ناونیشان: دەروازەیەک بۆ ڕزگاربوون لە قەرزە دەرەکییەکان
نووسەر: #عارف قوربانی#
ڕۆژی دەرچوون: #31-07-2023#
ئەو پابەندییانەی لە یاساى بودجەى فیدراڵى بۆ ساڵەکانى 2023 تاوەکوو 2025 بەسەر هەرێمى کوردستاندا سەپێنراون، دەرئەنجامى دوو شتن، یەکەمیان سیاسەتى هەڵەى بەڕێوەبردنى ئابووریی هەرێمى کوردستان لە 30 ساڵى ڕابردوودا، دووەمیان دەرکەوتەى پیلانگێڕییەکى ئەگەر نەڵێم نێودەوڵەتى، پیلانگێڕییەکى هەرێمایەتییە لەسەر کوردستان.
بەند و بڕگەکانى پابەندێتییەکانى سەر هەرێمی کوردستان بە جۆرێک داڕێژراون، بە ئاسانى دەتوانرێت بیانوو بۆ بێبەشکردنى هەرێمى کوردستان بدۆزرێتەوە. خۆ ئەگەر هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانى وەک ئەوەى لە دەقە یاساییەکەشدا هاتووە جێبەجێبکات، هەر مەحاڵ و خەیاڵە بەغدا بچێتە ژێر ئەو پابەندێتییەوە کە بۆ ماوەى سێ ساڵى داهاتوو مووچە بۆ مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستان و بودجە بۆ پڕۆژەکانى کوردستان بنێرێت.
بە دەربڕینێکى زۆر سادە، ئەگەر هیچ گومانێکى خراپ بۆ ئەوە نەبەین ئێراقیش بەشێکە لەو پیلانگێڕییەى لەسەر نەتەوەى کورد لە ناوچەکە لە ئارادایە، هەر لەبەرئەوەى عەقڵیەتى حوکمڕانیی شیعە لە ئێراق، عەقڵیەتى ژیاندۆستى و ئاوەدانکردنەوە نییە. بۆیە خۆهەڵخەڵەتاندنە چاومان لەوەبێت بەغدا کوردستان ئاوەدان دەکاتەوە، چونکە هیچ لۆژیک نییە پێمان وابێت حوکمڕانانى شیعەى ئێراق بۆ کوردستان دڵسۆزترن وەک لە نەجەف و کەربەلا کە بۆ ئەوان ئەو دوو شارە لە هەموو شتێک پیرۆزترە. یاخود پێمان وابێت #هەولێر# و #سلێمانی#یان بەلاوە گرنگترە لە شارى بەسرە کە شادەمارى ئابووریی ئێراقە.
هەموو ئەو پابەندێتییانەى بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپێنراون، نەجەف و کەربەلا و بەسرە جێبەجێیان کردووە، داهاتى نەوتى و نانەوتى ئەو پارێزگایانە وەک ئەوەى لە یاسا و ڕێساکانى ئێراقدا هاتووە، کەم و زیاد لەوێ کاریان پێدەکرێت. ئەى کەواتا بۆچى بەغدا ژیانێکى شایستە بۆ دانیشتووانى ئەو پارێزگایانە دەستەبەر ناکات؟ شارى بەسرە ئاوى خواردنەوەى خاوێنیان نییە، شارەکە بووەتە کەلاوە، زبڵ و خاشاک و جرج بوونەتە سیما دیارەکانى پارێزگاى بەسرە. ئەوانەى نەخۆشیی شێرپەنجەیان هەیە لە نەجەف و کەربەلاوە ڕوو دەکەنە نەخۆشحانەى هیوا لە سلێمانى. کوڕ و کچى خێزانە دەوڵەمەندەکانى پارێزگاکانى خوارووى ئێراق دێن و لە زانکۆى ئەمریکى سلێمانى و #دهۆک# دەخوێنن.
