ناونیشان: کوردستان وەک تێکساس
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #23-05-2016#
لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕی #داعش#، دەرهاویشتە نەرێنییە سۆسیۆلۆژییەکانی شەڕەکە بەسەر کوردستانەوە زۆرتر دەردەکەون. ئەو تاوانانەی بۆ نموونە لە مانگی ڕابردوودا کراون، پشکی شێری ئەنجامدەرانیان بەر پێشمەرگە کەوتوون.
لەبەرئەوەی پێشمەرگە لە هەلومەرجی دژواردا خەریکی شەڕی دژی داعشە، کەس دڵی نایەت بەکراوەیی قسە لەسەر ئەو دیاردەیە بکات، بەڵام ئیشی ڕاست ئەوەیە قسەی لەسەر بکەین و نەهێڵین پێشمەرگە بۆخۆی خیانەت لە ناوی خۆی بکات.
ئەو دوژمنەی دوو ساڵە پێشمەرگە لە دژی دەجەنگێت، هێندە دڕندەیە کە داهێنان لە دڕندایەتیدا دەکات. ڤیدیۆی ئەو داهێنانانەشی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بڵاودەکاتەوە و هەموان دەیبینن. هەرچەندە ئەمە پێشمەرگەی کەممووچەی ناپڕچەک ڕقئەستوور دەکات بەرانبەر داعش، بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێ کاریگەریی خراپی دەروونیشی لەسەری دەبێت.
هەفتەی ڕابردوو گرووپێکی پێشمەرگە لەنێو #سلێمانی# هێرشیان کردە سەر پۆلیسێکی هاتوچۆ. پۆلیسێک کە ویستوویەتی هەمان ئەو سیستمە بپارێزێت کە پێشمەرگە خوێنی خۆی بۆ پاراستنی دەڕێژێت. چەند هەفتەیەک پێشتر ئەفسەرێکی پێشمەرگە لەنێو #هەولێر# گەنجێکی کوشت و بە ئۆتۆمبێل بەسەریدا ڕۆیشت تەنیا لەسەر ئەوەی فوول لایتی لێداوە.
هەر لەم مانگەدا چەند کەیسێکی دیکەی توندوتیژیی خێزانی و خوێنڕشتن هەبوون کە ئەنجامدەرانیان پێشمەرگە بوون. زەنگی مەترسی لێدراوە و نابێ لێیگەڕێن ئاوا تێپەڕێت!
دەتوانین قسەی ئایدیاڵی بکەین و نموونەی سوپای پورتوگال بهێنینەوە کە کاتێک ساڵی 1974 کودەتایان کرد بەسەر دیکتاتۆریدا، لەنێوەڕاستی شاری لیسابۆن کەژاوەکەیان گەیشتە ترافیک لایتێک کە گڵۆپەکەی سوور بوو.
فەرماندەی کودەتاچییەکان فەرمانی دابوو کە نابێ هیچ ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لە گڵۆپی سوور بدات. با کات نەبێت و با پێویستیش بێت پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی پلانی کودەتا، بەڵام بەقسەی فەرماندەکە: ئامانجی کودەتا ئەوەیە یاساشکێنی نەهێڵدرێت، بۆیە ناکرێ خۆمان یاساشکێنی بکەین.
ئەمە نموونەیەکی ئایدیاڵییە و چاوەڕوان ناکەین هەندێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە بە پاساوی ئەوەی تازە لە شەڕی داعش گەڕاونەتەوە نێو شارەکان، فێربن لە گڵۆپی سوور نەدەن و بە ئۆتۆمبێلی سەربازی خەڵکی مەدەنی هەراسان نەکەن، بەڵام چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە لەپەنای مەشقی سەربازی، مەشقی ڕەوشتی بەرزی پێشمەرگانە و چاودێریی دەروونیش وەربگرن.
شەڕی داعش وایکرد دەنگی فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان و سەرباز بەسەر دەنگی ئەندازیارانی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانیدا لە کوردستان زاڵتر بێت. ئەمەش ئاساییە و دەرهاویشتەی ئەو ڕەوشەیە کە لە هەر وڵاتێک لە حاڵەتی جەنگدا بێت درووست دەبێت، بەڵام نابێ ئەمە پاساو بێت بۆ ئەوەی فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکانمان کوردستان بگەڕێننەوە سەردەمی بێ هەرەج و مەرەجیی پاش ڕاپەڕین و ڕۆژانی شەڕی نێوخۆ.
ئەو ڕۆژانەی کوردستان بۆخۆی تێکساسێک بوو و تێیدا بکوژ هەمیشە وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچوو. [1]