ناونیشانی بابەت: چاپکردنی پارەی میرنشینی سۆران لە کارخانەی وەستا ڕەجەب
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، زیاتر لە دوو سەدە لەمەوبەر، #میر محەمەد پاشا#ی گەورەی #ڕواندز#، ویستوویەتی میرنشینی #سۆران# لە ڕووی دارایی و ئابوورییەوە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری میرنشینەکەی سەربەخۆیی هەبێت، بەمەش چەند جۆرە دراوێکی لە کارخانەی #وەستا ڕەجەب# چاپ کردووە، کە بریتی بوونە لە (یوزلخ، ڕیال، قڕووش، تەنیگر، جلگ، خودابەند، شایی، میرانی) ، کە لە پێکهاتەی زێڕ و زیو و بەشێک لە مس و کانزا و پێکهاتە کانزاکانی درووستکراو بوونە و مامەڵەیان پێوە کراوە.
لە سەردەمی خۆیدا، واتە زیاتر لە دوو سەدە لەمەوبەر، میر محەمەد پاشای گەورەی ڕواندز لە میرنشینی سۆران، چەند کەسێکی لێهاتووی بۆ سەرپەرشتیی کاروباری میرنشینەکەی دیار کردبوون، بەشێک لەوانە بریتیبوون لە: (سەلیم عەزیز خان) ی کردبووە لێپسراوی کارخانەی پیشەسازی، بە درووستکردنی کەرستەی ناوماڵ و کشتوکاڵی و ئاژەڵی، ئەم کارخانەیە بە جیا بووە لەسەرووی ڕواندز، واتە ئەوکات قەڵاتیان پێ دەگوت، لە شوێنی ماڵی محەمەد ئەفەندی ناسراو بوو بە محەمەد نەورۆز، نەوەی وەستا ڕەجەب بوو، هەروەها (وەستا برایم ماویلی) وەک ئەندازیار و وەستا و سەرپەرشتیاری خانووبەرەو پرد و قوللە و قەڵاکان و نەخشەدانانی بیناسازی و دیوار دیاری کردبوو. (حاجی مستەفا) ی وەک سەرۆکی کرێکار و کاسبکار و پیشەوەرەکان و بازرگانەکان و کاروانچییەکان دیار کردبوو، هەروەها (سەلیم خانی عەولا بەگ) ی کردبووە لێپرسراوی دارایی و بەشی چاپکردنی دراو و چاودێریی دراویی خەزێنەی میرنشینەکە، (مەلای هێڵی) وەک قازی و لێپرسراوی بەشی کۆمەڵایەتی و خوێندنی زانستی و سەرپەرشتیاری هەموو مەلا و زاناکانی میرنشینەکە، هەروەها (میر محەمەد) خۆیشی ببووە سەرکردەی هێزە چەکدارەکان و میری میرنشینەکە، هەروەها (وەستا ڕەجەب) دوو کاری پێ سپێردرابوون، بریتی بوون لە درووستکردن و سەرپەرشتیکردنی تۆپ و چەک و جەبخانەکان، لە کاتی جەنگدا.
لەناو کارگەی وەستا ڕەجەب، ئەم جۆرە دراوانە لە چاپ دەدران، کە لەناو میرنشینەکە و دەوروبەری کاریان پێ دەکرا، وەک جۆری (یوزلخ، پازدە قرووش، ڕیاڵ، ، حەوت قڕووش، تەنگەر چوار قڕووش، جاق قڕووش، خودابەند، چارەک قڕووش، شای نیوە قڕووش) ، کە سەد لیرەی زێڕی عوسمانی بوو. ئەو دراوانەش، بەشێکیان لە زێڕ، بەشێکیان لە زیو، بەشێکیان لە مس و کانزاکان درووست کرابوون، لەسەر پارەکەش ئاماژەیەک بۆ دروای میرنشینەکە نووسرابوو.
خاڵێکی دیکەی هەرە گرنگ لەبابەتی زیرەکی و لێهاتوویی میر محەمەد، بریتی بووە لەوەی ویستوویەتی میرنشینی سۆران بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری میرنشینەکەی، لە ڕووی دارایی و ئابوورییەوە سەربەخۆیی هەبێت، بەمەش چەند جۆرە دراوێکی چاپ کردووە و ئەوکات مامەڵەی پێوە کراوە، وەک لە پەرتووکی مێژوویی میرانی سۆراندا، #حسێن حوزنی موکریانی# ئاماژەی پێ کردووە، هەندێک لەو پارچە دراوانەی بینیویانە، نووسیویەتی من بۆ خۆم تەنیا (جلگ و خودابەندی) میری ڕواندزم چاو پێکەوتووە، کە مس بوون و (تەنیگیر) یش زیو بووە، ئەم سێ دراوانە ئێستاش لامن و بە هێڵی فارسی زۆر خۆش لەسەر دراوەکان لە لایەکەوە نووسراوە (الامیر منصور محەمەد بیک) لە ڕووەکەی دیکەیشەوە نووسراوە (ضرب فی ڕواندز) .
حکوومەتەکەی میری گەورە هەشت پارچە دراوی کانزایی خۆماڵیی خۆی هەبووە، کە بە فەرمان جموجووڵی بازرگانی پێوە کراوە و ناوی دراوەکان (یوزلخ، ڕیال، قڕووش، تەنیگر، جلگ، خودابەند، شایی، میرانی) ن و هەریەکە و بەها و نرخی جیاوازیان هەبووە بۆ مامەڵە پێکردن. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، زۆر لە کۆنینەکانی ڕواندز و دەڤەرەکە ئەم پارچە دراوانەیان بینی بوو، تەنانە هەریەکە لە ڕەحمەتی (شاکر سدیق ئیبڕاهیم و شاکر ئاغای کاولۆکان) پێنج پارچە لەو دراوانەی ئەو سەردەمانەیان پاراستبوو، تا ساڵی 1974بەهۆی ئاوارەبوونی خەڵکەکە ئەم دراوانەش دیار نەماون.
مێژووی ڕواندز دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش درووستبوونی میرنیشینی سۆران، لەسەرەتاکانی سەدەی شازدەم، لە ماوەی فەرمانڕەوایی میرنیشنی سۆران، ڕواندز یەکێک بووە لە پایتەختەکانی ئەم میرنشینە، کە لە سەرەتای ساڵانی 1800 میر محەمەد، ناسراو بە پاشای گەورە، ڕواندزی کردووەتە پایتەختی میرنیشینەکەی، کە دەستەڵاتی ئەم میرنشینە لە سەردەمی ئەودا گەیشتە ئەوپەڕی هێز و توانا، تا ساڵی 1836، کە لە سەردەمی عوسمانییەکان کۆتایی بە میرنیشینەکە هات.
$سەرچاوەکان:$
- دروای کاروباری بەڕێوەبەردن و دراوی میرنشینی سۆران، لاپەڕە (53) ڕواندز.. مێژوو بیرەوەرییەکانی نووسنی ساڵح محەمەد ساڵح.
- میری گەورە و بیرۆکەی ژێرخانی ئابووری، لاپەڕەکانی (221-222) پەرتووکی وەستا ڕەجەب... چاکسازی بلیمەت، توێژینەوە و ئامادەکردنی جەواد ساڵح نەورۆز. - مێژووی ڕواندز.[1]