ناونیشانی بابەت: لە پێدەشتەکانی #هەولێر#ەوە بۆ سۆشیالیزم
ئامادەکردن: نەجات نووری
لەم ڕۆژانەدا (57 ساڵ خولانەوە لەژێر وەهمی شۆڕش دا) کە دەکاتە پەڕتووکێک بۆ یادەوەریەکانی (حازمی عەلی کوتەک) م خوێندەوە، جارێ دەبێت لەوەدا ڕابووەستین کە چ سیحرێکە خێزانێکی گەورە پێکەوە کە زیاتر لە بیست کەس دەبن لە باوک و دایک و کوڕ و براو ئامۆزا و خزم پێکەوە بەرەیەک پێکبهێنن و ڕێگای خەبات لەپێناو بەدیهێنانی سۆشیالیزمدا لە پێدەشتەکانی هەولێرەوە بگرنەبەر و لەو پێناوەدا تەمەنی خۆیان ببەخشن و ئازار بچێژن و قوربانی بدەن و ئاوارەی و برسێتی بکەنە ڕێگای خۆیان بەبێ هیچ سڵکردنەوەیەک لە دوژمنان و ببنە شیوعی، ئاخر زۆرکات گرنگی لە تێکۆشاندا نییە بەقەدەر ئەوەی کە دەبێت بزانیت بۆچی و لەپێناو چیدا خەبات دەکەیت، گرانە کەسانێک بتوانن ڕێگای سۆشیالیزم بگرنەبەر کە لە دوورەوە شتێکی کەمیان لەبارەوە بستووە و بە ڕێگای هەق و دادپەروەریان زانیوە، لە پەڕتووکەکەوە ئێمە بە گیان و قوربانی خێزانێک دەگەین وردەوردە دەبنە هەڵگری ئەو گیان بەختکردوانەی کە خۆیان بۆ شیوعیەت بە قوربانی دەدەن، بەڵام لە کوێدا حزبی شیوعی دەرەقەتی ئەم قەرەبوودەکەنەوەیە دێت؟ جوانی و گەورەیی ئەم خێزانە لەوەدایە کە لە پێدەشتەکانی هەولێرەوە چەند تاریک و دابڕوایشبووبێت، هاتوون بوون بە شیوعی و پێکەوە شانیان داوەتە بەر گرتنەبەدی ڕێگایەک بۆ ئەوان دەکاتە ڕێگای دادپەروەری و تێکۆشان، کێ لەناو ئەو هەزاران نەخوێندەوار و ئیماندارانەوە ئەوەی فێری ئەم ماڵباتە ماندووە کرد کە بۆ سۆشیالیزم پێکەوە تێبکۆشن؟ گەورەی ئەم ماڵباتە بۆ تێکۆشان بە ڕاستی جێگای فەخری میللەتێکە کە بەئازارەوە بۆ دەیان ساڵ پێکەوە قوربانیان دا لەپێناو شۆڕش و دادپەروەری دا، لەپێناو ئەوەی لە دواڕۆژدا میللەتێک بە خواستە گەورەکەی خۆی بگات کە دەکاتە دادپەروەری و ئازادی.
کاتێک لەم لاپەڕانەوە ئێمە بە ئازایی و ماندوونی ئەم ماڵباتە دەگەین، لەوەدا دەگەینە ئەو پرسە گرنگە کە چۆن چۆنی کەسانێک لەکاتی خۆیدا زۆرباش لە کۆمۆنیزم و سوشیالیزم دەگەیشتن کەچی ئامادەنەبوون بۆ یەک ساتیش ڕێگای شۆڕش و خەبات بگرنەبەر، کەچی ئەم خێزانە ڕێگای سوشیالیزم دەگرنەبەر بەبێ ئەوەی زۆرباشیش لە ماناو ناوەرۆک و شیکاریەکانی بگەن، دەبن بە شیوعی و ناچنە ناو هیچ لایەنێکی ترەوە لەو ڕۆژگارەدا، ئەمە دەکاتە ئەو وشیارەیەی کە لەم گیانانەدا خۆی دەردەخات، لەو خاڵەدا دەگەنە لوتکە کە ئەوان دەتوانن لەناو هێزێکی بچوکەوە بۆ دادپەروەری قوربانی بدەن، نەک لەناو ئەو لایەنانەی کە زۆرن و لەکۆتای دا بە هیچ ناگەن.
