$ئێراقێکی نەخۆش و گەڕان بەدوای چارەسەردا$
#عادل باخەوان#
#19-12-2021#
$ئێراق، ڕووبەرێکی دابەشبوو بەسەر چەندین جیاوازی نەتەوەیی، تایفی، کولتووری و ئایدۆلۆژیدا، دەکرێت لە یەکەم ڕوانیندا ئەم دۆخە وەک هەڕەشەیەک لەسەر بوونە دەوڵەتییەکەی وێنابکرێت و کۆی ئەو جیاوازیانە وەک نەخۆشییەکی کوشندە بە جەستە کۆمەڵگەییەکەیەوە بخرێتە سەر شانۆ، لەکاتێکدا دابەشبوون و جیاوازییە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگەیەک مەرج نییە هەمیشە هەڕەشە و مەترسیبن، بەپێچەوانەوە، دابەشبوون و جیاوازییەکان دەکرێت ببنە سەرچاوەی فراوان و دەوڵەمەندی درووستکردنی دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکی بەهێز، ئەگەر پرسی بەڕێوەبردنیان پێشتر کرابێتە بابەتی سەرەکی پێکهاتەکانی خودی ئەو دەوڵەت و کۆمەڵگەیە. $
بەشێکی زۆری ئەو کۆنفرانس و سەمینار و تەنانەت کۆبوونەوە داخراوانەش کە لە ساڵانی ڕابردوو و ئێستاشدا لەسەر ئێراق سازدراون بەدوای وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا دەگەڕێن: شیعە، سوننە، کورد، عەرەب، موسڵمان، کریستیان، بەجیاوای زمان، ئایین، کولتوور و تەنانەت جوگرافیا و مێژووشەوە، چۆن و لە چ هەلومەرجێکدا دەتوانن پێکەوە دەوڵەتێکی بەهێز و کۆمەڵگەیەکی تۆکمە لە ئێراقدا درووستبکەن ؟
ئەمە ئەو پرسیارەیە کە چەندین ناوەندی گرنگی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە و بۆ خۆپاراستن لە دەرەنجامە ترسناکەکانی هەڵوەشانەوەی ئێراق، بەدوای وەڵامەکەیدا دەگەڕێن و زۆر جاریش ئەم گەڕانە بەردەوامانە دەمانبەنەوە بۆ سویسرا! سەرەڕای چەندین جیاوازی گرنگی هەلومەرجی جوگرافی، مێژوویی، کولتووری و سیاسی، لێکچوونێکی زۆر بایەخداریش لەنێوان سویسرا و ئێراقدا هەیە و پشکنینی مۆدێلی سویسری و تێگەیشتن لەو لۆژیکەی کە کردوویەتی بە یەکێک لە دەوڵەتە هەرە تۆکمەکانی جیهان ڕەنگە هاوکاری ئێراقییەکان بکات بۆچوونە دەرەوە لە دۆخی ئەو شتەی کە سۆسیۆلۆژیای زانستە سیاسییەکان ناویناوە دەوڵەتی لەرزۆک.
سویسرا، چوار زمان، دوو ئایین، چوار خێزانی سیاسی گەورە، 26 کانتۆن، لەگەڵ هەموو ئەم جیاوازیانەشدا یەکێکە لە بەهێزترین دەوڵەتەکانی جیهان لەسەر ئاستی دامەزراوەیی، چالاکبوون، خزمەتگوزاری، بەختەوەری هاووڵاتییانی و لەسەر ئاستی سەقامگیریش هەمیشە نموونەیەکی باڵایە بۆ ئەوانی دیکە و دەکرێت وەک ئەفسانەی سەرکەوتن ناوزەدەی بکەین.
بێگومان ئەوەی ئەم ئەفسانەیەی درووستکردووە پێش هەموو شتێک ڕێککەوتنی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سویسریە لەسەر ئەو چوارچێوە چەمک گەراییەی (کۆنسێپتیولەی) کە سۆسیۆلۆژیای سیاسی ناویناوە کۆنسۆسیاسیۆن\consociation) و لە زمانی عەرەبیدا بە (تەوافوقیەت) ناسراوە و وەک پێویست پێناسەنەکراوە.
دەستپێکردنی مێژووی ئەم چوارچێوە چەمکگەرایە لەسەرەتاوە دەگەڕێتەوە بۆ پێناسەکردن و دەستنیشانکردنی پرۆسێسی درووستکردنی هۆڵەندا لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ئارەزوومەندانەی هەرێمەکان، بەڵام لەمڕۆدا ئیتر ئەم چەمکە لەوە دەرچووە کە تەنیا پێناسەکرندی دۆخێکی تایبەتی وڵاتێک بێت، بەپێچەوانەوە بووەتە مۆدێلێکی بایەخدار و گرنگ بۆ بەڕێوەبردنی ئەو کۆمەڵگەیانەی کە پەنجەمۆری جیاوازی گەورەی کۆمەڵایەتی، ئادیۆلۆژی، زمان و ئایینیان بەسەرەوەیە.
بۆ ئەوەی (کۆنسۆسیاسیۆن\تەوافوقیەت) لە وڵاتێکی وەک ئێراقدا، لەسەر هەمان مۆدێلی سویسری، سەرکەوتووبێت و دەوڵەت و کۆمەڵگەی ئێراقی لە کۆی ئەو نەخۆشیانەی کە یەک سەدەیە پێیانەوە دەتلێتەوە ڕزگار بکات، دوو مەرجی سەرەکی هەیە و بەبێ جێبەجێکردنیان هەر قسەکردنێک لە (کۆنسۆسیاسیۆن\تەوافوقیەت- سازان) هیچ واتایەکی نییە، جگە لە واتای بەتاڵکردنەوەی لەنێوەڕۆکەکانی و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش لەم بوارەدا ئەزموومی دەوڵەمەندی هەیە.
