وەهم
ئەژین فەهمی
درەنگانی شەو بوو، دالیا لای ژوورسەری مێردەکەیەوە دانیشتبوو و کوڕە تاقانەکەشی، کە هەر هەشت ساڵانێک دەبوو لەسەر کۆشی خەوی لێ کەوتبوو. بێدەنگ و پەرێشان دەستی بە نێو قژە کورت و نەرمەکەیدا دەهێنا، سەری شۆڕ دەکردەوە و تەوێڵی ماچ دەکرد. جارجارەش پشتەدەستی بە ڕووخسارە بێگەرد و نەرمەکەیدا دەخشاند. کوڕەکەی لەژێر پەتووە ئەستوورەکەدا خۆی گرمۆڵە کردبوو و هەردوو دەستیشی خستبوونە نێوانی ڕانە گەرمەکانییەوه.
بەریکرد بەلای دیوارەکەوە، بەخەمبارییەوە نیگایەکی درێژی گرتە ڕووخساری مات و مەلوولی مێردەکەی، هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و لێی ورد بووەوە کە مردووئاسا، بێ هیچ جووڵەیەک لەسەر گازەرای پشت ڕاکشابوو. کامیل هێشتا خە و نەچووبووە چاوەکانییەوه، وەک ئەوەی لە فیلمێک بنواڕێت لە بنمیچەکە ورد دەبووەوە. بێدەنگییەکی خەمناک باڵی بەسەر ژوورەکەدا گرتبوو. دالیا ئەو ڕۆژە شوومەی بیرکەوتەوە، کە ئەوی تێدا ئیفلیج بوو.
سپێدەیەکی گەرمی هاوین بوو، کامیل لەگەڵ کرێکارەکانی بەردەستی، لە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەیەکەوە کاریان دەکرد. کامیل و کرێکارەکان لە سوچێکی نهۆمی سەرەوەی باڵەخانەکەوە لە بارەی نۆژەنکردنەوەی بنمیچ و ژوورەکانی باڵەخانەکەوە مشتومڕیان بوو. لە و ساتەدا بەدەم قسەکردنەوە سەری شۆڕ کردبووەوە و لە پان و بەرینی بیناکەی دەنواڕی، لە پڕێک وەک ئەوەی خودا ویستبێتی، بلۆکێک لەژێر قاچیدا ترازا و کەوتە خوارەوه. بێگومان کەوتنێک لە و بەرزییەوە بۆ پیاوێکی بە تەمەن و کەتەی وەک ئەم ئەستەم بوو بە زیانێکی کەم بۆی دەربچێت. بۆیە ئەو ڕووداوە ناهەموارە هەرچوار پەلی لە جووڵە وەستاند، ئیدی لەسەری بترازێ نەیتوانی هیچ ئەندامێکی جەستەی ببزوێنێت و بۆ هەمیشە بە ئیفلیجی مایەوە.
کات هێواش هێواش درەنگی دەکرد، دالیا لەنێو جێوبانەکەیدا ددانی بەخۆیدا نەدەگرت، وەک ئەوەی کێچ کەوتبێتە کەوڵی هەر گینگڵی دەدا، ڕووی وەرچەرخاند و تەماشایەکی مێردەکەی کرد، خەوی لێ کەوتبوو. نەک تەنیا ژوورەکە، بەڵکوو تەواوی دونیا نوقمی بێدەنگی ببوو. بە ئەسپایی لە پێخەفەکەی هاتە دەرەوه، گەرەکی بوو بچێتە ئەو ژوورەی، کە شتومەکی زیادەی ماڵەوەی لێ هەڵگیراوە و کەوتووەتە لای ڕاستی حەوشە و دەرگایەکیش لە ناندینەکەوە دەچێتەوە ناوی. لەبەر خۆیەوە وتی: “ئەمێستا قانع لەوێ چاوەڕێم دەکات، ئارامی لێ هەڵگیراوە، دەستەکانی توند لە یەکتر دەئاڵێنێت و لەمسەر بۆ ئەوسەری ژوورەکە دێت و دەچێت.” لە و ساتەدا هەستێکی توند ناخی داگرت، هیچ کاتێک وەک ئەو شەوە هەستی بە ئازاری دەروون نەکردبوو: “نا، ناچمە ئەودیو، دونیا کاول بێت ناچم.” هاتەوە لای کوڕەکەی، نیگایەکی قووڵی تێ گرت، بە غەمگینییەوە وتی: “گەر لە ئاییندەدا بەم پەیوەندییەی زانی، چۆن وەڵامی بدەمەوه؟” چووە بەر پەنجەرەکە، چمکێکی پەردەکەی لادا، تەماشایەکی دەرەوەی کرد و پاشان لە ئاسمان و ئەستێرەکانی دەڕوانی: “دەچم، بۆ نەچم، خۆ منیش گەنج و جوانم، پێویستم بەوەیە خۆشی لە ژیانم ببینم. خۆم و بەختی خۆم، بزانە تووشی چی بووم! خراپ گیرم خواردووە بە دەست ئەم دەنگانەی ناو سەرمەوە، تا کەتنێکم پێ نەکەن بێدەنگ نابن، تەنانەت دەرمانەکانیش ناتوانن بێدەنگیان بکەن. لەوەتەی کامیل ئیفلیج بووە، خۆشییەک بە دڵمدا نەهاتووه. خۆ بە ناشوکریش نەبێت هیچی بەبەرەوە نەماوە، تەنانەت لە و ساتەوەی هەستی بەوە کردووە، کە قانعی برای دەوروخولم دەدات، ئیتر وەکوو جاران بە ڕووشمەوە ناخەنێت. ئێستا قانع لەودیو هەر چاوەڕێمه، ڕەنگە وا بزانێت براکەی هێشتا نەخەوتووە، بۆیە خۆم نەگەیاندووتێ.”
