18ی مانگ پارتی ئامادەیە، ئەی یەکێتی؟
هێڤیدار ئەحمەد
11-02-2019
ڕۆژی 02-10-2014 گەرمەی شەڕی دژی داعش بوو، من لەو ڕۆژەدا لەسەر (کەشتیی بوش) بووم لە کەنداو، فڕۆکەکانی ئەمریکا بۆ لێدانی داعش لەسەر ئەو کەشتییە دەفڕین. تاوەکوو گەیشتمە سەر کەشتییەکە، ئەدمیڕال ئادەم میللەر، فەرماندەی یەکەمی کەشتیگەلی پێنجەمی دەریاوانی ئەمریکا کە لەسەر کەشتییەکە بوو، پێیوتم پێش ئەوەی بڕیار بدەین بەشدار بین لە لێدانی داعش، ڕاپۆرتێک لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە بۆ ئێمە هات، تێیدا باسی ئەوەی کرد کە لە هەرێمی کوردستان، دیموکراسی هەیە و هەر چوار ساڵ جارێ هەڵبژاردن دەکرێت و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات هەیە و... ئەدمیڕاڵەکە بە منی وت لەسەر ئەم بنەمایە هاتین و بەرگریمان لە کوردستان کرد.
بایەخی پەڕڵەمانی کوردستان
هەموو ڕێگەکانی دیموکراسی بە پەڕڵەماندا تێدەپەڕن، شەرعییەتدان بە دەسەڵات، گۆڕینی یاساکان، وەرگرتنی بڕیاری نیشتمانی هەموویان دەبێت. مۆری پەڕڵەمانیان لەسەربێت. پێویستە لەسەر هەموو حیزبە کوردستانییەکان، بەتایبەت پارتی و یەکێتی کە دوو حیزبی دەسەڵاتدارن لە هەرێمی کوردستان، ڕۆڵی پەڕڵەمان کارابکەنەوە، هاوپەیمانەکانیش لە ڕێگەی دیموکراسییەوە، ئینجاش لە ڕوانگەی نەوت و جیوپۆلیتیکەوە سەیری کوردستان دەکەن، بۆیە حکومەتی ئەمریکا سەربازانی خۆی بەوە ڕازیکرد کە پشتی کورد بگرن، چونکە لە هەرێمی کوردستان، دیموکراسی هەیە!.
05-02-2019 پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە و بڕیاریاندا دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر سوێندخواردنی پەڕڵەمانتارانی خولی پێنجەم، ڕۆژی 18ی ئەو مانگە پەڕڵەمان کۆببێتەوە. خەڵک ئەم جارە زۆر بە ئومێدەوە دەنگیاندا بۆ هەڵبژاردنی پەڕڵەمانێکی نوێ، بەڵام خەریکە نائومێدی درووستدەبێت. ئێستا نیازی باش پەیدابوونە و بڕیارە ڕۆژی 18-02-2019 پەڕڵەمانی کوردستان کۆببێتەوە، ئەم جارە بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەڕڵەمانە، پێش کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتیش بە ڕۆژێک، پارتی و بزووتنەوەی گۆڕانیش دوور لە چاوی میدیا لەسەر هەمان پرس کۆبوونەوە.
کێبڕکێی دوو باڵەکە
بەربژێری یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆکی پەڕڵەمان هێشتا لەنێوان بەڕێزان بێگەرد تاڵەبانی و د.رێواس فایق کە هەردووکیان ئەندامی سەرکردایەتی حیزبەکەیانن و ئەندامی خولی پێشوو و ئێستای پەڕڵەمانی کوردستانن، ساخنەبووەتەوە، هەردووکیان و هەردوو باڵە پشتیوانەکەشیان تاوەکوو سەر ئیسقان کێبڕکێی یەکتر دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی یەکەمی پەڕڵەمانی کوردستان بۆ چوار ساڵی دیکە. بەڵام پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت 100% بوو بەڕێز قوباد تاڵەبانی یەکلابووەتەوە، هەرچەندە باڵەکەی بەرانبەر باڵی ماڵی تاڵەبانی هێشتا ملی بۆ نادات.
