تەشیێ مەڕێسە کورکە، مەشکێ مەژینە چرکە، کوڕی بە خێو کە مرکه
لە ناوچەی خۆشناوەتیدا چەندین ئیدیۆمیان بەبن زاریدا هاتووە کە زۆر شیرین و پڕ گوزارشت و ئەزموونن وەکوو: (تەشیێ مەڕێسە کورکە، مەشکێ مەژینە چرکە، کوڕی بە خێو کە مرکه)، لە کوردەواری خۆشناوەتیدا بەهۆی کاروباری زۆرەوە چەندین ئەزموونیان پەیدا کردووە لەو ئیدیۆمە سێ زانیاری لەسەر (تەشی ڕیستن و مەشکە ژەنین و بەخێوکردنی کوڕان) خراونەتە ڕوو:
یەکەم: کورک - کوڵک، توکێکی زۆر نەرمە لەژێرەوەی مووی ئاژەڵەکاندا هەیە بەتایبەت (بزن) ئەو کورکە لەبەر ئەوەی زۆر کوورتە بۆ ڕێستن ناشێت و ناتوانرێت دەزوو و داوی لێ درووست بکرێت و دەست نادات، بۆیە دەوترێت: تەشیێ مەڕێسە کورکە بۆ شتێک یان کارێک بەکاردەهێنرێت کە هیچ ئەنجامێکی لێ نەکەوێتەوە تەنیا ماندوو بوون و کات بەفیڕۆدان نەبێت.
دووەم: چرکە: چڵک، چڵکاو، چرکاو، ئەو ماستەی کە لە مەشکەدا زۆر بژەنرێت و کەرەکەی هەموو لێ بگیرێت، کەمێک ئاو و شیناو بمێنێتەوە، ئەوە چیتر کەرەی لێ بەرهەم ناهێنرێت، مەشکێ مەژینە چرکە، بۆ کارێکی بێ بەرهەم دەوترێت تاوەکوو خۆتی پێوە ماندوو نەکەی.
سێیەم: مرکە: موڵکە، پارچە زەوی و خانوو و ئاقاری گوندی ئەگەر یەکێک خاوەنی بکات ئەوا موڵکەکی یان موڵکایەتییەکی باشی هەیە، وتراوە: نەکیژ شوونەوارە، واتا کچان دوای شووکردنیان منداڵەکانیان ناوی مێردەکەی هەڵدەگرن ئەویش دەبێتە موڵکی بنەماڵەیەکیتر، لێرەش کوڕی بە موڵک داناوه، چونکە کوڕ ئەو منداڵ و نەوەی لێی دەکەوێتەوە بەناوی خانەوادەکەوە دەبێت، ئەوە هەرچەندە پەیوەندی بە کۆمەڵگەی خێڵەکییەوە هەیە، بەڵام لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا باوە و جیاوازی کوڕ و کچان دەکەن لە هەموو ڕووییەکەوە، پێیان وایە کچ نابێتە شوێنەواری خانەوادە، بەڵام کوڕەکان موڵکی بنەماڵەن، هەر بۆیە هانی بەخێوکردنی کوڕان دراوە لەو ئیدیۆمەی خۆشناوەتیدا: کوڕان بەخێوکە مرکە، هەر ئەوەش ڕەنگی داوەتەوە لە زۆر بۆنە و وێرد و نزا و دوعادا وتراوە: ئاخرت خێربی نۆبەرەت نێربی یان بە دایکی کوڕان بێت. [1]
Questo articolo è stato scritto in (کوردیی ناوەڕاست) lingua, fare clic sull'icona
per aprire l'articolo in lingua originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Questo oggetto è stato visto volte 197
Scrivi il tuo commento su questo articolo!