ئەو کەسانەی کە ژنیان کوشتووە لەژێر ناوی شەرەف یان کێشەی کۆمەڵایەتی، ئایە دووای ئەو کوشتنە تاجی شەرەف لە لایەن خێزان و خزم و کۆمەڵگاوە، خراوەتە سەریان؟
ئایە ئەو کەس و خزمانەی کە هانت دەدەن خوشک و ژن و کچت بکوژی بە پاساوی شەرەف، یان ئەو کەسانەی کە بە کۆمێنت و بیرکردنەوەکانیان هاندەری ژن کوژین، کەسیان ئامادەن لەبری تۆ بچنە بەندینخانە؟
کەسیان ئامادەن کە بێن و لە دادگا بڵێن ئێمە هاندەری بووین بۆ ئەو ژن کوژییە با نیوەی سزاکەی بۆ ئێمە بێت؟
ئایە تا ئێستا هیچ بکوژێکتان دیوە بە تاجی شەرەفەوە بەناو خزم و کۆمەڵگادا بیسوڕێننەوە؟
زۆرترینی ئەو هاوڕێ و کەس و خزمانەی کە بە قسەکانیان هانت ئەدەن بۆ کوشتن لەژێر ناوی شەرەفدا، ڕەنگە هەر یەکێک لەو هاندەرانە دووای تاوانەکە شوێنی خۆحەشاردانت بۆ هێزەکانی ئاساییش ئاشکرا بکەن و هەر ناتناسن.
هیچ کەس لە خوشک و کچ و ژنی خۆت دڵسۆزتر نییە بۆت، تەنانەت گەر سلوک و بیرکردنەوەکانیشیانت بەدڵ نەبێت و بۆ دوورترین مەوداش لەیەک دابڕێن ئەوان هەر دڵسۆزترین کەسی تۆن لەم دنیایە.
نە مام نە خاڵ نە زاوا نە هاوڕێ، نە باجی دەست بەتاڵ و زەمکەری دراوسێ و خزمت، نە هیچ کەسێکی کۆمەڵگا لە مێینەکانی ناو خێزانەکەت میهرەبانتر نین بۆت جا هەر چۆن و هەرچییەک بن بە قسەی هیچ کام لەوانە دڵسۆزەکانت لەناو مەبە. [1]
#ناسک واحید#