ناونیشانی بابەت: شۆڕشی ڤایرۆسەکان
ئامادەکردن: #گۆران ڕەسوڵ#
=KTML_Bold=یەک=KTML_End=
پێچەوانەی ئەو هەڵپەیەی مرۆڤ کە بۆ گۆڕانکاریی و بۆ داپڵۆسین و کۆنترۆڵکردنی هەموو گەردوون هەیەتی، ڤایرۆسەکان بەئارامییەکی زۆر و بەشاراوەیییەوە جەستەی مرۆڤ دەتەنن و ئەو هێز و دەستەڵاتە چاوچنۆکییەکەی مرۆڤ دەخەنە بەردەم پرسیار و گومان. بە جۆرێک کە ڤایرۆسەکان نەک هەر دەبنە مەترسی بۆ سەر گیانی کۆمەڵێک کەس، بەڵکوو لە زۆر باردا گرفت و کۆسپی گەورە بۆ کەرتی ئابووری و پەروەردە و لایەنەکانی تر لە جیهاندا درووستدەکەن. بەدرێژایی مێژووی کاپیتالیزم، سەرمایەدارەکان و سیستەمە کاپیتالیزمە سیاسییەکان مرۆڤ، ئایین، زانست و هەر شتێک لە گەردووندا هەیە خستوویانەتە خزمەتی خۆیان و بە بەردەوام سەدان شێوازی جیاوازی کۆیلایەتیی و کۆنتڕۆڵکردنیان هێناوەتە کایەوە. کاپیتالیزم لەپێناو دەستکەوتەکانی خۆی، فۆڕم و ماهیەتی هەموو شتێکی گۆڕی، بە جۆرێک تەنانەت جووڵەی و ماوەی بەرهەمهێنا و درووستبوونی هەموو بەرهەمێکی سرووشتیی و دەستکردیشی خستە ناو ماکینەی خێرایییەوە. درووستکردنی خواردنی خێرا، خێرا گۆڕینی شێوازی ژیان، پێشبڕکێکردن لە خێرا خستنەبازاڕی کەلوپەل و ئامێرەکان، ڕێژەی زۆر و خێرا بەرهەمهێنانی هێلکە و مریشک و تەماتە و تەنانەت ئاوی دڵۆپێندراو. ئەمە جگە لە قوتوونانی هەموو جۆرە سەوزە و میوە و گیانەوەرێک. هەر بۆیە دەبێ لە وەها سەردەمێکدا چاوەڕێی مەرگی خێرا و ڤایرۆسی خێراش بیبن. چۆن سەرمایەدارەکان خێرا لە ڕێگەی وزە و ژیانی خەڵک، لەسەر دابڕینی سرووشت و پڕکردنەوەی زەریاکان خێرا بوونە خاوەن سامان و داهاتی سەدان بیلیۆنی، ڤایرۆسێکی خێرا و بزاوتیش دەبێتە خاوەنی جیهان و کۆنتڕۆڵی هەموو بازاڕ و بۆرسە جیهانییەکان دەکات. ئینسان هەرچەندە پێشبکەوێت یان هەوڵی کۆنترۆڵکردن و قۆزتنەوەی سەرچاوەکان بکەوێت، ناتوانێت شەڕی سرووشت بکات، لەگەڵ ئەوەشدا دووبارە هەر مرۆڤ بە گشتیی و بە شێوەیەکی تر دەبێتەوە بە قوربانیی.