زۆر گرنگە یەکێتی لەسەر کاندیدی سەرۆکی پەڕڵەمان ، خۆی و پارتی ئیحراج نەکات و بەیەک بەربژێر بێتە نێو پەڕڵەمان. پارتیش مامەڵە لەگەڵ ئەو ناوە دەکات کە خوێندنگەی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی وەک بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی پەڕڵەمان پێشکەشی دەکات.
ئایا پێش (18/2/2019) پۆستی سەرۆکی پەڕڵەمان لەنێو یەکێتیدا یەکلایی دەبێتەوە! گومانێک هەیە کە ئەم کێشمەکێشە درێژە بکێشێ و ببێتە ئەگەری دواخستنی کۆبوونەوەی پەڕڵەمان. بەڵام خۆ ئەو گومانەم نییە یەکێتی کۆبوونەوەی پەڕڵەمان دوابخات، چونکە پێکەوە لەگەڵ پارتی ئەو بڕیارەیان داوە و هەر خۆشی تەحەمولی هەموو بڕیارێکی پێچەوانەی ئەو بڕیارە دەکات .
پارتی و گۆڕان؛ چوار ساڵ
پارتی هەر زوو لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان گەیشتە ڕێککەوتن. پارتی ڕێکە لەگەڵ سەرکردایەتی گۆڕان بۆ پێکەوە کارکردنێکی چوار ساڵە کە لە بەرژەوەندی کوردستان بێت و لە دژی یەکێتی نەبێت. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ، پارتی و گۆڕان و هەموو خەڵکی کوردستان زیاتر لە سێ مانگە چاوەڕوانی یەکێتی دەکەن کە خۆی ساخ بکاتەوە .
ڕۆژی 07-02-2019 بەڕێز کۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی دوور لە چاوی ڕاگەیاندن، لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی کۆبووەوە. بەپێی قسەی برادەرانی یەکێتی کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوو بوو .
ڕۆژی 18-02-2019 جگە لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەڕڵەمان، لە شاری هەولێر کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش دەکرێت، مەبەستی سەرەکی لەو کۆبوونەوەیە ئەوەیە کە داوا لە بەغدا بکرێت ، کەرکووک لە شارێکی سەربازییەوە بگۆڕێت بۆ شارێکی خاوەن دەسەڵاتێکی مەدەنی ، هەروەک گوتەبێژی یەکێتیش لە دوایین پرێسکۆنفرانسدا وتی .
هەگبەی چارەسەرکار لە بەغدا
یەکێتی ساڵێک و چوار مانگ دوای ڕووداوەکانی 16ی ئوکتۆبەر هەوڵیدا بەتەنیا لەگەڵ بەغدا و بەبێ پارتی دۆسیەی کەرکووک لەگەڵ بەغدا یەکلاییبکاتەوە، بەڵام نەیتوانی . بەغداش ئەم دۆسیەیە زیاتر لەگەڵ پارتی چارەسەر دەکات . دۆسیەی کەرکووک بەشێکی سەرەکی بوو لە مژارەکانی سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان بۆ بەغدا . ئەو کەسەی بەوە ناسراوە کە هەمیشە گرێیە ئاڵۆزەکان دەکاتەوە. نێچیرڤان بارزانی لە ڕۆژی 07-02-2019 لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی ئێراق کۆبووەوە ، بەرەو چارەسەر ڕۆیشتن لە سیمای کۆبوونەوەکە و لە قسەکانی دوای کۆبوونەوەکەش بۆ ئێمە ئاشکرا بوو.
بڕیارە دوای کۆبوونەوەی یەکەمی (هەولێر) ، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پردێ یان شارۆچکەیەکی دیکەی سەربە کەرکووک کۆببێتەوە و تورکمان و عەرەبیش تێیدا بەشدار بن. پارتی نایشارێتەوە کە پۆستی پارێزگاری کەرکووک پشکی کوردە و نایەوێت لەسەر ئەو پۆستەش لەگەڵ یەکێتی بیکاتە کێشە، بەڵام دەبێت. یەکێتیش تەفەهومی ئەوە بکات کە دەبێت. کەسێک بۆ ئەو پۆستە دابنێت پارتیش پێی ڕازیبێت.