لاپەڕە بە لاپەڕە لەم یاداشتانەدا بە ماندووبوونی خێزانێک دەگەین کە هیچ سەختی و ئازارێک نەیتوانیوە کۆڵ بە ئامانج و ڕێگا سەختەکەیان بدات لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە گەورەکەیان، لەگەڵ هەر بەشێکی ئەم پەڕتووکەدا ئێمە بە قۆناغێک لە قۆناغەکانی تێکۆشانی ئەم ماڵباتە دەگەین، بەوە دەگەین کە چەند حزبی شیوعی غەدری لێ کردوون، بەڵام ئەوان گوێ لە ناڵەی میللەتەکەیان دەگرن و گوێ بە فەرامۆشیان نادەن لەلایەن حزبەکەی خۆیانەوە، کە ئەمە بۆ خۆی دەکاتە سەروەریەکی هێجگار گەورە بۆ خێزانێک کە دەزانن ئەگەر هەر خۆیشیان بن نابێت پشتبکەن خواستەکانی گەل و دەبێت لە تێکۆشان وەکوو جارانیان بەردەوامم بن.
لە ڕێگای ئەم یاداشتانەوە ئێمە بە ڕۆحی خێزانێک دەگەین کە ئازایانە تێکەڵ بە شیوعیەت دەبن و لەناو هەزاران گلەی و لۆمەی ئەم و ئەودا پشت بە خۆیان دەبەستن و ناترسن کە لەسەر سۆشیالیزم چیان پێ دەوترێت و چیان لەگەڵ دەکرێت، چەند خێرا خۆیان ڕێکدەخەن و پەنا بۆ شاخ و هەوراز و ناو کاچەکان دەبن، ئەو شوێنانە دەکەنە هەواری دواڕۆژی خۆیان، وەکوو ڕێگای ڕووناکی بە شوێن سۆشیالیزمدا هەنگاو دەنێن و یەک یەک دێنە ناو کۆڕی خەباتەوە، خەباتێک کە دواتر بۆ ئەوان شتێکی ئەو تۆی لێ سەوزنابێت، لەم یاداشتانەدا بەوەدەگەین کە ئەم خێزانە سەیر لە حزبی شیوعی دادەبڕێن لەسەر هەڵوێست و ناپاکی و خۆ خۆری قیادەکانی حزبەکەیان، بەڵام لەوەدا ئەمان بەرپرسانە لەبەر خاتری نەتەوەکەیان واز لە تێگۆشان ناهێنن و تا دوا ئەو پەڕی ماندووبوون قوربانی بە گیانی خۆیان دەدەن، ئەم ڕۆحیەتە دەبێت بۆ ئەم خێزانە هەمیشە ستایش بکرێن نەک پشتیان تێبکرێت، بەداخەوە هەمیشە ئەم کەسانە لە دواجاردا دەبنە قوربانی ڕوتی ناپاکی و مادەپەرست و هەلپەرستەکانی ناو شۆڕشەکان.