مەرجی یەکەم بریتییە لە داننان و سەلماندنی ئۆتۆنۆمی ئەو پێکهاتانەی کە کۆمەڵگەی ئێراقیان لێ درووستدەبێت. بۆ نموونە لە وڵاتانی وەک سویسرا، بەلیجکا و هۆڵەندا، هەر پێکهاتەیەکی کۆمەڵگەیی لەلایەن حیزبێک یان چەند حیزبێکی سیاسی تایبەت بەو پێکهاتەیەوە نوێنەرایەتی دەکرێت و دەنگدانی هاووڵاتییان بەپێی پارادیگمی هەر پێکهاتەیەک و لەنێو پێکهاتەکەدا دەمێنێتەوە.
تەنانەت هەر پێکهاتەیەکیش سەندیکا، قوتابخانە، زانکۆ، نەخۆشخانە و کەرەستەی گەیاندنی خۆی هەیە. درووست وەک ئێستای ئێراق کە دەنگی شیعە، سوننە و کورد لەنێو ڕووبەرە تایبەتەکانی خودی پێکهاتەکاندا دەمێنێتەوە و هەر پێکهاتەیەکش چەند حیزبێک نوێنەرایەتی دەکات و تەنانەت دەتوانین باس لەوەش بکەین کە هەر پێکهاتەیەک سەندیکا، قوتابخانە و زانکۆ و نەخۆشخانە و ....خۆی هەیە. ئەوەی ئێراق لەو وڵاتانەی دیکە جیادەکاتەوە پرسی دانپێدانان و سەلماندنە. بەپێچەوانەی هۆڵەندا، بەلجیکا و سویسراوە کە نەک هەر دان بە جیاوازی و پاشان ئۆتۆنۆمی پێکهاتەکاندا دەنێن، بەڵکوو شانازیشی پێوە دەکەن.
بەڵام لە ئێراقدا نەک هەر دان بە جیاوازییەکاندا نانرێت و ئۆتۆنۆمی پێکهاتەکان ناسەلمێنرێت، بەڵکوو هەمیشە وتارێک بەرهەمدەهێنرێت کە جیاوازی و ئۆتۆنۆمی پێکهاتەکان وەک کارەسات و نەخۆشی و ناپاکی و خەنجەر لەسەر دڵی دەوڵەت و کۆمەڵگە دەخاتە سەر شانۆکان. لە دۆخێکی ئاواشدا چوارچێوەی (کۆنسۆسیاسیۆن\سازان) هەموو شانسەکانی سەرکەوتنی لەدەستدەدات.
مەرجی دووەمیش بریتییە لە هاریکاری و پێکەوە کارکردنی بەردەوامی دەستەبژێرەکانی پێکهاتەکان بە یەکەوە، بۆئەوەی لەسەر ئاستی نیشتمانی ئیدارەی وڵات بکەن. گرنگی ئەم مەرجە لەوەدایە کە دەستەبژێری پێکهاتەکان بە یەکسانی بەشداری دەکەن لە بیناکردنی سیاسەتە نیشتمانییەکاندا و لە (کۆنسۆسیاسیۆن\سازان) دا هیچ پێکهاتەیەک، بە هەر بیانوویەکەوە بێت، مافی ئەوەی نییە کە هەژموون بەسەر پێکهاتەیەکی دیکەدا بکات و ئیرادەی خۆی بەسەر پێکهاتەیەکی دیکەدا بسەپێنێت.
سەرکەوتنی گەورەی سویسرا، بەلجیکا و هۆڵەندا لە جێبەجێکردنی تەندرووستانەی ئەم مەرجەدایە، تەواو بەپێچەوانەی ئێراقەوە کە هەر پێکهاتەیەک بەدوای سەدان بیانوودا دەگەڕێت بۆ ئەوەی هەژموون بەسەر پێکهاتەکانی دیکەدا بکات. جگە لەوەش هاریکاری نێوان دەستەبژێری پێکهاتەکان بۆ بیناکردنی سیاسەتە گشتییەکانی دەوڵەت لەسەر ئاستی نیشتمانی لە پلەی سفردایە، چونکە پێکهاتەیەک لەسەر بنەمای هەژموون تەواوی ئەو سیاسەتانە دەستنیشان دەکات.
لە 10ی ئۆکتۆبەردا هەڵبژاردن لە ئێراقدا بەڕێوەچوو، ڕەنگە لە سبەینێیەکی نزیکیشدا ئێراقییەکان حکومەتێکی نوێ درووستبکەن، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تراژیدیای ئێراق قوڵتر دەبێتەوە و هیچ حکومەتێکی نوێش ناتوانێت ڕزگاری بکات، لەبەرئەوەی تراژیدیاکە زۆر قوڵتر و فراوانتر و مێژووییترە لە درووستکردن یان نەکردنی حکومەتێک. ئێستا ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە ئێراقییەکان بەجیدی لە خۆیان بپرسن: چارەسەر لە کوێیە و چۆن لەم کۆڵانە داخراوە بێینە دەرەوە؟ [1]