ناونیشانی بابەت: پرۆلۆتیراپی چییە؟
ئامادەکردن: د. #ھەڤین کەمال شا محەمەد#
پرۆلۆتیراپی بریتتیە لە یەکێک لەھەرە تازەترین ڕێگاکانی چارەسەرکردنی جومگەو بەستەرەکان ..ھەروەھا توێژینەوەی زۆر ھەیە لەسەر ئەوەی کە دەتوانرێت بەکاربھێنرێت لە ئازاری بەردەوامی ھەندێ شوێندا.
پرۆلۆتیراپی بریتییە لە بەکارھێنانی دەرزییەک کە مادەییەکی ھاندەری تیادایە کە دەکرێتە جومگەکەو یارمەتیی درووست بوونەوەو چاک بوونەوەی جومگەکە دەدات ئەویش بە درووست کردنی ھەوکردنێکی کەم بۆ ماوەیەکی کاتی لەناو جومگەکەدا ، کەدەبیتە ھۆی زیاتر ڕۆشتنی خوێن بۆ ناو جومگەکەو زیادکردنی ھۆرمۆنی گەشەبۆ درووست بوونەوەی کرکراگە یاخود بەستەرە بریندارەکە.
ئەو ماددەی کەبەکار دێت لە پرۆلۆتیراپی دا ماددەی دیکسترۆزە (dextrose) بە چڕییەکی زۆر کەدەکرێتە ناو جومگەکە و یارمەتیی بەھێزکردنەوەی کرکراگەو بەستەرەکان دەدات.
پرۆلۆتیرابی یەکێکە لەو چارەسەرانەی کە چەند جەلسەیەکی دەوێت بۆ ئەوەی باشترین ئەنجامی ھەبێت ، باشتر وایە ھەمیشە 3 جەلسە بێت و نێوانیان مانگێک بێت ، دەتوانرێت ھەندێ جار لەنێوان 4 - 15 جەلسە بکرێت و دەتوانرێت ھەموو 3 - 6 مانگێک دووبارە بکرێتەوە ئەگەر ئەنجامەکەی زۆر باش نەبوو بە 3 جەلسە ، ئەویش دەکەوێتە سەر نەخۆشەکە خۆی و چۆنیەتی بەرگەگری بۆ دەرمانەکە.
$ئەو حاڵەتانە چین کەپرۆلۆتیراپی بەکار دێت تیایدا؟$
- برینداربوون و تەقینی کرکراگە لەھەر جومگەیەکی لەشدا.
- پچرانی بەستەرەکانی ناو جومگە یاخود دەرەوەی جومگە بە مەرجێک بەشێکی پچڕا بیت نەک ھەمووی.
- سەوەفان و داخورانی جومگەکان.
- ئەو کەسانەی تووشی ھەوکردنی بەستەری بنی پێ دەبن یاخود ئێسکی زیادەیان ھەیە لە بنی پیاندا.
- بوونی ھەندێ ئازاری لەناوچەی حەوزدا یاخود لە ناوچەی (pubic area) کەھەندێ ئافرەت لە دوای منداڵ بوونی زەحمەتەوە تووشی دەبن و بەھیچ کۆنترۆڵ نابێت.
- ئەو کەسانەی ئازاری بەردەوامی پشتیان ھەیە..وە زیاتر لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا:
- ئەوکەسانەی لەسەر عیلاجی بەردەوامن وەکوو ئازارشکێنەکان (NSAID) ەکان یاخود ستیرۆیدەکان لەگەڵ ئەوەشدا ھەمیشە ئازاریان ھەیە.
- بێھێزی ماسوولکەو بەستەرەکان و جومگەکانی پشت و ئازار تیایاندا بۆ زیاتر لە ماوەی 6 ھەفتە.
- بەکارھێنانی چارەسەری سرووشتی بۆ ماوەیەکی زۆر و بەڵام تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتیی سوودی ھەبێت.
- نەشتەرگەری بۆ کراوە وەو بەڵام بەردەوام ئازاری ھەیە.
- ئازاری ھەیە لە پشتیدا کەزیاد ئەکات بە وەرزش و بە پشوو کەم دەکات.
$مەترسییەکانی پرۆلۆتیراپی یاخود زیانە لاوەکییەکانی چین؟$
ھەتا ئێستا یەکێکە لەسەلامەترین ڕێگا چارەکان ، بەڵام لەھەندێ حاڵەتی دەگمەندا لەوانەیە ھەوکردن و التھاب درووست کات لەشوێنی لێدانی دەرزییەکەدا ، نەخۆشەکە لەو کاتەدا تووشی تا و ئازار دەبێت وە چارەسەر دەکرێت بە پێدانی دژەھەوکردنی گونجاو ، بوونی ئازار و ئاوسان لەشوێنی دەرزییەکەدا بۆ ماوەی دووسێ ڕۆژ کە دوای ئەوە نامێنێت.
$ئەو خاڵانە چین ئەبێت ئاگاداری بین لەکاتی ئەنجامدانی پرۆلۆتیراپی دا؟$
- باشتر وایە کە پرۆلۆتیراپی ئەنجام دەدرێت جۆری خواردنەکانمان بگۆڕین بۆ جۆرێک کە پرۆتینی زۆری تیادا بیت ئایە ڕووەکی بیت وەکوو پاقلەمانییەکان یاخود ئاژەڵی بیت وەکوو گۆشت و شیرەمەنیەکان ، ئەویش لەبەرئەوەی یاریدەدەری پرۆلۆتیراپی ئەکە ئەدەن بۆ درووست بوونەوەی بەستەر و ماسوولکەو کرکراگەکان.
- نابێت بەھیچ جۆرێک ئازار شکێنی جۆری (NSAID) وەکوو ڤوڵتارین ، مۆبیک ، پرۆفین وەرگیرێت لەماوەی ئەنجامدانی جەلسەکە ، باشترە دووسێ ڕۆژ پێش جەلسەکەش بوەستێنرێت.
- دوای نەمانی ئازارە و ئاوسانەکە پێویستە نەخۆش دەست کات بە وەرزشی گونجاو بۆ جومگەکە یاخود بۆ پشت.
- پزیشکی پسپۆر لەیەکەمەوە بە نەخۆش بڵێ کە لەوانەیە پێویستی بە 3 جەلسە ھەبێت بۆ ئەوەی بە تەواوەتی کەڵک ببینێت ، نەخۆش لەلایەنی دەروونیەوە خۆی ئامادە کات بۆی. [1]