ناونیشانی بابەت: لاساییکردنەوە، تێکچوونی میزاجی کوردەواری
ناوی نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
لاساییکردنەوە بەمانای بەکارهێنانەوەی شێوازێک لە سیما و وتنەوەدا، سیما واتە لەجلوبەرگ و شێوەی کەسێک، وتنەوەش بەواتە لەدەربڕین (قسەکردن و گۆرانی وتن) .
ئەگەر بەووردی سەیری مێژووی مرۆڤایەتی بکەین، لەقۆناغەکانی سەرەتای مرۆڤایەتیدا، مرۆڤی چاخەکانی بەردین یەکەم داهێنانیان لاساییکردنەوەی سرووشت بووە، لەو سرووشت و دەوروبەرەی تێیدا ژیاون، لەدەنگی با و ئاو و ئاژەڵ و باڵندەکان، بەردەوام ئاگای لێیان بووە و لەگەڵیان جەنگاوە و سوودی لێبینیوون بۆ ژیانی خۆی یان ڕاوی کردوون، لاساییکردنەوەی مرۆڤی ئەوسەردەمە داهێنان بووە، چونکە بووەتە هۆکاری گۆڕانکاری گەورە بۆ مرۆڤایەتی.
لەم کاتوساتەدا لاساییکردنەوە بووەتە دیاردەیەکی ناشیرین و قێزەوون، بەتایبەت بۆجیهانە جوان و پڕخرۆشانەکەی هونەری گۆرانی، هەمیشە گۆرانی وەک بەشێکی گرنگی کەلتووری نەتەوەیی بووەتە ناسنامەی گەلان، لەخۆڕا نییە، کۆنفیشیۆسی فەیلەسوفی چینی دەڵێ: (بۆ شارەزابوون وزانینی ڕۆشنبیری هەرنەتەوەیەک، گوێ لەگۆرانییەکانیان بگرە) .
هەریەکێک لە ئێمە کاتێ تەنیا دەبین، یان بیرکردنەوە لە بابەتێک تەریکمان دەکات، لەبەرخۆمانەوە ئەگەر بەنووزە نووزیش بێت، گۆرانیەک بۆڕەوینەوەی ئەوحاڵەتە دەڵێین، بۆیە (وەدیع سەعادە) پێناسەی ئەو بێدەنگیەمان بەمجۆرە بۆدەکات و دەڵێت: (لە بێدەنگیدا، گۆرانی جوان. لەناو بێدەنگیدا، سەرسوڕمان دەنگ دەدات. کاتێک دادەنیشیت و بێدەنگ دەبیت، ئاوازی نوێ دێتەبوون) .
زۆر لەکایەکانی کۆمەڵگەی کوردی شپرزە و شێواوون، بەهۆی لێنەپرسینەوە و گوێپێنەدان و هاندان بۆ بەردەوامی ئەو خراپەکارییانە.
جاران گۆرانی دڵوگیانی هەموومانی بەخۆشنوودی شاددەکرد، چونکە گۆرانی و دەنگەکان ساف و پاک بوون، ئەوەتا هونەرمەند و نووسەر و شاعیر (ئارسەر ڕیمبۆد 1854-1891) دەڵێت: (ئەی دونیا، گۆرانی پاک و جوان بۆخەمە نوێیەکان بڵێ) .
کێ هەیە لە ئەمڕۆدا خەماکانی بە گۆرانیەکان بڕەوێنێت؟ کام گۆرانیانە و کێ بیانلیت؟
لەئێستادا کە گوێ لەو گۆرانیانە دەگری کەلاسایی هونەرمەندە گەورەکان دەکەنەوە، میزاجت تێکدەچێت و بەنابەدڵێش و ناچاری دەچێتە ناو گوێکانت و تۆش لەجیاتی خۆشی تێکەڵ بە هەستێکی ناخۆش دەبیت، جا ئەگەرتینت بۆهات لەشوێنێکی گشتی بووی یان دەبێ ئەوشوێنە جێبێڵیت، یان بە زمانێکی نەرم و شیرین بەخاوەنی شوێنەکە بڵێی ئەرک نەبێت ئەو گۆرانییە بگۆڕە، ئەگەر ئەویش توڕەنەبێت و بڵێ کاکە ئەو گۆرانییە عەیبی چییە؟ یان دەڵێ هەرئەوەمان لایە، ئیتر تۆش ناچاری بێدەنگ بیت و ناخۆشییەکە بنۆشی.
لەناو هەموو میللەتێکدا چەندین گۆرانیبێژی گەورە و ناودارهەن، کەبوونەتە بەشێکی گەورەی کەلتووری نەتەوەیی، لەناوگەلی کوردیشدا بەهەمان شێوەیە، هەندێ کەس حەزیان لەوتنی گۆرانی بێت یان دەنگیان خۆش بێت، بۆناساندنی خۆیان وەک گۆرانیبێژ دێن و گۆرانی هونەرمەندە گەورەکان دەڵێنەوە، چۆن وتنەوەیەک؟ هەرگۆرانیەکە ناخۆش دەکەن، لە هەمووی ناخۆشتر و خراپتر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تیپی موزیکی ئەو کەناڵانە کاری دابەشکردنی موزیک و ئاوازەکان دەکەن، لەوکاتەدا ئەوانیش هێندەی دەنگبێژەکە تاوانبارن لە ناشیرینکردنی گۆرانییەکە.
