دکتۆر #عادل باخەوان#*
هەروەک چۆن کۆمەڵگەی ڕوسی، کۆمەڵگەی ئەمریکی، کۆمەڵگەی نەرویجی، کۆمەڵگەی مەغریبی لەنێو مێژووی بەشەریدایە، ئاواش کۆمەڵگەی کوردستانیش لەنێو هەمان مێژوودایە و خاوەنی هەمان چوارچێوەی مرۆییە. بێهودەنییە، لەنێو سنوورە گشتیەکاندا، خەونەکانی کچێکی پاریسی سەبارەت بە دەستگیرکردن لە مافە یونیڤێرسالەکانی وەک مرۆڤێکی تاک، هەمان ئەو خەونانەن کە ئومێدی ژیان بە کچێکی سلێمانی دەبەخشن. بەدیوێکی دیکەدا، پرسی میتۆد لەسەر ئاستی یونیڤێرسال کاردەکات و هەر هەوڵێک بۆ دوورخستنەوەی بەناوی شەرعیەتی «تایبەتمەندی» کلتوری، ئایینی، ئەخلاقی، ترادیسیۆنەوە بێمانایە و لای من ڕەددەکرێتەوە
* پرسی میتۆد!
ژن وەک لاشەیەکی داگیرکراو لەلایەن نێرینەکانەوە، ژن وەک ئەکتەرێکی ئازادی جیهانی کۆمەڵایەتی، ئەو دوو جیهانبینیە سەرەکیەن کە لە پەنجا ساڵی ڕابوردودا جیهانی زانستە کۆمەڵایەتییەکانیان کرد بە دوو بەشەوە و وەک دوو جەمسەرەی سەرەکی بیرکردنەوە، ڕامان، لێکدانەوە، خوێندنەوەی فاکتەکان هەریەکەیان سەدان زانای بەلای خۆیدا ڕاکێشا. جیهانبینی یەکەم قوتابخانەی ڕەخنە بەگشتی و پیەر بۆردیۆ بەتایبەتی لە پشتیەوە وەستاون و جیهانبینی دووهەمیش قوتابخانەی «ئەکشن» بەگشتی و ئالان تورێن بەتایبەتی درووستیانکردووە.
تاچەند ململانێی ئەم قوتابخانانە یارمەتیی ئێمە دەدەن و بەکەڵکی ئێمە دێن؟ ئێمە لەبەشەکانی ڕابوردودا بە وردی ڕووناکیمان خستە سەر هەریەکێک لەم دوو جیهانبینیە و جومگە بە جومگە لەیەکمان ترازاندن. بێگومان من چەند پێم وایە کە «سەپاندن»ی میتۆدێک بەسەر واقیعێکی «تایبەتدا»، بەبێ بیرکردنەوە، هەڵوەشانەوە و هێنانە دەنگی، هەڵەیەکی گەورەیە، هێندەش هەوڵنەدان بۆ تێگەشتن لە میتۆدە گەورەکان هەڵەی گەورەیە. ڕاستە ئەو میتۆدانە لە چرکەساتە خاوەکانیاندا ناتوانن دنیای ئێمە بخوێننەوە، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە بەبێ «تەعبیئە»کردنیان، تێگەشتن لە دنیای کۆمەڵایەتی گریمانەیەکی جێبەجێنەکراوە.