وەرگرتنی پۆستی پارێزگار و وەزیری داد لە بەغدا ، خواستی یەکێتین بۆ کۆبوونەوەی 18ی ئەم مانگەی پەڕڵەمانی کوردستان، بۆیە یەکێتی دەیەوێت پێش ئەو وادەیە پارتی ڕازی بکات بە پێدانی هەردوو پۆستەکە. ئەمەش جەوهەر و بناغەیەکی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییە دەبێت. کە یەکێتی دەیەوێت بۆ چوار ساڵی دیکەی حوکمڕانی لەگەڵ پارتی دایبنێت.
بارزانی بڕیار دەدات
یەکێتی داوای شەش وەزارەت دەکات لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ، بزووتنەوەی گۆڕان داوای چوار وەزارەت دەکات، ئەگەر بە داوای یەکێتی و گۆڕان بێت، بەهەردووکیان لە پارتی زیاتر پۆستەکانی حکومەتیان بەردەکەوێت. یەکێتی 21 کورسی لە پەڕڵەمان هەیە، بزووتنەوەی گۆڕانیش 12، بەڵام پارتی بەتەنیا 45 کورسی هەیە . واتە یەکێتی و گۆڕان 12 کورسییان لە پارتی کەمترە . ئەگەر بە جوگرافیاش بێت وەک یەکێتی دەڵێت: مەعقول نییە، پشکی ئیدارەی یەکێتی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک زیاتر بێت .
ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە، ماوەی 27 ساڵە قەت لە هیچ حکومەتێکدا پارتی داوای لە هیچ حیزبێک نەکردووە لە پشکی خۆی پۆستێک بداتە پارتی ، ئەوە هەمیشە حیزبەکانی دیکەن، بەتایبەت یەکێتی لە هەولێر و بەغدا جگە لە مافی خۆیان داوای پۆستی پارتیش دەکەن، پارتی هەمیشە مەرد بووە و پۆستی بەخشیوە، نەک بۆ ئەوەی بڵێن پارتی بەخشندەیە، بەڵکوو لە پێناو سەقامگیری دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری کوردستان بووە. هەرچەندە ئەم جارە لەسەر ئاستی قاعیدە ناڕەزاییەک هەیە کە نابێت ئەم جارە سەرکردایەتی پارتی لە پشکی خۆی پۆست ببەخشێتە لایەنەکانی دیکە، بەتایبەت یەکێتی، بەڵام قسەی کۆتایی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان لای جەنابی سەرۆک بارزانییە.
چونکە ئەگەر بە دیموکراسی بێ، وەک ئەو ئەفسەرەی لەسەر کەشتیی بووش کە پشتگیری کوردستان دەکات، پارتی و هاوپەیمانەکانی دەتوانن بەبێ یەکێتی حکومەت و پەڕڵەمان پێکبهێنن، بەڵام حکومەتێک بەبێ یەکێتی ئاسان نییە، بگرە هیچ کەسێک لەم هەرێمەدا پشوو ناکات. ئەم جۆرە وێنەیە لەسەر یەکێتی (باش نییە و بگرە زۆر خراپیشە) بەڵام پێویستە برادەرانی یەکێتی هەست بەوە بکەن کە پارتی بەبێ یەکێتی حکومەت پێکناهێنێ، ئەوانیش چیدی باش نییە یاری بە کات بکەن.
من وێنەیەکی نێو پەڕڵەمان پێشانی ئێوەی بەڕێز دەدەم. وەک فراکسیۆنەکان بەردەوام لەگەڵ یەکدی دادەنیشین، باسی پێکهێنانی حکومەت دەکەین و نایشارینەوە کە دڵگرانین لە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، بێگومان ئەمە لەلای برادەرانی یەکێتی، گۆڕان و حیزبەکانی دیکەش بەدیدەکرێت . هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی خولی چوارەمی پەڕڵەمانی کوردستان بەهیچ شێوەیەک دووبارە نەکەینەوە، کێشەکان چەندە گەورەبن، لەنێو پەڕڵەمان بچووکیان بکەینەوە. [1]