ئەگەر بێتوو زۆر بەکوورتی باسی پەرتووکی خۆشەویستی خەیاڵی غادە بکەم، ئەو دوورە نزیکانە و ئەو نزیکە دوورانەیە کەوا لە ڕاستیدا هەردووکیان ئیتر خاوەنی بوونی خۆیان نین و مرۆڤ، بوونەوەرێکی تەنیایە و ئیتر لەم جیهانەدا هیچ شتێکی جگە لە خەیاڵ بۆ نەماوەتەوە!
خەیاڵێک کە جگە لە تراویلکەیەک هیچیتر نییە بەڵام دیسانیش بۆ سوکنایی و دەربازبوونی خۆی، خۆی پێدا هەڵدەواسێ.
=KTML_Bold=باڵە خەیاڵییەکان=KTML_End=
وام دەزانی کوندێ ئاساییم
چەشنی گشت کوندەکانی تر، بە دوو باڵەوە.
ئەوسا بۆم دەرکەوت من کوندێکم بە دەیان باڵەوە …
شەوێ پیرەژنەکانی هۆزەکەم یەکەمین باڵەکانمیان لە ترسی
بەرزەفڕیم بڕییەوە.
دیسان لە شەوی زەماوەندی باران و تریفە ڕوانەوە و
شەوێ دیسان نێرینەکانی هۆزەکەم ئەو باڵانەیان بەتامەزرۆیییەوە بڕییەوە،
باڵەکانم لە گەرمەی شەڕا زاوزێیان کرد و ڕەنگاڵە بوون و لە تاریکییا دەدرەوشانەوە.
کوند چەنێ لە خۆشەویستیم بۆ سەربەستی و بێزاریم لە سەوەتەی
خونچەکان دەچێ …
بەڵام من کوندێکم بە دەیان باڵەوە و
بە هەزاران ڕێقنە و زیندوو و مردووەوە
وەک گشت ژنە عەرەبە فەرامۆشکراوە شاراوەکان.
بەردەوام کەسانێک هەن یاخیتر و پێشڕەوتر لەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژین جا چ بگات بە کۆمەڵگەیەکی عەرەبیی تەنراو بە ئایین و دابوونەریتەکان. غادە چ وەک ئەندامێکی ئەو کۆمەڵگەیە وەک مرۆڤ و چ وەک ژنێک، هاواری تووڕەی تاکە پێشڕەو و یاخییەکانی کۆمەڵگەی عەرەبییە، کۆمەڵگەیەک کەوا ژن لە چوارچێوەی دابوونەریتە و ئایین و یاساکانی پیاوسالارانە خنکێندراوە. دەنگی بەرز لە ڕەخنە و تووڕەیی و ژیان.
بەگشتی شیعرەکانی غادە سەمان ئەو ڕەخنانەن کە وەک ژنێک ئاڕاستەی کۆمەڵگەی عەرەبی دەکات و تەنانەت کاتێک لە دوورەوە و لەدەرەوەی وڵات بیری ڕابردوو، منداڵیی و وڵاتەکەی دەکات دیسانیش نۆستالۆژیاییەکی پەتی بەسەریا زاڵ نابێت بەڵکوو ژیان و ساتە لەکیسچووەکانی خۆی وەک زامێک کە هەرگیز ساڕێژ نەبێت وەبیر دێنێتەوە و دەیکاتە هەوێنی شیعرەکانی و ئەمەش جگە لەوەی لە هەر شوێنێکی جیهان تەنانەت لە ئەوڕووپای ئازادیشا کاتێک ببێنێ غەدرێک لە ژنێک دەکرێت بێگومان ئەوە ئەو کەسە نییە بێدەنگ بێ بەڵکوو هەڵوست دەگرێت و لە دژی ڕادەوستێ.
هەر بۆیەش خۆمان وەک کورد بەهۆی ئەو نزیکایەتییەی لە بواری دین و دابوونەریتەکانمانەوە کە خاوەنی ژانی هاوبەشین لەگەڵ ئەودا، زۆر جار هەست بەوە ناکەین ئێمە لەگەڵ شاعیرێکی عەرەب ڕووبەڕووین بەڵکوو ئەو ژانانەی ئەو ئازار دەدات هەر ئەو ژانە ناسیاوانەن ئێمەش ساڵانێکە لەگەڵیا ژیاوین و دەژین. دەنگی ئەو هەر ئەو دەنگەیە ساڵانێکە لە ناخی ئێمەشدا پەنگی خواردووەتەوە و هەرگیز نەمانتوانیوە دەری ببڕین. ڕەنگە گشت ئەم هۆیانەش بووبێتە هۆی ئەوەی منیش وەرگێڕانی کارەکانیم کردبێت.
هەرچەند غادە سەمان تێکۆشاوە چ وەک شیعر چ وەک ڕۆمان و وتار هەرگیز گۆڕەپانەکە چۆڵ نەکات و دەنگی بەرزی ئازارەکانی مرۆڤە چەوساوەکان بێ بەڵام دیسانیش جاری وایە تەنیاییەکانی ئەویان گەمارۆ داوە و لەودا تەواو ڕوخساری ژنێکی یاخی و ماندوو و تەنیا دەبینی. [1]