ناونیشانی بابەت: #کەمال ئەحمەد مەزهەر#: بستێکی خاکی کوردستان بەهەمو دنیا ناگۆڕمەوە
ئامادەکردن و نووسین: #بارام سوبحی#
#مام جەلال# تاڕادەیەکی زۆر پیاوێکی مارکسیە و زۆر بەباشی لەمارکسیزم - لینینزم گەیشتووە، #نەوشیروان مستەفا# پیاوێکی زیرەک و وردە، سەدام حسێن پیاوی کەس نەبووە و زۆر زیرەک بووە، عەبدولسەلام عارف دەبوایە سەرۆکی کۆمەڵەیەکی خێرخوازی بوایە. مێژونووسی ناسراوی کورد د.کەمال مەزهەر بەم جۆرە بۆچونی خۆی لەبارەی ئەو سەرکردانەوە دەردەبڕێت.
پەڕتووکی بستێکی خاکی کوردستان بەهەمو دنیا ناگۆڕمەوە، پێکهاتووە لە کۆمەڵێک دیمانە و گفتوگۆ لەگەڵ د.کەمال مەزهەر، لەلایەن عەبدوڵڵا زەنگەنەوە ئامادەکراوە. لەم پەڕتووکەدا د.کەمال جگەلەباسکردنی ژیانی خۆی، بۆچونی خۆی وەکوو مێژونووسێک لەسەر چەندین ڕووداوو کەسایەتی مێژوی نوێی ئێراق و کوردستان دەردەبڕێت.
لەئاغجەلەرەوە بۆ مۆسکۆ
کەمال مەزهەر ئەحمەد لە ڕۆژی (14-02-1937) لە شارەدێی ئاغجەلەری سەربە شارۆچکەی #چەمچەماڵ# لەدایکبووە، چونکە لەوکاتەدا باوکی لەوێ فەرمانبەر بوە. پاشان دەچنە #سلێمانی# و قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لەو شارە تەواو دەکات. لە ساڵی (1959) بەپلەی شەرەف خوێندنی لە (دارالمعلمین العالی) لەبەشی مێژوی زانکۆی بەغدا تەواوکردووە.
بۆ وەرگرتنی دکتۆرا لە مێژوو ئەدەب و زمانی کوردیدا، لە ساڵی (1959) ، لەگەڵ عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ و مارف خەزنەدارو نەسرین فەخری، وەکوو یەکەم دەستە ڕەوانەی یەکێتی سۆڤیەت دەکرێن. لەسەرەتادا د.کەمال بڕیاردەدات لەمێژوی کۆنی کورد بکۆڵێتەوە، بەڵام هەریەکە لەد.رەحیمی قازی و د.عەلی گەلاوێژ قەناعەتی پێدەهێنن بایەخ بەمێژوی نوێ و هاوچەرخ بدات، چونکە زۆر شێوێندراوە و بۆ ئەوەی کوردەکە ئاگای لەخۆی بێت. من قەناعەتم بەقسەی ئەوان هێنا، بۆیە بابەتی مێژوی نوێ و هاوچەرخم هەڵبژارد و پەشیمان نیم لەو هەڵبژاردنە.
لە ساڵی (1963) دکتۆرای لەئامۆژگای ڕۆژهەڵاتناسی سەر بەئەکادیمیای زانستی سۆڤیەت وەرگرتووە، تێزی دکتۆراکەی بە ناونیشانی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی لە باشووری کوردستان لە ساڵانی 1918 - 1932 بووە، دوای تاوتوێکردنی نامەکەی، ئامۆژگاکە ئەم بڕیارە فەرمییە دەردەکەن: ئێمە پێویستە لەبەر ڕۆشنایی ئەو بەڵگەنامە و ئەو ڕاستیدانە و ئەو لێکدانەوانەی نامەی کەمال مەزهەردا بەبیروبۆچونی ڕابردوی خۆمان دەرحەق بەڕاپەڕینی شێخ سەعیدی پیراندا پێداچونەوە بکەین.