مەبەستمە ئەوە بڵێم کە بەهیچ جۆرێک چاوەڕوانییەکى درووست نییە کورد پێى وابێت بەغدا یارمەتیدەر دەبێت لە هەستانەوەى هەرێمى کوردستان، بەڵام لەبەر ئەوانەى زۆر متمانەیان بە بەغدا هەیە و ئۆباڵى هەموو کێشەکان دەخەنە سەر هەرێمى کوردستان، با گریمانەى ئەوە بکەین بەغدا لە ئێستاوە بۆ سێ ساڵى داهاتوو دەرگەی قاسەکەى بۆ کوردستان دەکاتەوە و ئەوەى وەک شایستە و ماف بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، لە کات و وادەى خۆیدا دەینێرێت. ئایا لە دۆخێکى لەم جۆرەشدا هەرێمى کوردستان دەبوژێتەوە؟ پڕۆژەى خزمەتگوزارى و کاروانى ئاوەدانى دەستپێدەکاتەوە؟
ئەوەى لێرەدا دەمەوێ سەرنجى بخەمەسەر، سەرهەڵدانى کێشەیەکى دیکەیە کە پەیوەندى بە قەرزە کەڵەکەبووەکانى سەر هەرێمى کوردستانەوە هەیە. هەرچەندە لێرەشدا ناڕوونییەک هەیە و بەدیاریکراوى نە دەزاندرێ هەرێمى کوردستان چەند قەرزدارە، نە دەگوترێت قەرزى لە کێ کردووە؟ بەڵام ڕوونە بەشێکى ئەو قەرزە ناوخۆییە پێکدێ لە مووچە پاشەکەوتکراوەکان و قەرزى پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان و بانکە ناوخۆییەکان و چەند بازرگان و سەرمایەدارێک، لەمەشدا بەشێکیان پارەى بانکى بازرگانى ئێراقى (تی، بی، ئاى) ە، و هەرێم پابەندکراوە بە بژاردنەوەى بەشێوەى قیستى مانگانە. بەشێکى دیکەى قەرزەکانیش دەرەکین، لە بانکى وڵاتان و کۆمپانیا نەوتییەکان وەرگیراون.
هیچ پابەندییەک نییە بۆ ئەوەى هەرێم قەرزە ناوخۆیەکانى بداتەوە و پێناچێت لە ئەگەرى هاتنى بەشە بودجەى هەرێمیشدا، بڕیار لە دانەوەى پاشەکەوتى مووچە و قەرزەکان بدرێتەوە، بەڵام ئەو بەشەى دیکەیان کە قەرزى بانک و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانن دەبێتە بارێکى گران بەسەر خەڵکى کوردستانەوەو دەبێت هەرێم لەو پارەیە بیداتەوە کە بۆ درووستکردنى نەخۆشخانە و قوتابخانەو ڕێگەوبان و پڕۆژەخزمەتگوزارییەکانى دیکە تەرخانکراون، چونکە پێشتر بڕیار بوو بە نەوت و پارەى کاشى فرۆشى نەوت بدرێنەوە. ئێستا کە هەرێم دەسەڵاتى بەسەر نەوتەکەیدا نەماوە، ئەگەر بەغدا لە باشترین حاڵیشدا پارەى هەقدەستى کۆمپانیا نەوتییەکان بدات، ئامادە نییە پارەى قەرزو فرۆشى پێشوەختەى هەرێم بداتەوە. لەم حاڵەشدا هەرێم ناچار دەبێت لەسەر حسابى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان ئەو قەرزە دەرەکییانە بداتەوە کە پێشترهەرێم کردوونى.