لەگەڵ گرنگەیەکی ئەم پەڕتووکەدا، دەبێ بڵێم بەداخەوە بەشێکی زۆری ئەم یاداشتانە زۆر خێرا بە سەر دەیان ڕووداو و کێشە و بۆچوون و هەڵوێستی ناو حزبی شیوعی و لایەنەکانی تردا تێدەپەڕێت و لێیان دادەبڕێت و کاڵ کاڵ زۆرکات ئاوڕیان لێ دراوەتەوە، ئەمەش کەلێنێکی گەورەی خستۆتە ناو ئەم یاداشتانەوە، دەکرا زۆر بەوردی کار بۆ هەڵسەنگاندن و بۆچوون و دیاریکردنی ڕۆژی ڕووداوەکان بکرایە و چاک و خراپیان بەوردی تێیدا دەسنیشان بکرایەو هەڵوێستیان لەسەر دەرببڕایە، بەداخەوە زۆر وێنە و ڕووداوی گرنگی تێیاتدا ونە، نووسەری ئەم یاداشتانە بۆ خۆی پیاوی ناو گەلێک لەو ڕووداوی گەورەبوو لەو قۆناغانەی خەباتی دا، بە ئاگابووە لە دەیان گفتوگۆ و ڕووداو مەسەلەی گرنگ دەبوایە زۆر بە ئاگاییەوە کاری لەسەر بکردنایە تا نەوەکان بتوانن لێوەی وانەیەک فێرببن، یاداشت نووسینەوە هەوڵدانە بۆ ئاشکراکردنی دەیان ڕووداوی ونبوو، کارکردنە بۆ شیکاری و داماڵینی ئەو دەمامکانەی کە لەژێر پەردەی شۆڕش دا خەڵک و خۆیشیان فریوداوە ، لەگەڵ ئەمانەشدا بەڵام هەر هێشتا دەکرێ ئەم یاداشتانە زوو بێت یا درەنگ ببێتە ناسنامەی ئەو ماڵباتە تێکۆشەرەی کە بە ڕۆحی خۆیان دڕیان بە شەوەزەنگی تاریکی دەدا و بێگوێدانە هیچ دەستکەوتێکی شەخسی بۆ یۆشیالیزم تێکۆشاون، ئەمە پەڕتووکێکە بۆ مێژوو دەبێت بکرێتە ناونیشانێکی گرنگ کە خێزانەکانە کوردەکان لە زۆر قۆناغی هەستیار و پڕ لە مەترسی دا چۆن چۆنی بۆ دادپەروەری قوربانی گەوەریان داوە بە گیانی خۆیان و بوونەتە بەردەبازی میللەتێکی چەوساوە ، ئەم یاداشتانە هەڵگری ئەو ناوانەیە کە چ وەکوو تێکۆشەر و خائین لە چەندان وێنەدا دێنە بەر دیدەمان، یەک یەک بە خۆیانمان ئاشنادەکەن، بەمەش ئەم یاداشتانە تەنیا بۆ خۆ دەرخستن و ئازایی یەک کەس نەنووسراوەتەوە بەڵکوو لەوەدا گرنگە کە دەبێتە یاداشتێک بۆ ناساندنی زۆرکەس کە بە گیرفانی بەتاڵەوە بەڵام بە عەقڵێکی پڕەوە بۆ سۆشیالیزم تێکۆشاون و بە دیوەکەی تریشدا هەڵدانەوەی لاپەڕەی زۆرکەسی تر کە بۆ خۆیان ژیاون و شۆڕش و خەباتی دەیان کەسیان کردووە بە هۆکارێک بۆ پڕکردنی گیرفان و سامان و گەیشتن بە پلەو پایە.
دەبێت لە کۆتایدا بڵێم: خۆ ئەگەر ئەخلاق و ویژدان هەبێت لەناو ئێمەدا، دەبێت بۆ تێکۆشان و قوربانیدانی ماڵباتی عەلی کوتەک پەیکەری نەمریان لە نزیک قەڵای هەولێر بۆ درووستبکرێت، چونکە لە ڕۆژگاری ئەوان دا لە ڕۆژگاری تاریکی و ترس و تۆقیندا زۆرکەم خێزانێکی ئاوا هەیە پێکەوە بووبێتنە چرای ناو شەوەزەنگی ڕۆژگارە تۆقێنەرەکانی ئێمە، ئاواش بەو هەموو غەدرەیشەوە کە لێیان کراوە هێشتا بۆ دادپەروەری دەجەنگن. کەچی کەسانێک هەن هیچ ڕەنج و قوربانییەکیان نەداوە بە قەدەر یەک دەمژمێری ئەم ماڵباتە تێنەکۆشاون کەچی بە هەزاران ڕێگا سامان و پۆستیان بە سەردا دەبارێت، بەڵام دەزانم ئەم خێزانە گەورەییان لە دڵ و ڕۆحی میللەتێکی چەوساوەدان کە هەردەبێت ڕۆژێکبێت بە دادپەروەری بگەن کە ڕێگای هەقی ئەوان بووە. [1]