ساڵی (1969) دکتۆرای ناوکی لە هەمان دەزگا وەرگرتووە، تێزی دکتۆراکەی بە ناونیشانی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی لە باشووری کوردستان لە ساڵانی 1918 - 1958 بووە، لە دوای (11/ئازار/1970) لەبەشی مێژوی کۆلێجی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغدا وەکوو مامۆستا دامەزراوە، لە ساڵی (1981) پلەی پڕۆفیسۆری وەرگرتووە. خاوەنی دەیان پەڕتووک و نووسراوی مێژویی و دیکۆمێنتە بە زمانەکانی (کوردی، عەرەبی، ڕووسی، ئینگلیزی) . سەرپەرشتی پتر لەسەد نامەی ماستەرو دکتۆرای کردووە. بەشداربوە لەتوێژینەوەی پتر لەسەدو پەنجا نامەی ماستەرو دکتۆراو لەبەشی هەرە زۆریاندا سەرۆکی لیژنەی توێژینەوەی ئەو نامانانە بوە. بەشداری دەیان کۆنگرە و کۆنفرانسی جیهانی کردووە. زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و ڕووسی و کەمێک فارسی دەزانێت.
=KTML_Bold=سەرەتای نووسین و ئاشنابوون بەمارکسیەت=KTML_End=
د.کەمال باس لەوە دەکات لە ساڵی (1953) یەکەم وتاری خۆی لەنەشرەیەکی سەر دیواری قوتابخانەدا بە ناونیشانی بمخوێنەوە، بڵاوکردۆتەوە، لەوێدا باسی ئەو مامۆستایانەم کردووە کە ڕێگەی درووستمان نیشان ئەدەن. لە ساڵی (1959) یەکەمین وتاری مێژویی بە ناونیشانی (رۆڵی کورد لەمێژوی شارستانێتیدا) و (سەرنجێکی مێژویی لەسەر زمانەکەمان) لە گۆڤاری بڵێسەدا بڵاوکردۆتەوە.
لەبارەی ئەوەی چۆن عاشقی مێژو بوە؟ دەڵێت: لە قۆناغی ناوەندی مامۆستا (حەمەڕەش) خەڵکی کۆیە بو خوالێی خۆش بێ، وانەی مێژوی پێ ئەوتینەوە، وایلێکردم مێژوم لەلا خۆشەویست بێت.
د. کەمال لەهەڕەتی لاوییدا دەبێتە مارکسی، لەوبارەیەوە دەڵێت: من بۆ خۆم تاڕادەیەک لەمارکسیزم- لینینیزم گەیشتوم، چونکە سەرەتای ڕێگەی خەباتم، مارکسیزمم هەڵبژارد. پێش ئەوەی شۆڕشی چواردەی گەلاوێژ بقەومێت بوم بەئەندام لەپارتی کۆمۆنیستی ئێراق، لەوە پەشیمان نیم و بەشانازییەوە باسی دەکەم. بەڵام لە دواییدا لەپاش سێ چوار ساڵ دەرکرام.
د. کەمال و هاوتەمەکانی بە جۆرێک عاشقی ڕێبازی مارکسیەت بوون، لە (1953) کە ستالین دەمرێت، لەنزیک قوتابخانەکەیان لەگردی شێخ محێدین لەسلێمانی هەموو قوتابیە پێشکەوتنخوازەکان لەوێ کۆبوینەوە و بۆ کۆچی دوایی ستالین ماتەمینیمان گرت.
=KTML_Bold=لەگەڵ ئاشبەتاڵ بوم=KTML_End=
یەکێکی تر لەوێستگەکانی ژیانی د.کەمال، پەیوەندیکردنە بە شۆڕشی ئەیلولەوە، لەوبارەیەوە دەڵێت: چۆن شانازی بە بەرهەمەکانم و پەڕتووکەکانم دەکەم، بەهەمان شێوە شانازی بەوەدەکەم کە چومە پاڵ شۆڕش و لەڕیزەکانی شۆڕش بوم.