ئەم بنەمایە چەند بۆ فەرەنسیەک، بۆ بەریتانیەک، بۆ بەرازیلیەک، بۆ تونسیەک، بۆ ئێرانیەک، بۆ سەنیگالیەک ڕاستە، هێندەش بۆ ئێمە ڕاستە. هەروەک چۆن کۆمەڵگەی ڕوسی، کۆمەڵگەی ئەمریکی، کۆمەڵگەی نەرویجی، کۆمەڵگەی مەغریبی لەنێو مێژووی بەشەریدایە، ئاواش کۆمەڵگەی کوردستانیش لەنێو هەمان مێژوودایە و خاوەنی هەمان چوارچێوەی مرۆییە. بێهودەنییە، لەنێو سنوورە گشتیەکاندا، خەونەکانی کچێکی پاریسی سەبارەت بە دەستگیرکردن لە مافە یونیڤێرسالەکانی وەک مرۆڤێکی تاک، هەمان ئەو خەونانەن کە ئومێدی ژیان بە کچێکی سلێمانی دەبەخشن. بەدیوێکی دیکەدا، پرسی میتۆد لەسەر ئاستی یونیڤێرسال کاردەکات و هەر هەوڵێک بۆ دوورخستنەوەی بەناوی شەرعیەتی «تایبەتمەندی» کلتوری، ئایینی، ئەخلاقی، ترادیسیۆنەوە بێمانایە و لای من ڕەددەکرێتەوە.
لەم سەرەتا میتۆدۆلۆژیەوە دەکرێت ئێمە بڕۆینە نێو ئیشکالیەتەکەمانەوە: ئایا ژنی کوردستانی ئەکتەرێکی ئازادە یان لاشەیەکی داگیرکراو؟ ئایا قوربانی دەستی ستراکتۆرە زەبەلاحە مێژووییەکانە یان کائینێکی ڕاپەڕیوی خۆ-درووستکار؟ ئایا مرۆڤێکی دەستەمۆکراو و ماڵیکراوە یان یاخیەکی بەرهەڵستکار؟
هەر توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر ئامادەییەکانی ژن لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا، بە جۆرێک لە جۆرەکان، لە ئاستێک لە ئاستەکاندا دەمانباتەوە سەر سێ «ماکرۆ» ستراکتۆری دەزگایی کە دەسەڵاتی درووستکردنی چەندین دەزگای دیکەیان هەیە و ڕەگوڕیشەکانیان بەنێو مێژووی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستانیدا درێژبووەتەوە. سێ ستراکتۆر کە دەکرێت بەم شێوەیە بیانخەینە نێو سیستەمێکی پلەبەندیەوە: ئایین، حیزب، خێزان. بێگومان لەبەرانبەر هەر یەکێک لەم ستراکتۆرانەشدا ئێمە تێبینی چەندین فۆرمی بەرنەگاریبوونەوە دەکەین.
لێرەوە ئەم توێژینەوەیە تەرخاندەکەین بۆ ڕووناکی خستنە سەر ئەم ڕەگەزانە: ژنی کوردستانی و ئایین، ژنی کوردستانی و حیزب، ژنی کوردستانی و خێزان، فریادڕەس لە یادەوەری ژنی کوردستانیدا و پاشان فۆرمەکانی بەرەنگاریبوونەوە و دەرکەوتنی ژنی ئازاد.
* ژنی کوردستانی و ئایین
مێژووی کۆمەڵگەی کوردستانی، وەک هەر یەکێک لە کۆمەڵگەکانی دیکەی جیهانی ئیسلامی (من گوزارشتی جیهانی ئیسلامی وەک چەمکێکی ڕاڤەکار بەکارناهێنم، چونکە دەزانم ناوەرۆکێکی دامەزراوی نییە، بەڵام تەنیا دەستەواژەیەکە بۆ ئاماژەکردن بە پانتاییەکی جوگرافی کە ڕەنگە یارمەتیی خوێنەر بدات بۆ تێگەشتن لەوەی کە باسیدەکەم) ، لەنێو ئاییندا درووستبووە و لەنێو ئاییندا دەجوڵێتەوە و بەبێ وەرگرتنی ئایین وەک مەیدانی توێژینەوە زۆر ئەستەمە ئێمە لە «فاکتە کۆمەڵگەییەکان» تێبگەین.