ڕۆیشتە لای ژوورەکە و چەشنی دزێک دەستی خستە سەر دەسکی دەرگاکە، بەڵام هەرچەند زۆری لە خۆی کرد نەیتوانی دەسکی دەرگاکە لەنێو دەستیدا بجووڵێنێت، وەک ئەوەی لە ناخەوە هێزێکی نادیار تین و تاوی لەبەر بڕیبێت، دەرگاکەی بۆ نەکرایەوە و کشایەوە دواوە. هاتەوە نێو پێخەفەکەی و ڕاکشایەوه، تەماشایەکی بەرپەنجەرەکەی کردەوە، قانعی بەدی کرد، کە بە تووڕەیییەوە لەودیوی پەنجەرەکەوە وەستا بوو و سەیری ئەمی دەکرد، ئەم تۆقی و بە هەردوو دەستی چاوەکانی هەڵگڵۆفی، لە دڵی خۆیدا وتی: “نەء، ئەو نەبوو، هەر تەنیا تارمایییەک بوو هاتە بەر چاوەکانم”.
بەڵام ئەی چی دەبێت ئۆقرەی لێ هەڵبگیرێت و خۆی بکات بە ژووردا؟ تۆ بڵێی شتی وا بکات؟ ئەگەرچی هەردووکمان لە ناپەسەندی پەیوەنیدییەکەمان تێدەگەین، بەڵام چی بکەم؟ خۆ ئەگەر ئەو ئاگری ترس و ئازارەی ناخم نەبێت، کە ماوەیەکە هەناوم دەسووتێنێت، دڵم بۆی لێ دەدات.”
خەیاڵی دەیباتەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی، کە قانع دەهاتە بن کڵێشەی و بە قسە لووسەکانی هەستی ئەمی بەلای خۆیدا کێش دەکرد.
دوای نیوەڕۆیەک ئاسمان ڕووناک و خۆریش دەدرەوشایەوە، ئەم لە حەوشە دانیشتبوو و خەریکی پاککردنەوەی چیمەنەکە بوو، لە و ساتەدا گوێی لە تەقەی دەرگا بوو کرایەوە، قانع هاتە ژوورەوە، ئەم جارەش وەک جارەکانی تر بە پۆشینی بەرگە کوردییە تازە و بۆنخۆشە تایبەتەکەیەوە بەدەرکەوت، ئەم تا ڕادەیەک بە بۆنەکەی ئاشنا بوو. تەنیا بۆنە تایبەتەکەی نا، بەڵکوو ڕەشکردنەوەی قژە پڕ و ماشوبرنجییەکەی، کە بەلایەکدا شانەی دەکرد و هەروەها ئەو نیگا مانادارانەش، کە تێی دەگرتن و تۆوی حەزێکی نەخوازراوی تێدا شین دەکرد.
ئێستاش ئەو ڕۆژەی لەبیرە کە ڕۆیشت بەرەو ناندینەکه، کاتێ ئەم چایییەکی بۆ هێنا، لە بەردەمیدا داینا و گەڕایەوە ناندینەکه. کەچی قانع بە بیانووی ئەوەی گوایە چایییەکە تۆخه، هەر لەدوای ئەوەوە خۆی بە ناندینەکەدا کرد، لێی نزیک بووەوە و دەستی هێنا بە پشتملە نیمچە ڕووتەکەی و ئەمیش تەزوویەک بە گیانیدا هات. قانع هەردوو دەستی لە کەمەری ئالاند و سەری خستە بن گوێی و بە چپە پێی گوت: “ئەم کراسە پەمەیییەت جوان لێ هاتووە، وا بڕوات شێتم دەکەی، هەر ئەم ڕەنگە بپۆشە با شێتتر ببم.” لە و ساتەدا ئەم هیچ نیشانێکی ناڕەزایی دەرنەبڕی، گەرچی ئەو ڕەفتارەیشی بەلاوە بەجێ نەبوو.