هەرچەندە زۆر کەس کۆتایی شۆڕشەکە بەنسکۆ یاخود ئاشبەتاڵ ناودەبەن، بەڵام مەزهەر دەڵێت من نسکۆی پێناڵێم، چونکە ئێمە هەموو خەریکی خۆ ئامادەکردن بوین لەسەر خەبات. بەڵام دوایی کە زانیمان ئەمەریکاو ئینگلیز و ئیسرائیل و شای ئێران هەر هەمویان دژمانن، ئەو وەختە شۆڕش ناچاربو پشو بدات، ئەگەر وای نەکردبایە دە هەزار کەس دەکوژران، شا سەد هەزار کەسی بارمتە لابو، لەگەمەی شا نەگەیشتن ئەگەر مەلا مستەفا بوبایە هۆی کوشتنی دە هەزار کەس ئەوساکە دەمانگوت: دەبوایە دەستی لەچەک هەڵبگرتایە.
=KTML_Bold=بەریتانیاو دەوڵەتی کوردی=KTML_End=
د. کەمال دو نامەی دکتۆرای لەسەر مێژوی کورد لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا هێناوە، دیارترین ڕووداوەکانی ئەوکاتەش شۆڕشی شێخ مەحمودو درووستکردنی دەوڵەتی ئێراقن. بەبۆچونی ناوبراو بەریتانیا لەگەڵ درووستکردنی دەوڵەت بوە بۆ کورد، بەڵام سەرکەوتنی کەمال ئەتاتورک بوەتە ڕێگر.
لەوبارەیەوە دەڵێتلەسەروبەندی جەنگی یەکەمی جیهانی لەپاڵ ئەوەی کورد خەباتی خۆی هەبووە، بەریتانیاش ئەجێندای دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی هەبووە، بۆیە سێ بڕگەی پەیمانی سیڤەر بۆ پرسی کورد دانرابو، بەڵام نەگبەتی کورد بو مستەفا کەمال سەرکەوت، ئەگینا دەتوانرا لەوکاتەدا دەوڵەتی کوردی دابمەزرایە... ئێمە زۆرجار درووستنەبوونی دەوڵەتی کوردی دەخەینە ئەستۆی ئینگلیزەوە، نەخێر ئەگەر بەدەست یان ئارەزوی ئینگلیز بوایە دەوڵەتی کوردی درووست دەبو.
یەکێک لەو کەسە ئینگلیزانەی کە د.کەمال بەدۆستی کورد ناوی دەبات میجەر نۆێیڵە، بۆیە دەڵێت: مستەفا کەمال ئەتاتورک تاکو مرد لەهەمو دنیا زیاتر ڕقی لەمیجەر نۆێیڵ بو، هەر لەبەرئەوەی نۆێیڵ دڵسۆزی نەتەوەی کورد بوە.
=KTML_Bold=یاداشتەکانی شێخ مەحمود و بارزانی=KTML_End=
یەکێک لەو ڕەخنانەی لەسەرکردەکانی کورد دەگیرێت ئەوەیە کە یاداشتەکانی خۆیان نەنووسیوەتەوە، لەبارەی شێخ مەحمودەوە، د.کەمال ڕەخنە لەخێزانەکەی و کەسە نزیکەکانی دەگرێت کە یاداشتەکانیان نەنووسیوەتەوە، بەو پێیەی شێخ مەحمود ساڵانی کۆتایی تەمەنی لە گوندی داریکەلی بەڕێکردووە، بۆیە دەڵێت: خەڵکی پێشکەوتوخواز، نیشتمانپەروەری ڕەسەن، کوردی ڕەسەن لەداریکەلی لای شێخ مەحمود بوون، ئێ دانیشتبوون شەوو ڕۆژ هەر قاوەتان خواردۆتەوە یان تەسبیحتان بەدەستەوە بو، دانیشتبوونایە لەلای شێخ مەحمود هەر پرسیارتان لێ کردبایە و وەڵامەکانتان نووسیبایە و ئەوەتان کردبوبایە دیاری بۆ پەڕتووکخانەی کوردی.
