نووسین و ئامادەکردن: #سەباح عەلی جاف#
زانیارییەکان لەسەر ئاڵای کوردستان زۆرن، لێرەدا دەکرێت هەندێک زانیاری لەسەر ئەم ئاڵایەی ئێستا کە لای کوردان هەیە تا ڕادەیەک بخەیتەروو بە ئومێدی سوود وەرگرتن، لێرەدا تەنیا باس لەئاڵای کوردستان بە کورتی کراوە لەپاش بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا.
لە 20 ی گوڵانی 1920 کۆمەڵەی تەشکیلاتی ئیجتیماعی کورد لەکۆمەڵەی تەعالی کوردستان جیابووەیەوە بە سەرۆکایەتی (ئەمین عالی بەدرخان) و ئەم کۆمەڵەیە خاوەن ئاڵایەک بووە کە بۆ یەکەمینجار لەلایەن(زنار سلۆپی) یەوە لە بیروەریەکاندا باس لەئاڵای ئەم کۆمەڵەیە کراوە، زنار لە بیروەریەکانیدا بەم شێوەیە باسی ئەو ئاڵایەی کردووە، کۆمەڵەی هاوبەندی کۆمەڵایەتی ئاڵای سێ ڕەنگی کوردستانی داناوە، لەسەرەوە تەختەیەکی سوور، لەناوەڕاستیدا تەختەیەکی سپی، ڕۆژێکی پرشنگداری تێدایە تەختەی خوارەوەیشی سەوزە، ئەمەش وەک ئاڵای نیشتمانی کوردان بڵاوکرایەوە.
جەمال نەبەز باس لەوە دەکات لە سەروبەندی پەیمانی سیڤەردا ئەو ئاڵایە لای شەریف پاشای خەندان بووە، سەبارەت بە درووست کاری ئاڵای کوردستان و ڕەنگەکانی باس لەوە دەکرێت کە لە لایەن کەسێکەوە بووە بە ناوی (زەینول عابدین) ئەمەیش وەک باس دەکرێت لە ئاڵای سەردەمی ماددەکانەوە وەرگیراوە کە لە سێ ڕەنگی سوورو سپی و سەوز پێکهاتووە، زەینول عابدین زانیاری لەسەر کەمە ئەوەندە هەیە لە سلێمانی نیشتەجێبووە و ئەندامی کۆمەڵەی تەعالی کوردستان بووە.
بە درێژای سەردەمەکان بە تایبەت لە کاتی بەرپابوونی شۆڕش و ڕاپەڕینی کورداندا ئاڵای تایبەت و جۆربەجۆر هەبووە، لێرەدا دەکرێت ئاماژە بە ئاڵای سەردەمی کۆرماری کوردستان لە مەهاباد بکەین، کۆماری کوردستان لەمەهاباد لە 22 ی کانونی دووەمی 1946 بە سەرۆکایەتی قازی محەمەد (1901 – 1947) ڕاگەیەنرا، لەسەردەمی کۆماری مەهاباد و لە17 ی کانونی یەکەمی ساڵی 1945 لەسەر لەبەیانیدا بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر لە بارەگای حزبی دیموکراتی کوردستان و لە ڕێورەسمێکی شکۆداردا بەخوێندنی سرودی نەتەوەی ئاڵای کوردستان بەئامادەبوونی پێشەوا هەڵکرا، لەپاشتردا ئەم ئاڵایە لە شارەکانی تری وەک (بۆکان، نەغەدە، شنۆ...) هەڵکرا.
ئاڵای کۆمار هەمان ئاڵای کۆمەڵەی تەشکیلاتی ئیجتیماع بووە بە هەندێک دەستکاریەوە کە ئاڵای کوردستان بووە و هەڵکراوە، ئاڵاکە بریتی بووە لە و ڕەنگانەی لەسەرەوە ئاماژەی بۆ کراوە کە لەناوەندیدا دوو گوڵە گەنم کە لەقوماشێکی سوور لە دەوری ئاڵاوە، لە ناوەندی گوڵە گەنمەکەدا تیشکی هەتاوێکە نوکە قەڵەمێکی لێ دەرکەوتووە، بە پێی گێڕانەوەکان قازی محەمەد لەرۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان پیرۆزبایی لەکورد کردووە و وتویەتی هیچ میللەتێک بەبێ خوێن ڕێژی ئاڵای هەڵنەکردووە، بەڵام خۆشبەختانە بێ ئەوەی هیچ کەس خوێن لەلۆتی بێت کورد ئاڵای خۆی هەڵکردووە.
بەدرێژای مێژووی کورد، تاکی کورد بە ئاوات بووە کە ئاڵای کوردستان بشەکێتەوە و کوردان خاوەنی ئاڵای خۆیان بن، بۆیە لەم پێناوەدا (دڵداری شاعیر) گۆتەنی لاوانی کورد حازر و ئامادەبوونە و لاوان بەردەوام بەخوێنی سووریان ئاواتیان هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بووە، لەپاش ڕاپەڕین جارێکی تر ئاڵای کوردستان کەوتەوە سەر باس هەر بۆیە بە پێی بڕیارێک بە ژمارە (26) لە #11 -11 - 1999# پەرلەرمانی کوردستان بڕیارێکی سەبارەت بە ئاڵای کوردستان دەرکردووە و پاشتریش ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەم مەبەستە بڕیاری گونجاوی لەبارەوە داوە، دواتر سەرۆکایەتی هەرێم بە فەرمانی ژمارە (60) شوێنی هەڵکردنی دیاری کردووە و ئەم ئاڵایەی ئێستا کە هەیە بە ڕووبارێک خوێن بەدی هاتووە، بەجۆرێک خەریکە دەبێتە ئاڵای کوردان لەهەر چوار پارچە و تا هەنوکەیش خوێن ڕشتن لەپێناو بەرز کردنەوەی ئەم ئاڵایەدا لە تەواوی کوردستاندا هەر لەخانەقینەوە تا کۆبانی بەردەوامە، دڵنیام هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە دیار بەکر و مەهاباد واتا لە (ڕۆژهەڵات، ڕۆژاوا، باکوور و باشوور) هەر دەبێت و ئەو ڕۆژە ئاواتی هەموو کوردێکی بەشەرەفە، شەکاوە بێت ئاڵای بەرزی کوردستان لەکوردستان و هەموو جیهان.
لەنووسینی ئەم بابەتەدا سوود لەلێکۆڵینەوەیەکی دکتۆر ئازاد عوبێد لەگۆڤاری مێژوو وەرگیراوە لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکی تر.[1]