ناونیشانی بابەت: شێوازی خێزانی ڕێپێدەر
ئامادەکردن: #لەیلا بەرزنجی#
شێوازی ڕێپێدراو بە واتای ئەوە دێت کە دایک و باوک بەرانبەر منداڵەکانیان لێبوردە بن لە هەمان کاتدا لێبوردەیی بنوێنن، پاڵپشتییان بکەن لەو کارەی کە ئارەزوویانە بە مەرجێک لە چوارچێوەی کولتوور و عاداتی کۆمەڵگە دەرنەچێت و لا نەدات، واتە لەدەرەوەی بازنەی قەدەغەکراو نەبێت.
منداڵ زۆرجار لە لێبوردەیی و دڵنەرمی دایک و باوکی هەڵ دەقۆزێتەوەو، دەزانێت بۆ ڕازیکردنی ئەوکارەی کە دەیەوێت بیکات باش بێت یان خراپ دەبێت ڕێگایەکی تایبەت بگرێتە بەر، جا بە بێتاقەتکردنی خۆی بێت یاخود خۆنەخۆشکردن بێت یاخود دەمبەستن و ناننەخواردن و دوورەپەرێزی بێت هەتا دەربکەوێت کە ناڕازییە، ئەمەش وادەکات دایک و باوک ڕەزایەت و ڕێپێدان بنوێنن، هەتا ئەگەر بەدڵیشیان نەبێ، ئەمە بە تایبەتی ڕووبەڕوی ئەو خێزانانە دەبێتەوە کە ئازادییەکی ڕەهایان داوە بە منداڵیان و، سەربەستییەکی لەسنووربەدەر بە ناوی سینەفراوانی و ڕێپێدەریەوە کە زۆر هەڵەیە.
دایک و باوک دەبێت بزانێت چۆن مامەڵەی گونجاو دەکەن لەگەڵ قوناغەکانی گەشەی منداڵەکانیان و، ئەوکارەی کە دەیانەوێت منداڵیانی لەسەر پەروەردە بکەن دەبێت لە خۆیاندا ڕەنگ بداتەوە هەتا ببێتە بنەمایەک بۆ ڕێزگرتن و خۆشەویستیی ئەوانی تر.
شێواز و ڕەفتاری دایک و باوک گرنگییەکی بەرچاوی هەیە بۆ منداڵ و، دەگوازرێتەوە بۆی کە دەببێتە هۆی درووستبوونی کەسایەتی و بنیادنانی ئاکارەکانی کە ئەمەش وادەکات بوونی خۆی لەناو خێزانەکەی لا گرنگ دەبێت، پەرە دەدات بە توانستە شاراوەکانی و دەرفەت لە بەردەم بەهرەکانی دەکرێتەوە و، لەلایەکی تریشەوە دایکان و باوکان دەبێت ڕێگا بە منداڵەکانیان بدەن کە خۆیان هەڵبژاردن بکەن و ڕۆڵببین هەتاوەکوو وەک کەسێکی سەربەخۆ دەربکەون کە هەست بە بوونی خۆیان بکەن لەگەڵیاندا بن، زەمینەسازی بکەن هەتا منداڵیش پشت بەخۆی ببەستێت و ببێتە کەسێکی بەسوود بۆ کۆمەڵگەکەی.
لێرەدا ئەم شێواز و ڕێگایە لەو خێزانانە دێتە بەرهەم کەمنداڵ حسابی بۆ دەکرێ و بیروبۆچوونەکانی بەهەند وەر دەگیرێ و، ڕێز لە دەربڕین و هەستەکانی دەگیرێت، کردەوەکانی لەناو ئەندامانی خێزان لە بەرچاو دەگیرێ بە هەموو شێوازەکانی، مامەڵەی شیاو گونجاوی لەگەڵ دەکرێت، تەواوی خێزانەکە ئەرک و کارەکانیان لە چوارچێوەی سنوورێکی دیاریکراو بە یاسا و ڕێسای تایبەت بەخۆیان دەگیرێتە بەر.
پێویستە دایک و باوک لە ئاستی هەڵەی منداڵدا لێبووردە بن، بەڕادەیەک دەرفەتیان پێ بدەن؛ سەرەتا ئاگاداریان بکەنەوە لەوەی کە لەسەر ڕێگایەکی هەڵەن لە هەمانکاتدا، ڕێگای ڕاستی پیشان بدەن هۆکارەکەی بۆ ڕوون بکەنەوە کە بۆچی هەڵەیە هەتا منداڵ تێبگات و بە باوەڕەوە هەڵبژاردن بکات، ئەگەرهاتو نەگەیشتە ئەو باوەڕە پێویستە سزا بۆ منداڵ دابنێن بە گوێرەی هەڵەکەی کە ئەنجامی داوە نەک سزاکە گەورەتر بێت لە هەڵەکەی، چونکە منداڵ تووشی سەرکێشی دەبێت و بەرهەڵستی و بەرپەرچدانەوە دەنوێنێت لەبەرانبەر ڕێگری و هەڵەکانی و، لەو کاتەدا منداڵ لەدەست دەردەچێت و ناتوانی ڕێگەی لێ بگری کاتێک هەڵە دەکا، تەواوی ئەندامانی خێزانەکە تووشی هیلاکەت و ژانەسەر دەکات.
دایک و باوک هەرکاتێک تایبەتمەندییەکانی گەشەی منداڵیان زانی و، زانییان چ جۆرە ڕەفتار و گوفتارێک گونجاوە، ئەوکات کاریان زۆر ئاسانتر دەبێت، کاتێک کەشی خێزانەکە پڕ بوو لە ڕێزگرتن و گفتوگۆ و پێکەوەدوان و خۆشەویستی، کە لە چوارچێوەی کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای داڕێژراو کە تەواوی ئەندامانی خێزانەکە پێوەی پابەندن و تێیدا هەمووان بیروبۆچوونیان دەردەبڕن ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی لەناو خێزانەکەدا ڕەنگ دەداتەوە؛ هەمووان گرنگی بەیەک دەدەن.
لێرەدا شێوازی خێزانی ڕێپێدەر منداڵێک پێشکەش بە کۆمەڵگە دەکات کە نابێتە بارگرانی بەسەر خۆی و خێزان و کۆمەڵگەوە، بەو هۆیەشەوە دایک و باوک دەبێت سەربەستییەکی لەڕادەبەدەر نەدەن بە منداڵەکان بە ناوی سینەفراوانی و پێشکەوتنەوە چونکە دوایی دەبێت خۆیان ڕووبەڕووی سەرکێشیی منداڵەکەیان ببنەوە کە چارەسەرکردنی زۆر سەخت دەبێت. [1]