=KTML_Bold=دوو:=KTML_End=
لەژێر دروشمی بەجیهانییبوون “Globalization”دا، سەرمایەداریی بە شێوەیەکی تر دەستی بەسەر ئابووریی و ئاساییش و هەموو سێکتەرەکانی ژیانی مرۆڤدا گرت، ئەمەش بۆ ئەوەی جیهان ببێتە گوندێکی بچووک و سەرمایەدارەکان ئاسانتر و خێراتر کۆنتڕۆڵی بکەن. بەڵام کاتێک ململانێی گەورە و چاوچنۆکانە لەناو سەرمایەدارەکان و بازرگانەکان دەگاتە ئاستی ئەوەی کە هیچ بەهایەک بۆ مرۆڤ و گیانلەبەران و سرووشت نەمینێتەوە و لە ڕێگەی سیاسەتی وڵاتانەوە ئەم جەنگ و ململانێیە تۆخ بکرێنەوە، ئەم هەسارە دەکەوێتە بەردەم سەدان هەڕەشەی گەورە و قەیران و وێرانکاریی. یوڤال نۆح هەراری، پڕۆفیسۆر و مێژووناس، لە کۆربەندی ئابووریی جیهانیی 2020 لە داڤۆس لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەدا کە ڕەنگە لە داهاتوودا شۆڕشی ڕۆبۆتەکان بە جۆرێک بێت کە مرۆڤ هاک بکات و هەموو ئاکتێکی مرۆڤ بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕۆبۆتەکان، هێزی هەموو گۆڕانکارییەکان لە شوێنێکدا لە دەستی مرۆڤ دەردەهێندرێت و دەکەوێت دەست ڕۆبۆتەکان کە ڕەنگە ئاڕاستەی گۆرانکاریی و ئامانجەکان پێچەوانە ببنەوە. ئەمەش پێشبینی جۆرێکی تری بەجیهانیبوونە لە ڕێگەی ڕۆبۆتەکانەوە، کە دەکرێت بڵێین بە ڕۆبۆتبوون “Robotization” و هەموو سیستەمەکانی بەڕێوەبردن ببن بە بەشێک لە “Robotic Globalization”. بەڵام بەر لە شۆڕشی ڕۆبۆت و ئامێرە پڕ دوگمە و شاشەدارەکان، ڤایرۆسەکان پەیامێکی تریان بۆ مرۆڤ و گڵوبالیزمییەکەی کاپیتالیستەکان نارد، کە زۆر بەئاسانیی لە ڕێگەی ڤایرۆسێکەوە ئەم گوندە لێکدراوە دووبارە بەهای بۆ بگەڕێتەوە و چی تر لە ڕێگەی بەگڵوبالیزمبوونیی ئابووریی و کۆمەڵایەتی و بەجهیانیبوونی هەموو سێکەتەرەکانی ترەوە خوێنی مرۆڤ نەکرێتە کاڵا، سرووشت و هەموو پێکهێنەرەکانی نەخرێنە ناو قوتوو و نەبن بە خواردنی خێرا. هەر بۆیە بەر لەوەی مرۆڤ ڕووبەڕووی جەنگی ڕۆبۆتەکان ببێتەوە، شۆڕشی ڤایرۆسەکان بە مرۆڤ دەڵێن کە ئەم بە جیهانیبوونە دەبێت ببێتەوە بە دوو لەت و “جیهان” نەبێتە کۆیلەی “بوون”.
=KTML_Bold=سێ:=KTML_End=
شۆڕشی ڤایرۆسەکان هەر وەستانێکی کاتیی و شەپۆلێکی تاعون و مردن نییە، بەڵکوو جیهان هەر وەک دوای 11ی سێپتێمبەری 2001 پێدەنێتە قۆناغێکی ترەوە. لەمەودوا وڵاتان و هەموو سیستەمەکانیان ناچاردەبن بەراوردی خۆیان لەسەر بنەمای پێش کۆڤید-19 و دوای کۆڤید-19 بکەن. ڕەنگە دوای کۆڤید-19 بۆ هەر سیستەمێکی بەڕێوەبردنی تەندرووستیی یان ئابووریی بژاردەی جۆراوجۆر هەبن، بەڵام لەمەودوا ڤایرۆسەکان نێچیرێکی ئاسان نابن و هەر وەک فراوانبوون هێز و باڵادەستی مرۆڤ ئەوانیش بە فۆڕمی نوێ و بە باڵادەستییەوە نمایشی خۆیان دەکەن. بە جۆرێک لە داهاتوودا ڤایرۆسەکان و ڕۆبۆتەکان لە یەک کاتدا دەبەن بە یەک بەرە دژی مرۆڤ. کۆڤید-19 جارێکی تر ئەوەی بۆ سەلماندینەوە کە دەستەڵات و هێزی کاریگەر پەیوەندی بە بچووکی و گەورەیی قەبارە نییە، ڤایرۆسێکی ئێجگار بچووک جیهان لە جووڵە ڕادەگرێت و دەیخاتە بەردەم قۆناغێکی نوێ و جیاوازەوە. هەر بۆیە شۆڕشی ڤایرۆسەکان لە سەدەی بیست و یەکدا، شۆڕشی درووستکردنی چەندان پرسیارن دەربارەی داهاتووی مرۆڤ کە لە شوێنکدا مرۆڤ دەخاتەوە ناو قاوغەکەی خۆیەوە و لە وەهمی سەنتەربوونی لەم گەردوونەدا ڕایدەچڵەکێنێت. [1]
Questo articolo è stato scritto in (کوردیی ناوەڕاست) lingua, fare clic sull'icona
per aprire l'articolo in lingua originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Questo oggetto è stato visto volte 117
Scrivi il tuo commento su questo articolo!