ئایین (کاتێک باس لە ئایین دەکەین بێگومان مەبەستمان لە ئایینی هەژمووندارە، واتە ئیسلام) وەک دەرکەوتەیەک لەنێو«ترانسانداس/فەوقیەت»لە ئاسمانەوە بۆ زەوی، لە سەرەوە بۆ خوارەوە، لە خواوە بۆ مرۆڤایەتی» دەکرێت مەیدانێکی گرنگی تیۆلۆژیا یاخود فەلسەفە بێت، بەڵام ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە، ئەوەی پرسیاری ئێمەیە ڕەهەندی «ترانسانداس/فەوقی» ئایین نییە، بەڵکوو چۆنیەتی دەقگرتنێکی لەنێو مێژووی کۆمەڵگەی ئێمەدا وەک دەزگا؛ واتە خۆلەچاپدانەوەیەتی وەک پەڕتووکێکی دەزگایی، خۆوەرگێڕانیەتی بۆ دەزگایەکی مێژوویی کە لەنێو هەزار ساڵی ڕابوردودا، وەک سیستەمێک لە جەبری دەستەجەمعی، بەسەر تەواوی کێڵگەکاندا کشاوە و هەژموونی خۆی فەرزکردووە.
لەنێو ئەم سیستەمە جەبڕگەراییەدا، بست بە بستی لاشەی ژن، ژنی لاشە، ژن وەک لاشە، بە چەندین نۆرم، یاسا، گرەو، ستراتیژ، حەرام، حەڵاڵ، جائیز، مەکروهو موباح ڕێکخراوە. سەر، قژ، چاو، لوت، لێو، چەناکە، مل، سنگ، سک، ڕان، پێ، پێشەوە، پاشەوە، شان، پشت، پێکەوە لەنێو ڕێکخستنێکی هارمۆنیدان، وەک «ئیقاعێکی» مۆسیقی ڕێکخراوان، لەسەر یەک ئاهەنگی تایبەت دەجوڵێنەوە.
لە کۆمەڵگەی کوردستانیدان، پێش لەدایکبوونی هەر ژنێک، ئایین جیهانی کۆمەڵایەتی بۆ ئامادەکردووە، جیهانی کۆمەڵایەتی نەک هەر بۆ دەرکەوتنەکانی وەک یەکەیەکی «یەکگرتووی یەکگرتووکراوی یەکگرتووکار» لە پانتاییە گشتی و تایبەتەکاندا، بەڵکوو بۆ هەر «پارچەیەک» لە لاشە سیستەمیەکەیشی.
لێرەوە ئەم ستراکتۆرە دەزگاییه، جەبڕگەرایه، مێژووییە، پارچەکانی لاشەی ژن، لەسەرەوە تا پێ، دەخاتە بەردەم تاکە گریمانەیەکەوە کە بریتییە لە «ئیندیماج»؛ واتە چۆنیەتی تێکەڵبوون، توانانەوە، ئاوێزانبوون، چوونەنێو چوارچێوە ئامادەکراوەکانەوە. واتە لاشەی ژن لێرە نییە بۆئەوەی کە ببێت بە مەیدانی بەدیهێنانی خواست، خەون، ئارەزوو، بەرژەوەندی و ستراتیژیە «فەردیەکانی» ژن وەک خودێکی سەربەخۆی «ئازادی ئازادکراوی ئازادکار»، بەڵکوو لاشەی ژن لێرەیە بۆئەوەی بە باشترین شێوە خۆی لەگەڵ ئەو نۆرم و جەبرە کۆمەڵایەتیانەدا ڕابێنێت کە ئەم ماکرۆ ستراکتۆرە دەزگاییە لەنێو مێژوویەکی کۆمەڵگەیی هەزار ساڵەدا درووستیکردون و جیهانی کۆمەڵایەتی پێڕێکخستوون.