لەبەر ئەوەى لە بنەڕەتەوە قەرزە دەرەکییەکان نادەستووریى و ناڕوونن، دەبێت ڕێگایەک بدۆزرێتەوە کە ڕێگە لەوە بگرێت پارەى پڕۆژەى ئاو و کارەبا و ڕێگەوبان و پارەى درووستکردنى نەخۆشخانە و قوتابخانەى منداڵانى کوردستان تەرخان بکرێت بۆ دانەوەى ئەو قەرزە دەرەکییانە. دەبێت ئەم کەیسە ببرێتە دادگەى باڵاى فیدراڵى و سکاڵا لەسەر ئەو یاسایە تۆمار بکرێت کە ڕێگەى بە حکوومەتى هەرێمی کوردستان داوە قەرزى دەرەکى بکات. ئایا ئەو یاسایە دەستوورییە یان نا؟ هەرێمی کوردستان دەسەڵاتى ئەوەى هەیە قەرز لە بانک و کۆمپانیا دەرەکییەکان بکات، یاخود نا؟
ماجەراى ئەو ڕۆژگارانەم لەبەرچاوە کە پڕۆژەى قەرزى دەرەکى هاتە ئاراوە، ئەوکاتیش خەڵکانێک هەبوون زۆر لە دژى بوون و بە ڕێگەیەکى هەڵە و نادەستوورییان دەزانى. یاخود پێیان وابوو ئەمە دەبێتە هۆى گەندەڵیی گەورە و دواجار دەبێتە ڕێگەیەک بۆ سپیکردنەوەى پارە. بۆ مێژوو دەمەوێ ئەوە بڵێم سەربارى ئەوەى لە بنەڕەتەوە پڕۆژەکە (قوباد تاڵەبانى) خاوەندارێتى دەکرد، بەڵام یەکێک لەوانەى زۆر دژى بوو، د. #بەرهەم ساڵح# بوو کە ئەوکات جێگرى سکرتێرى گشتیی یەکێتی بوو. لە ڕێگەى چەند پەڕڵەمانتارێکەوە کە ئێرە شوێنى ناوبردنیان نییە، کارى بۆ ئەوە دەکرد نەهێڵێت یاساکە لە پەڕڵەمان تێپەڕێت. کوتلەى یەکێتی لە پەڕڵەمانى کوردستان لەسەر ئەم پرسە بوونە دوو بەشەوە، بەڵام لەبەر ئەوەى ئەوکات بزووتنەوەى گۆڕان زۆر دڵیان بەو زەواجە سیاسییە خۆش بوو کە لەگەڵ پارتى کردبوویان، د. یوسف محەمەد، سەرۆکى پەڕڵەمان گوێى بە نیگەرانى و ناڕەزایەتییەکان نەدا و لە ڕۆژى 16-6-2015 یاساکەى لە پەڕڵەمان تێپەڕاند کە ڕێگە بەوە دەدات حکومەت تاوەکوو 5 ملیار دۆلار قەرزى دەرەکى وەربگرێت.
ئەوکاتەى وەفدى کوردستان چوون لە بانکێکى بەریتانیا داواى ئەو بڕە قەرزەیان کرد، هاوکات د. بەرهەمیش بەنهێنى چووبووە بەریتانیا و نەک هەر بیرمە، بەڵکوو تا ئێستا نامەکەشم لاى خۆم پاراستووە لەوێوە نامەیەکى بۆ ناردم کە نێوەڕۆکەکەى ئەوەبوو لێیانى تێکداوە و بانکەکە قەرزیان ناداتێ.
بەداخەوە دەرئەنجامى ئەو قەیرانە دارایى و کێشە سیاسییانەى بەرۆکى هەرێمى کوردستانیان گرتەوە، قەرزە دەرەکییەکان نەبوونە یارمەتیدەر لە تێپەڕاندنى قەیرانەکانى کوردستان، بەڵکوو بوونە بارگرانییەکى زۆر و لە داهاتووشدا وەک پێشتر باسم کرد دەبێت لەسەر حیسابى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و قوتى خەڵکى کوردستان بدرێنەوە.
تەنیا ڕێگە بۆ ئەوەى خەڵک لەم پابەندێتییە ڕزگار بکرێت ئەوەیە کەسێکى وەک شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جووڵانەوەى نەوەى نوێ، لە دادگەی باڵاى فیدراڵى سکاڵا لەسەر یاساى ژمارە 7ی ساڵى 2015ى هەرێمى کوردستان تۆمار بکات و تانە لە نادەستووریبوونى ئەو یاسایە بدات کە د. یوسف سەرۆکى ئەوکاتى پەڕڵەمان واژۆی کردووە. ئەنجامەکەشى ڕوونە کە دادگە بڕیار لە بەرژەوەندیی د. یوسف نادات. بەوەش هەرێمی کوردستان دەتوانێت نەچێتەژێر پابەندێتیی ئەو بانک و کۆمپانیا نەوتییانەوە کە قەرزیان بە هەرێمی کوردستان داوە. وەک چۆن چەندین وڵات هەن پارەى بانک و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانیان لەسەرە و ناتوانن بیدەنەوە.
شاسوار عەبدولواحید بەمە خزمەتى ئەوە بە هاووڵاتییانى کوردستان دەکات و ڕێگر دەبێت لەوەى ئەگەر لە بەغداوە بودجە بۆ هەرێمی کوردستان نێردرا، لەبرى ئەنجامدانى پڕۆژەى خزمەتگوزراى، قەرزى بانک و کۆمپانیا نەوتییەکانى پێ ببژێردرێتەوە. [1]