ئەم ئەو شەوەی بە یادهاتەوە، کە لەنێو پێخەفەکەی ڕاکشابوو، هەر لەوە دڵنیا بووەوە کامیل نووستووە، بە پێدزکێ خۆی گەیاندە ئەو ژوورەی قانع تێیدا چاوەڕێی بوو. کە دەرگای ژوورەکەی کردەوە و قانعی بینی خۆی خزاندبووە سوچێکەوه. ڕووناکی ژوورەکەی داگیرساند. هەردووکیان بۆ ساتێک تەماشای یەکدییان کرد، قانع بە بزەیەکەوه: “ئەوە هاتی؟” ئەم بێ هیچ وەڵامێک یەکسەر لێی نزیک بووەوە و هەردوو دەستی لە ملی ئاڵاند. قانع لێوی نا بە لێویەوە و هەردووکیان بۆ ماوەیەک لێوی یەکدییان مژی… قانع دەستی بەنێو قژە درێژ و پڕەکەیدا دەگێڕا. تەزوویەکی گەرم هەردووکیانی داگرت، ئەم ماکسییەکەی لەبەری خۆی داکەند و لەسەر پارچە دۆشەکێک بە تەنیشت یەکترینەوە ڕاکشان و ڕوویان لە یەکدی کرد. قانع دەستی خستە سەر مەمکە نەرمەکانی، کە هەر لە دوو هەرمێی گەیو دەچوون، دەیگوشین. ئیدی تێکئاڵان.
لەودەمەدا دەنگی شکۆ لە و خەیاڵانەی دابڕی کاتێک بە دەم خەوەوە دەیگوت: “دایە، میزم دێت.” لە شوێنی خۆی قیت بووەوە، گڵۆپەکەی داگیرساند و سەیری کاتژمێرە هەڵواسراوەکەی کرد، کات لە نیوەشە و تێپەڕیبوو. بن پیلی شکۆی گرت و بردیە سەرئاوەکه، تەماشایەکی ئەو ژوورەی کرد، کە زۆرینەی شە و ئەم و قانع دەچوونە ئەوێ، بەڵام دەرگاکەی کرابووەوە، دالیا لە شوێنی خۆی وەستا و کسپەیەک ناخی هەژاند و تۆقی، سەرەڕای ئەوەش هێواش هێواش لە دەرگاکە نزیک بووەوه، دەستێکی گەیاندێ و لای کردە لاوە، ژوورێکی چۆڵ… “ئای خودایە! تۆ بڵێی کەی ڕۆیشتبێت؟ بۆچی من ئاگام لێ نەبووە؟ خۆ تا هەنووکە بەخەبەر بووم.” نیگەرانی ئەوە بوو چۆن وەڵامی قانع بداتەوە و سێ و دووی دڵی خۆی دەکرد.
چێشتەنگاو بوو، لەسەر کورسییەک پاڵی دایەوە، لەبەر ئەوەی خانووەکەیان لە شەقامی سەرەکییەوە نێزیک بوو، بەردەوام دەنگی ئۆتۆمبیل و لۆریە زەبەلاحەکان دەهاتن، گەڕەکەکەشیان لەو جۆرە گەڕەکانە بوو، کە هەر بەیانی خوا ڕۆژی دەکردەوە، دەبوو بە هەڵا و منداڵان کۆڵانیان بەرنەدەدا، دەستێگێڕەکانیش پەیتا پەیتا دەهاتن… بەڵام ئەو لە تەواوی جموجۆڵ و ژاوەژاوی دەوروبەری دابڕابوو، هەستی دەکرد، جەستەی وەک هەویر شل و داهێزراوە. خۆشی نەیدەزانی نەخۆشە، یان نا، هیچ شوێنێکی ئازاری هەیە، یان نا. هیچ کام لە ئەندامەکانی جەستەیشی ژانیان نەدەکرد، بەڵام هەر وەک تەواوی لەشی کوترابێ، هەستی بە ماندوویەتی دەکرد. چاوەکانی داخستن. بە یادی هاتەوە، کە قانع پێی گوتبوو: “هەر کاتێک بیری منت کرد، ئەوا سەرێک لە ژووری یەکتربینینەکەمان بدە.”
کە چاوەکانی هەڵهێنان قانعی بینی بە کراسێکی بۆر و شەرواڵێکی ڕەشی چڵکن و سەروقژێکی ئاڵۆسکاوەوە لە بەردەمیدا قیت بووەوە.
