیچیان نەدەوت، زۆربەی بریندارەکان پیاو بوون.
جەمال دیموکرات ئەو پێشمەرگەیەکی مەڵبەندی لەوێ بینی لە کاتی کیمیا بارانەکە چووبوون بە هانای خەڵکی سێوسێنانەوە، لە وێ کە جەمالیان بینی بوو، یەکسەر دەرزیەکی ئەترۆپینیان بۆ کردبوو، لە و کاتەدا جەمال ئاگای لە خۆ نەما، کە چاوی کردووە دکتۆر فایەق بەدیارییەوە بوو، چاوەکانی پڕ بووبووو لە فرمێسک وای زانی بوو مردووە، حاڵی بەرەو خراپی دەچوو، هاوسەرەکەی ڕەحیم پێنجوێنی پێشمەرگەی کاروباری کۆمەڵایەتی لەوێ بوو، ئێوارەکەی مێردەکەی لەوێ شەهید بووبووو، حامیدەسووریش بە برینداری لەوێ بوو.
هیزەکانی سوپای ئێڕاق و جاش لە شارەزوورووو دەربەندیخان و ناوتاق و دەربەند فەقەرە و شاخی فەقیرە هێرشیان کردە سەر ناوچەی قەرەداغ، سوپای ئێڕاق چەند هێرشێکیان کردە سەرچیای زەردە، حەمەی مەدحەد و حەمە لەتیف بە پارچەی هاوەن بریندار بوون، کاوەی کوڕی مام ئەسکەندرو هاوڕێ مەلا بەکر ی حیزبی شیوعی و حەمەسەعید حاجی عەلی لە هیزی پشتگیریی گوندی ئیمام قادر لەقۆڵی باوە خۆشێن شەهید کران. بۆ ڕۆژی دوایی دکتۆر فایەق وازی لە تەداوی و چارەسەری بریندارەکان هێنا، ئەوانەی کە باری تەندروستیان باش بووپێی وتن: بڕۆن بەهانای هاوسەرو منداڵەکانتان.
هێرشەکانی سوپای ئێڕاق بەردەوام بوو، دکتۆر فایەق لە گەڵ 10 پێشمەرگە ڕوویان کردە باوەخۆشین بۆ بەرگری لە ناوچەکە، ئەو ئێوارەی تۆپخانەی سوپای ئێڕاق، کیمیابارانی سێوسێنانیان کرد، دوای سەعاتێک بە ڕاجیمە کیمیا بارانی گوندی دوکانیان کرد، چەند هاوڕێیەک و پێشمەرگەیەک شەهیدو بریندار بووبووون، کیمیابارانی چیای زەردەیان کرد.
دیمەنێک لە پەڕتووکی ڕەشەبای ژەهرو ئەنفال. بەرگی سێیەم و چوارەم و پێنجەم، چاپ و بڵاو نەکراوەتەوه.
فۆتۆی وەستا حەمینی نەمرو جەمال دیموکرات[1]