ناونیشانی بابەت: تەقینەوی بیری نەوت
نووسەر: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
پڕۆسەی هەڵکەندنی بیری نەوت و مامەڵەکردن ڵەکەڵیدا بەیەکێک لە پڕۆسە هەستیارو مەترسیدارەکان دەژمێردرێ کە زۆرجار چەندین ئەندازیارو کرێکار بوونەتە قوربانی. ڕوودانی تەقینەوەی بیری نەوت لە جیهاندا نموونەی گەلێک زۆرە. هۆیەکانی تەقینەوەی بیری نەوت دوو جۆرن جۆری یەکەمیان پەیوەندی بە بارودۆخی ناوەوەی بیرەکەوە هەیە لەوانە ڕوودانی هەڵەی تەکنیکی لەو کاتەی پەستان و پلەی گەرمای ناو بیرەکە زۆر بەرز دەبێت.جۆری دووەمیان لە دەرەوەی بیرەکەوەیە و دەستی مرۆڤ ڕۆڵی تێدا دەبینی وەک تەقاندنەوەی بۆمب لە ژێر زمانە (valve)ی بیرەکە کە ڕووداوە تیرۆرستی یەکان بەشێکن لەم حاڵەتە.
کارکردن لە کێڵگە نەوتی یەکانی باکووری ئێڕاق بە تایبەت کەرکووک زۆر جیاوازە لە کێڵگەکانی باشووری ئێڕاق لەوانەی باکووری ئێڕاق بارودۆخی چینەکانی زەوی لێک ترازان (fault)ی زۆری تێدایەو بەو هۆیەوە لە پرێکدا بەبێ ئاگاداربوون لە چینێکەوە دەچێتە چینێکی تربێ ئەوەی بیر هەڵکەن یان جیۆلۆجی خۆی بۆ ئامادە کردبێت یان پێشبینی کربێت، لەبەرئەوە بیرەکە دەتەقێتەوە، وەک ئەوەی لە ساڵی 1927لە یەکەم بیری نەوتی کەرکووکدا ڕوویدا کە فشاری ناو بیرەکە تاوەری بیرەکەی هەڵدایە ئاسمان و هەزاران بەرمیل نەوت ڕژایە ئەو دۆڵ وشیوانەی دەوروبەری یەوەکە بەهۆیەوە ئەندازیارێک و چەند کرێکارێک کوژران. لە ساڵی 1979 لە کاتی هەڵکەندنی بیری ژمارە 50 لە کێڵگەی جەمبور لە باشووری کەرکووک لەو کاتەی هەڵکەندن گەیشتبووە قوڵایی 2800م بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکی یەوە بەهۆی بەرزی گەرمی و پەستانی ژێر زەوی یەوە هەرچی بۆری وتاوەری هەڵکەندن هەیە فرێی دایە دەرەوە، سەرەنجام 11کرێکار مردن. ئاگرەکە مانگێک زیاتر درێژەی کێشاو کوژاندنەوەی لە وزەی کۆمپانیای نەوتی باکوور نەبوو بۆیە لە دواجاردا پەنایان بۆ کۆمپانیایەکی بیانی بردوو ئاگرەکەیان کوژاندەوە. هەروەها لە سەرەتای ساڵی 2003 پێش پڕۆسەی ئازادی بە چەند ڕۆژێک کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کاتی هەڵکەندنی بیرێکی نەوتدا لە کێڵگەی کەرکووک لە پشت نەخۆشخانەی ئازادی بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکی یەوە بیرەکە تە قیەوەو دوای نزیک مانگێک ئاگرەکە خامۆش کرا. فاکتەری سەرەکی ئەو تەقینەوانە بوونی چینێک لە غازە لە سەرووی نەوتەوە کە بە سپارکێکی ئاسایی گر دەگرێت.
نموونەیەکی تر لە تەقینەوەکان کە بەدەستی مرۆڤ بە ئەنقەست ئەنجامدراوە ئەو تەقینەوانەیە کە ڕژێمی بەعس لە دوای دەرکردنی لە کوێت دەرحەق بەبیرە نەوتەکانی ئەو وڵاتە ئەنجامی دا.
لە ڕۆژگاری ئەمرۆی ئێڕاقیشدا و دوای پەرەسەندنی کردەوە تیرۆرستییی یەکان چەندین جار بیرە نەوتەکان کراونەتە ئامانج و بۆمبیان لە ژێر قفڵی بیرەکان داناوەو دوای تەقینەوەی یەکسەر بیرەکە گری گرتووە بۆ نموونە ساڵی 2004 کێڵگەی خەباز دووجار تەقێنرایەوە و دواتر کۆمپانیایەکی بیانی کوژانیەوە. لە بەرەبەیانی ڕۆژی 06-09-2012 لە کردەوەیەکی تیرۆرستیدا دوو بیر لە کێڵگەی بای حەسەن لە سنووری شاری کەرکووک لەلایەن تیرۆرستانەوە تەقێنرایەوە.
لە دوای شەڕی داعشیشەوە 3 جار بیرە نەوتیەکانی کێڵگەی خەباز لە سنوری پارێزگای کەرکووک تەقێنراوەتەوە کە لە هەر جارێکدا زیانی چەندین ملیون دیناری بە حکومەت گەیاندووە، یەکەمیان لە 30-01-2015 کە 3 بیر تەقێنرایەوەو دووانیان گڕی گرت و دوای مانگێک کوژێنرانەوە، دووەمیشیان لە نیسانی 2016 کەبیری ژمارە 6 بوو کە زیانێکی وەهای لێنەکەوتەوە لەبەر ئەوەی لە بنەرەتدا نەوتی تێدا نەمابوو، سێیەمیشیان ئەوەی شەوی 4ی مانگی ئایار بوو کە 4 بیری تێدا بۆمبرێژ کرابوو بەڵام دووانیان گڕی گرت.
$زیانەکانی تەقینەوەی بیری نەوت:-$
1- زیانی ئابووری: تەقینەوەی هەر بیرە نەوتێک پێویستی بە سەرفکردنی پارەیەکی زۆر هەیە تا دەکوژێنرێتەوە چونکە بە درێژایی ماوەی سووتانەکە چەندین تیم خەریکی ئەو کارە دەبن. ئەگەر کۆمپانیای بیانی بەکارەکە هەڵبسێ ئەوا خەرجی یەکە زیاتر دەبێت. هەروەها هەندێک بیری نەوت دوای خامۆش کردنی ئاگرەکەی ئیتر دەکوژرێ و پردەکرێتەوە بە چیمەنتۆ و جارێکی تر بە کەڵکی بەرهەم هێنان نایەت.
2- زیانی ژینگەیی: لە ئەنجامی تەقینەوەی هەر بیرێًکدا نەوت وغازێکی زۆر بە دەورو بەریدا دەرژێ کە ژینگەکە پیس دەکات و کاریگەری خراپ لە سەر سامانی کشتوکاڵ و ئاژەڵ بە جێ دەهێڵێ. [1]