لەنێو ئەم دەزگایەدا سەری ژن فێری ئەوەدەکرێت کە کەی، چۆن، لەکوێدا خۆیداپۆشێت یان خۆی دەربخات. دەمی ژن فێری ئەوەدەکرێت کە کەی، چۆن، لە کوێدا خۆی بکاتەوە یان خۆی دابخات، چاوی ژن فێری ئەوەدەکرێت کە کەی، چۆن، لەکوێدا خۆی کزبکات و بۆ بەردەمی خۆی بڕوانێت یان بەتەواوی خۆی بکاتەوە و ڕاستەوڕاست بڕوانێت، ...، هەر ئۆرگانێک لە ئۆرگانەکان، بەمشێوەیە لەنێو سیستەمێک لە نۆرمدان و ڕووبەری «نۆرماڵیزەکراویان» بۆ ئامادەکراوە.
ماکرۆ ستراکتۆری ئایینی، وەک هەر دەزگایەکی کۆمەڵگەیی، لەپەنای هەر نۆرمێکدا (نۆرم بریتییە لە چوارچێوەیەک، هەر چوارچێوەیەکی ئەخلاقی، کولتوری، یاسایی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ...، کە دواتر دەبێت بەو پێوەرەی کە ئاستی نۆرماڵبوونی «ئاسایبوونی» هەر کردەیەک دەپێوێت) چوارچێوەیەک لە سزایشی هەیە.
تا ئەو کاتەی کە لاشەی ژن لەنێو ڕووبەری نۆرمە پشێنیارکراوەکاندایە، ئیدی وەک کائینێکی پاک، بێگەرد، تەندرووست، خاوێن، وەک برغویەکی کارا لەنێو ماشینە گەورەکەدا، وەک کۆپلەیەک لە شیعرێکی وەزن و قافیەدار، وەک نۆتێک لە ئاوازێکی مۆسیقی دەخرێتە سەر شانۆ کۆمەڵایەتییەکان.
لە دۆخێی ئاوادا، لاشەی نۆرماڵیزەکراوی ژن دەبێت بە جێگای شانازی ئەوانیتر، دەبێت بە گرانبەهاترین کاڵای فرۆشتن و کڕین، ئەو نرخەی کە دەخرێتە سەر هەر ئۆرگانێکی لاشە ماڵیکراوەکەی زۆرترە لە نرخی هەموو شتەکانی دیکە. ئەم لاشەیە ئیتر بەتەنیا ژنێکی تیادا ناژی، بەڵکوو شەرەفی کۆمەڵگەیەکیشی تیادا دەژی!
هەر لادانێک، هەر هاتنە دەرەوەیەک، هەر یاخیبوونێک، هەر پرسیارکردنێک لەم نۆرمە مێژووییە کۆمەڵگەییانە، لەلایەن ئەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی و ژنان بەتایبەتیەوە، وەک سنوورشکاندن، هەتککردن، دوورکەوتنەوە لە شەرەف، پیسبوون دەخرێتە سەر شانۆ کۆمەڵایەتییەکان. ئایین وەک ماکرۆ ستراکتۆری دەزگایی، کۆمەڵگەیی، لۆکالیزەکراو، نەک وەک دیاردەیەکی یونیڤێرسالی بێ زەمانی، بێ مەکانی، بێ کولتور، دێت و نەفرەتێکی هەمیشەیی، نەفرەتێکی ڕەشی بینراو لە هەموو لایەکەوە، دەخاتە سەر هەموو ئەو کەسانەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان، لە ئاستێک لە ئاستەکاندا، گومان لەسەر جەبرە دەرەکیە پێشتر ئامادەکراوە کۆمەڵایەتییەکان درووستدەکەن و بەدوای خۆیاندا، خۆیان وەک مرۆڤی ئازاددا دەگەڕێن.
بەڵام ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کە ژنی کوردستانی، لەم جەنگە توندوتیژەدا، هەموو چەکەکانی «تەسلیم»کردووە و بۆ هەمیشەیی کڕنوشی بۆ جەبرەکان بردووە و پشتیکردووەتە هەموو فۆرمەکانی بەرەنگاریبوونەوە؟
* سۆسیۆلۆگ و مامۆستای زانکۆ لە پاریس[1]