ئینجا پاش ماوەیەک کەناڵەکانی ڕاگەیاندن نۆرەی بۆ دەگرن تا بەبینەرەکانیانی بناسێنن، بەهونەرمەندیش ناوی دێنن.
یان چەند کەسێک هەن لەلایەن حیزبەکان و کەسایەتییە سیاسییەکانەوە ئەوەندە پشتیووانی دەکرێن، بەگرووپ، کچانی دەنگ ناساز کۆدەکەنەوە، گوایە خولیان بۆدەکرێتەوە و فێری گۆرانی وتن دەکرێن، جگە لەنووزە نووز هیچی تر نین، پەلاماری گۆرانی هونەرمەندە گەورەکان دەدەن و دەیشێوێنن، وەک گۆرانیەکانی (#حەسەن زیرەک#، #عەلی مەردان#، #تایەر تۆفیق#، #ماملێ#، #عەباسی کەمەندی#، #سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی#، ...... زۆری تر) .
شاعیری جوانی (#عەبدوڵڵا گۆران# 1904-1962) هەر زوو هەستی بەو خەمە گەورەیە کردوو لە شیعرە ناوازەکیدا، جوان ڕۆچووە بە ئەو خەمەی دڵی هەموومانی بریندارکردووە، کەبۆ دەروێش عەبدوڵڵای نووسیوە، دەڵێت:
بە ڕەنگی زەرد و شێوەی دەست و شمشاڵی کزا، دەروێش
حەزم کرد بەستەیەک ببیەم سەراسەر حوزن و ماتەم بێ
لە سیماتا بەدیم کرد هەیکەلی عومرێکی حەسرەت کێش
وەها دیارە کە بەختت ئاشیانی بولبولی خەم بێ
بەڵێ، دیارە، لە ناو قەومی بەسیتا قەدری سنعەتکار
وەکوو عەکسی قەمەر وایە لە ناو حەوزێکی لیخندا.
بەڵێ گۆرانی مەزن جوانی فەرمووە، لەئێستادا، بەدەستی کۆمەڵێ کەسی دەنگ ناساز خەریکە، میزاجی هونەری خەڵک تێکدەچێت و خەڵک ناچاردەکەن هانا ببات بۆ گوێگرتن لەگۆرانی بێگانە، ئەوسا دەبێ بێینەوە سەر هەمان دەقی گۆرانی مەزن کەدەڵێت:
ئەوەندەم بیست لە مۆسیقاو خرۆشی ڕۆحی بێگانە
میزاجی کوردەواریم تێکچووە، دەروێش عەبدوڵڵا
دەخیلت بم دەسا بەو لاوک و ئای ئای و حەیرانە
شەپۆلی زەوقی میللی پڕ دەروونی مات و چۆڵم کە
لە بیتهۆڤن گەلێ زیاتر بە ڕۆحم ئاشنای، وەڵڵا
دە ئەی دەروێش سکاڵایەک لەگەڵ ڕۆحی کڵۆڵم کە.
هەقوایە، لایەنی پەیوەندیدار بەتایبەت بەڕێزان لەوەزارەتی ڕۆشنبیری بەگشتی و بەتایبەتتر بەڕێز وەزیر خۆی چاودێری ئەم لایەنەبکات و بە بڕیارێک ڕیگری بکات لەلاساییکردنەوەی دەنگە ڕەسەنەکان و بەتایبەت ئەوانەی لەژیاندا نەماون، بڕیار لەسەر ئەمانەی خوارەوە بدات:
1- لیژنەیەک درووست بکات لەکەسانی پسپۆڕ بۆ بەدواداچوونی ئەو کەسانەی گۆرانی کەسانیتر دەڵێنەوە، لیژنەکە بڕیار بدات کارەهونەرییەکە بکرێت یان نا.
2- هەرکەسێک بەبێ ئاگاداری لیژنەکە و لەدەرەوەی ئەوان ئەوکارانە بکات سزایەکی دارایی قوورس بدرێت و زیندانی بکرێت بەپێی یاسا.
3- هەموو کەناڵەکانی میدیا ئاگاداربکرێنەوە، لەوەی گۆرانی لاساییکردنەوە دانەبەزێنن و پەخشیان نەکەن
ئەم ڕێکارانە دەبنە هەنگاوی مانەوەی دەنگە ڕەسەنەکان و پاراستنیان لەشێواندن، هەروەها دەبێتە برەودان بە گەشەپێدان بەهونەری گۆرانی کوردی. [1]