لەبارەی نووسینەوەی یاداشتەکانی مەلای مستەفای بارزانییەوە، ئەم بەسەرهاتە دەگێڕێتەوە: بیرم دێت کە لە شۆڕش بوین، خوالێخۆشبو دارا تۆفیق کە ئەندامی لیژنەی ناوەندی #پارتی دیموکراتی کوردستان# بو، ئەو ڕۆژگارە پەیوەندیمان زۆر بەهێزبو، سەبارەت بە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی خوالێخۆشبو بارزانی داوایلێکردم و وتی: پێشنیارێکی وامان کردووە کە بارزانی بیرەوەرییەکانی خۆی بنووسێتەوە، ئەو بۆ تۆی بگێڕێتەوە و تۆش ئەو بیرەوەرییانە تۆمار بکەیت. زۆرزۆرم پێ خۆش بو، تەنانەت لەگەڵ برای خۆشەویستم جەلالی عومەری سام ئاغادا ڕێکەوتم کە ئەویشم لەگەڵ بێت، بەڵام بەختی ڕەشی کورد شۆڕش نوشستی هێناو ئەو پڕۆژەیە سەری نەگرت. لە دواییدا چەند جارێک وتومە و دەیڵێمەوە، خۆزگە لەگەڵیدا بڕۆیشتبایەم بۆ ئەمریکاو ئەو بیرەوەرییانەم بنووسیایەتەوە.
=KTML_Bold=سێ کەسایەتی لەتەرازوی مەزهەردا=KTML_End=
لەچوارچێوەی دیمانەکانیدا، د.کەمال بۆچونی خۆی لەسەر چەندین کەسایەتی و سیاسەتکاری کوردی و ئێراقی خستۆتەڕو. لەبارەی #جەلال تاڵەبانی#یەوە، دەڵێت: مام جەلال تاڕادەیەکی زۆر پیاوێکی مارکسیە و زۆر بەباشی لەمارکسیزم - لینینزم گەیشتووە، بڕوای بەبرایەتی گەلانە، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ بەشێک لەسەرکردەکانی شۆڕشی فەلەستینی هەبو.
سەبارەت بە نەوشیروان مستەفاش دەڵێت: مامۆستا نەوشیروان مستەفا پیاوێکی زیرەک و وردە، نامەوێت گومان بکەم لە هیچ دڵسۆزییەکی ئەو، بەڵام حەزدەکات هەموو شتێک بەجارێک بێ کەم و کوورتی بێت، ئەو زیاتر ئاگاداری نهێنییەکانە و من ئاگادار نیم، ئەو شتانەی دەیانڵێم سەرنجی تایبەتیی خۆمن.
دەربارەی عەبدولسەلام عارف، دەڵێت: لە یاداشتی د.نازم کە تورکمانە و لەحەسحەس جمهوری مرافقی عەبدولسەلام بو یاداشتەکەی بۆ هێنام تاپێشەکی بۆ بنووسم، کە خوێندمەوە زانیم عارف پیاوێکی خراپ نەبو، بەڵام نەدەبو بکرابایە تەنانەت بەئامر حامیەش، بەڵکوو دەبوایە سەرۆکی جەمعیەیەکی خەیریی سونی مەزهەب بێت.
=KTML_Bold=سەدام حسێن: زیرەک بو، عەمیل نەبو=KTML_End=
سەدام حسێن ئەو پیاوەی لە (1979 - 2003) سەرۆکی ئێراق بو، د.کەمال لە چەند شوێنێکدا ناوی دەهێنێت و سەرنجی خۆی لەبارەیەوە دەڵێت: زۆر کەس ئەوانەی کە دوژمنی ڕژێمی سەدام حسێن بوون، دەیانوت سەدام داردەست و کرێگرتەی ئەمەریکایە، من خۆم لەو بڕوایەدام سەدام پیاوی کەس نەبووە و پیاوی نەفس و عوقدەی خۆی بووە، بەڵام ئەمەریکییەکان زۆر بەزیرەکانە لە بەرژەوەندی خۆیان دەیانجوڵاند، چو لەگەڵ ئێراندا هەشت ساڵی ڕەبەق شەڕی کرد، ئەو شەڕە لەبەرژەوەندی ئەوان بو.