بە چاوە دەرپۆقیوەکانیەوە لەمی دەڕوانی، بەڵام هەر دەتگوت ئەو قانعەی جاران نییە و بگرە کەسێکی ترە، کەسێک ئەم هەرگیز بە و شێوەیە نەیبینیبوو. ئەم زارەترەک بوو، نەیدەزانی ئەو لە دەرگاکەوە هاتووەتە ژوورەوە، یان لە فڕۆکەیەکەوە بەر بووەتەوە خوارەوە.
هەردووکیان بە بێدەنگییەوە بۆ یەکدییان دەنواڕی. ئەم خەریک بوو دڵی لە سینەیەوە دەرچێت، قانع بێدەنگییەکەی شکاند و وتی: “دوێنێ شەو تا بەیانی چاوەڕێم کردی، بۆ نەهاتی؟” ئەم نەیتوانی یەک وشەش بڵێ، تەنیا وڕوکاس لە بەردەمیدا وەستابوو.
لەودەمەدا دەنگی هۆڕنی لۆرییەک بە ئاگای هێنایەوە. ئەمیش هەستا و بەرەو ناندینەکە ڕۆیشت. هەستی کرد تارمایییەک بە دواوەیەتی. سەرەتا وای بە خەیاڵدا هات شکۆ بێت، چونکە زۆر جار شکۆ ئەو یارییەی لەگەڵدا دەکرد، لەوساتەدا دەنگی قانع هاتە بەرگوێی: “دوێنێ شە و بۆ نەهاتی؟ ئەمشە و دێی؟” بە خهندەیەکەوە وەڵامی دایەوە: “دێم ئەی چۆن نایەم!” ئیدی هەر ئەوەندەی چاوترووکانێک ئەم ڕۆیشت و لەبەر چاوی ون بوو. هەر، کە لە ونبوونی قانع دڵنیا بووەوە، چووە حەوشە و لەژێر پلیکانەکان دەبەیەک نەوتی هێنا، بردی بۆ ژووری یەکتربینینەکەیان و بەسەر کەلوپەلەکانیدا ڕشت. دەبە نەوتەکەشی، کە کەمێک نەوتی لە بنی مابووەوە هەر لە ژوورەوە، بە تەنیشتی زۆپا کۆنەکەوە داینا، دەرگاکەی پێوەدایەوە و گەڕایەوە ناندینەکە.
ئەگەرچی لە ناخەوە هەستی بە شپرزەیی دەکرد، بەڵام لە بەردەم کامیل و شکۆدا هیچ نیشانێکی وای دەرنەدەخست، کە هەستی پێ بکەن. خۆ لە ڕاستیدا ئەو تەنیا بە جەستە لەوێ بوو، ئەگینا بە دڵ و بە گیان لەوێ نەبوو و هەزار ختورە بە مێشکیدا دەهات. تەنانەت بە درێژاییی شە و یەک وشەیشی لەگەڵ نەگوتن. کاتێکیش قانع هات، ئەم لە ناندینەکە بە بیانوی شووشتنی قاپەکانەوە لە چاوەڕوانیدا بوو، وەک جارەکانی پێشوتر دەرگای حەوشە و دەرگای هۆڵەکەی پێوە نەدابوو. دالیا دەیزانی هەر لەگەڵ چوونە ژوورەوەدا و لە دوای کڵۆمدانی دەرگاکە، دەبێت زوو کارەکە ئەنجام بدات. کە خۆی کرد بە ژووردا قانع ڕوخساری پێدەکەنی و ببووە یەک پارچە حەز. دالیا بە زۆر لەخۆکردنێکەوە زەردەخەنەیەکی بۆ کرد. ئەو ویستی باوەشی پێدا بکات، بەڵام ئەم کشایە دواوە و خۆی بە کلۆمدانی دەرگاکەوە خەریک کرد. پاشان دەستی خستە گیرفانیەوە، وەک ئەوەی بیەوێ لەوە دڵنیا ببێتەوە، کە ئاخۆ چەرخەکەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە یان نا؟ قانع لووتی گرت و بە دەنگێکی نزم و گنەوە پرسی: “ئەو بۆنە چییە، دەڵێی نەوت لێرە ڕژاوە؟!”
ئەمڕۆ شکۆ و منداڵەکان لە حەوشە یارییان دەکرد، بۆیە نەوتەکەم هێنایە ئێرە. دالیا وای گوت. لەگەڵ گوتنی ئەمەدا فرسەتی هێنا، چەرخەکەی لە گیرفانی دەرهێنا و چەخماخەیەکی لێ دا، هەڵیدایە نێو کەلوپەلە نەوتاوییەکانەوە و ئیدی هەموو شوێنیک بووە یەک پارچە ئاگر.[1]