ناونیشانی بابەت: پیشەسازی پترۆ کیمیایى
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
پیشەسازی پترۆ کیمیایى بریتییە لە دەرهێنانی ماددەى ئاڵۆز لە نەوت وغازی سرووشتی، یان ئەوەتا دەتوانین بڵێن برییتیە لە و پیشە سازیانەى کە هەندێ کەرەسەى کیمیاوى تێدا بەرهەم دەهێنرێ کە سەرچاوەکەیان نەوت وگازە، واتا لە ڕەگەزی کاربۆن وهایدرۆجین پێکهاتووە دوای ئەوەى هەندێ ڕەگەزی تری وەک ئۆکسجین ونایتروجینی تێکەڵ دەکرێت. نموونەى ئەو پیشەسازیە پاککرەوەکان، دەرمانە کیمیاوی یەکانی مار و مێروو، گریس، لاستیکی پیشەسازی، پلاستیک ...... هتد.
مێژووی پیشەسازی پترۆ کیمیاوى لە جیهاندا کۆنە بەڵام لە ئێڕاقدا دەگەرێتەوە بۆ حەفتاکانی سەدەى ڕابردوو کە بۆ یەکەم جار لە بەسرە کارگەیەکی پیشەسازییە پترۆکیمیاییەکان دامەزرا.
کۆمپانیای گشتی پیشەسازی پترۆ کیمیایى بەسرە
لە ساڵی 1977 کۆمپانیای گشتی پیشەسازییە پترۆ کیمیاوییەکان لە بەسرە دامەزرا وەک یەکەمین کۆمەڵگەى پترۆکیمیاوی لە ئێڕاق. کۆمەڵگەکە لە شەش یەکەى سەرەکی پێک هاتووە و دیزاینی کراوە بۆ بەرهەم هێنانی پۆلیمەر و پترۆ کیمیاویەکان بۆ بەکار بردنی ناوخۆ و هەناردەکردن. ئەم کۆمەڵگەیە لە کاتی خۆیدا پڕۆژەى گەورەى تێدا بوو لەوانە دەستەبەرکردنی ئاوى پاک و بەرهەم هێنانی وزەى کارەبا و چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ ژێر خانی فەرمانگە و کۆگا و یەکەکانى نیشتەجێ بوون و ئاگرکوژێنەوەکان. بەهۆی هەڵگیرسانی شەری ئێڕاق ئێرانەوە لە ساڵی 1980 نەتوانرا کار بەو کۆمپانیایە بکرێ و بە یەکجاری لە کار وەستا. لە ساڵی 1988 لە ڕێگەى گرێبەستێکەوە لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی بە بڕی 100 ملیون دۆلار دەستکرا بە نۆژەنکردنەوەى کۆمپانیاکە بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی شەری کەنداو لە ساڵی 1991 نۆژەنکردنەوەکە ئەنجام نەدرا. دوای کۆتایی هاتنی شەڕی کەنداوى سالی 1991 بە توانای خودی ئێڕاقیەکان دەستکرا بە چاککردنەوەى ئەو بە شانەى لە ئەنجامی شەرەکەدا زیانی لێکەوتبوو. لەم ساڵە بە دواوە بە ڕێژەى سەدا 40ی وزەى دیزاینکراو دەستی کردەوە بە کار. لە ساڵی 2002 توانای بەرهەم هێنانی گەیشتە سەدا 30. ئەم کۆمپانیایە توانایەکى باشی هەبوو لە پیشەسازی پلاستیکدا.
لە دوای پڕۆسەى ئازادییشەوە دوای ڕێک کەوتن لەگەڵ کۆمپانیایەکى تورکی لە ساڵی 2010ەوە بەرهەمەکانی هەناردەى دەرەوە دەکات.
$کۆمپانیایەکى پیشەسازی پترۆ کیمیاوى بۆ هەرێمی کوردستان$
هەرێمی کوردستان بە حوکمى ئەوەى کە خاوەن نەوت و گازی خۆیەتى ئەگەر هەوڵ بدرێ دەتوانرێ کارگەیەکی پیشەسازی پترۆ کیمیاوى دابمەزرێنێ، بەرهەمەکانیشی پێویستی ناوخۆی شارەکانی هەرێم پربکاتەوە بێ ئەوەى پەنا ببڕێتە بەر وڵاتانی دەرەوە، جگە لەوە دامەزراندنی کارگەیەکی وەها بوارى کار بۆ هەزاران لە خەڵکی هەرێم دەستەبەردەکات چ ئەوانەى لە ناو کارگەکە کاردەکەن یان ئەوانەى بازرگانی بە بەرهەمەکانیانەوە دەکەن. گارگەى پیشەسازی پترۆ کیمیاوى بەسرە 4448 کەس کاری تێدا دەکەن کە ئەمە ژمارەیەکى کەم نیەو ڕێژەیەکی چاکی بێ کاری کەم دەکاتەوە.
پیشەسازی پترۆ کیمیاوى پێویستییەکەى زۆر گرنگی وڵاتە چونکە بە ڕهەمەکانی زۆربەى بوارەکانی ژیان دەگرێتەوە، ماڵ نییە کەرەسەی پلاستیکی تێدا بە کار نەیەت، دوکان نییە ڕۆژانە چەندین دەستە عەلاگە بەکارنەهێنێت، جووتیار نییە لە کێڵگەکەیدا پەیینی کیمیاوی نەپرژێنێتە زەوییەکەیەوە، ئەمانە و چەندین بواری تر.
کەواتە پێویستە لەسەر حکومەتى هەرێمی کوردستان دامەزراندنی کارگەیەکی پیشەسازی پترۆ کیمیاوى یەکان بخاتە چوارچێوەى بەرنامەى کاریەوە و خەمی لێ بخوا لەگەڵ دەستەبەرکردنی جومگە گرنگەکانی ئەم پیشەسازییە کە بریتیین لە ئەندازیار و کەسانی هونەرى شارەزا لەو بوارەدا، لەگەڵ ناردنە دەرەوەى لاوان بۆ دەرەوەى وڵات بۆ ڕاهێنانیان لە سەر ئەم جۆرە پیشەسازییە.
ئەوەى ماوەتەوە بلێن ئەوەیە کەرەسە خاوەکانی ئەم پیشەسازییە لە هەرێمدا هەیە ئەوەى ماوەتەوە ئیرادەیە. [1]