د.کەمال بەگەڕانەوە بۆ ڕووداوێکی مێژویی، سەدام بەپیاوێکی زیرەک ناودەبات، باسەکەش بەم جۆرەیە: مەندوبی سامی بەریتانیا لەنامەیەکدا بۆ مەلیک فەیسەڵی یەکەم دەڵێ: تکات لێدەکەم چۆن پاشای بەریتانیا لەگەڵ سکۆتلەندییەکان ڕەفتار دەکات، تۆ ئاوا ڕەفتار لەگەڵ کوردا بکە، هەموو ساڵێک سێ مانگەی هاوین پایتەخەکەت بگوێزەرەوە بۆ #هەولێر# و هەولێر بکە پایتەختی دوەمی دەوڵەتەکەت، تۆ جلی کوردی لەبەربکە چۆن خاوەنشکۆی بەریتانی جلی سکۆتلەندییەکانی لەبەرئەکرد. پێموایە سەدام زۆر زیرەک بو، پێموایە ئەو بەڵگەنامەیەی دیوە، ئەگینا لەخۆڕا نییە جلی کوردی لەبەرکرد و وتی هەولێر دەکەمە پایتەختی دوەمی ئێراق.
=KTML_Bold=ماکیاڤیلیم بۆ کورد نووسیوە=KTML_End=
یەکێک لە پەڕتووکەکانی د.کەمال بە ناونیشانی ماکیاڤیلی و ماکیاڤیلیزمە، لەبارەی ئەو پەڕتووکەوە ئەم بەسەرهاتە دەگێڕێتەوە: پەڕتووکەکەی ماکیاڤیلیم بە عەرەبی نووسیوە و بەڕێز حسێن عارف وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، کە بڵاوکرایەوە برادەرێکی عەرەبم هەیە پیاوێکی پێشکەوتوخوازی سەر بەشیوعییەکان بو، زۆری دەخواردەوە، ڕۆژێکیان دوای دەرچونی پەڕتووکەکەم لەباب شەرجی بینیم و وتی: من بەباشی لەتۆ گەییوم، تۆ بەناوی ماکیاڤیلیەوە ئەوەت بڵاوکردۆتەوە، بەڵام موخاتەبەی ڕەهبەرانی کورد دەکەی و دەڵێی وانە لەماکیاڤیلی وەرگرن. وتم دەخیلتم ئەو قسەیەت لای من کرد زۆر ڕاست دەکەی، بەڵام لای کەسێکی دیکە نەیکەی. هەموو ڕەهبەرو ڕوناکبیرێکی کورد دەبێ بەقوڵی میری ماکیاڤیلی بخوێنێتەوە، بەتایبەتیی بۆ ئەمڕۆمان ئەوە زۆرباشە.
=KTML_Bold=پەڕتووکی کەرکووک لەنێوان سێ سەرکردەدا=KTML_End=
د. کەمال ئاماژە بەوەدەکات زۆر شانازی بەپەڕتووکی (کرکوک و توابعها: حکم التأریخ والضمیر) دەکات، چیرۆکی نووسینی ئەم پەڕتووکەشی بەم جۆرەیە: لە ساڵی (1992) بەڕێزان جەلال تاڵەبانی و #مەسعود بارزانی#م ئاگادارکرد کە کارێکی وام بەدەستەوەیە، مام جەلال وەڵامی داومەتەوە، نامەکەی بەرواری (18-03-1992) ە. ئینجا دەستم بە نووسینی کرد. لەنامەکەیدا زۆر پشتگیریم دەکات و دەڵێت: کە پەڕتووکەکە دەرچو هەوڵدەدەین وەریبگێڕین بۆ سەر هەموو زمانە زیندوەکانی دونیا.
د.کەمال هەر بەشێکی پەڕتووکەکەی تەواودەکات لەڕێگەی م.عەبدوڵڵای حەسەنزادە و محەمەدی حەسەنپورەوە لە بەغداوە دەینێرێت بۆ کوردستان، کاتێک دەزگا هەواڵگرییەکانی #بەعس# بەباسی ئەم پەڕتووکە دەزانن د.کەمال بانگ دەکەن و بڕیاری نەفیکردنی دەدەن، بەڵام ناوبراو دەڵێت سەدام ڕەفزی کردبو.
دوای دەرچونی پەڕتووکەکەش، ڕۆژێک د.کەمال و فوئاد عارف دەچنە لای مەسعود بارزانی، ئەویش پێیاندەڵێت: ئەو پەڕتووکە باشترین دیارییە کە بۆت هێناوم، بۆ ئەوەی کە هەر ڕۆژنامەنووسێک و هەر کاربەدەستێکی ڕۆژئاوایی بێتەلام، ئەو پەڕتووکەیان بدەمێ.
سەبارەت بەچاپکردنەوەی پەڕتووکەکانی، د.کەمال دەڵێت: ڕێگەدەدەم هەر پەڕتووکێکم چاپ بکرێتەوە و یەک پولم ناوێ، بەڵام یەک مەرجم هەیە ئەوەیە گرانی نەفرۆشن و بێ هەڵەی چاپ بێت کە ئەوە زۆر بەلامەوە گرنگە، بڕوا بکە هیچ وتارێکی خۆم نەک پەڕتووک نەبووە کە سێ کەڕەت بەدەستی خۆم هەڵەچنی نەکەم، دوای ئەوە ئیمزام کردووە ئینجا ڕێگەم داوە بڵاوبکرێتەوە.
نەگبەتی جوگرافیاو نەوەی میدیاو کەیخەسرەو
دوای زیاتر لەنیو سەدە خوێندنەوە و نووسین و لێکدانەوەی مێژوی کورد، د.کەمال دەڵێت: پێموایە جوگرافیای کوردستان بو بەتەوقی نەگبەتی و چوە ملی کوردەوە، ئەگەر دەرفەتێک هەبوایە، شوێنێک هەبوایە، بۆ ئێمە هەر بەزۆر هەوڵدەدەین خۆمان بگەیەنینە دەریا، نەخشەی نەتەوەپەرستانی کورد دەمانگەیەنێتە سەر کەنداوی فارس، کە ئەوان هەر کەنداوی عەرەبی پێ دەڵێن، لەولاشەوە دەمانگەیەنێتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست، کە ئەمە وانییە، ئێمە جوگرافیا بو بەتەوقی نەگبەتی و هاتە گەردنمانەوە.
دواجار د.کەمال هەڵەیەکی مێژویی ڕاستدەکاتەوە، دەڵێت: یەکێک لەهەڵە گەورەکانی خۆمان کە تەنانەت لەناو خوێندەواری دەستەبژێری کورددا باوە و شانازی پێوە دەکەین، جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کەوا ئێمەی ڕۆڵەی میدیاو کەیخەسرەوین، بەوە ستەمێکی زۆر لە مێژوی نەتەوەی کورد دەکەین، چونکە میدییەکان دەوری دوەمیان هەیە لەدرووستبوونی نەتەوەی کورد، گەلانی زاگرۆس و گەلانی ناوچەکە خۆی لۆلۆو گۆتی و سۆباری کە گەلانی ناوچە بوون و لەهیچ شوێنێک بۆی نەهاتبوون دەوری سەرەکیان لە درووستبوونی نەتەوەی کورددا هەیە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا دەستکاری ڕێنووسی نەکردووە=KTML_End=